به‌ییانامه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان سه‌باره‌ت به:
کوردستان دوای “هه‌ڵبژاردن”!
ده‌نگدانى گشتى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ته‌واوبوو. سه‌رباری هه‌وڵوته‌قه‌لای ده‌سه‌ڵات و هەموو حزب و لایەنە بەشدارەکان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، به‌وەگەڕخستنی تواناییە دارایی و میدیاییه‌کانیان و به به‌کارهێنانی هێزو ترساندن و به‌بەخشینەوەی بەڵێنی زۆر‌و زەبەند وفریوکاریی هەمەچەشنە، وێرای کەڵکوەرگرتن لەپشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە، نەیانتوانی زۆرینه‌ی خه‌ڵک ڕاکێشنه سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان وسه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ بایکۆت و به‌شداری نه‌کردنێکی فراوانی جه‌ماوه‌ری و بێ‌بڕوایی خه‌ڵک به‌م سیناریۆ گاڵته‌جاریه به‌ره‌و رووبوونه‌وه، له‌ئاکامیشدا زۆرینه‌ی خه‌ڵک رایانگه‌یاند و نیشانیاندا که‌فریوی بانگەشەو و بەڵین و فریوکاریی ئه‌م حزب و لایه‌نانه‌و ” هه‌ڵبژاردن “ه‌که‌یان ناخۆن. بێگومان هه‌ڵوێستێکی له‌م جۆره‌ش نەک هەر نیشانەی چوونەسەری هوشیاری سیاسی جه‌ماوه‌ره به‌ناوه‌ڕۆکی ئه‌م لایه‌نانه‌و کارنامه سیاسیه‌کانیان، به‌ڵکو هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوێکی تره له‌ره‌وتی ناڕه‌زایه‌تی و توڕه‌یی و بێزاری خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشدا، که‌چه‌ندین ساڵه ڕۆژانه له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی نان و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و بۆ کۆتاییهێنان به‌سه‌رگه‌ردانی و ئه‌و گێژاوه سیاسیه‌ی یه‌خه‌ی به‌کۆمه‌ڵگای کوردستان گرتووه، پێی ناوه‌ته مه‌یدانه‌وه. خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان ئه‌گه‌ر دوێنێ ناو و په‌یکه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوای کورد و هه‌موو حزبه‌کانی ناو حکومه‌ت و په‌رله‌مانی خسته ناو تابوتی مه‌رگه‌وه، ئه‌وا ئه‌مڕۆش مۆری ڕیسواییه‌کی تریان نا به‌نێوچه‌وانی هه‌رئه‌م هێزانه‌وه.
ناڕه‌زایه‌تی حزبەکانی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژردن و تۆمه‌تبارکردنی یەکتری به ساخته‌کاری و دزینی ده‌نگی یه‌کتر، جارێکی تر ئه‌و راستیه له مه‌حه‌ک ده‌دات که ئه‌زمونی پیرۆزی دیموکراسی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌م حزبانه و سیسته‌مێک له‌حوکمڕانی که‌ژیانی خه‌ڵکی کوردستانیان پێ له‌قاڵبداوه، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر زه‌لکاوێک له‌ساخته‌کاری و دزی و روتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵک و‌گه‌نده‌ڵی سیاسی دامه‌زراوه. دیموکراسی و دەسەڵاتێک که پشتی بە میلیشیای چەکدار بەستبێت و کۆمه‌ڵگای به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و ناوچه‌ییدا دابه‌شکردبێ و له‌ده‌ره‌وه‌ی قەوارەی دەوڵەتیدا، ژیانی هاوڵاتیانی به‌گێژاوی سیاسی به‌رده‌وام سپاردبێت، وه هیشتا وڵاتانی ناوچە بڕیار بەدەستی ناو کایەی سیاسی کوردستان و جۆری فەرمانڕەوایی بن، چۆن ده‌کرێت هەڵبژاردنێک به‌ده‌ر له‌دزی و ساخته‌کاری بەڕێوەبچێت؟ له‌راستیدا ئه‌و فاکتۆره‌ی که ئه‌م حزب و لایه‌نانه‌ی خستۆته به‌رامبه‌ر به‌یه‌که‌وه، لەبنەڕەتدا فاکتۆری خه‌ڵک و بەرئه‌نجامی بایکۆتی جەماوەری ناڕازی کوردستانە لەدەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتی، وه هەر ئەم فاکتۆره‌شە کە “یەکریزی ناوماڵی کورد”ی لێک ترازاندووە، ریزبەندی و هاوسەنگی هێزی حزبەکانی شێواندوە. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وه ته‌نها حزبه ناڕازیه‌کان نین کە له‌ئه‌نجامی ده‌نگدان شکستیان خواردووه، بەڵکو سەرجەم حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، بەدەسەڵات و “ئۆپۆزیسیۆنەوە” لەبەرامبەر بەشدارینەکردنی زۆرینه‌ی خەڵکی کوردستاندا، ڕوبه‌ڕووی شکست بونه‌ته‌وه.
بیگومان ئه‌م شکسته‌ی بۆرژوازی کورد وحزبه‌کانی، جگه‌له‌وه‌ی باڵانسی هێز له‌نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌گۆڕێ، له‌هه‌مانکاتدا فه‌زایه‌کی تازه‌تر له‌به‌رده‌م خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستاندا ده‌کاته‌وه، فه‌زایه‌ک که‌تێیدا ئاستی چاوه‌ڕوانیه‌کانی جه‌ماوه‌ری ناڕازی بۆ به‌ده‌ستهێنانی خواسته‌کان و گه‌یشتن به‌ژیانێکی ئینسانی، به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌بات. چونکه هه‌ڵبژاردن، نه‌ک هه‌ر ناتوانێ ئه‌و بنبه‌ست و قەیرانه سیاسی و ئابوریه چاره‌سه‌ر بکات، که ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد تێدا چه‌قیوه، به‌ڵکو دۆخی دوای هه‌ڵبژاردن، بارگرژی وکێشمه‌کێشی نێوان لایه‌نه‌کان له‌په‌یوه‌ند به سازدانه‌وه‌ی حکومه‌ت و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و داهات، چ له‌ئاست عێراق و چ له‌کوردستاندا، له‌فه‌زای درێژه‌کێشانی جه‌نگ له‌ناوچه‌که‌دا، له‌تونێلێکی تاریک‌دا ڕاده‌گرێ.
به‌ڵام دۆخی دوای هه‌ڵبژاردن له‌هه‌مانکاتدا جه‌ماوه‌ری ناڕازی کوردستان، له‌پێناو گه‌یشتن به‌ئامانجه‌کانیان ڕووبه‌روی هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی گه‌وره‌تر ده‌کاته‌وه. به‌تایبه‌تی تاکاتێک ڕیزی چینایه‌تی و ئازادیخوازی خۆی نه‌نواندبێ و له‌پێناو به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتدا، نه‌هاتبێته مه‌یدانه‌وه، تاکاتێک ڕیزی به‌رینی کرێکاران و زه‌حمەتکێشان وژنان و لاوان، یه‌کگرتوو ڕێکخراو له‌ده‌وری ئاسۆیه‌کی شۆڕشگیرانه بۆ کۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی بۆرژوازی کورد، ئاڵای دامه‌زراندنی حکومه‌تی خۆیانیان به‌رز نه‌کردبێته‌وه، ئه‌وا سیناریۆی ساخته‌کاری هه‌ڵبژاردن و ئه‌زمونی دیموکراسی گه‌نده‌ڵکاران به‌م یان به‌و شێوه‌یه خۆی دووباره‌ده‌کاته‌وه. که‌وایه هەنگاوی چارەنووسازتر و یەکلاکەرەوە بەوە دەست پێدەکات، کە بەرەی فراوان و ناڕەزایەتی ملیۆنی جەماوەری کرێکار‌و نەداری کوردستان بەتەواوەتی ڕیزی خه‌باتی خۆی لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی جیا بکاتەوە و لەدەوری ئاسۆی سۆسیالیستی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری و شورایی ڕێگای خه‌بات بگرێته‌به‌ر. پێویستە ڕابه‌ران و هه‌ڵسوراوانی ناڕه‌زایه‌تیە جه‌ماوه‌ریه‌کان له‌پێناو دەستەبەرکردنی موچه‌و خزمەتگوزاری و ئازادییەکان و.. داسەپاندنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان بەسەر دەسەڵاتی ناوەندی بەغدادا بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی، به‌م ئاسۆیه‌وه له‌دژی بۆرژوازی کورد و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی تێبکوشن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان له‌م ڕێچکه‌یه‌دا، به‌ته‌واوی تواناوه تێده‌کۆشێ و بانگه‌وازی سه‌رجه‌م ئازادیخوازان، ژنان و لاوان، ده‌کات که‌به‌ڕیزی ئه‌م خه‌باته‌وه په‌یوه‌ست بن.
17/5/2018