جه‌مال موحسین
٢٩ ی حوزه‌یران ٢٠١٧
‘’سیستمی كۆلۆنیالی (ئیستعماری)، قه‌رزه گشتیه‌كان، باجه قورسه‌كان، حه‌سانه‌ی ئابوری، جه‌نگه بازرگانیه‌كان… هتد، هه‌موو ئه‌مانه كه وه‌ك مناڵی قۆناغی مانیفاكتۆرهن له قۆناغی مناڵیی پیشه‌سازی مۆدێرندا عیملاقانه زیاد ئه‌كه‌ن. له دایكبوونی ئه‌مه‌ی دواییان، واته پیشه‌سازی مۆدێرن، مژده‌ده‌ری سه‌ربڕینی بێتاوانهكانن.’’ (كارڵ ماركس، سه‌رمایه، به‌شی ٨، كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌ره‌تایی، به‌ندی ٢٦ نهێنی كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌ره‌تایی)
گه‌ر قۆناغی له‌دایكبوونی پیشه‌سازی مۆدێرن و سه‌رمایه‌داری مژده‌ده‌ری سه‌ربڕینی بێتاوانه‌كان بووبێ، ئه‌بێ ئێستا قۆناغی پیس و بۆگه‌نبوونی ئه‌م سه‌رده‌مه مژده‌ده‌ری چی بێ؟!
مه‌سه‌له‌كه چاوچنۆكی گه‌وره سه‌رمایه‌دارانی خاوه‌ن چه‌ك و جبه‌خانه‌كان نییه خانووی ئه‌م شاره به پێوه نه‌ماوه. مه‌سه‌له فیله‌كه‌ی خاوه‌ن شكۆ نییه به پێ له‌قه كاسه‌ی سه‌ری مناڵانی ئه‌م شاره‌ی هاڕیوه.
ئه‌م سیستمی كۆلۆنیالیه كه ئه‌یه‌وێ گه‌وره‌ترین بازاڕی جیهانی به‌ڕووی خۆیدا بكاته‌وه، له قه‌رز و باج و جه‌نگی بازرگانی و چه‌كه قورس و ته‌كنه‌لۆژیه نوێكان تێپه‌ڕیوه. سه‌ربڕینی بێتاوانه‌كان به‌س نه‌بوو، به ئاشكرا فرۆشتنی ژن له بازاڕه‌كانی ده‌عاره‌ی ئیسلامی و سهبایادا هیچ نه‌بوو، له ملدان و سهرپهڕین و ناچاركردنی ئه‌ندامانی خێزان بۆ خواردنی پارچه‌گۆشتی لاشه‌ی سه‌ربڕدراوی خۆشه‌ویسته‌كانیان به‌س نه‌بوو، جێ‌مان و ئێستاش ونبوونی سه‌دان و هه‌زاران لاشه له‌ژێر داروپه‌ردووی وێرانهكاندا به‌س نه‌بوو…… هتد. خاپوركردنی شاره‌كان، كه تاكه یه‌ك سه‌قف بۆ مناڵه جێماوه‌كان نه‌مابێته‌وه، وێرانكردنی خه‌سته‌خانه و زانكۆ و قوتابخانه و هه‌رچی جێگای خزمه‌تگوزاری و پێویستیه‌كانی جه‌ماوه‌ری بێتاوانه، پێویستیه‌كی ئه‌م جه‌نگه بوو.
ئێستاش ئه‌ڵێن موسڵ ’’ڕزگار كراوه’’. ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی ماركس ئه‌م قسه‌یه‌ی تیا نووسیوه خێزانی ڕۆثچایڵد، وه‌ك خێزانێكی بۆرژوازی له برهودابووبن یان تازه خۆیان گرتبێ، ئێستا ئیتر عیملاقی بانكی سێنتراڵی جیهانین. وه‌ك لۆرد ڕۆثچایڵد له چاوپێكه‌وتنێكیدا ووتی كه ده‌وڵه‌ته‌كان هیچ نین، ئه‌مان پاڵیان پێوه ئه‌نێن شه‌ڕ ئه‌نجام بده‌ن و وێرانه بخوڵقێنن، تاكو دواتر ناچار بن و بێن لای ئه‌مان قه‌رز بكه‌ن، پاره بۆ چه‌كه‌كان و دواتریش بۆ ‘’ئاوه‌دانكردنه‌وه’’ ی شوێنه خاپورهكان له‌مان قه‌رز بكه‌ن…
موسڵ ڕزگار نه‌كراوه، زامێك له جه‌سته‌ی ئه‌م شاره و مرۆڤایه‌تیدا هه‌ڵكۆڵراوه نه‌وه به‌جێماوه‌كانی هۆڵۆكۆست هۆن هۆن فرمێسكی بۆ ئه‌ڕێژن.
هیچ دڵم به‌وه خۆش نییه كه داعش له موسڵ نه‌ماوه، حه‌ویجه و كوێ و كوێ و زیاد له %٢٠ ی مۆڵگه‌كانی عێراقیان هێشتا به ده‌سته‌وه‌یه. گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بێ و له‌وێش ده‌ربكرێن، وه‌ك برینێكی سه‌ره‌تانی و جارێكی تر و له شوێنێكی تره‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌نه‌وه. ئه‌وه نییه فیلیپین تێوه‌گلاوه، ئه‌وه نییه له جه‌رگه‌ی تاران‌دا ته‌قینه‌وه ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، ئه‌وه نییه حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك به‌چكه داعش مۆڕه له خه‌ڵكی كوردستان و ناوچه‌كه ئه‌كات؟ ئه‌وه نییه زه‌رده‌واڵه سڕبووه‌كانی داعشی كوردستان خۆیان مت كردووه؟….. ئه‌وه‌ی پێی ئه‌ووترێ’’نه‌مانی داعش’’ مژده‌به‌خش نییه. گه‌ر مژهدهیهك هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌یه كه له ده‌یان شوێنی تره‌وه ئیتر وه‌ك زۆمبی ئاسا به‌ریان بده‌نه بچڕینی لاشه‌ی مرۆكان به ددان. ئیتر موسڵ و ڕه‌قه و كوێ و كوێ كاتێك كه داعشیشیان تێدا نه‌ماوه لانی كه‌م ئه‌بێ مه‌منون بن كه ژنه‌كان په‌چه و حیجابیان به‌سه‌ردا ئه‌سه‌پێنرێ، ئیتر كرێكارێك كه بۆ ‘’ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی’’ شاره خاپوركراوهكهی ده‌یان كاتژمێر كاری پێ بكه‌ن و كرێیه‌كی به‌شی له‌ته نانهكهشی پێ نه‌ده‌ن، ئه‌بێ مه‌منون بێ. تۆ قه‌رزداری بانكی نێوده‌وڵه‌تی به گرنگ نییه تا چه‌ند ده‌یه‌ی تر، به‌س شوكرانه‌بژێری نه‌مانی داعش به….. چاوتان لێیه چ كاره‌ساتێكیان خوڵقاندووه؟!
ئێستا كاتی له دایكبوون و مناڵیی پیشه‌سازی مۆدێرن نییه، ئێستا ئیتر ئه‌م سیستمه كامڵ بووه، بۆگه‌نی كردووه. كاتی ناشتنیه‌تی دۆستان. ئێستا باخی مرۆڤایه‌تی دڕك و گیاكه‌ڵه ده‌وری پۆشیوه، تا ههڵیاننهكهنین ناتوانین گوڵ بچێنین و له ده‌وری بڕهقسێین!