هەتاو عەبدولاهی
جل و بەرگ زمانی جەستەی مرۆڤە و هەموو مرۆڤێک خۆی خاوەنی جەستەی خۆیەتی و کەس ناتوانێ ئەو مافە لە ئینسان زەوت بکات. لەوانەیە هیچ پرسێک وەکو حیجابی ژنان بۆ ئیسلام و لایەنگرانی ئەو ئایینە دژە مرۆڤە هێڵی سوور نەبێ. ساڵەهایە لە هەر وڵاتێک ئیسلام هەوڵی دامەزرادنی دەوڵەت وداگیرکردنی داوە بە حیجابی ئیسلامی ژنانەوە هاتووە و حیجاب بۆتە نیمادی ئەو ئایینە دژە مرۆڤە کە تەنانەت مافی مڵکایەتی جەستە و جۆری پۆشش لە ژنان زەوت دەکات و کۆیلەییان دەکاتە پرسێکی روالەتی. چونکە حیجاب گرینگیەکی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی بۆ ئایینی ئیسلام و لایەنگرانی هەیە. ئەوەی جێگای سەرسورمانە تەنانەت شێوە و پۆشینی حیجاب و داپۆشتینی جەستەی ژنان جۆری تایبەتی نییە، بەڵکو بە سەرنج دان بە بارودۆخ و پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەی جوگرافیایی شێوەی جل و بەرگ گۆڕاوە و لەو دوایانەدا کە ئیسلامی سیاسی باڵی بەسەر بەشێک لە وڵاتان دا کێشاوە حیجاب رەنگ و رواڵەتێکی مەترسیداری بە خۆیەوە گرتووە. چالاکانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب لەسەر ئەو بڕوایەن کە حیجاب مانای کۆیلەیی ژن دەگەیەنێ و جەستەی ژن دەکاتە ئەبزارێکی جنسی و هەڵخرێنەری هەستی سێکسی پیاو و دەبێ ئەو جەستە بە حیجاب داپۆشرێ. بۆیە ساڵەهایە هەوڵ بۆ لابردنی حیجاب دەدەن و رەخنەگرن لەو دیاردە قیزەونە دەگرن. حیجاب نەک سوکایەتی تەنیا بە ژنان بەڵکوو سوکایەتی بە پیاوانیشە چونکە ئەوان وەکوو تاکێکی نەفس نزم نیشان دەدات کە مێشکیان لەناو گەڵی ژن دایە و هەردەم بیر لە دەستدرێژی و ئازاری ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە دەکەنەوە. هەروەها هەردەم هەوڵ بۆئەوە دراوە کە ژنان دەبێ خۆیان هەوڵ بۆئەوە بدەن کە لە روانینە دەسترێژی کارانە خۆ بپارێزن و رێگا چارەشیان کۆیلەیی و حیجابی ئیسلامیە، ئایینێک کە تاسەر ئێسقان هەوڵ بۆ کۆیلەیی و بێ مافی ژن دەدات و ژن لە روانگەی ئەو ئایینەوە تەنیا ئەبزاری سێکسی و کالای جسنیە. ساڵەهایە ئیسلام باوەری خورافە لەناو خەڵکدا بەرهەم دەهێنێ و پڕوپاگەندە بۆ حیجابی ژنان دەکات، بەلام لە بارودۆخی ئێستادا کە خەڵک وشیاری زیاتری هەیە بەتایبەتی جیلی نوێی ئەو باوەرانە کاڵ بووەتەوە و ئیسلام و باوەرمەندانی ئەو ئایینە ئەوە بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەزانن. ئەگەر چاو خشاندێکمان هەبێ بۆسەر ولاتانی ئیسلامی و ئەو شوێنانەی کە رێژەی لایەنگرانی ئەو ئایینە قیزەونە پەرەی سەندووە حیجاب بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدارتر خۆی دەردەخات و رۆژانە پڕوپاگەندە بۆ کۆیلەیی زیاتری ژنان دەکرێ. هەوڵدان بۆ سەپاندنی حیجابی ئیسلامی و دژایەتی لەگەل سەرەتاییترین مافەکانی ژنان ساڵەهایە لە هەموو ولاتێک بە تایبەتی ولاتانی ئیسلامی بەرێوە دەبردرێ، بەلام ئەوەی خاڵی پۆزیتیڤی ئەو پرسەیە کۆڵنەدانی ژنان و ملکەچ نەبوونیان لە بەرامبەر جیجاب و بێ مافیانە، تەنانەت لە ناو دڵی ولاتانی ئیسلامی دا کە نمونەی هەرە بەرچاوی دەتوانی باس لە ژنانی ئێران کە بە ژنانی شەقامی شؤڕش ناسران و دەیان ژنی وەک عولیا ماجدە بکەین کە چۆن نایان بە کۆیلەیی ژنان وت و هەموو تابۆکانیان شکاند. ساڵەهایە لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ئیسلامی ئێران، ژنان بە هەر بیانوویەک کە بۆیان لوابێ نا یان وتووە بە حیجابی ئیسلامی. ئەو رەوتە هەر لەسەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری دژە ژنی ئیسلامی ئێران دەستی پێکرد کە دەتوانین باس لە خۆپێشاندانی پەنجا هەزار کەسی ژنان دوای بە لارێدابردنی دەسکەوتەکانی شؤڕش لەلایەن حاکمانی تاریکیەوە بکەین. سالەهایە لە ئیران ژنان بە تاوانی نەبوونی پۆششی ئیسلامی دەگیرێن و حوکم دەدرێن کە ئەو رێژە خۆی لە دەیان هەزار کەس دەدات و سەرانی کۆماری ئیسلامیش رۆژ بە رۆژ پێداگرترن لەسەر پرسی حیجابی ئیسلامی، بۆیە ئەوە نیشانەی گرینگیی حیجاب بۆ کۆیلەیی ژن و کشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی و ئابووریە و کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەستی بەو پرسە کرد و حیجابی ئیسلامی لە رێگای یاسایی نیهادینە کردەوە. پەیوەندی حیجابی ئیسلامی و هەڵاواردنی رەگەزی وهێزی سیاسی هەردەم بۆ چالاکانی بزوتنەوەی ژنان و بزوتنەوەی بەرابەریخواز یەکێک لە سەرەکیترین پرسەکان بووە و چالاکانی ئەو بوارە بەردەوام لە هەوڵدان بۆ لابردنی کۆیلەیی ژنان لەرێگای حیجابەوە. لە ولاتانی ئیسلامی حیجاب نیشانەی داسەپاندنی هێز لەرێگای کۆنترۆڵی سکسوالیتە و جۆری پۆششی ژنان وەک سیمبولی بایەخەکانی بونیاتگەرایی ئیسلامی خۆی دەردەخا. حیجابی زۆرەملێ پرسێکی ڕوالەتی لەلایەن لایەنگرانی ئیسلام نەبوو، بەڵکوو ئەبزارێک بوو بۆ سەرکوتی ژنان کە هەموو ئەو لایەنانەی دەگرتەوە وەکوو حیجابی زۆرەملێ، هەلاواردن و جیاکاری رەگەزی، پێناسەکردنی رۆلی ژن لەرێگای ئەخلاقیاتی ئیسلامی وەک رۆڵی مناڵداری و ماڵداری و هاوسەرکە دەبێ ملکەچی بڕیارەکانی پیاو بێ و هەموو دەسەلاتی لە ژێر دەستی پیاو دایە، بۆیە دەتوانین بڵێین حیجاب گەورەترین مەترسی بۆسەر کەرامەت و ئازادی ژنانە. ئەوەی دەمانەوێ لە دوو تۆیی ئەو بابەتەدا باسی بکەین لابردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن ژنان لە سەرتاسەری جیهانە، کە تەنانەت لە ولاتانی ئیسلامی کە ئایینی دژە ژنی ئیسلام تێدا بەرێوە دەبردرێ و حیجاب یاسایی کراوە، ژنان بە بوێری و نەترسیەوە حیجاب لەسەر خۆیان لادەبەن و نا دەلێن بە کۆیلەیی ژنان و ئەو رەوتە رۆژ بە رۆژ خەریکە پەرە دەستێنێ و بۆتە مەترسیەکی جیدی بۆسەر حاکمانی ئیسلام و لایەنگرانی. هەر چەند ساڵەهایە ژنان لەبەرامبەر حیجابی ئیسلامی تەنانەت لە ناو دڵی وڵاتانی ئیسلامی دا وێستاون و تابۆ شکێن بوون، بەلام دیاردەی لابردنی حیجاب لە بارودۆخی ئێستا و بەو بەربڵاویە رەنگ و ڕوالەتێکی تری هەیە. ژنان بە بوێریەوە بە لابردنی حیجاب بە شێوەیەکی ساختار شکێن دژ بە یەکێک لە نیماد و سەمبۆل و ئەرزشەکانی ئیدئۆلۆژیکترین ئایینی سەردەم راوەستاون. پرسێک کە هەموو شەرعیەتی ئیسلام و ئەو ئایینە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەوڵی چالاکی ژنان لە راستای لابردنی حیجابی زۆرەملێ و دژکردەوەی ئەو رەگەزەی کۆمەڵگەیە بە ساڵەها کۆیلەییان لەلایەن ئایینی ئیسلامە، ئایینێک کە تەنانەت مافی هەناسەکیشان لە ژنان زەوت دەکات. هەنووکە ئیتر نە هەرەشەکانی لایەنگرانی ئیسلام و تەنانەت خودی حاکمانی ولاتانی ئیسلامیش ناتوانێ ژنان لەو ئامانجەیان پاشگەز بکاتەوە. حیجابی زۆرەملێ یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی ئیندئۆلۆژی و ساختاری سیاسی ئیسلامە کە ژنان خستیانە ژێر پرسیارەوە و دەولەتانی ئیسلامی و لایەنگرانی ئەو ئایینە بە هەموو هێز ئێستاکە ئیتر ناتوانن لە بەرامبەر ئەو رەوتە راوەستن، رەوتێک کە بووە بە دیاردەیەک لە سەرتاسەی جیهان. رەوتێک کەبووە بە مەترسی بۆسەر داعش و حکومەتە داعشیەکانی جیهان، کە وەک نمونە دەتوانین باس لە وڵاتانی عەرەبی و ئێران بکەین. داعش و هەموو هاوبیرەکانی پێناسەی ژن لە هیزی سیاسی و بیر و هزر و نەترس بوون و کەرامەتیان نابینن، بەڵکوو پێناسیان بۆ ژن ئەبزاری جنسی و روانگەی مڵکایەتی پیاو بەسەر ژنە. ژنان بە لابردنی حیجابی زۆرەملێ حەرەکەتێکیان دەست پێکردووە کە مێژووسازە و لە داهاتوو دا گەورەتر دەبێتەوە و وەک ئاماژەیەک بۆ کۆیلە نەبوونیان و سەرکەوتنیان لە بەرامبەر ئیسلامە. هەنووکە ئیتر ژنان بەلابردنی حیجابی زۆرەملێ لە دەسپێکی رێنێسانسێکی گەورە و مێژوویی کە لەحاڵی شکلگرتن دایە و، سەرتاسەری جیهانی تەنیوە دەیانەوێ ئەو پەیامە بە گوێی جیهانیان و حاکمانی ئیسلامیدا بدەن، کە چیتر کۆیلەیی قبول ناکەن و دەیانەوێ بەو شێوە بژین کە خۆیان دەیانەوێ و کەرامەت و مافی ئینسانیان پێخوست نابێ، نەک ئەخلاقیاتی ئیسلامی هەروەها دەیانەوێ ئەو پەیامە بگەیەنن کە سەرکوت و کوشتن و بڕین ئەوان لە ئامانجەکەیان پاشگەز ناکاتەوە بۆیە پشتیوانی لەو ئامانجەی ژنانیش ئەرکی سەرشانی هەموو چالاکانی ئازادیخواز و بەرابەریخوازە.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٠ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…