نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
٢٤ مانگی رابردوو هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆماری تورکیاو پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو… لەم هەڵبژاردنەدا ئاک پارتی بەوێنەی حزبی دەسەڵات لەگەڵ هاوتا هاوپەیمانەکەی”مەهەپە” لە هەڵبژاردندا، سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و تا رادەیەکی زۆر سەرەتای خەونی ئەردۆغان، وەدیهات. هەڵبژاردن لەدۆخێکی نائاسایی و لە نابەرابەریەکی ئاشکرادا بەرێوەچوو. هەرچی حزبی دەسەڵات و هاوپەیمانەکەیەتی، هەموو تواناییە دارایی و راگەیاندن و کەشی زاڵی دەسەڵاتی لەپشت بوو، لە بەرامبەردا بۆ هێزەکانی تری نەیاری حزبی ئاک پارتی و دەسەڵات، توانایی و کەشی هەڵبژاردنەکان، تا دەگاتە کەڵک وەرگرتن لە میدیا و راگەیاندن سنوردارو تەنانەت ڕێ لێگیراو بوو. لەوەش واوەتر یەکێک لە کاندیدەکانی رکەباری ئەردۆغان بۆ سەرۆکی تورکیا “سەڵاحەدین دەمیرتاش” لە زینداندا بوو…
دیارە چ پێشخستنی وادەی هەڵبژاردن و چ باری نائاسایی کە هەڵبژاردنی تیا بەرێوەچوو، خۆیان دوو فاکتەری هاندەرو هاوکات هاریکار بوون بە قازانجی ئەردۆغان و ئاک پارتی تا هاوسەنگی هێز لە کەشی هەڵبژاردنەکاندا بەسودی خۆیان بقۆزنەوە. سیاسەتی بێدەنگەکردنی نەیاران، سیخناغکردنی زیندانەکان لە کەسایەتی سیاسی و هەڵسوراوانی سیاسی و جەماوەری و چەپ و ئازادیخواز و رۆژنامەنووس و نووسەر، کڵۆم دانی دەیان و سەدان کەناڵی میدیاو راگەیاندن و داخستنیان، تا دەگاتە هەڵوەشاندنەوەو یاساغکردنی دەیان و سەدان رێکخراوەو وکۆروکۆمەڵی پیشەیی و جەماوەری و زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندن و… سەرکوتی ئازادی بە مانای وشە.. تا دەگات بە میلیتاریزەکردنی بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکان…تاد، هەموو ئەمانە لەلایەکەوە پوچی دیموکراسی و گەمەی هەڵبژاردنەکان دەردەخات، لەلایەکی تریشەوە ماهیەتی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەو فاشیستی دەوڵەتی تورکیا نیشان دەدات…
لەم هەڵبژاردنەدا، چ رەوتە ئیسلامی ئیخوانی ئاک پارتی و چ مەهەپەی نەتەوەپەرستی تورک و چ رەوتی ناسیونالیزمی چەپ و ناسیونالیزمی کورد، بەشدار بوون… لەناو کایەی ئەو ململانێ سیاسی و جەماوەریی و کۆمەڵایەتیەدا، هەڵبژاردنیش وەکو کایەکی بەناو یاسایی… رویەکی ئەو بەرامبەرکێیە بوو، کە سەرئەنجام ئاک پارتی و ئەردۆغان براوە بوون.
ئەوەی لەدڵی ئەم هەڵبژاردن و پرۆسەیدا، جێگای هەڵوێستەیە، رۆڵی رەوتی ناسیونالیزی کورد بوو کە هەدەپە نوێنەرایەتی دەکرد. هەدەپە کە لەبنەرەتدا لەسەر بنەمای زوڵمی قەومی سەر خەڵکی کوردستان و لەبانگەشەو ختابی سیاسی و گشتیشدا خۆی وەکو نوێنەری دیموکراسی هێنان بۆ تورکیا، دەخاتە روو… توانی بە تەماحەکانی خۆی لەهەڵبژاردندا بگات. ناسیونالیزمی کورد وەکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، بە حزب و رێکخراوە سیاسیەکانیەوە، کە خوازیاری بەشداری لەدەسەڵاتی سیاسی لە ناوەند دایە… توانی بەربەستی لەسەدا ١٠ تێپەرێنی و ئەمەش وەکو دەستکەوتێکی گەورە نیشانی کۆمەڵگە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بدات… هێزی ئوجەلان و سێبەری ئەویش نمایش بکات.
بێگومان تێپەراندنی بەربەستی لە ١٠% لە هەڵبژاردنەکانداو گەیشتنی هەدەپە و نوێنەرەکانی بۆ پەرلەمان، لەبەرامبەر بە سیاسەتی پاوانخوازی و سەرکوتگەرانەی ئاک پارتی دەسەڵاتداردا، پێشرەوی ئەو حزبەیە لەبەرامبەر بە حزبی دەسەڵات و ئاک پارتیدا، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کەلێیەوە نوقڵانەی سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستانی، تیا ببخشرێتەوە. سەرکوتگەری و سیاسەتی فاشیستانەی دەوڵەتی تورکیاو ئاک پارتی، رەوایەتی و ناسنامەی شۆرشگێرێتی نابەخشێتە هەدەپەو هیچ هیزێکی سیاسی تر… ئەوەی کەدەتوانێت حزبێک بە حزبی ئازادیخوازو چەپ، شۆرشگیر و نیشان بدات، بانگەشەی هەڵبژاردن نییە، کێبەرکێی حزبی نییە، تەنانەت بەرنامەو دروشم، نییە…. حزبێک بۆئەوەی رەوایەتی شۆرشگێرانە بەدەست بهێنێت پێویستە بەشێک بێت لە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەو ئازادیخوازنەی جەماوەری، هەڵگری ویست و خواستە سەرەکی و گرنگەکانی کۆمەڵگەی خۆی بێت، وەڵامی کارسازو رێگاچارەی رۆشن و دروستی هەبێت، بۆ کێشەکان، مۆتۆری و ئامرازی بزوتنەوەی نارەزایەتی سیاسی و جەماوەری بێت، بە قازانجی چینە ستەم لێچوەکان و بێبەشەکانی کۆمەڵگە، وە لەسەر ئاستی سەراسەریدا بەشێک بێت لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ ئالوگۆری شۆرشگێرانەی لەسیستەمی سیاسیدا، لە رێگای ئامرازو رێگەو رەهەندە پێشرەو شۆرشگێرەکانەوە. لەهەموو ئەمانەش گرنگتر پراکتیکی ئەو حزبەو هەڵویستگیرییە سیاسییەکانیەتی، کە دەتوانن ببنە محەک بۆ ئازادیخوازبوون و شۆرشگێر بوونی ئەو حزب و رەوتە…
کاتێک بەو دیدەوە دەروانینە رەوتێکی وەکو هەدەپە، وەکو رێکخراوەیەکی سیاسی بۆرژوا-ناسیونالیستی کورد، ئەویش وەکو هەموو حزب و رێکخراوە سیاسییە بۆرژوازییەکانی کورد، رەوتێکە نوینەرایەتی چینە داراکانی کۆمەڵگەی کوردستانی تورکیا دەکات و لەو پێناوەدا دەیەوێت دەستی لە دەسەڵاتی سیاسی گیر بێت و لەتامی شیرینی دەسەڵات بێبەش نەکرێت. ئەم رەوتە بە فریوکاری دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتی تورکیا، دەیەوێت بزوتنەوەی نارەزایەتی سیاسی کوردستان بگەیەنێتە مەنزڵی رزگاری لەدەسەڵاتی فاشیستی دەوڵەتی تورکیا… دیموکراتیزەکردنێک کە تیادا ئامادەنییە لەپاڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی بێبەشانی توکیادا لەدژی دەسەڵاتی ئاک پارتی و ئەردۆغاندا، بوەستێت… لەهەموو ئەو بزوتنەوەو راسانە جەماوەریانەی لە تورکیادا و لەسەر ئاستی سەراسەریدا لەدژی دەوڵەتی تورکیا روویانداوە، ئەم رەوتە کە بانگەشەی حزب و رەوتێکی بان نەتەوەیی!! دیموکراسی!! دەکات… پشتی کردۆتە ئەم بزوتنەوە جەماوەرییانە. بەوەش نیشانی داوە رەوت و بەشێک لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری تورکیا نییە. لەسەر ئاستی کوردستانی تورکیاش، کیشەی خەڵکی کوردستان بەوێنەی ئاریشەیەکی سیاسی و میژوویی و گرێدراو بەپرسی کورد لەسەر ئاستی ناوچەییدا، نابینێ و دەیانەوێت لەژیر ناوی دیموکراتیزەکردن و رادیکالیزەکردنی سیستەمی سیاسی ئیستادا و لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە!! وەڵامی کێشەی خەڵکی کوردستان بدەنەوە… لەکاتێکدا ئەمە دیدو سیاسەتە لەوەهمێک زیاتر هیچی تر نییە… چارەسەی کیشەی خەڵکی کوردستان بەچوونی ژمارەیەک لە کورد زمانەکان بۆ پەرلەمان بەشوێنێک ناگات، ئەمەش لەوڵاتێکدا کە پەرلەمان لە دیکۆرێکی فریوکارانەو دیمەنێکی قێزەونی پاراستنی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانە زیاتر شتێکی تر نەبێت… هەدەپە کە تارادەیەکی زۆر توانیویەتی ئاسۆی سیاسی خۆی زاڵ بکاتە سەر خەڵکی کورد زمانی تورکیا، لە بنەرەتدا هەڵگری چارەسەری سیاسی کیشەی خەڵکی کوردستانی تورکیا نییە… چارەسەری کیشەی خەڵکی کوردستانی تورکیا، نە لەرێگای کایەی پەرلەمانییەوە چارەسەر دەکرێت و نە مەرج و گرێدراوە بەوەی دیموکراسی لەتورکیا سەربکەوێت، ئەو کاتە کیشەی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیا چارەسەر بکرێت… چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان لە تورکیا، بەوە دەبێت بزوتنەوەی شۆشگێرانەو جەماوەری کوردستانی تورکیا، لەلایەکەوە ببێتە بەشیک و ڵیکهەڵپێکرێ لەگەڵ بزوتنەوەی سەراسەری جەماوەری تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سەرکوتگەرانەو دژی ئازادی دەوڵەتی تورکیاو هێنانە سەرکاری دەسەڵاتێکی ئازادیخوازانەو سکیولارە کە هاوڵاتیان لەبەرامبەر یاسادا بێگویدانە ناسنامەی قەومی و دینی و مەزهەبی، هاوڵاتی خاوەن ماف و حقوقی یەکسان بن… یان لەریگای وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری شاری بۆ بەرەسمی ناسینی مافە سیاسی و حقوقیەکان و کۆتاییهینان بە هەڵاواردن و ستەمی نەتەوایەتیدا… مەیسەر دەبێت، وە خەڵکی کوردستان دەبێ ئەو مافە بەخەباتی لەخوارەو و شۆرشگێرانەی جەماوەری شاری بۆ خۆیان دەستبەر بکەن، کە مافی بریاردانی ئایندەی سیاسی خۆیان هەبێت، بە مافی جیابوونەوەو پیکیهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆشەوە… ئەمانە ئەو رێگایانەن بۆ چارەسەر پرسی کورد… نەک ئەو رێگا چارەیەی هەدەپە بانگەشەی دەکات، یان باشتر بڵێین بەدەستیەوە گرتووە… هەدەپە رەوتێکی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردە، نەهەڵگری چارەسەری کارسازو کیشەی خەلکی کوردستان و ئایندەکەیەتی و نەدەتوانێت لە کوردستانیشەوە، تورکیا دیموکراتیزە بکات و مۆتەکەی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی دەوڵەتی تورکیا لەسەر دانیشتوانەکەی، لاببات… هەدەپە هەڵگری هەمان ئەجنداو بەرنامەی حزبە سیاسەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە کە لە عێراق، نموونەکانی ئیمتیحانی خۆیان داوە… هەدەپە لە کۆمەڵەی مارکسی لینینی و کۆمەڵەی رەنجدەرانی ساڵانی کۆتایی هەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان کوردستانی عێراق زیاتر هەڵگری بانگەشەی زل نییە و لەویش زیاتر بەڵینی بەدیهێنانی خەونی رەنگاڵەیی نەداوە… کەچی ئەمرۆ لەبەغداوە لە ژێر عەبای ئیمامەکاندا کیشەی سیاسی خەڵکی کوردستانیان هێناوەتە خوارەوە بۆ کێشەی رێژەی کورسی پەرلەمانی و بەشی دەسەڵاتی سیاسی و پۆست و بودجە. هەدەپە لەوەی زیاتر لە هەگبەکەیدا نییە، کە حزبە هاوشانەکانی لە عێراقدا بە بانگەشەی چەپ و کرێکار و خۆ هەڵواسین بە مارکسیزمەوە، هاتن و بوون بەو هێزە سەرکوتگەرانەی کە پێویستی شۆرش بۆ لابردنیان، بۆتە رێگایەکی حاشاهەڵنەگر… هەدەپە وەکو باڵ و رەوتێکی فراوانتری بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد کە باڵی چەکدار و خەتی زیندانی ئۆجەلانی…. تاد، هەیە، لە غیابی حزب و رەوتێکی شۆرشگێرانەی چەپ و کۆمۆنیستیدا، مەترەح بووە، ئەم رەوتە قابیلی پشت بێ بەستن و هەڵگری چارەسەری شۆرشگێرانە، بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش نییە. خۆشباوەری بەم رەوتە، خەباتی بێبەشان بۆ رزگاری دوادەخات. دیکتاتۆریەت و سەرکوتگەری دەوڵەتی ئەردۆغان، ناسنامەی شۆرشگێریەتی نادات بە هەدەپە. لە تورکیا دەسەڵاتی تاک رەویی و دیکتاتۆریەت بە سیناریۆی ساختەی دیموکراسی و هەڵبژاردندا، بەسەر خەون و ویستەکانی خەڵکی نارازی تورکیادا، داسەپایەوە… خەبات و تێکۆشان بۆ کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە روبەرووی کۆسپی گەورەتر بۆوە، وە پێی نایە قۆناغێکی تر.