نەوزاد بابان
هاوڕێیان، کرێکاران و ئازادیخوازان
یاد کردنەوەی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی و خەباتی کرێکاری، دوێنێ شکۆمەندانە و سەرکەوتوانە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی کوردستان لەلایەن (کۆمیتەی یەکی ئایار)ەوە بەڕێوەچوو. بیست ساڵ دەبێت مەراسیمێکی لەو چەشنە کە دوێنێ بەرپامان کرد بۆ یەکی ئایار لەو شار و شارۆچکانەدا لە ئارادانەبووە. بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە تەواوی کرێکاران و ئازادیخوازان، هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و کرێکارانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست دەکەم.
ئەمە لە بنچینەدا ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنێکی بزوتنەوەی کرێکاری لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا، وە بە دیاریکراویش ئاماژەیە بۆ هەستکردنی هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆشیالست بە ئەرکێک کە لەسەرشانیانە لەناو بزوتنەوەی کرێکاریدا. دەستپێشکەریەکان و خۆکۆکردنەوە بۆ ئامادەکاریەکان هەر لەسەرەتای مانگی ئەپریلەوە، گوزارش لەو ڕاستیە دەکەن.
هەر وەک هێزی چینی کرێکار لە ڕێکخراوبوون و یەکگرتوویی دایە، هێزی گرایشی ڕادیکاڵی سۆشیالیستیش لەناو بزوتنەوەی کرێکاری لە ڕێکخراو بوون و یەکگرتووییدایە. (کۆمیتەی یەکی ئایار) بەواقعی بوو بە قاوغی ڕێکخراوەیی هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست و چوارچێوەیەک بۆ یەکگرتوویمان. پێکهێنانی کۆمیتەکە و ئەنجامدانی مەراسیمەکە بەرهەمی ئەم هەستکردنە بوو بە بەرپرسیارەتی و یەکگرتوویی لەلایەن توێژ و گرایشی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست لە دەرونی بزوتنەوەی کرێکاری کوردستاندا.
ئێمە هەموومان بەیەکەوە جوانین، هەمومان بەیەکەوە هێزین لەبەرامبەر دنیای سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی لە کوردستاندا، ئەم مەراسیمە شکۆدار و سەرکەوتوانەی یەکی ئایاری ئەمساڵ ئەوەی سەلماند.
سەرکەوتوویی و شکۆمەندی ئەم مەراسیمەی یەکی ئایاری ئەمساڵ، نەک هەر سەرکەوتوویی (کۆمیتەی یەکی ئایار) و هەڵسوڕاوانی ماندوو نەناسی بوو، بەڵکو سەرکەوتوویی و شکۆمەندی، ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران و کارمەندانی (خەستەخانەکان) و (کارەبا) و (بیناسازی) و هەروەها سەرکەوتوویی ئەو حزب و ڕێکخراو و لایەنە سیاسیەکانی پشت ئەم جموجوڵەی یەکی ئایاری ئەمساڵیش بوو.
ئەم چالاکیە ناتوانرێت هەر تەنها بە چەند سەعاتی بەڕێوەچونی مەراسیمی یەکی ئایارەکە سنوردار بکرێتەوە، بەڵکو تەواوی ئەو چالاکیانە دەگرێتەوە کە کۆمیتەکە و هەڵسوڕاوانی لەناوەڕاستی مانگی چوارەوە پێی هەڵساون، هەر لە کۆبونەوەکان، بەیاننامە بڵاکردنەوە و لافیتە هەڵواسینەوە بیگرە تا سەردانی شار و شارۆچکەکان و گردبونەوەکان و پەوەیوەندیەکان بە کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە. بەدڵنیاییەوە هەم یەکگرتوویی ئێمە لەناو کۆمیتەکەدا و هەم ئەم چالاکیانە، کاریگەری خۆیان لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری بەجێ دەهێڵن چ لە کورتماوە و چ لە درێژماوەدا. بەڵام قوڵی و داوێنی ئەو کاریگەریانە، پەیوەستە بە کاری ئاگاهانەی ئێمە و بەدواداچونی ئێمە بۆیان لە دوای یەکی ئایارەوە.
هەموو ئەمانەی سەرەوەش ئەوە ناگەێنن کە ئەم سەرکەتوویی و شکۆمەندیە بێ کەموکوری و هەندێ لایەنی لاواز نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەزمونێکی بەنرخە و پێویستە بۆ چالاکیەکانی ئایندە سودی لێوەربگرین و کەموکوڕی و لایەنە لاوازەکان چارەسەر بکەین. لێرەوە هەموو ڕەخنەیکی دڵسۆزانە پێویستە بەجدی وەربگیرێت، لەڕاستای باشتر کارکردن، پوختکردنەوەی چالاکیەکان و بەرفراوانکردن و هێنانەمەیدانی هەرچی زیاتری هێزی چینایەتیمان لە ئایندەدا.
هەموو هاوڕێیانی هەڵسوراو لەو یادەدا کە زەحمەتیان کێشاوە و ماندووبوون بە ئامادەکاریەکانەوە، جێگەی ڕێزن و بەگەرمی دەستیان دەگوشم و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەیان لێدەکەم. بەڵام بە دڵنیاییەوە بەبێ بەشداری بەرفراوانی کرێکاران و ئازادیخوازان لەو مەراسیمانەدا ئەم چالاکیانە ئەو شکۆمەندی و سەرکەوتوییەیان بەدەست نەدەهێنا. ئامادەبوونی هەر کەسێک لەڕێپێوان و گردبونەوە و بەڕێوەچونی مەراسیمەکاندا بەهای خۆی هەیە و بەوبۆنەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئەو یادکردنەوە لە هەموان دەکەم.
نەوزاد بابان
هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی کرێکاری لە (ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان)
2-5-2018