مەنسور حکمەت
لەپەیجی حمەغفورەوە وەرگیراوە
“بەمپێیە ئێمە لێرەدا بە جوانیی ڕەخنەیەکی کرێکاری دەبینین. بەمجۆرە نییە کە دەزگایەکی فکری خێرۆمەند هاتووە لە کۆمەڵگەیا بە بلاجکۆرەوە بەشوێن توێژێکی کۆمەڵایەتیا دەگەڕێ کە بە کەڵکی شۆڕش دێ و کرێکاری دۆزیوەتەوە، بەردەوام خوازیاری سۆشیالیزم بووە و ئێستا هاتووە بزانێ کام چین دەتوانێ ئەمە بە سەرئەنجام بگەیەنێ، وە فاکتەری جێبەجێ کردنی ئەم سۆشیالیزمەیە. بە پێچەوانەیە، ئەمە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خەریکە بە زمانی تیۆری قسەدەکا نەک بە پێچەوانەوە. تیۆری نییە کە هاوتای کۆمەڵایەتی خۆی دۆزیوەتەوە، خودی ئەو کرێکارەیە کە خەریکە قسەدەکا. ناتوانێ بەبێ بەفەرز گرتنی مەوجودییەتی خۆی فەلسەفەی خۆی تەعبیر بکا. لەناو تیۆری مارکسیزمدا لە هیچ جێیەک و لە هیچ قۆناغێکی تەحلیلدا نییە کە کرێکار بێتەناوەوە، هەر لە سەرەتاوە ئامادەگیی هەیە، تەحلیلکار خۆیەتی. بەمجۆرە نییە کە تیۆریمان دامەزراندبێ و ئینجا بێین پەیگیرترین فڵان و فیسار تەوزیف بکەین، وە بزانین چینە کۆمەڵایەتییەکان لەکوێن و بڵێین ئەها کرێکار، پەیگیرترین دیموکرات، کرێکار، پەیگیرترین عەدالەت خوازی کۆمەڵایەتی، کرێکار، پەیگیرترین خەباتکاری ڕێگای ڕزگاری ژن، کرێکار، پەیگیرترین بەرگریکاری فڵانە مەسەلەیە. باسەکە ئەمە نییە کە مەکتەبێکی فکری خەریکە ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانەی جێی سەرنجی ئەون هەڵدەبژێرێ یان لە جێگایەکا داوەری خۆی دەرهەق کۆمەڵگا دەڵێ، بەپێچەوانەوە ئەمە داوەری بەشێک لە کۆمەڵگەیە دەرهەق فەلسەفە، داوەری بەشێک لە کۆمەڵگەیە دەربارەی تیۆری. داوەری بەشێکی دیاریکراوە لە کۆمەڵ دەربارەی هەموو ئەمانە و دەربارەی ئاییندەی کۆمەڵگە. تەواوی جوانیی و ئەهمییەتی مارکسیزم ئەمەیە. وە بەڕای من دیسان پێویست دەکا کەسێ کە مانیفێستی کۆمۆنیست دەخوێنێتەوە، یەکەم جار ناوەکەی بسڕێتەوە و لەجێگایدا بنووسێ مانیفێستی کۆمۆنیستی کرێکاری. چونکە لە هیچ جێیەک لە باسی مارکسدا مەوجودییەتی چین ناسەلمێنرێ، بەڵکو بە فەرز وەردەگیرێ، لە هیچ شوێنێ بەرژەوەندی چین ناسەلمێنرێ، بەڵکو بە فەرز وەردەگیرێ، لە هیچ جێیەک بۆ هەقانییەت و مەشروعییەتی ئەم بەرژەوەندییانە بەڵگە ناهێنرێتەوە، بەڵکو بە فەرز وەردەگیرێن. ئەمەی کە چینی کرێکار دەبێ ئازاد ببێ، بە فەرز وەردەگیرێ. بەڵگەی بۆ ناهێنرێتەوە. سۆشیالیزمی بۆرجوایی دەڵێ ئاخر درووست نییە کۆمەڵگە بەسەر هەژار و دەوڵەمەندا دابەش بووبێ، وە لێرەوە ڕاسپاردەی پارێزگاری و کۆمەک کردن بە توێژە بێبەشەکان دەخرێتە ڕوو. لە مارکسیزمدا هەرگیز قسە لەسەر ئەمە نییە. ئەم تیۆرییە، ئەم فەلسەفەیە، قسەی کرێکارە. نەک بە وێنەی ئەشخاسی دیاریکراو، بەڵکو بەوێنەی چینێکی کرێگرتە کە کۆمەڵگەیەکی بەمجۆرەی ناوێ. مارکسیزم دەق و جەوهەری ناڕەزایی چینێکی کۆمەڵایەتییە. کرێکار لە مارکسیزم دەربێنی، هیچ شتێک لەم دەزگا فکرییە نامێنێتەوە. ئاوا نییە کە ئەگەر کرێکار لە مارکسیزم دەربێنین مارکسیزم دەگۆڕێ بۆ تیۆرییەک کە فاکتەری جێبەجێ کردنی لەدەستداوە، دەگۆڕێ بۆ تیۆرییەک کە قابیلی جێبەجێ بوون نییە. مەقولەی کرێکار لە مارکسیزم دەرکێشی، هیچ تیۆرییەک نامێنێتەوە. هیچ بەیان و لێکدانەوەیەکی فەلسەفی نامێنێتەوە. هیچ ڕەخنەیەک بەدژی فەلسەفەی پێش خۆی بەجێ نامێنێ. تیۆری ڕەخنە لە ئیقتسادی سیاسی نامێنێتەوە. هیچ شتێک نامێنێتەوە کە ئینسان بیەوێ تەتبیقی بکا یان نا. ئەگەر کرێکار لە مارکسیزم دەرکێشی، مارکسیزم نامێنێتەوە. وەکو ئەمەی لێ دێ کە بتەوێ بۆرجوازی دەربێنی وە هێشتا تیۆری لیبرالیزم دەربهاوی. بە هەمان ڕادە کە لەناو لیبرالیزمدا، لە کۆنسەرفاتیزمدا، لەناو فاشیزمدا، وجودی کۆمەڵایەتی بۆرجوازی فەرزە و بەهیچ جۆرێک نابێتە جێی باس، هیچکات حاڵەتی نەبوونی بۆرجوازی لەبەر چاو نەگیراوە، لە مارکسیزمیشدا وجودی کۆمەڵایەتی کرێکار بە فەرز وەردەگیرێ و هیچکات جێگای باس نییە. پێچەوانەکەی لەبەر چاو نەگیراوە. ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکا کرێکار وجودی نەبێ، ئەکید سەرمایەداریش نییە و مارکسیزمیش هەم لە هاوشانیا وجودی نییە. بەڵام کاتێ لە جێگایەک دەربارەی سەرمایەداری قسە دەکەین، ئەوکاتە ئیتر ئەمە بەڕەسمی قسەی فەلسەفی و سیاسی و ئیقتسادی و کۆمەڵایەتی کرێکارە لەم کۆمەڵگەیەدا.”
لە باسەکانی؛ بنەماکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری
سیمیناری یەکەمی کۆمۆنیزمی کرێکاری
(مارس ١٩٨٩)
مەنسور حکمەت
وەرگیراوە