جیابوونەوە یان فشاربردن بۆ گۆڕانکارى

عبدالرحمن رسول 

لە قۆناغی ئێستادا بارودۆخى زۆر لەبار هەیە بۆ گەشەى بزوتنەوەى کۆمۆنیزم. لە جیهاندا سیستەمى سەرمایەدارى تووشى قەیران و کێشەى جۆراوجۆر بۆتەوە کەناتوانێت چارەسەرى کێشە ئابوورى و سیاسییەکانى بکات، هەروەها لەکۆمەڵگەی عێراق و باشوورى کوردستان سەرجەم حیزبە بۆرژوازى و ئایینى و ناسیۆنالیستییەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشە و قەیرانەکان تووشى ڕکود و تێکشان بوون و لەناوەڕۆکى فکرى دا بۆچارەسەرى کێشە وقەیرانەکانى کۆمەڵگاى عێراق و باشوورى کوردستان لە پاشەکشە وهەرسى قوڵدان. لەلایەک جۆرى سیستەم، سیستەمێکى فاشى و سەرکوتگەرو نابەرابەر و چەوسێنەر ودز وگەندەڵکارە  لەلایەکى تریشەوە ئەوانەى کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن و خۆیان دەکەنە دەم سپى و نوێنەرى خەڵکى ناڕازى سەرشەقامەکان ئەوانیش کە پێکهاتوون لە حیزب و هێزە ناسیۆنالیستى و دینى و بۆرژوازییەکان کە گیریان خواردووە بە رکود و شکستە فکری و سیاسییەکانیانەوە، کە ئەمە بۆ زۆرینەى کۆمەڵگەى باشوورى کوردستان و کۆمەڵگەى عێراق زۆر ڕۆشنە کە زۆرێک لە خەڵکى ناڕازى هەنگاوی باشى ناوە بۆ پێشەوە لە وشیاربوونەوە بۆ گۆڕانکارى، لە هەموو شاروشارۆچکەکانى باشوورى کوردستان خەڵکى ناڕازى هاوارى دەکرد (بڕوخێ دز ,بڕوخێ شەریکە دز) بۆ خەڵک ڕۆشنە کە دزەکان بەرپرسەکانى حیزبەکانى دەسەڵاتن (یەکێتى و پارتى) و شەریکە دزەکانیش حیزبەکانى بەناو ئۆپۆزیسیۆنى (ئیسلامییەکان و بزوتنەوەى گۆڕان و حیزبە دووکاندارەکانى دەورى یەکێتى و پارتى). هەربۆیە بەردەوام لەشەقامەکانى زۆربەى شاروشارۆچکەکاندا ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى خەڵکى  ناڕازى بەم جۆرە سیستەمە مافیایەو سەرکوتگەر ودزە  درێژەى هەیە. خەڵک وشیارە دەزانێ بەدیلەکانى ناسیۆنالیستى و دیینى وبۆرژوازى کە ئێستا دەیخەنە ڕوو بۆ چارەسەرى کێشە وقەیرانەکان لەدوای هەڵبژاردنەکان هیچ لەبارودۆخیان ناگۆڕێت، لەوچوارچێوەشدا زۆربەى خەڵکى عێراق و کوردستان بەشدارى دەنگدان و هەڵبژاردنى ئەم ساڵى ٢٠١٨ ى نەکرد کەواتە خەڵک زۆر وشیارە لە دوای ماوەیەکى تر دەچێتەوە سەرشەقامەکان داوای چارەسەرى کێشە و قەیرانەکان دەکات. لەم بارودۆخە هەستیارەدا بێ توانایی بزوتنەوەى چەپ و کۆمۆنیزم لەو مەیدانەدا زۆر بەباشى دەبیندرێت .

پێویستى بەشى کردنەوەیەکى دروست هەیە بۆئەوەى بزانین بۆچى بزوتنەوەى کۆمۆنیستى شانبەشانى بزوتنەوەى نارەزایەتییەکانى خەڵکى چەوساوە نییە جگە لەنووسین و بەیاننامە دەرکردن کەمتر لە مەیدانەکانى نوێنەرایەتى کردارى نارەزایەتییەکانى خەڵکى چەوساوە و ناڕازى خۆپیشاندەرەکان دەبیندرێت. دەمەوێت تیشک بخەمە سەرئەوەى کە  جیابونەوە و لێکترازان چارەسەر نییە بۆ گەشەى بزوتنەوەى کۆمۆنیستى لەئێستادا، بەڵکو بۆ گەشەدان بە بزوتنەوەى کۆمۆنیستى و  کرێکارى پێویستە بەنەخشە ڕێگاى تر و نوێتر چارەسەر بکرێن  کێشەکان .

ئەگەرباسى مێژوویی چەپ وبزوتنەوەى کۆمۆنیستى بکەین لە چەندین ساڵى رابردوودا بەتەنها چریکى فیدائى ئێران هەژدە بەشى لێ جیابۆتەوە، لەناو راهى کارگەرى ئێران چەندین بەشى لێ  جیابۆتەوە، لە وەتەى حیزبى کۆمۆنیستى ئێران دامەزراوە  هەتا رۆژانى ئێستا چەندین جار وازهێنانى بە دەستە دەستە ڕووى داوە زیاتر لە دوانزە بەش و حیزب جیابۆتەوە و دواتر حیزبى تریان بەناوى جیاوازە دروست کردووە، لە ئێستا زیاتر لە چەندین حیزب و رێکخراو کە لەو حیزبە جیابوونەوە چەندین ناوى جیاوازیان لەخۆیان ناوە وچەندین  کۆمەڵە هەیە، دواتر حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریی ئێران بەهەمان شێوە لەدواى نەمانى هاورێ مەنسور حکمەت زیاتر لە هەشت حیزب و ڕێکخراو بەناوى جیاوازە دروست بوون، هاورێیان ئەوا باسى حیزبى شیوعى عێراق ناکەم کە لەوەتى دامەزراوە هەتا ئێستا چەندین دەستە و ڕێکخراو حیزبى لەجیابۆتەوە بەناوى جیاوازەوە کە ئەو حیزبە (حیزبى شیوعى عێراق و حیزبى شیوعى کوردستان) بەحیزبى بێ کاریگەر دەزانن کە لەڕاستیشدا هەروایە زۆر لاوازو بێ کاریگەرە لە مەیدانى سیاسی و کاریگەرى دانان بۆ گۆڕانکارى لەکۆمەڵگاى عێراق و باشوورى کوردستاندا بەڵام ئەوەى لێرەدا دەمەوێت وەک (بێ لایەنێک کە پەیوەندییم بەهیچ حیزبێکەوە نییە، بەڵام کەسێکى   کۆمۆنیست و ئازادیخوازم) باسى نەریتى جیابونەوە لەحیزبە کۆمۆنیستەکان دەکەم ئایا دەکرێ تاکە ڕێگا بێت بۆ گەشەدانى بزوتنەوەى کۆمۆنیستى؟ بێگۆمان نەخشە ڕێگاى تر هەیە کە بمانەوێت بزوتنەوەى کۆمۆنیستى لەسستى ولاوازى و لەکەوتنەوە بەرەو هەستانەوە بەرین، بەرەو کاریگەرى دانانى باشترى بەرین.

حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق کە دامەزرا لەبەرئەوەى خۆیى لە حیزبى شیوعى بەڕادیکاڵتر و پێشکەوتنخوازتر و داکۆکى کارتر دەزانێت لە جێبەجێکردنى نەخشە ڕێگاى بەدیلى کۆمۆنیستى لە عێراقدا. پێى وابوو دەتوانێت باشتر لە حیزبى شیوعی عێراق و حیزبى شیوعی کوردستان کاریگەرى لەسەر گۆڕانکارییەکان دابنێت و بزوتنەوەى کۆمۆنیستى بەرەو پێشتر بەرێت. قسەى من ئێستا ئەوە نییە کە حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى وحیزبى شیوعى کامیان بەرنامەى باشترەو کۆمۆنیستى ترە قسەى من لەسەر ئەوەیە چۆن دەکرێ بزوتنەوەى کۆمۆنیستى بەهێز بکەین ئایا چەند ساڵ جارێک بەشێک یان چەند کەسێک بچنە دەرەوە و حیزبێکى جیاواز دروست بکەن چارەسەرە؟! ئایا بزوتنەوەى کۆمۆنیزم گەشە دەکات و کاریگەرى لەسەر بارودۆخى کۆمەڵگە دادەنێت؟ ئەگەر ئەمە چارەسەرە ئەى بۆچى چەندین حیزب هەیە بە ناوى جیاوازەوە خۆشیان بە چەپ و کۆمۆنیست دەزانن، بەڵام حاڵى بزوتنەوەى کۆمۆنیستیش دەبین لەئێستادا. کە لە پروش وبڵاوى ولاوازى زۆردان هەر یەکەیان مەحفەلیزمێک نەک بزوتنەوەیەکى کۆمۆنیستى و کرێکارى.

کە لە ساڵى ١٩٩٣دامەزراوە وەکو حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاری ی عێراق، هەتا ئێستا چەندین دەستەى لێ جیابۆتەوە لە دواى نەمانى هاورێى مەنسورحکمەت لەژیان چەندین کەس و دەستە لەو حیزبە جیابونەوە و حیزب و ڕێکخراو و ڕەوت و ناوەندى جۆراوجۆریان دامەزراندووە، هەر هەمووشان کە لەسەرەتادا جیابوونەوە چ ئەو هاوڕێیانەى کە لە حیزبى کۆمۆنیستى ئێران و چ کۆمەڵەکان و چ ئەو هاوڕێیانەى کە لە حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى ئێران و چ ئەو هاوڕێ یانەى لە حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق جیابوونەوە وێراى لەسەرەتا بڵاوکردنەوەى هەندێ بابەتى ڕەخنەیى دەروونى حیزبى لەو سەردەمانەدا هیچى جیاوازیان بۆ کۆمەڵگە پێ نەبووە، کەبتوانن نەخشە ڕێگایەکى دروستتر لەهاوڕێیانى پێش خۆیان هەبێت بۆئەوەى سەرنجى زیاترى خەڵکى چەوساوەى پێ ڕابکێشن  و شۆڕشى کرێکارى و کۆمۆنیستى پێ بەهێزبکەن.

با بە ویژدانەوە قسەبکەین کام حیزب و ڕێکخراوەى کە لەحیزبى شیوعی عێراق و حیزبى کۆمۆنیستى ئێران و کۆمەڵەکان و حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى ئێران و حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق جیابونەوە و حیزبى یان دامەزراندووە دەتوانن تەنها هەزار کەس بهێنە سەر شەقامەکان لەیەک شارى وەک سلێمانى و هەولێر و دهۆک و لەندەن و پاریس و واشنتۆن و سنە و مهاباد و کرماشان و تاران  و بەغداد. چاوەکەم کێشەى ئەساس بەجیابوونەوە ناکرێت هەموو ئەوانەى کە لە ڕابردوو جیابوونەتەوە لەو حیزبانە نوسیویانە بڵاویان کردۆتەوە کە ئێمە باشتر دەتوانین کاریگەری دابنێین، بەڵام خۆت دەى بینى بارودۆخى بزوتنەوەى کۆمۆنیستى لەئێستادا چۆنە خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێش و فەرمانبەر و مامۆستا لە دۆڵێک ناڕەزایەتى دەردەبڕێت و هاوار دەکات بۆ بەدیهێنانى ماف و ئازادى و بەرابەرى حیزبە چەپ و کۆمۆنست و شیوعى یەکانیش لە دۆڵێکى تر سیاسەت دەکەن بە پەرتەوازەى و جۆرى گۆشەگیرێکى تەواو.

بزوتنەوەى کۆمۆنیستى لەم بارودۆخەدایە کە کەمترین کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگە هەیە، ئەگەر باسى باشوورى کوردستان و عێراق و ئێران بکەین نارەزایەتییەکان زۆر بەهێزن و بە دیلە ناسیۆنالیستى و ئاینى و بۆرژوازى و سەرمایەدارییەکان توشى رکود و تێکشان بوون خەڵک لەچاوەڕوانى هێزى تازەو بەدیلى تازە دایە، بەبڕواى من پێویستى بە گەشەدان بە بەدیل و نەخشە ڕێگاى کۆمۆنیستى یە بۆ چارەسەرى کێشە قەیرانەکان، بەڵام بەجیابوونەوە نا بەڵکو بە فشار خستنە سەر ناوخۆیی دەروونى حیزبە کۆمۆنیستییەکان بۆئەوەى کاربکەن لەسەر نەخشە ڕێگایەکى هاوبەشى بەدیلى کۆمۆنیستى بۆ چارەسەرى کێشە و قەیرانەکان. ئەوە ڕاستە لە وڵاتانى ئەوروپا و وڵاتانى پێشکەوتوو جیابوونەوە لە حیزبە چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالست و سۆشیال دیموکراتەکان ڕوودەدات و ڕووى داوە، بەڵام هەرگیز وەکو وڵاتانى عێراق و ئێران نییە.

هاورێیان کە نەتواندرێت لەناو حیزبێکدا بیروباوەڕى جیاواز کۆبکرێتەوە ئەى چۆن ئەتواندرێت لە ناو کۆمەڵگەدا بیروباوەرە جیاوازەکان بەلاى خۆی کێش بکات؟!.باشترین چارەسەر پێویستە هاوڕێیانى وشیار و بەئاگا بە خستنەڕووى نەخشە ڕێگاى چارەسەر بە دروستکردنى فشار بۆ سەر سەرکردایەتى حیزبە کۆمۆنیستەکان ئەو بەستەڵەکە بتوێندرێتەوە کە لەجیاتى هاتنە دەرەوە و حیزب دروستکردن، سەرۆک و سکرتێر و مەکتەب سیاسى و سەرکردایەتییەکان بگۆڕدرێت بە گەنج و لاوى چالاکتر لە کوڕان لە کچان. بزوتنەوەى کۆمۆنیستى بخرێتەوە ناوهەناوى ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى عێراق و باشوورى کوردستان، گەنجان و لاوانى ئازادیخوازو کۆمۆنیست جێگەى مەلاکان وکەسایەتییە بۆرژوازىییەکان بگرنەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانى شار و شارۆچکەکان لە داهاتوێکى نزیکدا.

بە دڵنییایەوە ئەگەر کۆمۆنیستەکان دەست بە تێکۆشانى هاوبەش و یەکگرتوانە بکەن لەسەر جێبەجێکردنى نەخشە ڕێگایەکى هاوبەش سەرکەوتوو دەبن و دەتواندرێت زۆر بە ئاسانى و بە زوویی کاریگەرى زۆر باش لەسەر خەڵکى چەوساوە دابنێن بۆ بەرپاکردنى گۆڕانکارى باشتر کۆکردنەوەى هێزى چەوساوە و کرێکار لە دەورى نەخشە ڕێگاى بە دیلى کۆمۆنیستى و کرێکارى پاشان بەهاوبەشى داهاتوێکى باشتر و ئازاد وبەرابەر بەدى بهێنن بەپێچەوانەوە ئەگەر کار لەسەر جێبەجێکردنى نەخشە ڕێگایەکى هاوبەش نەکرێ هەردەبێت بڵێین ئەو نانە بەو ڕۆنە، هیچ بەهیچ بە ناکرێت .

پێویستە حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان خۆیان لە مەحفەلیزمى حیزبى بچوک وبێ کاریگەر ڕزگاربکەن. نەخشە ڕێگایەکى باشتربخەنە ڕوو بۆ گەشەى کۆمۆنیزم کە هەماهەنگ بکرێت لەگەڵ گەشەى بەرەو پێشچوونى ناڕەزایەتییەکانى خەڵک، زۆرینەى جیابونەوەکان لە هەبوونى نەفس کورتى یەکترەوەیە، لەناو حیزبە کۆمۆنیستەکان قبوڵکردنى بیروباوەرە جیاوازەکان نابیندرێت. کێشەو جیابوونەوەکان پەیوندار نییە بەکێشەکانى خەڵکەوە. ئەگەر مەسەلە ئختیلاف جیاوازى بیرکردنەوەیە بۆ لەناو حیزبە کۆمۆنیست و چەپەکان ئەوروپا جیاوازى فکرو بیرکردنەوە نییە؟! بۆچى ئەوان یەکترى تەعامول دەکەن، بەڵام لەعێراق و ئێران ئەوە نییە. ئاسانترین ڕێگا هەڵدەبژێرن کە جیابوونەوەیە بۆ ئاسودەکردنى دەروونى خۆیان، لەگەڵ ڕێزمدا ئەوە دوور لەسیاسییە. بەدڵنییایەوە سەردەم لە گۆڕانکارى دایە ناکرێت سەرکردایەتى حیزبە کۆمۆنیستەکان حیزبەکانیان لەو گۆشەگیرى وپەرتەوازەیەدا چیتر ڕابگرن، ئەبێت ئەوە بزانن پێویستی بە جۆرێکی تر لە حیزبایەتى هەیە لەقۆناغى ئێستادا جۆرێکی تر لە خەباتکردن و تێکۆشان پێویستە. بۆرجوازی لەعێراق ڕووی کردۆتە هاوپەیمانی، قەوارە و لیست دروستکردن بەدڵنییایەوە ئەم هەنگاوەى بۆرژوازى لەشکستەوەیە. لەبیرمان نەچێت حیزب وەسیلە بۆهێنانەدى ئامانج نەک پەرستن ئەبێ هەموومان دان بەوڕاستى یە دابنێین. ڕەخنە لە تێکۆشانى بزوتنەوەى حیزبە کۆمۆنیستەکان بگرین بەئاراستەى بەهێزکردنى بزوتنەوەى کۆمۆنیستى، بیر لەڕێگاچارەیەکی تربکەینەوە دەست بخەینە سەربرینەکان و ساڕێژی برینەکان بکەین میکانیزمێکی دروست بۆدۆزینەوە بۆکارکردن کەجێگەی هەموومانی تیابێتەوە، ئەویش جێبەجێکردنى نەخشە ڕێگایەکى هاوبەشە بۆ داکۆکیکردن لەماف و ئازادییەکانى خەڵکى چەوساوەى کۆمەڵگەى عێراق و کوردستان. حیزب بۆ خەڵکى کرێکار و زەحمەتکێش سەلکە تورێک ناهێنێت کە نەتوانێت ئایندەیەکى باشتر و ئازاد وبەرابەرى بۆ بەدى بهێنێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٩ ی بەروارری ١/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *