نووسینی: لاوژە جەواد
چەند ڕۆژێکە دڵم داگیراوە، لەناو ماڵەکەم دێم و دەچم، شتەکانم بیردەچێتەوە، نازانم خەریکی چیم و چیدەکەم، ناتوانم بڕۆمە دەرەوەو هەوایەک بگۆڕم، هێزێکی لا ئیرادی بەسەرمدا زاڵە، نە خواردنم بیرە نە دەتوانم بخەوم، لە فەیسبوکەوە شت دەنووسم پاش کەمێک دەیسڕمەوە، پۆست بڵاودەکەمەوەو دواتر لای دەبەم، سەعات سێی شەوەو لەناو ماڵەکەمدا دێم و دەچم، بیرم نییە بڕۆمە جێگای خەوم. لەملاشەوە جلیلی هاوڕێ و هاوسەرم ڕەنگی گۆڕاوەو توانای هیچی نییە، منداڵەکان قسەی لەگەڵ دەکەن گوێی لێیان نییە وەڵامیان بداتەوە، هەریەک لە زاویەکی قەنەفەوە لێی دانیشتوین کەس لەگەڵ کەس قسە ناکات! منداڵەکان هەست بەم حالەتەمان دەکەن و دەیانەوێت بماندوێنن، نیگەرانی و خەمخۆری بە دەموچاویان دیارە، بانگمان دەکەن و یاری دەهێننە پێشەوە بۆ ئەوەی یاری جۆراوجۆر بکەین، سەعاتێک دەتوانن سەرگەرممان بکەن، بەڵام کەسمان بەبیرو هۆش لەگەڵیان نین. بەبێ ئەوەی خۆمان بمانەوێت لەڕوداوەکانی 15 ساڵ پیش ئێستا دەژیەین. فلاش باکەکان وازمان لێناهێنن هیزێک لەپشتی سەرمانەوە دەمانباتەوە ئەوکاتە. ناچارین بەکورتی بۆ دوو پەپولەکەمان تەوزیح بدەین کە خەتای ئەوان نییەو لەیەکتریش توڕە نین، کارەساتێکە کە 15 ساڵ پێش ئێستا کە لەئەمڕۆدا بەسەرمان هاتوە وامان لیدەکات. دیارە ئەمە یەکەم جار نییەو ساڵانە لەم ڕۆژانەدا ئەم حالەتەمان بەسەر دێت، نەسەفەرکردن وە نە هاتنی هاوڕێیانمان بۆلامان لەم ساتەدا نەیتوانیوە دەمارەکانی پشتی سەرمان بخەوێنێت. لەوانەیە زۆر لەم هاوڕێیانەمان لەم ساتەدا هەمان حالەتیان هەبێت.
هەرچەندە ئێمە ئەم ئازارانەمان نەکردۆتە بەشێک لە ژیانمان و ژیان بەردەوامە، بەڵام لەگەڵمان دەژیەن و لە کۆڵەپشتیەکانمانن.
لە 14تەمووزی2000 من لەناو ڕوداوەکان نەبووم، لەبەرئەوەی دواین مانگی حامیلەییم بوو بە نیمای کوڕمەوە. من لە کۆیە لەماڵی باوکم بووم.
لە ناوەڕاستی مانگی شەش مەفرەزەیەکی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران دەگەڕێنەوە ناوچەکانی مەریوان، بۆ تەبلیغکردن، هەر ئەوکاتە بەهۆی بارودۆخی منەوە نەیانهێشت جلیل بڕوات، وتیان نابەرپرسانەیە لەم بارودۆخەی لاوژەدا جەلیل بنێرین بۆ ئەم کارە، بەدوای ئەوە باوکی جلیل زیندانی کرا لەلایەن جمهوری ئیسلامیەوە، باوکیان برد بۆ هەموو ناوچەو دێیەکانی مەریوان بۆئەوەی جلیل بدۆزێتەوەو دەستگیری بکەن، باوکێکی تەمەن 70 ساڵیان بەم کارە ناچارکرد. بەدوای ئەوە بڕیاردرا کە جلیل بۆی نییە لە مەقەر بچێتە دەرەوە، وە دەبێت کەسێک پەیدابکرێت لە ماڵێکی تر ئاگای لە لاوژە بێت، لەبەرئەوەی ماڵەکەی خۆمان ئەمنیەتی نییە دوور نییە لەهەر ساتە وەختێک پیاوە هارەکانی جمهوری ئیسلامی بەسەرمان بدەن. من بەم پێشنیارە ڕازی نەبوم، وتم دەچمەوە کۆیە بۆلای کەسوکارم، ئەوەبوو خۆم کۆکردەوەو ڕۆژی 30/6 ئەوڕۆژە لە مەقەڕ بوم تا ئێوارە کەمێک فێنکی کرد، ئەو ڕۆژە ماوەی دوو ڕۆژ بوو ئاوی کۆمیتەی رابەری بڕابوو بە مزەخە هەوڵیان دەدا ئاوەکە نەدەهات. ڕۆیشتن بەشوێن خاوەن ماڵەکە، وە تەنکەرێک ئاویان کڕی. دوای ئەوە من جێمهێشتن. شەوانی یەکەم کە من لە کۆیە بووم خەتی تەلەفۆن هەبوو، دواین جار کە لەگەڵ جلیل بەیەکەوە تەلەفۆنی قسەمانکرد، شەوی 4/7 بوو. بەدوای ئەوە پەیوەندی پچڕا، ڕۆژانە چەندین جار پەیوەندیم دەکرد، لە بەدالەوە پێیان دەوتم کە ئەم خەتە نییە! هەستێکی خراپ لام دروست ببوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نیگەرانتر دەبووم، لەڕێگای ڕادیۆی حیزبەوە گوێم لە چەند ڕاگەیاندنێک دەبوو، بەڵام نەمدەزانی بەعەمەلی چی ڕودەدات. هاوڕێ حیزبیەکانم لە کۆیەوە هەستان بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتن، بەڵام ئەوانیش نەهاتنەوە، دەنگۆی ئاڵۆزی نێوان کۆمۆنیستەکان و یەکیتی وردەوردە بڵاودەبۆوە، بەڵام لەمنیان دەشاردەوە، براکەم لەڕێگای هاوڕێکانی بەردەوام لە تەعقیب بوو، نیوەڕۆیەکیان گوێم لێبوو هاوڕێیەکی براکەم لە تەلەفۆن وتی دوو سەعات پێش ئیستا دوو لە کۆمۆنیستەکان بەدەستی ئاسایش کوژران، دەنگۆکە وا بڵاوببۆوە، هاوڕێیانمان بە برینداری دەستگیر کرابوون لەکاتی شت کڕیندا، ئەوەندەی تر من نیگەران بووم، داوام لە دایکم کرد کە عەبای خۆیم پێبدات! بۆ ئەوەی بڕۆمە سلێمانی، بە عەباو ماکسی ژنێکی دوگیان بڵێی لەلایەن ئاسایشەوە ڕابگیرێت؟ تا من ئەم قسەیەم کرد، عەبا، جانتا، پاڕە و پیڵاو هەموو شتێک لەماڵەوە شاردرایەوەو دایک و باوکم لێم توڕە بوون وتیان ئەمە عەقڵە تۆ هەتە؟ چۆن کاری وا دەکەیت؟ باوکم بڕیاریدا بچێتە سلێمانی، من زۆر گریام و پاڕامەوە کە ئەم کارە نەکات، بەڵام من نەمتوانی قەناعەتی پێبهێنم، بەڵام هاوڕێیەکی براکەم کە یەکیەتی بوو بە دزی منەوە پیی وتبو وەزعەکە زۆر لەوە خراپترەو واباشە کە نەچێت.
نازانم ئەم ڕۆژەم چۆن لێ ڕۆیی نائارامی، نیگەرانی، نەمدەزانی چی ڕودەدات، هاوڕێکانم ماون یان نا، ئەوانەی کە ماوەی 5 ساڵە شەو و ڕۆژ بەیەکەوەین لەسەر یەک سفرە نان دەخۆین، پارێزگاری لەگیانی یەک دەکەین، لەکاتی نەخۆشی بەکۆڵ یەکتری دەبەینە لای دکتۆر، لەکاتی خواردندا بەشی یەک دادەنێین، بەیەکەو گاڵتە دەکەین و سەرگوزەشتە دەگێڕینەوە… ئەی حیزب و بزوتنەوەکەم؟ ئەم بزوتنەوەی کە بە بەرگری لە ئینسانەکان ناسراوەتەوە، لەهەرشوێنێک باسی جیابونەوەی کوردستان، بەرگری لە ژنان، منداڵان، خانەنشینان… بکەیت پێت دەڵێن کۆمۆنیستیت! چ شانازیەکی گەورە بوو کە وایان پێدەوتین! حیزبەکەم چی بەسەرهاتوە؟ ئەم حیزبەی کە لەتەمەنی گەنجیەتیمان بەشانازیەوە کۆششمان بۆی کردو خشت لەسەر خشتیمان داناو دروستمانکرد؟ بیرم لەوە دەکردەوە بڵێی هاوڕێ و هاوسەرەکەم مابێت؟ تۆبڵێی ئەم منداڵەم کە بەپێی قسەی دکتۆرەکان دوو هەفتەی ماوە بێتە جیهان شانسی ئەوەی هەبێت باوکی ببینێت و بەنازی باوکی گەورەبێت؟ ئەمانەو هەزاران پرسیاری تر. ئەم ئێوارەیە دەنگۆکە زۆر زیاتر بوو، لەناوباخچە دانیشتبوم گوێم لێ بوو لەماڵی هاوسێکەمانەوە باسیان لەوە دەکرد کە ئەمڕۆ یەکیەتی حیزبی کۆمۆنیستی تەفروتونا کرد! لەماڵەوە هەوڵیاندەدا بابەتی تر بهێننە پێشەوە خوشکەکانم جلو بەرگەکانیان دەهینا دەرەوە کە بۆ منداڵەکەی سکم کڕیبویان هەریەک شتێکی دەوت بۆئەوەی تەوەجوهی من ببەنە شوینێکی تر. هیچ کەس بەئەندازەی نیما لەناو سکم لە دەردو ئازارەکانم تێنەدەگەیشت، ئەویش زۆر نائارام بوو ئەم شەوە تا بەیانی هەڵپەڕی لە سکمداو جولەی ئاسایی نەبوو، دایکم دەیوت کچم ڕەحم بەم منداڵە بکە تاوانی چییە! ئەوکاتە لەسەربان دەخەوتین، ئەوشەوە تا بەیانی سەرەو خوارم کرد، بەرە بەری بەیانی دایکم موبەریدەی بۆ هەڵکردم و وتی کچم لێرە بخەوە، خۆی بۆ نوێژ هاتبوە خوارێ. ناچاربووم ئارام بگرم و چەند سەعاتێک سەربنێمەوە، بەڵام لە کابوس بەم لاوە هیچی ترم نەدەبینی، هەرچەند دەققە جارێک ڕادەچڵەکیم. باوکم لەڕێگای جۆراوجۆرەوە لە تەعقیبکردن بوو، هەموویان ببوونە پاسەوانی من نەکا بڕۆم. ئەو ڕۆژە تا دوای نیوەڕۆ بەم دۆخە مامەوە واتا 15/7. دوای نیوەڕۆکەی تەلەفۆنم بۆ مەقەڕی حیزبی زەحمەتکێشان کرد، داوایان لێکردم کە بچم بۆ مەقەڕ، لەبەرئەوەی وەفدێکیان لە سلێمانیەوە هاتوە، ئێمەش دراوسێ مەقەڕ بووین و پەیوەندیمان خۆشبوو.
مەقەڕەکەیان لە نزیکی ماڵمان بوو، کاتێک کە چووم و بارودۆخمیان بینی زۆر نیگەران بوون، وە دڵیان بۆم دەسوتا، پێیان وتم چەند کەسێکتان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ناوی هاوسەرەکەتمان بدەیە، من ناوەکەم پێدان، بەڵام پێموتن دەزانن نیگەرانی من تەنها هاوسەرەکەم نییە من نیگەرانی هەموو هاوڕێکانم و بزوتنەوەکەمانم! ئەم شەوەشم هەروا بەڕێکرد، سەرلەبەیانی ڕۆژی دوایی، سەعات 8 لە مەقەڕی زەحمەتکێشانەوە تەلەفۆنیان بۆکردم، وە ناوی ئەم هاوڕێیانەیان پێدام و کە گیانیان لەدەستداوە، پێیان وتم هاوسەرکەت لەناویان نییە. لەوکاتە ناسیاوێکی شەخسی هاتە ماڵی باوکم، کە بەپرسیار دۆزیبوویەوە، لەلایەن جەلیلەوە نێردرابوو، وە ئاگاداری کردم کە لای ئەوانەو وەزعی باشە، من خۆم پێنەگیرا، یەکسەر خۆم گۆڕی و وتم بمبە بۆلای. هەرچەند لەماڵی بابم هەوڵیاندا کە دامنێنەوە، وتیان بۆتان خەتەرە، بەڵام من نەوەستام نیوەڕۆ گەیشتمە سلێمانی، کاتێک چاوم پێیکەوت پلاستەرێک بە نێوچەوانی بوو، برینێکیش بەملیەوە، وتم ئەوە چیبووە؟ وتی هیچ نییە وتم تکایە پێمبڵێ، وتی من و ئومید نگبین بەیەکەوە لەسەربان بوین، یەکەم فیشەکی قەناس بەر ئومید کەوت، من سەرم دانەواند فیشەکەکە بەر ئاسنی پەنجەرەکە کەوت و پارچەکانی دای لێم، هەر لەوێ ئەوەی بۆ باسکردم کە چۆن ئومید لەسەر دەستی گیانی لەدەستداو خوێنەکەی بە جلەکانیەوەیەتی.
جا ئەم هێزەیە لەپشتی سەرمان وامان لیدەکات فلاش باکمان دەداتێ و دەمانباتەوە ئەم ڕۆژانە.
دیارە تراجیدیای دوای ئەمە باشتر نەبوو، هەر ڕۆژەی لە ماڵێک هەرچەند شەو لە شوێنێک و ماڵە خزمێک، بابەم دەیوت بێنەوە کۆیە! نەماندەوێرا لەبەر سەیتەڕە، پاش ماوەیەک هەستمان بەوەکرد کە بارودۆخ ئارامترەو مەوعیدی بەدنیاهاتنی نیما نزیک دەبۆوە، چووینەوە ماڵی خۆمان، چەند ڕۆژێک لەماڵەوەبوین، هەواڵ لە منداڵ بوون نەبوو، چومە لای دکتۆر، وتی با تا 16/8 بوەستین، بوو بە 20/8 هەر هەواڵ نەبوو، ماوەیەک بوو خوشکەکانم هاتبون بۆلام، 20/8 دکتۆر مەوعیدی عەمەلیاتی قەیسەری بۆدانام، هاوڕییانم پێیان باش نەبوو و لەبەر مەسائیلی ئەمنی بچمە ئەم نەخۆشخانە ئەهلیە، وتیان لە ویلادە باشتر دەشاردرێیتەوە، ئەمجارەیان دکتۆرم گۆڕی، پێیان وتم 23/8 داخیلت دەکەین، ڕۆژی 22/8 مامە دارا بەپەلە هاتە ژورەوەو وتی جلیل دەبێت هەر ئێستا خۆت حەشاردەیتەوە، لەبەرئەوەی لە کوردستانی نوێ مەقالەیەک نوسراوەو ناوی تۆ هاتوەو هەڕەشەت لێکراوە، وە ڕۆژنامەکەشی پێبو، ڕۆژنامەکەش ماوەو لە دوێنیوە چەند جارێک داوام لە جلیل کرد کە دەریهێنێت و وێنەی بگرین، بەڵام نەیتوانی.
زۆر بەکورتی، جلیل لە حەشارگا بوو، من بەناوێکی تر داخیلی خەستەخانە کرام، دوای چەند ڕۆژێک جلیل توانی نیما ببینێت. تراژیدیاکان زۆر لەوە زیاترەو نووسینەوەیان زۆر سەختە، بەڵام ئیتر ناتوانم، لێرە خاڵێک دادەنێم و هەرکاتێک توانیم لەسەری خەتەوە دەست پێدەکەمەوە.
لاوژە جەواد
14/7/ 2015
تێبینی: ئەم بیرەوەری و گێرانەوەیە سێ ساڵ لەمەوپیش، لە یادی ١٥ هەمین ساڵیادی هێرشی یەکێتی بۆسەر کۆمۆنیستەکان نووسراوە…
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٢ بەرواری ١٥/٧/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…