باسى كام ئازادى ئه‌كه‌ن؟

                          ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ پاش راپه‌رینه‌ شكۆداره‌كه‌ی ساڵی 1991  له‌ باشووری كوردستان حزبه‌كانی سه‌ر گۆره‌پانی خه‌بات و تێكۆشان دژ به‌ رژێمی دیكتاتۆر سه‌دام حسه‌ێن وحزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ شاخه‌وه‌ خۆیان گه‌یانده‌ شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان و هه‌ر زوو خۆیان كرد به‌ پێشه‌واو سه‌ركرده‌ی راپه‌رینه‌كه‌ وئه‌وه‌ی شایانی ئاماژه‌یه‌ رۆڵی دره‌وشاوه‌ی حزبی شیوعی و پێشمه‌رگه‌كانی له‌و راپه‌رینه‌دا دیاره‌و‌ به‌ خوێن له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌ف  له‌ هه‌ڵگیرسانی  راپه‌رینه‌كه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری رانیه‌  كه‌ بووه‌ ده‌روازه‌ی راپه‌رین به‌شدار بوون.

له‌ گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی راپه‌رینه‌كه‌ “”حزبه‌ گه‌وره‌كان”” پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی كوردستان شه‌قیان له‌ به‌ره‌ی كوردستانیدا، ئه‌و به‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ پاش شكسته‌كانی رۆژانی ئه‌نفالی به‌دناو مۆریانكردو، داوای پشتگیریان له‌ جه‌ماوه‌ری  كوردستان كرد به‌ڵام رۆژگار ده‌رخستی راستگۆ نه‌بوون و هه‌ریه‌ك به‌ دوای به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبایه‌تی كه‌وت و، به‌بێ گوێدان به‌ حزبه‌كانی تر خۆیان كرد به‌ خاوه‌نی كوردستان.

هه‌ردوو ” زلهێزه‌كه‌ ” كه‌وتوونه‌ته‌ لاف و گه‌زافی ئازادی وه‌ك قه‌وان شه‌وو رۆژ لێیئه‌ده‌نه‌وه‌و باسی ئه‌كه‌ن و، له‌ ناو ئه‌م درۆو ده‌له‌سه‌یه‌ به‌ بیانووی بێ مۆڵه‌تی كه‌ناڵی { ئازادیان} داخست بۆ كپكردنی ده‌نگی دلێرو زوڵاڵی شیوعی و چه‌په‌كانی كوردستان، وه‌ك چۆن به‌ ئاره‌زوو به‌بێ ( موڵه‌ت ) پۆلێ ئه‌ستێره‌یان له‌ناو بردو، به‌ هوێ ئه‌و تاوانانه‌ له‌ ناو گۆمه‌ڵگا سه‌رشۆرو ریسوا بوون و تا ئێستا بكوژه‌كانیان به‌ شه‌قامه‌كاندا سه‌ربه‌ستانه ته‌راتێن ئه‌كه‌ن‌.

دوو زلهێزه‌كه‌و حكومه‌ته‌ شكستخواردووه‌كه‌یان ‌باسی كام ئازادی ئه‌كه‌ن؟ ئازادی كوشتنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌، ئازادی كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان، ئازادی كوشتنی كاوه‌ گه‌رمیانی، ئازادی له‌ناوبردنی رۆژنامه‌نووسانی بوێرو ئه‌كتیڤ و به‌تواناو خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌كان، ئازادی تیرۆركردنی هاورییانی چه‌پ و شیوعی به‌ پێی یاساكانی دارستان و، به‌وه‌ش  خه‌ڵك چه‌واشه‌ ئه‌كه‌ن و، ئه‌ڵێن: یاسا سه‌روه‌ره‌!!!!؟؟؟.

داخستنی كه‌ناڵی { ئازادی } په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ نه‌بوونی مۆڵه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو پابه‌نده‌ به‌ لوتبه‌رزی به‌شێك له‌ به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتی شكستخواردوو‌، هێرشكردنه‌ بۆ سه‌ر ئازادی ده‌ربرین و،سه‌ركوتكردنی ئازادیخوازان و سه‌رجه‌م هاوڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ی چیتر به‌رگری له‌ مافه‌ ره‌واكانیان نه‌كه‌ن و، ده‌ست بۆ گه‌نده‌ڵی و دزییه‌كانیان نه‌به‌ن و، جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌ چه‌ندین جار هه‌وڵیداوه‌ مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت و، له‌ ساڵی 1992 وه‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌ له‌ كوردستان كار ئه‌كات و، نازانم كه‌ناڵه‌كانی خۆیان كه‌ به‌ پاره‌ی هاوڵاتیان كار ئه‌كه‌ن مۆڵه‌تیان هه‌یه‌؟ و، كێ موڵه‌تی پێداون؟.

باسی كام ئازادی ئه‌كه‌ن؟ باسی كه‌ناڵی ئازادی ئه‌كه‌ن یان ئه‌و ئازادییه‌ی درا به‌و فه‌رمانده‌و به‌رپرسانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ شه‌نگال هه‌ڵاتن و، بوونه‌ هوێ شه‌هیدكردنی هه‌زاران كورو پیاوی ئێزدی و، بردنی هه‌زاران كچ و ژنی كوردی ئێزدی به‌ كه‌نیزه‌ك بۆ موسڵ و سوریاو فرۆشتنیان له‌ بازاره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی – داعشی –  بۆگن ودێز.

ئازادی بۆ تاوانبارانی هه‌ڵاتوو به‌رپرس و فه‌رمانده گه‌وره‌كانی پارتی له‌ شه‌نگال‌ : سه‌ربه‌ست باپیری، موسا گه‌ردی، شیخ عه‌لۆ، سه‌عید كیسته‌یی وژماره‌یه‌كی تری ئه‌فسه‌ری پله‌ به‌رز، كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازی و حزبییانه‌ی پارتی له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی سه‌رپه‌رشتی ئه‌كران، ئه‌گه‌ر ئازادی بۆ ئه‌و تاوانیارانه‌ نییه‌، كوا به‌ڵێنه‌كانی مه‌سعود بارزانی كاتێ رایگه‌یاند: ( ئه‌و كه‌س و به‌رپرسانه‌ی ئه‌ركی پاراستنی شه‌نگالیان له‌ ئه‌ستۆ بوو له‌ سه‌ر كاره‌كانیان لاده‌برێن و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ گه‌ڵ ده‌كرێت له‌ سه‌ر كه‌مته‌رخه‌میان) ، بارزانی وتی: (ده‌بوو ئه‌و به‌رپرسانه‌ خۆیان فیدا بكردایه‌، نه‌ك شه‌نگالیان به‌جێهیشتایه‌).

باسی كام ئازادی ئه‌كه‌ن؟ ئازادی كه‌ناڵی ئازادی یان ئازادی بكوژه‌كه‌ی بارزان ره‌شید به‌ هوێ هه‌ڵكردنی فوللایت، كام ئازادی؟ ئازادی بۆ ئه‌فسه‌ره‌ پیاو كوژه‌كه‌ كه‌ به‌ به‌ر چاوی خه‌ڵك له‌ ترافیكلایتێكی هه‌ولێر به‌ ده‌مانچه‌ ته‌قه‌ی كردو، كۆتایی به‌ ژیانی گه‌نجێكی بێتاوان هێناو، چونكه‌ بكوژه‌كه‌ خزمی ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌ خوێ راده‌ستی دادگا نه‌كردو ئه‌ڵێن :  یاسا سه‌روه‌ره‌!.

باسی كام ئازادی ئه‌كه‌ن؟، ئازادی رێكه‌وتنی 50 ساڵه‌ی  هه‌رێم و توركیا، ئه‌و رێكه‌وتنه‌ نهێنییه‌ جێی گومانه‌، نه‌ ته‌نها خه‌ڵكی كوردستان به‌ڵكو په‌رله‌مانی كوردستانیش ئاگایان له‌ناورۆكه‌كه‌ی نییه‌و، ئه‌و كه‌سانه‌ی ئازادییان ( پێ به‌خشراوه‌) ئه‌ڵێن: ئامانجی سه‌ره‌كی له‌و رێكه‌وتنه‌ بته‌وكردنی بواری بازرگانییه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و توركیا، ئه‌گه‌ر باسی ئازادی ئه‌كه‌ن با سه‌رۆك وه‌زیران وئاشتی هه‌ورامی ناورۆكی رێكه‌وتنه‌كه‌ بۆ رای گشتی بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

پارتی باسی كام ئازادی ئه‌كات؟ ئازادی بدرێت به‌ توركیا بۆ داگیركردن و قركردنی كوردستان، ئازادی به‌زاندنی سنووری كوردستان و، زیادكردنی موڵگه‌كانی توركیا، ئازادییه‌ك ده‌ستی رژێمی ره‌گه‌زپه‌رستی توركیا واڵا بكات بۆ توپبارانكردنی دێهات و شاخ و سامانی كوردستان، فرۆكه‌ی جه‌نگی و هه‌لیكۆپته‌ر ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بومبارانی هه‌موو شوێنێك بكه‌ن و، خه‌ڵكی سڤیل وبێ تاوانی هه‌رێم بكوژن و، خوێنی شه‌هیدان به‌فیرۆ بروات و، سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی خۆیدا بڕیاری دەرکرد کە بارەگا سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دابخرێن، بەڵام ئەو بڕیارە هەرگیز نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوه‌و، توركیا له‌ كوردستان بێباكانه‌و به‌ ئازادی په‌ره‌ به‌كاره‌ گڵاوه‌كانی ئه‌دات.

كام ئازادی؟  توركیا به‌ ئاشكه‌را رۆژ له‌ دوای رۆژ هێزو ته‌قه‌مه‌نی وتفاقی شه‌رو چه‌كی قورس و مۆدیرن و تانك و هه‌لیكۆپتر ره‌وانه‌ی كوردستان ئه‌كات و، راشكاوانه‌ و بێ شه‌رمانه‌ به‌رپرسانی تورك ئه‌ڵێن نیازمان لێدان و داگیركردنی قه‌ندیله‌و، ئازادانه‌ به‌رپرسانی پارتی پێشوازییان له‌ سوپای توركیا كردو، له‌ مانگی ره‌مه‌زان خوانیان بۆ ئاماده‌ كردو، پێكه‌وه‌‌ نانیان خوارد.

بارتی باسی كام ئازادی ئه‌كات؟  هه‌ر له‌ دهۆكه‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ پیرمام و سه‌ری ره‌ش و ناوچه‌كانی تر به‌ كه‌سانی هه‌واڵگیری مێت ته‌نراوه‌و، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌ به‌ دانیشتوانی كوردستان نه‌ده‌ن.

بژی ئازادی، نا بۆ داخستنی كه‌ناڵی ئازادی.

28/7/2018

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *