به‌ییانامه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان سه‌باره‌ت به‌:

کوردستان دوای “هه‌ڵبژاردن”!

ده‌نگدانى گشتى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ته‌واوبوو. سه‌رباری هه‌وڵوته‌قه‌لای ده‌سه‌ڵات و هەموو حزب و لایەنە بەشدارەکان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، به‌وەگەرخستنی تواناییە دارایی و میدیاییه‌کانیان و به به‌کارهێنانی ‌هێزو ترساندن و به‌بەخشینەوەی بەڵێنی زۆرو زەبەند وفریوکاریی هەمەچەشنە، وێرای کەڵکوەرگرتن لەپشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە، نەیانتوانی زۆرینه‌ی خه‌ڵک ڕاکێشنه ‌سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان وسه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ بایکۆت و به‌شداری نه‌کردنێکی فراوانی جه‌ماوه‌ری و بێبڕوایی خه‌ڵک به‌م سیناریۆ گاڵته‌جاریه‌ به‌ره‌ورووبونه‌وه‌، له‌ئاکامیشدا زۆرینه‌ی خه‌ڵک رایانگه‌یاند ونیشانیاندا که‌فریوی بانگەشەو و بەڵین و فریوکاریی ئه‌م حزب و لایه‌نانه‌و “هه‌ڵبژاردن”ه‌که‌یان ناخۆن. بێگومان هه‌ڵوێستێکی له‌م جۆره‌ش  نەک هەر نیشانەی چوونەسەری  هوشیاری سیاسی جه‌ماوه‌ره‌ به‌ناوه‌ڕۆکی ئه‌م لایه‌نانه‌و کارنامه‌ سیاسیه‌کانیان، به‌ڵکو هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوێکیتره‌ له‌ره‌وتی ناره‌زایه‌تی و توڕه‌یی و بێزاری خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشدا، که‌چه‌ندین ساڵه‌ ڕۆژانه‌ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی نان و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و بۆ کۆتاییهێنان به‌سه‌رگه‌ردانی و ئه‌و گێژاوه‌ سیاسیه‌ی یه‌خه‌ی به‌کۆمه‌لگای کوردستان گرتووه‌، پێی ناوه‌ته ‌مه‌یدانه‌وه‌. خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان ئه‌گه‌ر دوێنێ ناو و په‌یکه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوای کورد و هه‌موو حزبه‌کانی ناو حکومه‌ت و په‌رله‌مانی خسته ‌ناو تابوتی مه‌رگه‌وه، ئه‌وا ئه‌مڕۆش مۆری ڕیسواییه‌کی تریان نا به‌نێوچه‌وانی هه‌رئه‌م هێزانه‌وه‌.

 ناڕه‌زایه‌تی حزبەکانی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژردن و تۆمه‌تبارکردنی یەکتری به ‌ساخته‌کاری و دزینی ده‌نگی یه‌کتر، جارێکیتر ئه‌و راستیه‌ له‌ مه‌حه‌ک ده‌دات که ‌ئه‌زمونی پیرۆزی ‌دیموکراسی‌ هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌م حزبانه و سیسته‌مێک له‌حوکمڕانی که‌ژیانی خه‌ڵکی کوردستانیان پێ له‌قاڵبداوه‌، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌لکاوێک له‌ساخته‌کاری و دزی و روتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵک و‌‌گه‌نده‌ڵی سیاسی دامه‌زراوه‌. دیموکراسی و دەسەڵاتێک که‌ پشتی بە میلیشای چەکدار بەستبێت وکۆمه‌ڵگای به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و ناوچه‌ییدا دابه‌شکردبێ و له‌ده‌ره‌وه‌ی قەوارەی دەوڵەتیدا، ژیانی هاوڵاتیانی به‌گێژاوی سیاسی به‌رده‌وام سپاردبێت، وه‌ هیشتا وڵاتانی ناوچە بریار بەدەستی ناو کایەی سیاسی کوردستان و جۆری فەرمانرەوایی بن، چۆن ده‌کرێت هەڵبژاردنێک به‌ده‌ر له‌دزی و ساخته‌کاری بەڕێوەبچێت؟ له‌راستیدا ئه‌و فاکتۆره‌ی که‌ ئه‌م حزب و لایه‌نانه‌ی خستۆته‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌که‌وه‌، لەبنەرەتدا فاکتۆری خه‌ڵک و بەرئه‌نجامی بایکۆتی جەماوەری نارازی کوردستانە لەدەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتی، وه‌ هەر ئەم فاکتۆره‌شە کە “یەکریزی ناوماڵی کورد”ی لێک ترازاندووە، ریزبەندی و هاوسەنگی هێزی حزبەکانی شێواندوە. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها حزبه‌ نارازیه‌کان له‌ئه‌نجامی ده‌نگدان نین که‌شکستیان خواردووه،‌ بەڵکو سەرجەم حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، بەدەسەڵات و “ئۆپۆزیسیۆنەوە” لەبەرامبەر بەشدارینەکردنی زۆرینه‌ی خەڵکی کوردستاندا، ڕوبه‌ڕووی شکست بونه‌ته‌وه‌.

 بیگومان ئه‌م شکسته‌ی بۆرژوازی کورد وحزبه‌کانی، جگه‌له‌وه‌ی باڵانسی هێز له‌نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌گۆڕێ، له‌هه‌مانکاتدا فه‌زایه‌کی تازه‌تر له‌به‌رده‌م خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشانی کوردستاندا ده‌کاته‌وه‌، فه‌زایه‌ک که‌تێیدا ئاستی چاوه‌روانیه‌کانی جه‌ماوه‌ری ناڕازی بۆ به‌ده‌ستهێنانی خواسته‌کان و گه‌یشتن به‌ژیانێکی ئینسانی، به‌ره‌وسه‌ره‌وه‌ ده‌بات. چونکه‌ هه‌ڵبژاردن، نه‌ک هه‌ر ناتوانێ ئه‌و بنبه‌ست و قەیرانه‌ سیاسی و ئابوریه‌ چاره‌سه‌ربکات، که‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد تێدا چه‌قیوه‌، به‌ڵکو ‌دۆخی دوای هه‌ڵبژاردن، بارگرژی وکێشمه‌کێشی نێوان لایه‌نه‌کان له‌په‌یوه‌ند به‌ سازدانه‌وه‌ی حکومه‌ت و دابه‌شکردنی ده‌سه‌لات و داهات، چ له‌ئاست عیراق وچ له‌کوردستاندا، له‌فه‌زای درێژه‌کێسانی جه‌نگ له‌ناوچه‌که‌دا، له‌تونێلێکی تاریکدا ڕاده‌گرێ.

 به‌ڵام‌ دۆخی دوای هه‌لبژاردن له‌هه‌مانکاتدا جه‌ماوه‌ری ناڕازی کوردستان، له‌پێناو گه‌یشتن به‌ئامانجه‌کانیان ڕووبه‌روی هه‌لگرتنی هه‌نگاوی گه‌وره‌ترده‌کاته‌وه‌. به‌تایبه‌تی تاکاتێک ڕیزی چینایه‌تی و ئازادیخوازی خۆی نه‌نواندبێ و له‌پێناو به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتدا، نه‌هاتبێته‌ مه‌یدانه‌وه‌، تاکاتێک ڕیزی به‌رینی کریکاران و زه‌حمەتکێشان وژنان و لاوان، یه‌کگرتوو ڕێکخراو له‌ده‌وری ئاسۆیه‌کی شۆڕشگیرانه‌ بۆ کۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌لاتی ئه‌حزابی بۆرژوازی کورد، ئاڵای دامه‌زراندنی حکومه‌تی خۆیانیان به‌رز نه‌کردبێته‌وه‌، ئه‌وا سیناریۆی ساخته‌کاری هه‌لبژاردن و ئه‌زمونی دیموکراسی گه‌نده‌ڵکاران به‌م یان به‌و شێوه‌یه‌ خۆی دوباره‌ده‌کاته‌وه‌. که‌وایه‌ هەنگاوی چارەنووسازتر و یەکلاکەرەوە بەوە دەست پێدەکات، کە بەرەی فراوان و نارەزایەتی ملیۆنی جەماوەری کرێکارو نەداری کوردستان بەتەواوەتی ڕیزی خه‌باتی خۆی لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی جیابکاتەوە، و لەدەوری ئاسۆی سۆسیالیستی به‌ره‌و ده‌سه‌لاتدارێتی جه‌ماوه‌ری وشورایی ڕیگای خه‌بات بگریته‌به‌ر. پێویستە ڕابه‌ران و هه‌ڵسوراوانی ناره‌زایه‌تیە جه‌ماوه‌ریه‌کان له‌پێناو دەستەبەرکردنی موچه‌و خزمەتگوزاری و ئازادییەکان و.. داسەپاندنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان بەسەر دەسەڵاتی ناوەندی بەغدادا بۆ سەربەخۆیی و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی، به‌م ئاسۆیه‌وه‌ له‌دژی بۆرژوازی کورد و ده‌سه‌لاته‌که‌ی تێبکوشن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان له‌م ڕێچکه‌یه‌دا، به‌ته‌واوی تواناوه‌ تێده‌کۆشێ و بانگه‌وازی سه‌رجه‌م ئازادیخوازان، ژنان و لاوان،  ده‌کات که‌به‌ڕیزی ئه‌م خه‌باته‌وه‌ په‌یوه‌ستبن.

17/5/2018

 

 

  

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *