کۆتایهاتنی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن و بارگرژی نێوان لایەنەکانی بەشدار!

وەکو پێشتر حزبی ئێمە بەدروستی رایگەیاند کە ئەوەی ناویان لێنابوو”هەڵبژاردن” بۆ پەرلەمانی عێراق شتێك نەبوو بێجگە لە گاڵتەجاڕیەکی سیاسی. ئەوەبوو خەڵکی هوشیاری کوردستانیش، هاوشانی خەڵکی عێراق، بە کردەوە ئەم گاڵتەجاڕیەیان ریسواکردو بە بایکۆتکردنی فراوان وەڵامێکی شایستەیان بەهەموو ئەو هێزانەی بۆرژوازی، بە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەوە، دایەوە.
خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی فراوان نایەکی گەورەیان بەرووی دەسەڵاتی ئیسلامی –تائیفی مشەخۆرو جەردەو تاڵانچی عێراقدا بەزرکردەوە. خەڵکی کوردستانیش سەرەڕای فشاری نەفسی و هاندان و پڕوپاگەندەی نەتەوەپەرستانە بۆ راکێشانیان بۆ ناو ئەم گاڵتەجاڕیە، بەڵام بایەخیان بە هاتوهاوارەکانیان نەدان و بەشێوەیەکی فراوان و بەرچاو بایکۆتی دەنگدانیان کرد.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، وەکو تاکە حزبی سیاسی کوردستان لەڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و کەمدەرامەتی کوردستانەوە، بەپێی ئاراستەو لێکدانەوەی سیاسی دروستی بۆ هەلومەرجی خەبات و تێکۆشانی جەماوەری بێبەش و ستەملێکراوی کوردستان، هەڵوێستی بایکۆتی “هەڵبژاردنەکان”ی بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردو بانگەوازی خەڵکیشی کرد بۆ بەشداری نەکردن لەم گاڵتەجاڕیەدا.
ئێستاش دوای ریسوابوونی پرۆسەکەیان، هێزەکانی بۆرژوازی کورد و لیست و قەوارە بەشدارەکان دەیانەوێ پینەی ریسوابوون و شکستەکەیان بکەن. خەریکی نانەوەی ئاژاوەو شێواندنی بارودۆخی سیاسی و تێکدانی ئارامی و ژیانی خەڵکن، ئاسۆیەکی ترسناك و تاریك دەخەنەبەردەم خەڵکی کوردستان.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، جەماوەری نارازی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە دەبێ بە هوشیاریەوە روبەرووی ئەم پیلانگێڕیەی هێزو لایەنە بەرژەوەندخوازکان ببنەوە و رێگایان پێ نەدەن شوێنی ژیان و کارو حەوانەوەیان بکەن بەمەیدانی ململانێ و نائارامی و پشێوی نانەوە. ئەو هێزانە دەیانەوێ بەم کارەیان بێمتمانەبوونیان لای خەڵک بگۆڕن و بیانخەنەوە ناو گێژاوی ململانێکانی خۆیان! دەیانەوێ ئەو ئاراستەیەی خەڵك گرتویەتیە بەر لە پرۆسەی سەندنەوەی متمانەو شەرعیەت لە خۆیان و دەسەڵاتە میلیشیایی و گەندەڵ و تاڵانچیەکەیان، پێچەوانە بکەنەوە! بەڵام خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێشی کوردستان چۆن بە بایکۆتکردنی فراوانی گاڵتەجاڕیەکەیان، وەڵامی دروستیان پێدانەوە، بەوجۆرەش ئەم پیلانەیان بۆ داپۆشینی شکستەکەیان پووچەڵ دەکەنەوە! لەروانگەی خەڵکی کوردستانەوە، نە دەسەڵات و نەهێزو لایەنەکانی بەشدار لەم گاڵتەجاڕیەدا شەرعیەتی سیاسییان نەماوە. هەنگاوەکانی داهاتووی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازو یەکسانیخواز دەبێ خۆ رێکخستن و خۆ ئامادەکردن بێت بۆ بەدەستەوە گرتنی کاروباری سیاسی و ئابوری و بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان.
مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٣/٥/٢٠١٨

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *