نوسینی: هەتاو عەبدولاهی
دوای هاتنە سەرکاری رژیمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی، بزوتنەوەی ژنان لە ئێران ستراتیژی تازەی بۆ بەرێوەبردن و هێنانەئارای داخوازیەکانی گرتەبەر. ئیستراتیژیەک کە توانی سیمایەکی روونتر بۆ پیداچونەوە بە شێوەی رێکخستنی بزوتنەوەی ژنان و ویست و داخوازیی بەرحەقیان دەربخات و ئەم بزوتنەوە بە هەموو ویست و داخوازیەکانی لەسەرەتای هاتنە سەرکاری حکومەتی دژە مرۆڤی ئیسلامی ئێران تا بە هەنووکەش لە شێوە و و شکڵی جۆراو وجۆر و جیاوازدا و بە هەر بیانوویەک کە بۆی لوابێ دێتە مەیدانی کایەی سیاسی و بە هەموو کۆسپ و تەگەرەکانەوە راستەوخۆ یاسای بنەرەتی ئیڕان کە سەرچاوەگرتوو لە ئایینی دژە ژنی ئیسلامە دەکاتە ئامانجی خۆی و پایەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ لەرزۆکتر دەکات.
بزوتنەوەی ژنان لە ئێران نەتەنیا وەک ماهیەتی چینایەتی و داخوازیی هاوچینەکانی بەڵکو و وەک هاواری رەگەزێک کە حکومەتی ئێران هەر لەسەرەتای بە لارێدابردنی شؤڕش ژنانی کردە قوربانی دەسەلاتە دژە ئینسانیەکەی، بۆ یەک چرکەش لە خەبات نەوەستاوە و بە هەموو کەم و کۆریەکانی هیشتاکەش هەر لەسەر پییە و رۆژ بە رۆژ لەگەل ڕەوتی روداوەکان خۆی ئابدەیت دەکاتەوە و بە داخوازیی رادیکاڵتر و ئینسانی تر دێتە مەیدانی کایەی سیاسیەوە. بزوتنەوەیەک کە سەرەرای هەموو گرتن و کوشتن و بڕینێک لە هەر مەقتەعیکی زەمەنی هاوچینەکانی بەجێ ناهیڵێ و شان بەشانی توێژەکانی تری کۆمەڵگە لە هەموو نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە ریزی پێشەوەی خەبات دژ بەو رژیمە دایە. ئەگەر چاوخشاندنێکمان هەبێ بە بارودۆخی ژنان لە ئێران دەبینین لەسایە سەری یاسای بنەرەتی ئێران و حکومەتی ئیسلامی، ژنان لەگەڵ پیاوان مافی یەکسانیان نییە و ژنان تەنانەت لە کۆمەڵگەش دەکەونە پەراوێزەوە و هەموو ئازادیە ئینسانییەکانیان لێ زەوت دەکرێ. ژنان لە ئیران لە سەرەتای لە دایک بوونیان تا کاتی مردن لە گەل توندوتیژی و هەڵاواردنی رەگەزی بەرەوروون. ژنان رۆژانە لە کۆمەڵگەی ئێران لەلایەن رەگەزی بەرامبەریانەوە کە ئەوانیش قوربانی ئەو سیستمەن دەکەونە بەر دەسترێژی و سوکایەتی، ئەو هەڵس و کەوتە دژە ئینسانییە میوانی سات بە ساتی ژنان لەو ولاتەیە. ژنان بە سەدان کۆسپی وەک هەلاوارن و کلیشەی جنسیەتی و جیاکاری رەگەزی و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان لە زانکۆکان و کەوتنە پەراویزیان و سەرەرای هەموو کیشەکان و کلتوری رزیوی ئیسلامی کە لە ناو بنەمالەکان رۆژ بە رۆژ بەرهەم دەهێنرێ، خوێندن تەواو دەکەن و دەچنە بازاری کارەوە، بۆ ئەوەی لە بواری ئابوری سەربەست بن. ئازار و ئەشکەنجەی روحی و جەستەیی ئەوەندە ئاشکرایە کە زۆر جار ژنان بەو ئازارە رادێن و دەیکەن بە بەشێک لە ژیانیان و ئاسەوارە دەرونییەکانی رۆژ بە رۆژ زیاتر ژنان ئازار دەدا. ژن بوون لە ئێران واتە قبوڵکردنی ئەوەی کە دەسەلات و کۆمەلگە ئەوان وەک رەگەزی دووهەمی کۆمەلگە و ئەبزاری زاوزێ پێناسە دەکات و هەموو ئازادیەکانی دەبێ لە ژێر چاوەدێری رەگەزی بەرامبەریان دابێ. توندوتیژی لە کۆمەلگەی ئێران ئەوەندە بەرچاوە کە ژنان هیچ ئەمنیەتیەکیان گیانی و ماڵیان نییە و زۆر جار بۆ خۆدەربازکردن لەو بارودۆخە خۆیان دەخەنە کونجی ماڵەوە، بەلام ئەوان لە ناو مالەوەش دەکەونە بەر توندوتیژی لەرادەبەدەر و دەچەوسێنەوە و بنەماڵە و چوارچێوەی ماڵ بۆتە مەترسیدارترین ئۆرگانی سەرکوتی ئەو سیستمە دژە ئینسانیە. ئەگەر بمانەوێ باس لە کیشە و گرفتەکانی ژنان لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بکەین لەوانەیە بە دەیان بابەتی لەو جۆرە تەواو نەبێ، بەلام ئەوەی کە مەبەستی ئەم بابەتەیە باس کردن لە تابۆ و ژن بوون لە ناو ئەو سیستمە دایە، کە هەموە ئازادی و خۆشی ژنان لەودا مەترسیە بۆ سەر پایەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران. ماوەیەک لە مەو بەر کچێک بە ناوی مائیدە هەژیری بە تاوانی سەماکردن لە تۆڕی کۆمەلایەتی ئەنیستاگرام کە کانالێکی تاکەکەسیە و کەس بۆی نییە تەداخولی بکات لەلایەن دەستگای سەرکوتی ئیسلامیەوە دەست بە سەرکراو لە راگەیاندنە چەواشەکارەکانی ئەو حکومەتە بە زۆرەملێ گرتەی ویدیۆیی لێگیراو و لە ژێر ناوی دان پیدانان قسەکانی بڵاوکرایەوە. ئەو هەڵس و کەوتەی دەستگای ئەمنیەتی و میدیاکانی کۆماری دژە ژنی ئێران دژە کردەوەی چالاکانی مەدەنی ناوخۆ و دەرەوەی ولاتی لێ کەوتەوە و تەنانەت بۆ دژە کردەوە بەو کارە قیزەونە کەمپەینی سەما کەوتە گەڕ و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەستیان کرد بە بڵاو کردنەوەی گرتە ویدیۆیەکانی خۆیان کە تێدا سەما دەکەن وئەو پەیامە بە دەسەلاتدارانی ئێران دەدەن کە هیچ دەسەلات و هێزێکی سەرکوت ناتوانێ سەما و خۆشی و شادی لە مرۆڤەکان بستێنێ و بیانخاتە بەندیخانەوە و کردەوەی دەستگای سەرکوت و میدیاکانی ئێران لە پەیوەندی لەگەل پرسی مائیدە هەژیری مەحکوم دەکەن. ژمارەیەکی زۆر لە کچان و ژنان وپیاوانی ئازادیخواز لە تۆرە کۆمەلایەتیەکان بەدانانی گرتەی ویدیۆیی خۆیان کە مژولی سەماکردنن پشتگیری خۆیان لە مائدە و مائدەکانی ئێران دەربڕی و ئەم کەمپەینە رۆژ بە دوای رۆژ خەریکە پەرە دەستێنێ و ئەو پەیامەی بۆ سەرانی حکومەت پێیە کە ئەوان لە گرتن و ئەشکەنجە ناترسێن و حکومەت ناتوانێ کەرامەتی ئینسانی مرۆڤەکان چیتر پێخوست بکات و بە تاوانی شادی بیانخاتە کونجی زینداوە. گیران و بلاوکردنەوەی گرتەی ویدیؤیی لەژێر ناوی دان پیدانانی مائیدە بە تاوانی کردەوەیەک کە لە هیچ یاسا و قانون و وڵاتێک تاوان نییە، ئامانجی تری لە پشت بوو چونکە هاوکاتە لەگەل خۆپێشاندانی خەڵک و بێزاری خەڵک لە بارودۆخی ئابووی ئێران، رژیم دەیهەوێ لە رێگای بلاوکردنەوەی ئەو جۆرە گرتە ویدیۆییانە خەڵک لە کیشەی سەرەکی واتە نەبوونی نان و برسێتی دوور بخاتەوە و ئەوان بە پرسی لاوەکی سەرقاڵ بکات. هەواڵی دەست بەسەربوونی مائیدە ئەوەندە سەرسورهێنەر بوو کە لە زۆربەی راگەیاندە جیهانییەکان لەوانە رۆژنامەی تایمز و گاردیەن و ئیندی پێندێت بڵاوکرایەوە و لە هەموو جیهان دژە کردەوە بەو هەڵسوکەوتەی کۆماری ئیسلامی نیشان درا، چونکە سەماکردن و خۆشی لە هیچ شوێنێکی دنیا وەک تاوان حیسابی بۆ نەکراوە و ئەو هەوالە سەرسورمانێکی نێونەتەوەیی بە دواوە بوو. مائدە هەژیری بە تاوانی سەماکردن لە تۆڕی کۆمەلایەتی تاکەکەسی خۆی داوای دەسبەسەرکردنی دەکرێ، بەڵام وەزیری کابینەی کۆماری ئێسلامی باس لەوە دەکات دەست بەسەرکردنی دز و جەردە و گەندەلانی ئابووری ئێران کە بوونی هۆکاری کیشە و برسێتی خەڵک لەو وڵاتە، کارێکی شیاو نییە چونکە ئارامی بازاری کار تێک دەدات. هەڵبەت گیران و دەست بەسەربوونی مائدە لەناو ئەو سیستمە دژە ژنە شتێکی دوور لە چاوەروانی نییە. لە ناو وڵاتێکدا کە ژنان بە تاوانی هاتنەوە دەر لەمالەوە بە پلان و بەرنامەی سەرانی حکومەتی و لەلایەن مۆرەکانی رژیم و دەسگای سەرکوت تیزابیان پێدا دەکرێ، لە ناو حکومەتێک دا ژن بوون تاوانە و جەستەی کچێکی نۆ سالان ئامادەی سێکسە و هەر پیاوێک لەژێر ناوی مارەکردن دەتوانێ بە ئاشکرا دەسترێژی بکاتە سەر مناڵێک، لە ناو وڵاتێک کە دەسگای بنەرەتیەکەی بە ئاشکرا سزای بەردباران و کوشتنی ژنانی ئاسایی و یاسایی دەکاتەوە، لە ناو وڵاتێکدا ژن مافی شارۆمەدنی لە رێگای یاساوە لێ زەوت کراوە و لە مافی سەرپەرەشتی مناڵی خۆی بێبەشە و بە دەیان یاسا بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ژنان هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری پەسند کراوە، ناکرێ چاوەروانی لەوە زیاترمان بێ، بەڵام حکومەتی ئێران و دام و دەسگا سەرکوتگەرەکانی باش بزانن ژنان لە ئێران ساڵهایە لە هیچ کوشتن و بڕینێک ناترسن و کۆڵ نادەن و هاواری مائیدەکان بە گوێی جیهانیان دەگەیەنن. ئەرکی سەرشانی چالاکانی بزوتنەوەی ژنان و ئازادیخوازان ئەوەیە دەنگی مائیدە و ژنانی ئێران بن و پشتگیری خۆیان لە بزوتنەوە ژنان و هەموو کەمپەینە بەرحەقەکانی لە ئێران رابگەیەنن و دەنگی ئەو چینەی کۆمەڵگە بن. لە کۆتاییدا دەبێ بلیین تا کاتێک ئەو حکومەتە لەسەر کار بێ دەبێ چاوەروانی لەوە خراپتریش بین و ئازادی و سەربەست بوون و نەمانی توندوتیژی بە دژی ژنان لە ئێران پەیوەستە بە لە ناوچوونی حکومەتی ئیسلامی ئێران و نەمانی هەموو ئەو ناعەداڵەتیانە. بۆیە توێژێ ژنان و بزوتنەوەی ژنان دەبێ هاوتەریب بێ لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و شان بەشانی یەک بۆ نەمانی ئەو سیستمە گەندەڵە هەوڵ بدەن…
تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٢ ی بەرواری ١٥/٧/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…