عەبدوڵا مەحمود
هەڵبژاردن لەهیچ جیگایەکی دنیادا، ڕێگاییەک نییە بۆ ئاڵوگۆری دەسەڵات و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و مافەکانیان. ئەزموونی دیموکراسی پەرلەمانی لەتەواوی میژووی خۆیدا، بەکردەوە نیشانی داوە، کە کایەی هەڵبژاردنی بۆ رەوایەتی بەخشین و درێژەدان بەسیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەری سەرمایەو سەرمایەدارییە. خۆ ئەگەر هەڵبژاردنەکان، لەو چوارچێوەو ئامانجە راگەیەندراوە، کە پایەی بنەرەتی پاراستنی سەرمایەو دەسەڵاتی سەرمایەیە، لابدات… خودی بۆرژوازی ئەو کایە رادەگرێت و یاساغی دەکات. هەروەکو ئێما گۆڵدمان دەڵێت: “ئەگەر دەنگدان شتێکی گۆریبا، قەدەغەیان دەکرد”.
ئەگەر هەڵبژاردن تێزو ئەزمونێکی ئەزمونکراوی دنیای دیموکراسی و راستیەکی حاشاهەڵنەگەری ژێر سایەی دەسەڵاتی سەرمایەو روکنێکی راگرتن و درێژەدان بە نیزامی سەرمایەداریە، لەوڵاتانی سەقامگیر و جێگیر و خاوەن ناسنامەی حقوقی دەوڵەتیدا، ئەوا هەڵبژاردن لەوڵات و دەوڵەتی ناسەقامگیر یان بێ ناسنامەی دەوڵەتیدا، فریوکارییەکی ئاشکراو ناوەرۆکێکی پوچتر لە هەڵبژاردنی شوێنەکانی تری دنیای هەیە.
لە شوێنێکی وەک و عێراقدا، کە نە حزبێکی مۆدیرن و نە وڵاتێکی سەقامگیرو سەربەخۆ و نە جغرافیایەکی یەکگرتووی بەیەکەوە گرێدارو و نە یاسا و مافی یەکسان بۆ هاوڵاتیان، بوونی هەیە، هەڵبژاردن و کایەی هەڵبژاردنەکان، فریوکاریی و درۆیەکی هێندە ئاشکراو ئەزموونکراوە، کە پێویستی بە بەڵگەو فاکت نییە.
بانگەشەی حزبە بۆرژوازییەکانی کورد” بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە، بەقەومی و ئیسلامییەوە” کە گوایە بەبەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بەرگری لە مافی خەڵکی کوردو کوردستان!! دەکەن، یان ئەگەر یەکگرتووبن دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنن بۆ ئەزموونی کوردی!!، تۆزقاڵە زەرەیەک راستی تێدا نییە. بەجیا لەوەی کە حزبە کوردییەکان، لە دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعسەوە لە دەسەڵاتی ناوەندی بەغدادا بەشدارن و هەموو حزبەکان هەر یەکەیەیان چ لە حکومەت و چ لەپەرلەماندا نوێنەریان هەیە، لەوپەری لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی بەغدادا نەک نەیانتوانییوە جێگایەک و دەستکەوتێک بۆ خەڵکی کوردستان، مسۆگەر بکەن، تەنانەت نەیان توانییوە یەک بەندی دەستوریش، لەچەشنی مادەی ١٤٠ وەک نموونە کە جێگا شانازی خۆیانە، هەنگاوێک ببنە پێشەوە، بەجیا لەوە پرسی خەڵکی کوردستانیان، لە پرسێکی سیاسی و نەتەوەییەوە، کردووە، بە کێشەی موچەو پچرینی داهات و جەنگین لەسەر نەوت و سامان و پۆست و پلەو پایە. لەهەلومەرجێ دوای ١٦ ئۆکتۆبەردا، کە پێگەی حزبە بۆرژوازییەکانی عێراق و دەسەڵاتی ناوەند بەهێزتر بووە دەسەڵات و پێگەی ناسیونالیزمی کورد تا هاتووە پاشەکشەی پێکراوە، کەچی بێشەرمانە دەهۆڵی بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکوتن و خەمی سەرەکیان بۆتە پاکانەکردن بۆ عەبادی و حزبە قەومی و دینییەکان، پشتیوانی ئاشکرا لە سیاسەت و پلان و نەخشەکانی بە داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانیشەوە، بوونەتە زورنا ژەنی یەکپارچەیی عێراق و لەبەیک ناردن بۆ دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئیسلامی و شۆفینزمی عەرەبی. خێڵی گەمژەی چاو لەدەستی دەسەڵاتی عروبی و ئیسلامی قەومی، ریفراندۆم بە بەڵا وێنا دەکەن و کێشەکانی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستان، بە ریفراندۆمەوە شەتەک دەدەن… تا لەوڕێگایەوە کارنامەی شەرماوەری سەرکوت و بێمافی و گرانی و برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و دزی سیستیماتیکی ٢٧ ساڵەی دەسەڵاتدارێتیان، دابپۆشن.
دنیایەکی سەیرە… حزبەکانی کوردستان بێ جیاوازی، بە قەومی و دینیەوە، چ وەکو رووی راستەقینەی خۆیان کە فڕیان بەسەر دیموکراسی و پابەندبوون بە مافە فەردی و مەدەنییەکان نییە، ٢٧ ساڵە لە کوردستاندا، کۆمەڵگە دادەدۆشن و خەریکی دزی و تاڵانی لەلایەک و خۆشخزمەتی بە وڵاتانی ناوچەکەن لەلایەکی ترەوەن… وە نەک نەیان توانیووە سەرەتاییترین ویست و خواستی هاوڵاتیان، وەدیبێنن، بەڵکو ئەوەی کە هەش بووە، لەبەینیان بردووە، کەچی بێشەرمانە بانگەشەی ئەوەدەکەن لە بەغدا و لەژێر چادری عەمامە بەسەرو بەچکە بەعسیییە بودەڵەکانەوە دیموکراسی دەهێنن و وە دەستکەوتەکانی!! خەڵکی کوردستان زامن دەکەن و بەرگری لە مافەکانی کورد دەکەن.
ئەم حزبە سیاسییە چەک بەدەست ومافیایانە، وە نۆکەر و خۆشخزمەت و بەرگری کەر لە” سەوابیتی ئیسلامی”، باش دەزانن بەرپرسە کورد زمانەکان و خۆفرۆشەکانی بەشدار لەدەسەڵاتی بەعسی روخاودا، چیان بۆخەڵکی کوردستان کردووە، ئەوانیش دەتوانن هەر ئەو رۆڵە خۆفرۆشییە بگێرن و هاوکات دزی و تاڵانی لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان، بەبەشداریان لەدەسەڵاتی ئیسلامی و عروبی بەغدا، درێژە پێبدەن. ئەوەش باش دەزانن کە هیچ کام لە حزب و رەوتە سیاسییەکانی بۆرژوازی عێراق، بروایان بە مافی خەڵكی کوردستان و تەنانەت پابەندی دەستورە قەومی و تایفیەیەکشیان نابن و بەکردەوەش چۆن لەدژی مافەکانی خەڵکی کوردستان وەستاون ئاواش لە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا لە ناوەراست و خواروی عێراقدا، وەکو حزبە دزەکانی کوردستان سامان و داهاتی نەوت و غازو چی و چی حەپەلوش دەکەن و مافە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کرێکارو نەداری عێراق بەرەسمی ناناسن… ئەم خێڵە لە بۆرژوازی عەرەب و کورد، بێ موارڵترین نموونەی دەسەڵاتدارێتی و بۆگەنترین مافیای تاڵانین لە میژووی هاوچەخدا.
بە ئاشکرا و لە بانگەشەو پەیامەکانیاندا دیارە، کە حزبە بۆرژوازییە بودەڵەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی و پاڵێوراوە تەسەلەکانیان، ئامانجیان لەهەڵبژاردنەکانی بەغدادا، لەلایەکەوە بۆ لکاندنەوەی کوردستانە بەدەسەڵاتی ناوەندی و بەشداربوونە لە دەسەڵاتدا، لەلایەکی تریشەوە دەیانەوێ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان لەدژی دزی و تاڵانی و بۆ موچەو خۆشگوزەرانی و ماف و ئازادییەکان، کپ بکەنەوەو دەسەڵاتی زاڵمانەی پارێزەری چینە داراکانی کوردستان بپارێزن…
ئەو ئامانجە دژە ئینسانیانە، لەدرێژەی سەرکوت و پلان و فریوکاریدایە،… ئەو حزبانەی دژی ریفراندۆم بوون و ئەو حزبانەش کە لایەنگری و ئاڵاهەڵگری ریفراندۆم بوون، بۆ مەبەستی دوور لەسەربەخۆیی لە خانەوادەی بۆرژوازی کوردا، ئیستا یەک دەست سویند بەیەکپارچەیی عێراق دەخۆن، و دەیانەوێت کوردستانی بەکردەوە دابراوی چەند دەهە لەوە پێشەوە لە سات و سەوداو گەمەی هەڵبژاردنەکاندا، بە عێراقی ئیسلامی و عروبیەوە بلکێنەوە…
ئەو دوو ئامانجە، چ خاوکردنەوەو کپکردنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و چ هەوڵدان بۆ لکاندنەوەی کوردستان بەو دەسەڵاتەی ناوەندەوە، پلانێکی ئاشکرایە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایە لە کوردستاندا…
گرفتی کۆمەڵگەی کوردستان… دەسەڵاتی میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتی و فیدرالیزمی پوچی قەومییە، هەڵبژاردنەکانیش بۆ هێشتنەوەی ئەو دوو گرفتە سەرەکییەو کۆسپ سازکردنە لەبەردەم هەر خەبات و بزوتنەوەیەک کە بۆ کۆتاییهینان بەو دوو گرفتە تێدەکۆشێت…
ماف و ئازادی و خزمەتگوزارییەکان و یاساو ریسای ئینسانییەکان، لە کوردستاندا حزبەکانی بزوتنەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی و لێی بەرپرسن نەک ناوەندو بەغدا،… پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیش و بەرەسمی ناسینی ئەو ئیرادەیە بۆ بریاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان، بەغداو ناوەند لێی بەرپرسن… کەچی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد… بۆ پرسی ناوخۆی کوردستان… لەدژی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و نارەزایەتیە رەواکانییدا دەوەستنەوە و تاڵانی کوردستان دەکەن و ماف و ئازادییەکان ژیر پێدەخەن… بۆ پرسی سیاسی کورستانیش، عەبادیان کردۆتە قیبلەو سویند بە یەکپارچەیی عێراق دەخۆن… بەم جۆرە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، هەم لە کوردستان لەدژی ویست و مافەکانی خەڵکی کوردستاندا وەستاون و هەم لە بەغداش دەست لەناودەستی بۆرژوازی عەرەبن و بۆ وەستانەوە بەرووی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستاندا بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی… بێشەرمانەش بانگەشەی ئەوە دەکەن… کە مافەکانی کورد لە بەغدا بۆ کورد دەستبەر دەکەن…
جەماوەری بێبەش و نارازی و تورەی کوردستان لەدژی دەسەلاتی میلێشییایی و تاڵانچێتی و بۆ مافەکانیان بۆ ئایندەیەکی باشتر تەنها رێگای درێژەدان بەخەباتیان لەبەردەمە… لە جێگای هەڵبژاردنەکان و بەشداری لەم هەڵبژاردنانە، درێژەدان بە نارەزایەتیەکانیان و بەرینکردنەوەو رێکخراوکردن و سەراسەری هێشتنەوەی بۆ کۆتایی بەو دەسەڵاتە و کەنارخستنی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوازییە لەلایەک و خەباتی سەربەخۆ و جەماوەری بۆ سەربەخۆیی کوردستان و وڵاتێکی سەربەخۆیە…
ئەمە لە بایکۆت لە خەڵکی بێبەشی کوردستان و رابەرانی سیاسی بەرچاورۆشن و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ مافەکانیان زیاتر دەخوازێت… ئەمە پێویستی بەوەیە لەبەرامبەر بە هەڵبژاردنەکان و پلان و ئامانجی ناو کایەی هەڵبژاردنەکان… رابەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری و توێژە بێبەشەکان، لەدەوری یەکتری کۆببنەوە و پلاتفۆرمی سەربەخۆی خۆیان بخەنە روو، پلاتفۆرمێک لە نەخشە رێگای دریژەدان بە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان و لە ناویشدا، چالاکی جەماوەری بۆ پوچەڵکردنەوەی هەڵبژاردنەکان، دابرێژن ئەو هەنگاوە کردەیانە بگرنە بەر کە رێگەدەگرێت لەوەی خەڵکی کوردستان ببنە زەخیرەی هەڵزنینی ئەو حزب و رێکخراوە سیاسیانە، بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی ناوەندی و دریژەدان بەدەسەڵاتی تاڵانکارانەو سەرکوتگورانەیان لەکوردستان. وە پیویستە ئەو خەباتەش تیکەڵکێشی خواستی جیابوونەوەی کوردستان و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بکەن… کە زامنی” نان، ئازادی، سەربەخۆیی و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری” بکات…
پیویستە چادر و خێمەی رابەران و هەڵسوراوانی بزتنەوەی جەماوەری لە شوێنی کار و ژیان و ناوجەرگەی شارەکاندا، لەبەرامبەر بە درۆی هەڵبژاردنەکان و فریوکارییەکانیاندا، هەڵبدەن… کارنامەی ٢٧ ساڵەی ئەو دەسەڵاتدارێتیە، بخەنە روو، لە مارشی ئایارەکاندا پێداگری لە خواستە رەواکانی خۆیان بکەنەوە… کارگە و کارخانەو ناوەندە خەدەمیەکان و گەرەک و شوێنە گشتیەکان، پێویستە ببنە سەکۆی کۆبونەوەی جەماوەری بۆ وەستانەوە بەرووی گاڵتەجاری هەڵبژاردندا…
ماف و ئازادییەکان و خزمەتگوزارییەکان و داهات و سامانی خەڵکی کوردستان…. لەدەست دزانی ناوخۆ و حزبەکانیاندایە، دەبێ لە کوردستان و بە خەباتی لێبراو رێکخراو پوچەڵکردنەوەی سیاسەت و نەخشەکانیان و لەوانەش هەڵبژاردنەکان، لە گەرویان دەربهێنرێت و بەسەریاندا بسەپێنرێت. ئامانجێکی هەڵبژاردنەکان بۆ خاوکردنەوەی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان و خۆ دزینەوەیە لە دابینکردنی ویست و ماف و ئازادییەکان و شانخاڵی کردنەوەیانە لە بەرامبەریان.
کۆتایی ئەپریلی ٢٠١٨
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە