پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی جەماوەری نارازی عێراق دەکەین!

ماوەی چەند رۆژێکە خەڵکی شارەکانی باشوری عێراق، دژی بێکاری و هەژاری و برسیەتی و بێکارەبایی و نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوەو کەمی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، خۆپیشاندانی بەرفراوانیان بەرێخستوە. خۆپیشاندانەکان سەرەتا لە شاری بەسرەوەو دەستی پێکردو دواتر شارەکانی دیکەی گرتەوە.

ئەم خۆپیشاندانە درێژەی هەمان ئەو نارەزایەتیەیە کە خەڵکی عێراق بەشێوەی بایکۆتی فراوان دژی دەسەڵات و سیاسەتی دژی خەڵکی و بەرژەوەندخوازانەی ئەم حزبە ئیسلامی و تائیفی و ناسیۆنالیستە میلیشیاییانە نیشانی دا. خۆپیشاندەران، لەپاڵ بەرزکردنەوەی داواکاریەکاندا، هێرشیان کردە سەر بنکەو بارەگای حزبە ئیسلامیە دەسەڵاتدارەکان و بارەگای چەند حزب و هەروەها وێنەی چەندین سەرکردەو رەمزی ئیسلامی سیاسی شێعەیان سوتاند. شەپۆلی توڕەیی خەڵك بەجۆرێكە، کە دەسەڵاتدارانی عێراق ناتوانن نادیدەی بگرن و عەبادی خۆی گەشتەکەی لە برۆکسل ی پایتەختی بەلجیکاوە کۆتایی پێهێناو گەڕایەوە بۆ عێراق و سەردانی بەسرەی کرد. لەپاڵ دانی چەند بەڵێنی درۆ بۆ دابینکردن و باشکردنی خزمەتگوزاریەکان و ئاوو کارەباو رەخساندنی (١٠هەزار) هەلی کار بۆ خەڵکی بەسرە، لەهەمانکاتدا دەسەڵاتدارانی ئیسلامی میلیشیایی عێراق کەوتنە هەڕەشەی سەرکوتکردن لە خۆپیشاندەران و چەندین خۆپیشاندەران بە فیشەکی هێزە ئەمنی و میلیشیاییەکان کوژراوو بریندرا کراون.

توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و دژی بێکاری و هەژاریە. دژی دەسەڵاتێکە کە لەلایەن کۆمەڵێك مافیای ئیسلامی و سەرۆك عەشیرەتی نزیك لەو حزبانەوە بەڕێوەدەبرێت و سامانی خەیاڵیان بۆ خۆیان کۆکردۆتەوەو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و کەمدەرامەتیش لە گەرمای هاوینی زیاتر لە(٥٠) پلەی سەدی بێبەشن لە کارەباو ئاوی خواردنەوە، بێبەشن لە هەلی کارو فرسەتی ژیانێکی شکۆمەند، لەکاتێکدا لە ووڵاتیکدا دەژین خاوەنی دوەمین یەدەکی نەوتی دنیایە! ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە رەوایەو مایەی پشتیوانی ئێمەو سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و دنیاشە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی شارەکانی عێراق دەردەبڕێت. هاوکات هەموو پیلان و هەوڵێكی حکومەتی عێراق بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و کپکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان سەرکۆنە و مەحکوم ده‌کات. حکومەتی عێراق دەبێ دەستبەجێ و بەکردەوە دەستبداتە جێبەجێکردنی داواکاریەکانی جەماوەر و دەست لەهەرجۆرە چاوسورکردنەوەو سەرکوتکردنێك هەڵگرێت. هاوکات بانگه‌وازی جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەران ده‌که‌ین کە رێگا نەدەن هەندێ لایەنی سیاسی بۆرژوازی هەلپەرست کە دەیانەوێ خۆیان وەکو بەرگریکارو پشتیوانی خۆپیشاندەران نیشان بدەن، خەبات و قوربانیەکانی ئەوان بەلاڕێدا بەرن و بیکەنە کەرەستەی ململانێی قێزەون و کۆنەپەرستانەی نێوان خۆیان لەپێناو شکاندنی نەیارەکانیان و بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی سیاسی لە دەسەڵات و حکومەتی عێراقدا، کە هەر ئێستا کێشەیان هەیە لەسەر پێکهێنانی! هیچکام لەم هێزە بۆرژوازیە ئیسلامی و ناسیۆنالیستیانەی عێراق کە هەریەکەیان باڵیان بەدەست هێزو دەوڵەتێکی ئیمپریالیستی و کۆنەپەسرتی ناوچەکەوەیە، بەرگریکارو پشتیوانی ئێوە نین. هەروەها پشتیوانی و هاوکاری خۆی بۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق رادەگەیەنێ لە هەوڵ و تێکۆشانیدا بۆ رێکخستن و ئاراستەکردنی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکارو بێبەشی عێراق بە ئاقاری جیاکردنەوەی ریزی سەربەخۆی چینایەتیان لە هێزە کۆنەپەرستە بۆرژواییەکان و دەستبردن بۆ دروستکردنی کۆمیتەو ئەنجومە شۆرشگێڕە جەماوەریەکان لەناو دڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێستادا.

سەرکەوێ خەباتی جەماوەری کرێکارو زەحمەتكێشی عێراق لەپێناو ژیانێکی باشتردا!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٧ ی تەموزی ٢٠١٨

 

Check Also

هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق و دووڕوویی ناسیۆنالیزمی کورد!

هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق بە پاساوی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، یەکێکه‌ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *