زوربەی خەڵکی کوردستان وتیان “نا” بە گاڵتەجاری هەڵبژاردن!

عەبدوڵا مەحمود

١٢ ئەم مانگە له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى ده‌نگدانى گشتى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه‌چوو. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ رێژەیەکی بەرجەستە و بەدیاریکراوی زیاتر ٥٦% خەڵکی عێراق، بەشداری هەڵبژاردنەکانیان نەکردووە.

لە کوردستانیش بەهەمان شێوە بەشێکی یەکجار زۆر لەخەڵکی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنەکانیان نەکردو بە “نا” یەکی گەورە، وەڵامی ئەم سیناریۆ پوچەیان دایەوە.

سەرباری خستنە گەری ماشێنێکی گەورەی هەزار سەری راگەیاندنی حزبەکان، راگەیاندنی میدیای سێبەر، وەگەرخستنی فراوانی سۆسیال میدیا، راکەراکی کادرە حزبیەکان، کاندیدەکان، سازدانی سەدان و هەزاران کۆبونەوەی جەماوەری لەشارو شارۆچکەکان، تەرخانکردنی دەیان بەرنامەی تایبەت و سەدان کەمپەینی جیاواز بۆ هەڵبژاردنەکان، تەخشان پەخشانکردنی هەزارەها بەڵێن و وادە، هەڵخراندنی هەستی نەتەوایەتی، بەهرەبەرداری لە هەژاری و برسێتی و بیکاری خەڵک، سۆز داباراندن بۆ روباری خوێنی شەهیدان، ئامیزکردن بە رابردوویدا…  تا هەرەشەی نان وبرین و چاوسورکردنەوە، کەڵک وەرگرتن لە لەشکرێک لە کادری بن دیوار و کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵات و هێزی چەکدار و دەستبردن بەهەموو رێگاکانی فێڵ وساختەسازی… بۆئەوەی خەڵکی کوردستان راپێچی سەر سندوقەکانی دەنگدان بکەن، کەچی هەموو ئەمانە نەیانتوانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، سەربخەن. بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان فریوی بانگەشەو وادەو بەڵێنە درۆزنانەکانیان نەخوارد و حزبەکان نەیانتوانی کارنامەی رابردووی خۆیان لە گرانی و بێکاری و برسێتی و بێ خزمەتگوزاری و سەرکوتی ماف و ئازادییەکان و لەچاوی خەڵکی کوردستاندا بشارنەوە. نەیان توانی روخساری راستەقینەی خۆیان بە ماکیاژی فریوکاری و وادەو بەڵێنی داهاتوو دابپۆشن. خەڵک وتیان “نا” و سزای دەسەڵات و بزوتنەوەی کوردایەتی و رەوتگەلی کۆنەپەرستی ئیسلامیان دا. ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا دۆرا، ‌تەنها چەند حزب و لایەنێکی سیاسی دیاریکراو نەبوون، بەڵکو شکستێکی ئاشکرای بزوتنەوەی کوردایەتی بوو، بە حزبە دەسەڵات بەدەستەکانەوە تا حزبە بەشدار و بەناو ئۆپۆزیسێۆنەکان…

دەنگی “نا” لە کوردستان، دەنگی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بوو، کە لە ١٧ شوباتی ٢٠١١وە پێی ناوەتە ئاستێکی ترەوە، دەنگی ئەو بزوتنەوەیە بوو کە لەدژی تاڵانی و دزی و گەندەڵی، لەدژی نۆکەرایەتی و خۆشخزمەتی، دژی بێمافی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، دژی بێ یاسایی و  پاشەکەوتی موچە، دژی گرانی و بێکاری و هەژاری…. لەچەند مانگی رابردوودا سەراسەری کوردستانی گرتەوە.

بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و دەنگی “نا” بۆ هەڵبژاردنەکان، بەشێوەی خۆرسک و بێئەوەی بەکردەوە لەلایەن هیچ حزب و لایەنێکی سیاسییەوە نوێنەرایەتی بکرێت، توانی مۆری شکست لە هەڵبژاردنەکان بدات و پاشەکشەیەکی حاشاهەڵنەگر بە بزوتنەوەی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد و هیزگەلە ئیسلامیەکان، بکات.

ئەم هەڵبژاردنە کە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، واتە وێستگەیەک بوو بۆ نیشاندانی پێگەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بەرامبەر بە بەغدا، بەتایبەتیش دوای تیكچونی هاوسەنگی هێز و بەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی داعش و ١٦ ئۆکتۆبەردا… بەشداری نەکردنی نیوەی خەڵکی کوردستان تیایدا، هەڵگری ئەو پەیامەشە کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی تەنانەت لە ئاستی ختیابی نەتەوایەتیشیاندا، شانسی ئەوەی خەڵکی کوردستان بە بانگەشەی پاراستنی مافەکانی کورد، راپێچی پشت سیاسەتەکانیان بکە، ڕوو لەشکستێکی ئاشکرایە. وە خەڵکی کوردستان بەو رێژەیە لە بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوەی نیشاندا کە دەزانن و پەی بەو راستیە دەبەن، کە ئەگەر حزبەکانی کوردستان، هەموو کوردسییەکان(کورد)!! بەدەست بهێنن، ناتوانن زامنی هیچ ماف و دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی کوردستان، لەسەر دەستی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و ئیسلامی سیاسی شیعی، بکەن. ئەوە بەجیا لەوەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەچوونیان بۆ پشت فیدرالیزمی پوچی قەومی، نەک بەشێک نین لە بزوتنەوە رەوتێک بۆ سەربەخۆیی و دیاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستان، بەڵکو بەشێکن، لە هێزی یەکپارچەیی سیاسی عێراق و پاراستنی سەروەری، دەوڵەتێک کە لەدنیای واقعیدا هیچ سەرەوەریەکی نییەو سوکانی ئاژوتنی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە و بەدیایکراویش ئێرانەوە، بەدەستەوە گیراوە…

بەڵی بەشداری نەکردنی زوربەی خەڵکی کوردستان لە گاڵتەجاری هەڵبژاردنی ژێرسایەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشایی کرێگرتەدا، بەشێکە لە دریژەی نارەزایەتی بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا. ئەم ململانێیەی نیوان دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان لە پەیوەند بە کایەی هەڵبژاردنەکان درێژەی هەیە و ٣٠مانگی ئەیلول، دوبارە هەڵبژاردنێکی تر… بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی کوردستان” پەلەمانی کوردستان” بەرێوەدەچیت.

خەڵکی کوردستان پێویستە لە ئێستاوە لەچوارچیوەی خەبات و تیکۆشان و نارەزایەتیە جەماوەرییەکانیاندا بۆ ماف و داخوازییە رەواکانیان، خۆیان ئامادە بکەن. پێویستە رابەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری، بزوتنەوەی لاوان و ژنان و دژە گەندەڵی و دزی…تاد، لەتەواوی شارو شارۆچکەکان و شوێنی کارو ژیان و مەیدانی نارەزایەتیەکان، لەدەوری یەکتری کۆببنەوە و پلاتفۆرمی نەخشەمەندانەی “نا” یەکی گەورەو رێکخراو بەدژی گاڵتەجاری هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی!! کوردستان… پەسەند بکەن و بیکەنە نەخشە رێگای داسەپاندنی شکستێکی کەمەر شکێنی تر بەسەر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بەمەبەستی گۆرینی هاوسەنگی هیزی بەرچاو بە قازانجی خۆیان. پێویستە دەنگی “نا” بەهەڵبژاردنەکان، کە لەبنەرەتدا دەنگی نارەزایەتییە بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، نوێنەرایەتی بکرێت. کۆرو کۆبونەوەو چالاکی هەمەچەشنی سیاسی کۆمەڵایەتی رێکخراو لەبەرامبەر بە کەمپەینی حزبەکانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکان بخاتە دەستوری خۆیانەوە…

ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو بوو… بێ ئەوەی بتوانێت هیچ لە واقعیەتی سیاسی و جۆر دەسەڵاتدارێتی لە عێراق و کوردستاندا بگۆرێت…

دەنگدان و هەڵبژاردن، لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیاییدا، فریوکارییەکی پوچە بۆ رەوایەتی بەخشینەوە بەهەمان دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلێشایی و دریژەدان بە ستەم و نابەرابەری و وردکردنی ئیرادەی سیاسی هاوڵاتیان…

خەڵکی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازی کوردستان، پێویستە لە چوارچێوەی خەباتی نەپساوەی خۆیاندا بەدژی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ ماف و ئازادیی و داخوازیی و خزمەتگوزاریی و ژیانێکی شایستەی ئینسانیدا، بە بەشداری نەکردن و بەشکست کێشانی هەڵبژاردنەکاندا،  ئەلتەرناتیفی بەڕێوەبردنی راستەوخۆی جەماوەری بەدەستی خۆیان، دەست بۆ ببەن و نوێنەرانی راستەوخۆی خۆیان لە کۆبونەوەی گشتی و ئازادانەدا، هەڵبژێرن و خۆ بەرێوەبردنی ئازادانە بکەنە شوێن گرەوەی مۆدێلی پەرلەمانی و سیستەمی نوێنەرایەتی لە سەرەوەی ئیرادەی جەماوەری.

ناوەرستی ئایاری ٢٠١٨

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٨ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *