نووسینی: موزەفەر عەبدوڵا
دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم كە چەندین ساڵ بوو مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد، و ببووە ڕوگەیەکیش بۆ بەشێکی سەرەکی لە باڵەکانی ناو بزوتنەوەی ناسیونالیزم بە گشتی، بەڵام لەهەمان کاتدا ماکی ناکۆکی و دژایەتیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو، بە حوکمی پوچی ناوەڕۆکی سەرجەم بزوتنەوەکەو دەسەڵاتەکەیان.
ئەگەرچی لەسەرەتای دامەزراندنی و دەسبەکاربوونی قۆناغی یەکەمی سەرۆکایەتی بارزانییەوە کەمێک بێ دەردی سەر بۆی چوەە سەر، بەڵام بەهۆی ناوەرۆک پوچی خودی بزوتنەوەکەو دەسەڵاتەکەیانەوە کە ماکی کێشەو قەیرانی بێچارەی هەڵگرتوە، هەر بۆیە بەر لە جێگیربونی تەواوی دەسەڵاتەکەیان توشی کێشەو ململانی بون لەسەر ئەم دامەزراوەیە وەک هەموو دامەزراوەو جومگەکانی تری دەسەڵاتەکەیان. تەنانەت لە چەند ساڵی رابردودا ئەم کێشەیە باڵی کێشابوو بەسەر هەموو کیشەو گیروگرفتە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانیش لە دژیان و بوونە قوربانی ئامانجدارانەی دوو لای ئەم کێبڕکیی یە.
هەردوو لایان هەوڵیان دەدا ئەم ناڕەزایەتییە ئازادیخوازانە جەماوەریە بۆ مەبەستی خۆیان لەدەوری ئەم پرس و کێشەیە چەق پێببەستن تا لایەکیان لەم سەنگەرەوە پاشەکشە بە لایەکەی تریان بکات.
ئەوەبوو دواجار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی چەند جارەی سەرۆکایەتی بارزانی پەرلەمان بووە گۆڕەپانی شەڕو پێکدادان، و سەرۆکی پەرلەمان کە گۆران بوو، لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانیان، بە هێزی چەک شاربەدەر کران و ئێستاشی لەگەڵ بێت ڕیگایان بە سەرۆکەکەی نەدا ڕووبکاتەوە بەناو پەرلەمانداو دەستیان پێ لە کار کێشایەوە. ئەمەش بووە قوڵبوونەوەی قەیرانە هەمە لایەنەکانیان و تەنانەت وێرانکردنی ناو ماڵی کوردایەتیەکەیان لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیش.
باشترین بەڵگەش شڕووڕی دۆخی ئێستایانە لە بەغدا کە هەر یەکەیان ئامادەن لەگەڵ دوژمنە سەر سەختە قەومی و تایەفییەکان یەکبگرن لە دژی یەکتر، بەڵام لەم ڕۆژانەی هەفتەی ڕابردودا لە پرۆژە یاسایەکدا کە گۆڕان پێشنیاری کردەوە بۆ بەردەم پەرلەمانەکەیان بە زۆرایەتی دەنگ بڕیاری هەڵپەرساردنی- تعلیق-ئەم دامەزراوەو پۆستەیان داوە. بەمەش جارێکی تر گۆڕان دەستیکردەوە بە زوڕناژەنین وشایی و هەڵپەڕکێ وەک ئەوەی هەموو کیشەو گیروگرفتەکانی خەڵکیان چارەسەر کردبێت و کردویانە بە جێگای پرسوڕایەکی گەرم.
تێۆردانەران و ڕاڤەکاران و نووسەران و ڕۆشنبیرانیان دەستیان داوەتە بانگەشەو هاندان و خۆیان سەرگەرم کردوە بە ئومیدی ئەوەی هەم پارسەنگی خۆیان لە هاوکێشە دۆراوەکانیان هاوسەنگ بکەنەوە و هەم قەیرانە ناوخۆیییەکانی خۆیان خامۆش کەنەوە. هاوکاتیش دەیانەوێت جارێکی تر جڵەوی نارەزایەتی قوڵی جەماوەر، کە ڕووی لەهەموو دەسەڵاتەکەیانە بە گۆڕانیشەوە، بگرنەوە دەست بۆ بەهیزکردنەوەی کێشی خۆیان، بە تایبەتی وەک کارتێک بەکاری بێنن بۆ دەسکەوتی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی بەناو پەرلەمانی کوردستان.
جا پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ئەم بەناو دامەزراوەیەی سەرۆکایەتی هەرێمە کە وا کردویانە بەم کێشەو گیروگرفتە گەورەیەی نێوان خۆیان و دەیانەوێت خەڵکێشی پێ سەرگەرم بکەنەوە سەرچاوەی سەرەکی هەمو کێشەو گیروگرفەکانە…؟!
لە وەڵامێکی زۆر کورتدا پێویستە بڵێین نەخێر هەرگیز..! لێردا پێویستیش دەکات کەمێک وەڵامەکە ڕۆشن بکەینەوە.
لە ڕاستیدا ئەم بەناو دامەزراوەیە نەک هەر سەرچاوەی سەرهەڵدانی هەموو کێشەو گیروگرفتەکانی جەماوەری ستەمدیدەو بێمافکراو نین، بەڵکو سەرچاوەی سەرەکی سەرهەڵدانی کێشەو ململانێ و جیاوازییەکانی ناو ماڵی کوردایەتی خۆشیان نین.
سەرچاوەو هۆکاری سەرەکی بۆ هەموو کیشەو گیروگرفتەکان کە بونەتە بێمافی ڕەهای خەڵک و تەنانەت بۆتە هۆی قەیران و پەرشوبڵاوی و لاوازی خودی سەرجەم دەسەڵاتەکەی خۆشیان لەناوەڕۆکی داکەوتویی و بێ ئاسۆیی جوڵانەوەکەیان وەک جوڵانەوەیەکی بۆرژوا قەومی وعەشیرەتی لەهەموو روویەکی ئابوری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری شاراوەتەوە. ئەمە جگە لەوەی حزبەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەهەلومەرجێکی جیهانی پڕ ئاڵوگۆڕو وەرچەرخان و پاشەوپاشە گەڕانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیشدا دەسەڵاتیان گرتە دەست کە نەیان توانی دووساڵ تامی دەسەڵاتێکی یەکگرتوی بەهیز بکەن و توشی بنبەست بوون هەتا ئێستا.
بۆیە کۆی ئەم دەسەڵاتە هیچ کات نە دەتوانێت بێ کێشەو قەیران و شەڕو ئاژاوە بێت تا هەلومەرجێکی لەبارو ئارام بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەو پەیوەندییەکان و ڕێساویاساکانیان دەستەبەر بکات، نە دەتوانێت کەمترین ئەمن و ئاسایش و خزمەتگوزاری و ماف و ئازادییە سەرەتایییەکانیش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی بەرهەمهینەر ڕەچاو بکات و دابین بکات لە کرێکاران و تویژە ستەمدیدەکان. ئەم دەسەڵاتە بەهەردوو باڵە سەرەکی و لاباڵەکانییەوە نە دەتوانیت باڵە لیبرالەکەو نە باڵە سۆشیال دیموکراتەکەی ڕۆژئاوا بێت تا لە سایەیاندا ڕیساو یاساو نەریتە ڕەسەنەکانی پەیوەندنی بەرهەمهینانی سەرمایەو کەڵەکەی سەرمایەو سود وقازانج کاری خۆی بکات.
هەر لەم گۆشە نیگایەشەوە نابێت جارێکی تر ئەو جەماوەرە توشی خۆش خەیاڵی ببنەوە بەو شەڕو ململانێیەی کە دەگوزەرێت لە نێوان پارتی و گۆڕان و هاوپەیمانەکانی لەسەر دەزگای سەرۆکایەتی و هەڵپەساردنی، و تەنانەت لابردنیشی.
هەرچەند دەورانێک بە کردەوە جەماوەر توشی خۆشخەیاڵی هاتن و ناڕەزایەتییەکانیان بووە قوربانی نێوان ململانێی ئەم باڵانەی دەسەڵات، بە تایبەتی لەدوای ناڕەزایەتییەکانی شوباتی ٢٠١١ وە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوای ئەوەوە جەماوەر بە دروستی نیشانی لێیان گرتوەو داوای وەلانان و کۆتایی پێهێنانی سەرجەم دەسەڵایان دەکەن. هەڵبەت ئەمە هێشتا نیوەی دۆزینەوەی ڕێگاکەیە نیوەکەی تری لە گرەوەی دەستەبەرکرن و دابینکردنی ئەلتەرناتیڤی شۆڕشگیرانەی خودی جەماوەرییە بەرامبەر کۆی ئەم دەسەڵاتە بە ئۆپۆزیسیونەکەشییەوە.
تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٢ ی بەرواری ١٥/٧/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…