تاوانی ١٤/٧هاوشێوەی تاوانەکانی بەعس بوو

نووسینی: رۆژ عەزیز
سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ١٤/٧/٢٠٠٠دا تاوانێکی گەورەیان ئەنجامدا دەرهەق بە کۆمۆنیستەکان، کە هاوشێوەی رەفتاری حکومەتی بەعس بوو، تەنها جیاوازیەکەی ئەوەبوو پارەی فیشەکەکانیان لە کەسوکاریان نەسەندەوە کە کوڕەکانیان کوشتن، ئەمنە سورەکە لەسەردەمی بەعسدا تاوانکاری تێدا دەکرا، لەسەردەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا هەرلەنزیک هەمان دائیرەی ئەمنی بەعس لە نزیک ماڵی نەوشیروان مستەفا بەعس ئاسا میلیشیاکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆمۆنیستەکانیان قەتلوعام کرد بەپێی بەرنامەیەک کە بەعس و ئیران بۆ یەکێتی داڕشتبوو بەسەرکردایەتی و بەڕابەری نەوشیروان مستەفا کە ئەوکاتە لەنێو یەکێتیدا جێگری جەلال تاڵەبانی بوو.
روداوی ١٤/٧/٢٠٠٠ یەکێک بوو لەو گێچەڵانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە بە نەیارانی خۆی وحیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراقی کرد. سەرەتا بە بردنە دەرەوەی بنکەو بارەگاکانی حیزبەکانی دەستی پێکردو یەکێتی هەموو گێچەڵەکەی بە حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراقی کرد، ئەمە لەکاتێکدا بوو کە خودی یەکێتی پارتی زۆرترین بنکەو بارەگایان هەبوو، ئیسلامیەکانیش مەترسی بوون بۆسەر خەڵکی ئازادیخوازو بنکەو بارەگایان هەبوو لە ناو شارەکان، کەچی ئەم یەخەگرتنە تەنها بەحیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کردە نیشانە.
ئەوکاتە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی ڕایگەیاند ئەگەر بەراستی دەست دەبەن بۆ هەنگاوی بردنەدەرەوەی بنکەو بارەگاکانی حیزبەکان و خۆتان ئەوە جێبەجێ دەکەن ئێمەش ئامادەین بنکەو بارەگاکانمان بەرینە دەر، بە مەرجێک ئیوەش بنکەو بارەگاکانتان بەرنە دەرەوەی شار لەکاتێکدا حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق چەکداری نەبوو، کەچی دوا جار یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تەنها بەرۆکی حیزبی گرتوو بەیەک حیزبی دیکەی نەوتوە بنکەو بارەگاکانتان بەرنە دەرەوەی شارەکان.
نزیک بەچەند مانگ بۆ جێبەجێکردنی ئەم پیلانە بۆ لێدانی حیزب، یەکێتی کەوتە گرتن راوەدونانی کۆمۆنیستەکان و بەبیانوی جۆراجۆر حیزبی هەراسان کردبوو دواجار وەک حوکمی عەشیرەتی وخێڵەکی و میلیشیایی کەوتە بڕینی ئاو کارەبا لەبنکەو بارەگاکانی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراق و دواتر بەپیلانی سەرکردایەتی ئەوسای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، چەند ڕۆژ پێش ١٤/٧ بنکەو بارەگاکانی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراق بە چەکدارانی یەکێتی و هێزە ئەمنیەکان و دەزگای زانیاری و دەزگای ئاسایش لەدەورو بەری بارەگاکان کۆبوونەوە، پیلانی هێرشکردنە سەربنکەو بارەگاکانیان هەبوو. ئەوە بوو ١٤/٧/٢٠٠٠ ئومێد نیکبین بە قەناسی هێزە میلیشیاکانی یەکێتی لە بارەگای کۆمیتەی ڕابەری گیانی لەدەستدا و دواتر بۆ چارەسەری کێشەکە وەفدێکی رابەری چوونە ماڵی نەوشیروان مستەفا کە پیلان دارێژەری ئەم هێرشە بوو کە ماڵەکەی لەتەنیشت کۆمیتەی ڕابەری بوو.
پیلانەکە وابوو ئەگەر وەفدی ڕابەری بچنە ماڵی نەوشیروان ئیتر تاوانەکە ئەنجام بدەن، وەفدی ڕابەریش لەوێ دەست بەسەر بکەن تا حیزب دەست نەکاتەوە ئەگەر چەکدارانی یەکێتی تاوانیان ئەنجامدا، هەر بەگەیشتنی وەفدی ڕابەری لاندکرۆزەکەی حیزب کە بۆکاری حیزب و پێداویستی خواردن چووبووە کۆمیتەی سلێمانی لەگەرانەوەیاندا لەخوار ئەمنە سورەکە کاتێک کە سەیارەکە پێچ دەکاتەوە بۆ کۆمیتەی ڕابەری میلیشیاکانی یەکێتی بە بیکەیسی و کڵاشینکۆف سەیارەکەی حیزب بەر فیشەک دەدەن، بەسەدان فیشەک ئاراستەیان دەکرێت لەوێدا هاورێیان عەبدولباست موحسین (ناسراو بە شێخ عەبدول) محمد مستەفا (ناسراو بە کەریم) ئیبراهیم محمد(ناسراو بەهاوکار) هاورێ مستەفا، وە پێشتریش ئومێد نیکبینیش هەر لەو ڕۆژەدا بەدەستی میلیشیاکانی یەکێتی گیانیان لەدەستدا.
ئەم تاوانە هەمان تاوانی بەعس بوو، چونکە هەموو شتێک ئامادەکرابوو بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکەو حریق و تەنکەری ئاو ئامادە کرابوون تا شوێنی تاوانەکەو خوێنی ئەو هاوڕێیانە بشۆنەوە، تا ڕێکخراوە جیهانییەکان ئاگادار نەبن. هەر لەوێدا تەرمی هاورێیان گواسترانەوە بۆ شوێنی تایبەتی کەخۆیان پیلانیان هەبوو چیان لێبکەن لاندکرۆزەرەکەی حیزبیش بەسلنگ بردیان و بۆ شەوەکەی تەرمی هاورێیانی حیزب بە حەفارە بەعس ئاسا لە گردی سەیوانی کردیانن بە ژێر زەویدا و کەسوکاریشیان بۆیان نەبوو بڵێن تەرمی ئازیزانی ئێمەتان چی لێکرد؟ کەوتنە مراقەبەکردنی کەسوکاریان و کەوتنە گرتن و ڕاوەدونانی هاورێیانی حیزب زیندانەکانی ئاسایش پڕکران لە دۆستان و ئەندامان لایەنگرانی حیزب و بەردەوام هاورێیان لەژێر چاودێری ئاسایش و دەزگای زانیاریدا بوون.
بۆ رۆژی دوای سەرانی یەکێتی داوای دانیشتنی وەفدی حیزبیان کردو ئەوە بوو وەفدی حیزب چوونە لای یەکێتی ئەو جێگەی بڕیار بوو دانیشتنی لێ ئەنجام بدرێت. یەکێتی پیلانی دانابوو بەگەیشتنیان پەلاماری وەفدی حیزب بدەن و ناجاریان بکەن کە بەزۆر بنکەو بارەگاکانیان لەژێر دەسەلاتی یەکێتی چۆڵ بکەن، ئەوە بوو بەگەیشتنی وەفدی حیزب بەعس ئاساو دوور لەهەموو بەهایەکی سیاسی و ئەخلاقی بەسەدان چەکدار کەوتنە میل هێنانەوە لە وەفدی حیزب و پەلاماریان دان و دواتر پێیان ڕاگەیاندن کە دەبێت لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نەمێنن. ئەم کردەوەیە هێندە قێزەون بوون هیچ جیاوازیەکی نەبوو لە تاوانەکانی بەعس دوای چەندین ساڵیش کەسوکارو هاوڕێیانی حیزب بۆیان نەبوو بچنە سەر گڵکۆی هاورێیانی گیانبەختکردو. هەرکەس دەچووە سەر گۆڕەکانیان دەکەوتنە لێدان و ئازارو ئەشکەنجەو بەرەو زیندانی ئاسایشیان دەبردن، ئەمە کردەوەی ئەو حیزبە سۆسیال دیموکراتە بوو کە ئیدیعای دەکرد.
کردەوەی ناشرینی سەرانی یەکێتی و حیزبەکەی کردەوە دڕندەکانی بەعسی شاردەوە. بیرمە رۆژی ١٣/٧ واتە ڕۆژێک پیش روداوی ١٤/٧ لەکارەباکەو نزیک بارەگای کۆمیتەی سلێمانی حیزب خۆپیشاندانێک لەسەر گێچەکانی یەکیتی بەحیزب ئەنجامدرا کە گەیشتینە سەر شەقامی پشت کارەباکە ئاسایشی ڕزگاری بەعس ئاسا پەلاماریان داین و بە قۆناغە تفەنگ کەوتنە گیانی مناڵ و پیرو گەنجەوە دواتر بە دەستڕێژی گولەیان داین بۆ بڵاوە پێکردنمان و ترساندنمان دواتر خۆپیشاندەران گەرانەوە کۆمیتەی سلێمانی و چەکدارەکانی یەکێتیش دەوروبەری کۆمیتەی سلێمانیان داو گێچەڵیان بەهاورێیانی حیزب دەکرد، تا فرسەت بقۆزنەوەو لەگەڵیان بەشەڕ بێن وئەوانیش بکەونە کوشتن.
ئەم کردەوانە کردەوەی لەمێژینەی حیزبە ناسیونالیستەکانی کوردن کە دژ بە نەیاران و مخالفینی سیاسی خۆیان چ لە شاخ و چ لەشار ئەنجامیانداوە کە خودی نەوشیروان مستەفا دەستی تاوانکاری گەورەی هەبوو لە قەتڵوعام کردنی چەپ و کۆمۆنیستەکان وشیوعیەکاندا کە لە قڕناقاو پشت ئاشان لە ئایاری ساڵی ١٩٨٣دا هەر هەمان تاوان بەڕابەرایەتی نەوشیروان مستەفا ئەنجام دراو، تاوانێکی گەورە لەدژی شیوعیەکان ئەنجام درا کە لەمێژوودا تاوانکاری وا کەم بووە کە مناڵ و ژنی دوو گیانی لە شاخەکانەوە بەردایە خوارەوە و مناڵەکانیانیان کوشتن. تاوانی قڕناقاو پشت ئاشان تاوانی ١٤/٧/٢٠٠٠ راستە بە ئەمری سەرکردایەتی ئەوسای یەکێتی بوو بەس ڕابەری ئەم تاوانانە بە ئەمری نەوشیروان مستەفا بوو، کە ئەمرۆ کەسانێک باسی لەوە دەکەن نەوشیروان باوکی هەژاران بوو کەچی لەوەتەی هەبووە ئەم کابرایە کوڕی هەژاری کوشتووە دایک وباوکی هەژاری جەرگ سوتاوکردوە.
ناسیونالیستی کوردو بزوتنەوەکەی لەوەتەی هەن موخالفینی خۆیان لەخوێن هەڵدەکیشن رۆژنامەنوس ورەخنەگران بەر فیشەک دەدەن. تاوانکاری حیزبەکانی کوردایەتی کەم نین هەر لە سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان کاوە گەرمیانی ویداد حسین و محمد حەلاق و هاورێکانی و نەزیر عومەرو دەیان تاوانکاری دیکە لەسەر دەستی هەردو حیزبی دەسەڵاتداری کوردی ئەنجام دراون و هەر ڕۆژەو بەبیانویەک هێرشیان کردۆتە سەر موخالفینی سیاسی خۆیان. بەحیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراقیان دەوت قانونی یەکسانی ژن پیاو قەدەغەیەو باسی ریفراندۆم، ئەمنی قەومی دەخاتە مەترسیەوە.
لەکاتێکدا خۆیان ئەمنیەتی ناوچەکەو خەڵکی کوردستانیان خستۆتە مەترسیەوە هەموو رۆژێک دەزگا سیخورەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە لە شارەکانی کوردستان تەراتێن دەکەن بنکەو بارەگایان بۆ کراوەتەوە. دیارە ئەمانە مەترسی نین بۆسەر ئەمنی قەومی بەس باسی یەکسانی ژن وپیاو ڕیفراندۆم بۆ چارەسەری خەڵکی کوردستان ئەمنیەتی خەڵکی کوردستانی خستۆتە مەترسیەوە. بەداخەوە ١٨ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانکاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە پێنج کادرو ئینسانی یەکسانیخوازو ئازادیخوازیان لەخوێن هەڵکێشاو تاوەکو ئێستا تاوانکاران دادگای نەکراون لەدادگایەکی عادلانەدا و نەوشیروان مستەفاش مردو بە سزای ئەم تاوانە گەورەی خۆی نەگەیشت و یەکێک لە تاوانکاری تاوانی هاورێیان لەژیاندا نەما، بەڵام ئەم کەیسە زیندوە بکوژان و نەخشە داڕێژەری ئەم تاوانە دەبێت بەسزای تاوانەکانیان بگەن و هەرگیز لە خوێنی ئەم هاورێیانە بێدەنگ نابین و بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی ئەم هاورێیانە و ئاڵاهەڵگری رێبازەکەیان دەبین.
یادیان بەرزوبەڕێزە شەرمەزاری و بۆ ئەنجامدەران و پیلان داڕێژەرانی ئەم تاوانە گەورەیە…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٢ بەرواری ١٥/٧/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *