“ئه‌مریکا و دیبلۆماسی کوردی”

 

له‌باره‌ی “دانانی به‌ردی بناغه‌ی قونسوڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌هه‌ولێر”

نووسینی: خه‌سره‌و سایه‌

هه‌فته‌ی رابردوو بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆز و کۆنسوڵی ئەمریکا لەعیراق بەردی بناغەی بینای کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دانرا و هه‌ر له‌وێشدا، نێچرڤان بارزانی وه‌ک به‌سه‌خاوه‌تێکی زۆره‌وه‌ له‌وته‌یه‌کیدا، که‌وته‌ به‌خشینه‌وه‌ی درۆ وپێداهه‌ڵدان به‌سه‌ر ڕۆڵێ دۆستانه‌ی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به‌”کورد” وجارێکیتر ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌مریکای به‌پاڕیزه‌ر و نه‌جاتره‌سی خه‌لکی کورد له‌ڕۆژگاره‌ ڕه‌شه‌کاندا، ناوزه‌د کرده‌وه‌. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ میدیاکانی پارتی، به‌تایبه‌تی که‌ناڵی رووداو ئه‌م با‌بەته‌یان هێنده‌ گه‌وره‌ نیشاندا، که شێوازی دزاین و ڕووبه‌ر وتێچونی بیناکه‌ و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی کاری تێداده‌که‌ن وده‌مێننه‌وه‌، بکه‌نه‌‌‌ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ نیشاندانی متمانه‌ی ئه‌مریکا به‌کوردو حوکمه‌ته‌که‌ی پارتی‌. له‌مه‌ش زیاتر  پێداهه‌ڵدانه‌کان تا ئه‌و ئاسته‌ ڕۆیشت‌ که‌ دروستکردنی بینایه‌ی قونسوڵگه‌ری تازه، نمونه‌یه‌کی بێوێنه‌ له سه‌رکه‌وتویی ‌”دیبلۆماسیه‌تی کوردی” و نیزکایه‌تیه‌کی زیاتری ئه‌مریکا‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم له‌چاو ولاتانێکی وه‌ک پاکستان ومیسرو ولوبنان وئه‌رده‌ندا، باس لێوه‌بکه‌ن‌ و‌ خودی ئه‌مه‌ش به‌یه‌کێک له‌به‌رهه‌مه‌کانی  ئه‌و هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیانه‌‌ له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن که‌ جه‌نابی ‌نێچیرڤان به‌رزانی به‌ده‌ستی هێناوه‌و ‌توانیوه‌یه‌تی جارێکیتر ئه‌م دۆستایه‌تیه‌ی نیوان کوردو ئه‌مریکا بگه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش به‌دوای لێکترازانێکدا، که‌”که‌یسی ڕیفراندۆم” خستیه‌ نێو ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌وه‌!.

به‌ڵام ئه‌م دوڕوویی ودرۆکردنه‌ یه‌کلایه‌نه ‌نییه‌ وئه‌وه‌ ته‌نها پارتی و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌م حزبه‌ نییه که‌هه‌قیقه‌تی سیاسه‌ت و کرده‌وه‌کانی ئه‌حزابی ده‌سه‌لاتداری بۆرژوازی کورد له‌پڕوپاگه‌نده‌ی پروپوچدا ده‌خنکێنن‌، به‌ڵکو له‌ته‌ره‌فی ئه‌مریکاشه‌وه‌ هاوشێوه‌ی هه‌مان شێوازی پڕوپاگەنده‌کردن ده‌بینرێ‌. به‌تایبه‌تی کاتێک ” دۆگلاس سیلیمان”، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق دروستکردنی بینایه‌ی قونسوڵگه‌ری تازه‌ی ” وەک سیمبولێکی بەهێزی پەیوەندی نێوان ئه‌مریکا و هەرێمی کوردستان بۆ چەندین دەیەی داهاتوو”، له‌قه‌ڵه‌مدا و به‌مجۆره‌ش هه‌ردوولا له‌”‌به‌رگی دۆستانه”دا خه‌ریكی خۆهه‌ڵخستنن له‌‌ به‌رده‌م رای گشتی خه‌ڵکی کوردستاندا‌. که‌وایه‌ ئیتر مه‌سه‌له‌که‌ “دانانی به‌ردی بناغه‌ی بینای قونسوڵگه‌ری” وڵاتێک  نییه،‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌پیی نیازو پێداویستیه‌کانی سیاسه‌تی رۆژی هه‌ردوولا خراوه‌ته‌ نێو ‌چوارچێوه‌ی جوڵه‌یه‌کی دیبلۆماسیه‌وه‌. به‌واتایه‌کیتر مه‌سه‌له‌که‌ هونه‌ری ته‌لارسازی و دزاینی مۆدێرن وته‌کنیکی بینایه‌ک نییه‌ که‌بۆیه‌که‌مجار له‌پانتاییه‌کی فراوان و به‌بودجه‌یه‌کی زیاتر له‌750 ملیۆن دۆلاریه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ده‌ستوره‌وه‌، به‌ڵکو بابه‌ته‌که‌ هه‌نگاوێکی ته‌واو سیاسییه‌ وله‌په‌یوه‌ند به‌ دۆخی ئیستای کوردستان و عێراق وناوچه‌که‌ له‌لایه‌ک و جیگاوڕیگای پارتی وحکومه‌تی هه‌رێم و رۆڵی ئه‌مریکا له‌لایه‌کیتره‌وه‌‌، هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ وهه‌ردوولا‌ به‌ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی تایبه‌ت به‌خۆیانه‌وه‌ خه‌ریکی‌ پڕوپاگه‌نده‌ کردنن به‌ئه‌سڵی بابه‌ته‌که‌وه. که‌وایه‌ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان چین وبه‌تایبه‌تیش “دیبلۆماسی کوردی” به‌شوین چیه‌وه‌یه‌؟.

بێگومان دیبلۆماسیه‌ت وپه‌یوه‌ندی نیوان ئه‌حزاب و ده‌وڵه‌تان هه‌میشه‌ درێژکراوه‌ی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌کانه. له‌مباره‌وه‌ سیاسه‌تی حزبه‌ ناسیونالیسته‌کانی کورد وده‌سه‌ڵاته‌که‌یان که‌له‌بنه‌ڕه‌تدا ‌له‌سه‌ر بنه‌مای درزو که‌لێنی نێوان ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌و بلۆک به‌ندییه‌ سیاسی وجیهانیه‌کان دامه‌زراوه‌، به‌پێویست خۆگرێدانه‌وه‌ ولێره‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ داوله‌تاندا کردۆته‌ فاکتۆرێکی سه‌ره‌کی وهه‌میشه‌یی‌، به‌ئاستێک که‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ سه‌رچاوه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی هه‌م ستراتیژو هه‌م تاکتیکه‌. به‌م جۆره‌ش ئه‌وشته‌ی که‌ڕۆشنبیرانی ناسیونالیسی کورد به‌”دیبلۆماسیه‌تی کوردی” ناوی ده‌بن، ناتوانێ شتێکی زیاتر له‌و سیاسه‌ته‌ بێت که‌ که‌تائێستا حزب و ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کورد، ‌ له‌سه‌رو هه‌ر پره‌نسیپێکی ئینسانی وئه‌خلاقیه‌وه‌  بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی سیاسی وسه‌ربازی و وه‌رگرتنی ئیمتیازاتی مالی له‌ده‌وڵه‌تان، په‌یڕه‌وی لێکردووه وهه‌رئه‌مه‌شی به‌”دۆستانی کورد” به‌خه‌ڵک ناساندووه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌ن وده‌وڵه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسترین و دژی ئینسانیترین لایه‌ن وده‌وڵەت بێ و له‌ئاستی جیهانیشدا له‌به‌ره‌م نه‌فره‌تی ئازادیخوازاندابێت. نمونه‌ی هه‌ڵسوکه‌وته‌ “دیبلۆماسیه‌کان”ی ئێستای سه‌رانی حکومه‌ت وحزبه‌ ناسیونالیسته‌کان له‌فه‌زای سیاسی کوردستاندا، به‌وجۆره‌ی که‌ده‌یبینین چۆن به‌حه‌ماسه‌تێکی زۆره‌وه‌ که‌وتونه‌ته‌ خزمه‌تی سه‌رۆک ئۆردوغان وئایه‌توڵاکانی ئێرانه‌وه‌ وچۆن باوه‌شیان بۆ به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی وئیسانکوژانێک له‌ده‌سته‌و تاقمی سونه‌و شیعه‌کان کردۆته‌وه‌ تا له‌گه‌ڵیان ڕیکه‌ون، ڕاستی ئه‌م بۆچونانه‌ی ئێمه‌ ده‌ردێنێ. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ خودی ئه‌وه‌ی که‌نێچیرڤان به‌رزانی ئاماژه‌ی بۆ کردووه‌، که‌گوایه‌ هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌کانی جه‌نابیان توانیویه‌تی “خه‌ونی نه‌یاران سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم به‌تاڵ کاته‌وه‌، دیسانه‌وه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ که‌چۆن په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاو هه‌رده‌وڵه‌تێکی تردا، چه‌نده‌ حه‌یاتییه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌لات وپایه‌کانی حوکمه‌تێک که‌له‌سه‌ر دزینی قوتی خه‌ڵک و گه‌نده‌ڵی ده‌ڕوا به‌ڕێوه‌‌.‌

به‌ڵام ئه‌مه‌ هێشتا هه‌موو ڕاستیه‌کانی “دیبلۆماسی کوردی” ناخاته ‌به‌رده‌ست‌، به‌تایبه‌تی که‌ڕووداوه‌کانی ساڵی پار به‌دوای سازدانی ڕیفراندۆم و16ی ئۆکتۆبه‌ردا، پارتی وحکومه‌تی هه‌رێمی خسته‌ نێو‌ ته‌نگانه‌و قه‌یرانێکی سیاسی قوڵ وفراوانه‌وه که‌تائێستاش به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان درێژه‌ی هه‌یه‌‌. له‌م باره‌وه‌ پارتی بۆ ده‌ربازکردنی خۆیی وده‌سه‌لاته‌که‌ی له‌م دۆخه‌ هه‌رزوو له‌پێناو ئاسایی کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاو عێراق و وڵاتانی دراوسێدا، وه‌ک ڕێگایه‌ک بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاته‌که‌ی، ئاڵای سپی هه‌ڵکرد وسه‌ری ته‌سلیمی دانه‌واند وهه‌موو ته‌قه‌لایه‌کیشی بۆ گێرانه‌وه‌ی متمانه‌ی ئه‌م لایه‌نانه‌ گرته‌به‌ر. . ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ئه‌نجامی ڕیفراندۆم وسوێندخواردن به‌یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق وڕازی بوون به‌هه‌موو مه‌رج و بڕیاره‌کانی عه‌بادی، تا چاونوقاندن له‌و پیلانه‌ی که‌ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ له‌دژی خه‌لکی کوردستان گرتیانە به‌ر‌، هه‌مووی له‌ڕاستای ئه‌م سیاسه‌ته‌دا گیرایه‌به‌ر و سه‌ره‌نجام زه‌مینه‌ی بۆ گرێدانه‌وه‌ی سه‌ره‌داوه‌کانی په‌یوه‌ندیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌م ولاتانه‌دا هێنایه‌کایه‌وه‌. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و ‌به‌شداری پارتی و هه‌موو حزبه‌کانی تر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، فرسه‌تێکی تری دا بۆئه‌وه‌ی پارتی نیشانی بداته‌وه‌ که‌ به‌کرده‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ئه‌و لاسه‌نگیه‌شی قه‌بوڵکردووه‌ که‌ له‌هاوکێشه‌ی هێزی نیوان به‌غداو هه‌و‌لێردا به‌دیهاتووه‌. ئه‌مه‌ش به‌ده‌وری خۆی کۆمه‌کی کرد به‌وه‌ی که‌جارێکیتر هه‌ناسه‌ به‌به‌ر جه‌سته‌ی چه‌قیوی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان  هه‌ریم و ئه‌مریکاو  ولاتانی تردا بکاته‌وه‌. به‌م جۆره‌ش پیداهه‌ڵدان به‌دانانی به‌ردی بناغه‌ی بینای تازه‌ی قونسوڵگه‌ری ئه‌مریکا له‌هه‌ولێر، ناتوانێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ بێت.

تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی به‌ئه‌مریکاش ده‌گه‌ڕیته‌وه‌، ده‌ستبرن بۆ پڕۆژه‌یه‌کی له‌م جۆره‌، له‌سه‌روه‌ختی ئێستادا مه‌ودایه‌کی بانتر له‌وه‌ی که‌”دیبلۆماسی کوردی” لێی ده‌ڕوانێ، ده‌گرێته‌خۆی. بێگومان ئه‌وه‌ی له‌په‌یوه‌ندیه‌کانی نیوان “کوردو ئه‌مریکا”دا، به‌رجه‌سته‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ کاتێک مه‌سه‌له‌ی ئینسانی وڕزگاری خه‌لکی کورد له‌سته‌م و مه‌زلومیه‌تێک‌ که‌له‌لایه‌ن ده‌وله‌تانی وه‌ک عێراق وتورکیاو ئیران و سوریاوه‌ کراوه‌ته‌سه‌ری، بۆ ئه‌مریکا جیگای مه‌به‌ست وسه‌رنج نه‌بووه‌ ونییه‌. به‌ڵکو ‌کێشه‌ی کورد بۆ ئه‌و کارتێکی سیاسی بووه‌ بۆ ده‌خاڵه‌تکردن له‌دۆخی ناوچه‌که‌و ده‌ستبردن بۆ کایه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی تردا. له‌ئێستادا ، که‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆته‌ مه‌یدانی جه‌نگ وململانێی نیوان هیزه‌ ئیمپریالیستیه‌کان وده‌خاله‌تی ڕاسته‌وخۆی ده‌وله‌تانی ناوچه‌که، له‌دۆخێکدا که‌ ناوچه‌که‌ له‌سه‌ر ڕێچکه‌ی دوباره‌ سازدانه‌وه‌و دابه‌شکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانی نفوز قه‌راری گرتووه‌و هێزه‌کانی ئه‌مریکاش تادێت له‌گه‌ڵ شکست وپاشه‌کشه‌ به‌ره‌و رووده‌بێته‌وه‌‌، مه‌سه‌له‌ی به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌یه‌کی ئامن بۆ مانه‌وه‌و ده‌خاله‌تکردنه‌ سیاسی و سه‌ربازیه‌کانی دواتر له‌ناوچه‌که‌دا بۆ ئه‌مریکا لانی که‌می پیداویستیه‌کی سیاسی ئه‌مڕۆییه‌. له‌م باره‌وه‌ کوردستانی عێراق ئه‌توانێ ئه‌م جێگاو ڕیگایه‌ به‌ ئه‌مریکا ببه‌خشێت. به‌تایبه‌تی له‌کاتێکدا که‌ئاڵۆزی وناسه‌قامگیری له‌دۆخی عێراق وجودی ئێران له‌ناوچه‌که‌دا، هه‌رچی زیاتر ئه‌م سه‌رنجه‌ی ئه‌مریکای له‌سه‌ر کوردستانی عێراق زیاتر داناوه‌ وله‌ په‌یوه‌ندیه‌کانیدا له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم به‌حساب هێناوه‌‌. خودی ئه‌و زه‌خمه‌ی‌ که‌ به‌بینای تازه‌ی قونسوڵگه‌ری دراوه‌و وه‌ک شوێنێک بۆ حه‌وانه‌وه‌ی هیزه‌کانی پشتی به‌ره‌ی جه‌نگ ‌و ڕاهێنانی پێرسونه‌ڵه‌ ئه‌مریکایه‌کان و له‌وێشه‌وه‌ دامه‌زراندنی سیسته‌می کۆنترۆڵی چاودێری سه‌ربازی.. هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌لالە‌ته‌ له‌وه‌ی که‌ئه‌مریکا به‌نیازی مانه‌وه‌ ومامه‌ڵه‌یه‌کی درێژخایانه‌ له‌گه‌ڵ کوردستانی عێراقدا‌، به‌لام ئه‌و فاکتۆره‌ی که‌ ئه‌مریکای له‌سه‌ر ئه‌م سه‌رنجه‌ بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ساغکردۆته‌وه‌، نه‌هه‌ڵکه‌وته‌ی خاکه‌که‌یه‌تی و نه‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و بازرگانیه‌، به‌ڵکو لایه‌نگری و وه‌لائێکه‌ که‌هێزه‌ ناوخۆییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌مریکا هه‌یانه‌. لایه‌نگری و وه‌لائێک له‌جه‌رگه‌ی دۆخێکی نائارام و جه‌نگ گرتووی وه‌ک عیراق وڕۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا، هه‌رچی زیاتر دڵنیای مانه‌وه‌ی داوه‌به ‌ئه‌مریکا. به‌واتایه‌کیتر ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا له‌لوبنان له‌گه‌ڵ ڕوتێکی دژه‌ ئه‌مریکایی وه‌ک حزبوڵا به‌ره‌وروبێت، وه‌یا له‌پاکستان وئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ ره‌وته‌ تیرۆریسته‌ ئیسلامیه‌کان و له‌عێراقیش له‌گه‌ڵ دژایه‌تی لایه‌نگرانی جمهوری ئیسلامی به‌ره‌وڕوبێ و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ دڵنیای ئه‌منی بۆ دامه‌زراندنی پێگه‌یه‌ک بۆمانه‌وه‌ له‌م شوێنانه‌ هه‌ڵنه‌بژێڕێ، ئه‌وا له‌کوردستانی عێراق ته‌قریبه‌ن دۆخه‌که‌ هاوشێوه‌ی دۆخی ئیسرائیله‌، به‌تایبه‌تی که‌‌هیزه‌کانی ناوخۆی کوردستانی عێراق هه‌رله‌حزبه‌ ناسیونالیسته‌کانه‌وه‌ تا سه‌رجه‌م ره‌وته‌ ئیسلامیه‌کان وته‌نانه‌ت حزبی شیوعیش نه‌ک دژایه‌تیان له‌گه‌ڵ بوونی هیزه‌کانی ئه‌مریکا له‌کوردستاندا نییه،‌ بگره‌ به‌دۆست و پارێزەرو پشتیوانی کورد ده‌یناسێنن. ئه‌مه‌ ئه‌و فاکتۆره‌یه‌ که‌کوردستانی عێراقی له‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکادا به‌هه‌رێمه‌وه‌ وه‌ک شوێنێکی گونجاو بۆ دامه‌زراندنی پێگه‌یه‌کی ئه‌منی دیاریکردووه‌ ولێره‌شه‌وه‌  قونسولگه‌ری تازه‌ ئه‌رکی فه‌راهه‌مکردنی پیداویستیه‌کانی ئه‌م پێگه‌یه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه‌.

به‌ڵام  لێکدانه‌وه‌ هه‌رچیه‌ک بێت ئه‌وه‌ ئه‌زمونی خه‌ڵکی کوردستانه‌ نیشانی ئه‌دات که‌چۆن هه‌م سیاسه‌تی دیبلوماسی حزبه‌ بۆرژوازییه‌کانی کوردو هه‌م په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی ئه‌م حزبانه‌ به‌ئه‌مریکاوه‌‌ له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاجیاکاندا،  کراونەته‌ قوربانی گه‌مه‌ی سیاسی ده‌وله‌تان و له‌ئه‌نجامیشدا سه‌خترین تراژیدیای ئینسانیان روبه‌ڕووکراوه‌ته‌وه‌. ‌هیوایه‌ک که‌پارتی له‌په‌یوه‌ندی تازه‌یدا به‌ئه‌مریکاوه‌ هه‌ڵیچنیووه‌، به‌رهه‌مێکی له‌وه‌باشتری بۆ خه‌ڵکی کوردستان نابێت که‌له‌رابردوودا کراوه‌ته‌ به‌شیان.

13/7/2018

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٢ ی بەرواری ١٥/٧/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *