ئایین، ئامرازی چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی…

پەخشان کاکە وەیس

لەوەتەی خۆم بە بیردێت، تەنها یەک ڕۆژ بەڕۆژی بوومە، ئەویش مناڵ بووم و لە خۆشی ئەوەی وەکو گەورەیەک هەڵسوکەوتم لەگەڵ بکرێت و خۆم موهیم پیشان بدەم بڕیارمدا بەڕۆژوو بم.  بە دایکم وت هەڵم بسێنێت پارشێو ئەکەم، بە تایبەت کە مناڵانی هاوتەمەنی خۆم لە گەڕەکی ڕەحیماوەی کەرکوک بەڕۆژو  ئەبوون.
بەکورتییەکەی، ڕۆژووەکەی منێکی لەڕ و لاواز تا سەعات سێی دەمەو ئێوارەی خایاند و گەیشتە ئەوەی لەپەل و پۆ کەوتم، ئەوە بوو دایکم فریام کەوت و ئاوی بۆم هێناو شکاندم.
بۆچی ئەم چیرۆکەم بۆتان گێڕایەوە؟ مەبەستم ئەوەیە ڕۆژووەکەش وەکو زۆربەی کۆڵەکەکانی دیکەی ئایینی ئیسلام و زۆربەی ئایینەکانی دیکە، بۆتە بابەتی کۆمەڵایەتی و دوورکەوتۆتەوە لەو بنەما مرۆییانەی گوایە ئایین بۆی دروست بووە، قسەیەک کە زۆر باوە ئەڵێت (عادەتە نەک عیبادەت) واتا ئەوەی بەناوی ئایین و خواپەرستی ئەیکەیت، لەبەر چاولێکەری و ڕێزگرتنی داب و نەریتەکەی کۆمەڵگەیە نەک لە ترسی خوا.
زۆرجار بۆتە باسی ئەوەی کە، مەڵێ بەڕۆژوو نیم، عەیبە، بە تایبەتی بۆ ژن، پارچە پەڕۆیەک ئەداتە سەریا بۆ ئەوەی نەڵێن بەڕۆژو نییە، تەنانەت کە لە سوڕی مانگانەشە، هەر ئەیکات و بە دزی براو باوکی نان ئەخوات.
با ئەم چیرۆکەشتان بۆ بگێڕمەوە. یەکێک لە ڕەمەزانەکان، لە ناو تەکسی بووم، منیش کە لە بنەڕەتا سەرپۆش ناکەم، بۆ مانگی ڕەمەزانیش ئەو ڕیاکارییەم نەکردووە وسەرپۆش ناکەم، سایەق تەکسیش زۆر بە مسەیتەری وتی، ئەرێ خوشکم پرسیارێکم هەیە؟ منیش یەکسەر زانیم پرسیارەکەی چیی ئەبێت، چونکە لە سەروچاوی دیار بوو کڵاوێکی سپی کردبووە سەر و خاولییەکشی بەسەر شانییەوە بوو، وتم فەرموو. وتی: “ئەوە نەئەبوو لەبەر ئیحترامی مانگی ڕەمەزان سەرپۆشێکت بکردایە و جوانتریشە”. منیش چونکە پرسیارەکە چاوەڕوانکراو بوو، وەڵامیشم بۆی ئامادەکردبوو ڕاست بە تۆنێکی تووڕەوە وتم، مەسەلەی ڕۆژو شتێکی زۆر تایبەتە بە کەسەکان و بۆت نییە ئەو پرسیارە بکەیت. ئەویش یەکسەر وتی، “خوشکم من وتم تووڕە نەبیت، ئەمە هەر پرسیارە”، واتا ناڕەزایی لە تووڕەبوونەکەشم هەبوو.
ئەم مۆدیلەی ئیسلامەی لای خۆمان خراپترین مۆدیلە چونکە زۆر بە توندی لکاوە بە داب و نەریتەوە و هیچ بەهایەکی مرۆڤ دۆستی و یەکسانی و خۆشەویستی و دادپەروەری تیا نەماوە (ئەگەر لە بنەڕەتیشدا هەیبووبێت!؟).
لەسەر بابەتی دادپەروەری و یەکسانی، ئەمانە تەنها قسەی بریق و باقن و لە ئەرزی واقع هەمووی پێچەوانەیە، چونکە لە مانگی ڕەمەزان هەموو بەرنامە و شێوازی ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵگە دەبێت لە خزمەتی ڕۆژوووانەکان (بەڕۆژووەکان) بێت، بێ ڕۆژو نابێت هەبێت، یان ئەوەتا ملکەچی بەرنامەی بەڕۆژووەکان بێت. چەند مانگێک پێش ئێستا بەشداریم لە هۆڵی وەرزش و مەلاوانی کردبوو و کە ڕەمەزان نزیک بوو، دڵم خۆش بوو کە ئەم مانگە تۆزێک چۆل ئەبێت و بە ئیسراحەتی خۆم مەلە ئەکەم، کەچی هەر زوو ئیدارەی هۆڵەکە بانگەوازێکیان بڵاوکردەوە کە مانگی ڕەمەزان بە ڕۆژ هۆڵ داخراوە و تەنها لە هەشتی شەوەوە کراوەیە.
تاک ئایینی و فەرامۆشکردنی سەرجەم پێکهاتەکان و ئایینەکانی دیکە جگە لە موسڵمان، بە تایبەتی لە مانگی ڕەمەزان دەگاتە ترۆپکی.
مانگێک پێش ڕەمەزان ماڵمان بارکرد بۆ عەنکاوە، یەکەم شت کە بە خەیاڵما هات و زۆر دڵم پێی خۆش بوو ئەوە بوو، ئێرە وەک هەولێر نییە و مانگی ڕەمەزان توانای هەناسەدانێکمان ئەبێت، بەڵام سەیرەکە ئەوە بوو کە چاوەڕوانمان نە ئەکرد، لە عەنکاوەش ڕەمەزانە، جارێ زوو سەمونخانەکەی نزیک ماڵمان قەپاتی کرد، دوکانەکانی مەشروب بەڕۆژ داخراون و گوایە ئەڵێن بە شەوان سێ سەعات کراوەیە، ئیتر ئەمانە و زۆر شتی دیکە.
ئەگەر بەهەڵە نەچووبم خشتەی کارەباش بەپێی گونجانی بۆ بەڕۆژوان گۆڕاوە.
مەبەستم لەم نووسینە چییە؟ دەبێت ئایین نەکرێت بە چەکێک بۆ داپڵۆسین و سڕینەوەی تاکەکان، چیتر عادەت نەبێت، بەڵکو عیبادەتی ڕاستەقینە، چونکە کەوای لێ هات، ئەوکات ئەوەی حەزی لە عیبادەتەکە نەبێت نایکات، چیتر کەس نازت بەسەردا نەکات چونکە بەڕۆژووە و بیەوێت لەو ڕێگەیەوە مافی بەرامبەرەکەی بخوا، چیتر بەرنامەکانی ژیانی ڕۆژانە تەنها لە خزمەت ڕۆژوەوان نابێت و بەرژەوەندی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو ئەگیرێت.

٢٤/٥/٢٠١٨

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٩ ی بەروارری ١/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *