موحسین کەریم
لەیادی ٢٠٠ ساڵەی لەدایكبوونی کارل مارکس، بیرمەند و رابەڕی چینی کرێکاری جیهانی، بەو ووتەیەی ئەنگلس، هاورێی دڵسۆز و تاسەر وەفاداری مارکس، دەست پێدەکەم کە لەکۆتایی ووتەکەیدا لەسەر گۆڕی مارکس لەکاتی ناشتنی تەرمەکەیدا درکاندنی: “ناوی مارکس و کارەکانی نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە!”
ئەنگلس ئەم قسەیەی لە رۆژی ١٧/٣/١٨٨٣دا کرد، لەکاتێکدا تەنها (١١) کەس لەسەر گۆڕەکەی مارکس ئامادەبوون، بەڵام دوای(١٣٥) ساڵ لەو مێژووە، ناوی مارکس و بیروباوەڕەکەی و کارەکانی نەك سنوری ئەوروپاو ئەمریکای تێپەڕاند، بەڵکو هەموو گۆشەوکەنارەکانی گۆی زەوی گرتۆتەوە.
دوای شکستی بلۆکی سۆڤیەت و ئەوروپای رۆژهەڵات، لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، بیرمەندان و میدیای بۆرۆژوازی، مەرگی مارکس و کۆمۆنیزم و کۆتایی مێژوویان راگەیاند، بەڵام ئەم شایی و لۆغانەی بۆرژوازی زۆری نەخایاندو هەر لەهەناوی خۆیانەوە جارێکی دیکە مارکس وەکو کاریگەرترین کەسایەتی لەمێژووی تازەی مرۆڤایەتیدا تۆمارکرایەوە. لە راپرسیەکی رادیۆی بی بی سی( BBC Radio 4 ) لەمانگی تەموزی ساڵی ٢٠٠٥دا، لەناو (٢٠) کەس لە ناودارترین کەسایەتیەکانی جیهاندا، کە (٣٥،٠٠٠) کەس بەشداری راپرسیەکی کردبوو، کارل مارکس وەکو گەورەترین فەیلەسوفی مێژووی مرۆڤایەتی دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی بەدەست هێنا! (١)
کارل مارکس، وەکو ئەنگلس دەڵێ، خاوەنی دوو دۆزینەوەی گرنگە:” یەکەم: هەروەکو چۆن داروین یاسای پەرەسەندنی سروشتی ئۆرگانیکی دۆزیەوە، مارکسیش یاسای پەرەسەندنی مێژووی مرۆڤایەتی دۆزیەوە. ئەو راستیە سادەیەی کە .. مرۆڤ پێویستە بەر لە هەموو شتێ، بتوانێ بخوات و بخواتەوە، پەناگەیەکی هەبێ تێدا بژی و جلوبەرگێکی هەبێ لەبەری بکات، تا بپەرژێتە سەر سیاسەت، زانست، هونەر و ئاین… وهتد…….. دووەم؛ دۆزینەوەی یاسای جوڵەی تایبەت بە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی هاوچەرخ و کۆمەڵگای بۆرژوازیە کە ئەم جۆرە لە شێوازی بەرهەمهێنان دروستی کردوە. دۆزینەوەی زێدەبایی،…”
مارکس، فەیلەسوف بوو. ئابوریزانێکی مەزن بوو. بیرمەندێکی کەم وێنەو شۆڕشگێڕێکی پەیگیر بوو. ئەگەر وەکو مارکس دەڵێ فیۆرباخ کۆتایی بە فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانیا هێنا، ئەوا مارکس وەکو فەیلەسوفێك کۆتایی بە دەوری فەلسەفەی پێش خۆی هێنا! لەلایەکەوە مارکس گرفتی سەرەکی فەلسەفەی ماتریالیزمی پێش خۆی دەست نیشان کرد و لە “تێزەکانی سەبارەت بە فیۆرباخ “دا ئەوەی خستەڕوو کە ماتریالیزمی تائێستا- بە ماتریاڵیزمی فیۆرباخیشەوە– نەیتوانیوە شت، واقع، هەست وەکو بەرهەمی پراتیکی مرۆڤ یان چالاکی فکری مرۆڤ ببینێ! بۆیە لێکدانەوەی چالاکی پراتیکی و فکریی مرۆڤ بە فەلسەفەی ئایدیالیزم سپێردراوە! لەولاشەوە دیالەکتیکی هیگڵی لە ئایدیالیزمەکەی رزگارکرد، بەوەی کە نیشانی دا فکری مرۆڤ بەرهەمی چالاکی کۆمەڵایەتیانە، نەك رەنگدانەوەو بەرجەستەبوونی فکری رەها لە پرۆسەیەکی مێژوویی ناسینی جیهاندا! مارکس دەڵێ:{..”هەستی دینی” خۆی بەرهەمێکی کۆمەڵایەتیە…}؛ واتە بیرکردنەوەو هەستی دینی و تێگەیشتنی ئایدیالیستی بۆ جیهان و بوون، نەك شتێك بن کە لەشوێنێکی جیهاندا دانرابن و مرۆڤەکان لەئاکامی تێفکرین و تێگەیشتن لەو فکرەیە و جێبەجێکردنی لە پرۆسەیەکی دیالەکتیکی و بەردەوامدا بەو فکرەیە بگەن، وەکو هیگڵ یان ئایدیالیستەکان بانگەشەیان بۆدەکرد، بەڵکو خودی بیرکردنەوەی مرۆڤ بە بیرکردنەوەو هەستی دینیشیانەوە، بەرهەمێکی مادی و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانن. سەرەنجام، مارکس، بە دامەزراندنی ماتریالیزمی دیالەکتیك و دواتریش قوڵکردنەوەی ئەم فەلسەفەیە بۆ ئاستی کۆمەڵگا و بەرهەمهێنانی ماتریالیزمی مێژوویی ئیتر کاری فەلسەفەی لەوەی کە تەنیا جیهان لێك بداتەوە، کردە ئەوەی کە دەبێ خەریکی گۆڕینی جیهان بێت!
بێجگە لەوە، مارکس، ئەگەرچی ئابوری نەخوێندبوو، تەنانەت دوای ئاشنابوونی بە ئەنگلس، سەرنجی چوە سەر ئەوەی بایەخ بە ئابوری بدات، بەڵام ئەو دۆزینەوەیەی کە وەکو ئەنگلس دەڵێ لەبواری زێدەباییدا کردی، مارکسی کردە گرنگترین ئابوریناس کە شیکاری ئابوری سەرمایەداری بەشێوەیەکی زانستیانە دایە دەست و تیۆریە ئابوریەکانی ئابوریناسە بۆرژواییەکانی وەکو ئادەم سمیث و ریکاردۆی تێپەڕاند! مارکس نەك وەکو رەخنەگرێکی بێ مونافیسی ئابوری سیاسی بۆرژوازی کە بنەمای لێکدانەوەی زانستی و کۆمۆنیستی لە بواری ئابوری سیاسیدا دایە دەست چینی کرێکار، بەڵکو خودی بۆرژوازیشی ناچارکرد کە وەکو ئابوریزانێکی لێهاتوی ئەکادیمی مامەڵەی بکەن و نوسراوەکانی سەبارەت بە ئابوری سیاسی لە زانکۆکانی بۆرژوازیدا بخوێنرێ. ئێستاش هەرکەسێك کە دەیەوێ لە ئابوری سەرمایەداری و قەیرانەکانی و کێشەکانی بۆ مرۆڤایەتی تێبگات، لەناو کتێبی” سەرمایە” و “گرۆندرێسە” و نوسراوە ئابوریەکانی دیکەی مارکسدا دەستی دەکەوێ.
سەرەنجام، مارکس، شۆرشگێڕێکی مەزن و ماندوو نەناس بوو. مارکس، دەیویست و هەموو ژیانی خۆی بۆئەوە تەرخان کرد کە چەکێکی کاریگەر بداتە دەستی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا بۆ رزگاری و ئازادی. هەموو لێکۆڵینەوەو نوسراوەکانی، هەموو ئەو شاکارانەی کە لەبواری فکرو فەلسەفە، ئابوری و سیاسەتدا پێشکەشی مرۆڤایەتی کردوە، بۆئەو مەبەستە بوو کە لە کتێبی بەناوبانگی”مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست”دا بەیانی کردوە: لەپێناو نیشاندانی رێگای رزگاری بۆ گۆڕهەڵکەنانی سەرمایەداری بوو! مارکس لەبواری فەلسەفەو جیهانبینی ئابوری و سیاسیدا لایەنگرو سەر بەچینی کرێکار و پرۆلیتاریا بوو. مارکس هەر بۆ گەیاندنی ئەم پەیامەی لە مانیفێستی پارتی کۆمۆنیستدا لەگەڵ ئەنگلسی هاوڕێیدا روئیای خۆیان بۆ شۆرشی چینی کرێکارو دەوڵەتی چینایەتی کرێکاران و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا خستەڕوو. بەکردەوەش لەهەوڵی رێکخستن و رابەریکردنی چینی کرێکاری ئەوروپی و ئەمریکیدا بوون و یەکەم رێکخراوی سیاسی شۆرشگێڕی کرێکاری- کۆمۆنیستیان بەناوی” ئینتەرناسیۆنالیزمی یەکەم” دامەزراند و مارکس بوە ئەندامی ئەنجومەنی گشتی رێکخراوەکە. بۆیە مارکس، یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتیەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە ناوو بەرهەم وکارەکانی لەناو دڵ و ویژدانی دەیان و سەدان ملیۆن مرۆڤی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازو یەکسانیخوازی گۆی زەویدا بە زیندوویی ماوەتەوەو دەمێنێتەوە و رێنماییەکانی رێگای خەباتی ئەوان بۆ ئازادی و یەکسانی رۆشن دەکاتەوە. هەر لەبەرئەوەشە کە بێزراوترین کەسایەتی مێژووە بۆ بۆرژوازی و زوڕناژەنەکانی سیستەمی دڕندەو زاڵمانەی سەرمایەداری.
٢٨ی نیسانی ٢٠١٨
http://www.bbc.co.uk/pressoffice/pressreleases/stories/2005/07_july/13/radio4.shtml
ئەم بابەتە لەسەر ٢٠٠ هەمین ساڵیادی کارڵ مارکس.. کە لە پاشکۆی بڵاوکراوەی (رێگای کوردستان) ی حزبی شیوعی کوردستاندا تایبەت بەو یادە، بڵاوکراوەتەوە…