عبدالرحمن رسول
کرێکاران ئەو چینەن یاخود ئەوبەشەن کە زۆرینە لەکۆمەڵگەکانى جیهان پێک دەهێنن و لەسەردەستى کرێکاران و بە ماندووبوونى کرێکاران و زەحمەتکێشان کارگەکانى بەرهەمهێنان و وێستگەى شەمەندەفەرەکان و فرۆکەخانەکان و پاسەکان وشەمەندەفەرەکان و دامەزراوەکانى تر بەردەوامن. بەهۆى ماندووبوونى کرێکارانەوەیە شارو شارۆچکە و تەواوى کۆمەڵگە پاک و خاوێن ڕادەگیرێت و شارەکان ڕووناکن بە کارەبا و ڕێگاکان سەلامەت و باشن بۆ هاتوو چۆ. بەهۆى ماندووبوونى کرێکارانەوەیە بەرهەمەکانى سەر زەوى و ژێر زەوى بۆ کۆمەڵگە بەرهەمدێت. بەهۆى ماندوبوونى جوتیارانى وڕەنجدەرانەوەیە کەبەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەرهەم دەهێندرێت و تاکەکانى کۆمەڵگە سوودمەند دەبن لە سەوزەو میوە وموادە خۆراکییەکانى تر. هەموولایەک دەزانێت ئەگەر تەنها بۆ چەند ڕۆژێک یاخود چەند کاتژمێرێک کرێکاران کارنەکەن کۆمەڵگە تووشى چ جۆرە زیانێک دەبێت، کرێکارانى بیناسازین بیناکان دروست دەکەن، بەهۆى کارکردنى کرێکاران و کارمەندانەوەیە کە ئاوى پاک وکارەبای کۆمەڵگەکان هەیە، شار پاکوخاوێنە بەهۆى کرێکارانى شارەوانى یە وە. بەهۆى کارکردنى کرێکاران وجوتیاران و زەحمەتکێشانەوەیە تەواوى سەرمایەداران و پارێزەرانى سیستەمى سەرمایەدارى و سیستەمى دینى و قەومى و تەواوى بەرپرسەکانیان خۆشبەخت و خۆشگوزەرانن، بەڵام خۆیان (پارێزەرانى سیستەمى دینى وقەومى وسەرمایەدارى ) تەمبەڵ وتەوەزەل و بێ بەرهەم و مشەخۆر هەروەک گەنەو مۆرانە وبڵاوان بەسەر شانى کرێکاران و دەستفرۆشان و مامۆستایان و فەرمانبەران و تەواوى خەڵکى هەژارو بێکارى کۆمەڵگەدا.
ئەمانە هەموو لایەک دەزانن سەرجەم پارێزەرانى سیستەمە چەوسێنەرەکانیش ئەمە باش دەزانن ئەگەر بۆیەک ڕۆژ کرێکاران کارنەکەن سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیا و پارێزەرانى سیستەمى چەوسێنەر و نابەرابەر زۆرترین زیانى ماددى دەکەن و قەرەبووکردنەوەى زۆر زەحمەتە، بەڵام دڵییان بەوە خۆشە کە پێیان وایە کرێکاران و زەحمەتکێشان بە ئاسانى یەک ناگرن هەربۆیەشە پارێزەرانى سیستەمى چەوسێنەر ونابەرابەر بە هاوکارى سەرمایەداران و جەقوکێشان وگۆپاڵ بەدەستان ومافیاکانى کۆمەڵگە دەست لەناو دەستن بۆزیاتر چەوسانەوە و گوێ نەدان بە ماف و ئازادییەکانى کرێکاران و ڕەنجدەران و فەرمانبەران ودەستفرۆشانى کۆمەڵگە، و بەوجۆرە درێژە بە پاراستنى سیستەمیی چەوسانەوە نابەرابەرى دەدەن.
لەکاتێکدا خەڵکى هەژار و زەحمەتکێش و کرێکار هاتنە سەرشەقامەکان بە کۆمەڵێ بەڵێنى درۆینەى چاکسازى و دژە گەندەڵییان بە زەبرى سوپا و پۆلیس و پێشمەرگەو مافیاکانى ناو دەسەڵات بڵاوە بەخۆپێشاندەرانى خەڵکى ناڕازى دەکەن. لەسەرجەم سیستەمە دیینى و قەومى و سەرمایەدارییەکان بەم جۆرەیە بەرخود ومامەڵە لەگەڵ ماف و ئازادییەکانى کرێکاران و زەحمەتکێشانى کۆمەڵگەکانى جیهان دا دەکەن.
هاتنەکایەوەى ڕۆژى یەکى ئایار لەئەنجامى بەرخودان وتێکۆشانى کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە بوو بۆ هێنانەدى مافەکانیان کە سادەترین مافەکانیش، کەمکردنەوەى سەعاتى کار، زیادکردنى پشووەکان، دابینکردنى بیمەى تەندروستى، دابیکردنى شوێنى نیشتەجێ بوون، زیادکردنى هەقدەستى کارى ڕۆژانە، چەندین و چەندین داواکارى تر هەتا ئێستاش مافەکانى کرێکاران نەک دابین نەکراوە، بەڵکو ڕۆژانە سوکایەتیشیان پێ دەکرێ و هەق ومافى کرێ ی کارکردنیشان زۆرجار دەخورێ لەلایەن خاوەن کار یان کۆمپانیاکانى خاوەن کارەوە. بەتایبەتى کرێکارانى کۆچ بەر وبیانى زۆرێک لەمافە ئینسانییەکانییەکانیان پێشێل دەکرێت، هەق دەستى تەواویان نادرێت، یاخود ڕووبەڕووى ئازارو ئەشکەنجە و سوکایەتیش دەبنەوە لەلایەن خاوەن کارەوە.
یەکى ئایار تهنیا ڕۆژێك نییه بۆ نمایش و بۆنهی حیزبی، ئاهەنگ گێڕان، هەروەک حیزب و ڕێکخراوەکانى سەر بەدەسەڵات و سیستەمى دەوڵەتدارى چەوسێنەر لەکۆمەڵگەدا بانگەشەى بۆ دەکات، کاتێک یەکى ئایار دێت ساڵانە دەست دەکەن بە شایی و لوغان وگۆرانى گوتن و بەشینەوەى کەمێک دیارى وشیرینى بە سازکردنى ئەم جۆرە نمایشە درۆزن وفرێوکارانەیە دەیانەوێت بەخەڵکى کۆمەڵگەکەیان بڵێن ئێمە پشتیوانى کرێکاران وزەحمەتکێشان دەکەین ئەوەنى یە بەشدارى ئاهەنگ و خۆشییەکانیانین.
بەڵام سازکردنى ئەو جۆرە ئاهەنگ و بەشداریانەى پارێزەرانى سیستەمى دەسەڵاتى چەوسێنەر بە خۆشى خۆی نییە، لەئەنجامى گەشەى بزوتنەوەى کرێکارى و تێکۆشەرانى کۆمۆنیست و ئازادیخواز و یەکسانیخوازەوەیە. خۆیان باش دەزانن کرێکاران و زەحمەتکێشانى کۆمەڵگە کە یەگرتووبن لەتێکۆشاندا کە خۆیان ڕێکخراوبکەن لەناودامەزراوەکان وکارگەکان و فەرمانگەکان وکۆمپانیاکانى کۆمەڵگەدا هەرگیز بەتەنها ڕازى نابن بەئاهەنگ گێران وبەشینەوەى کەمێک شیرینى، بەڵکو کرێکاران وزەحمەتکێشان وفەرمانبەران دابینکردنى ئازادى و مافەکانیان دەوێ، بیمەى تەندروستى و مووچەى تەواو و لەکاتى خۆیدا بدرێت و شوێنى نیشتەجێ بوونى و دابینکردنى پێداویستى سەلامەتى و چەندین وچەندین داواکارى و مافى تریان دەوێت.
کەواتە یەکى ئایار ڕۆژى ئاهەنگگێڕان و ڕۆژى هاتنەمەیدانى یەکگرتوانە وهاوخەباتى چینى کرێکارە بۆ داواکردنى مافەکانى چینى کرێکار. یەکى ئایارى ئەم ساڵ ههنگاوێكه بۆ دهستكردن به خهباتێكی نوێی نێونهتهوهیی سیاسی و ئابوری به بهشداری سهرجهم چینی پڕۆلیتاریا و خهڵكی بهشمهینهت. ئیتر بابەس بێت چەوسانەوە و نابەرابەرى و سەرکوت و ئیستبداد و کوشتن و لەسێدارەدان و زیندانى سیاسی، بۆ ئەمەش پێویست دەکات کە خەڵکى کرێکارو بەشمەینەت و کارمەندان وفەرمانبەران ومامۆستایان وسەرجەم خەڵکى چهوساوهی دهستی خاوهندارێتی و كار و چاوچنۆكی سهرمایهداران و دهسهڵاتدارانی ناسیۆنالیستی و دینی، هەنگاو بنێن بۆ خۆڕێکخراوکردن و یهكگرتوویی وهاوخەباتى لەبەرامبەر یاساکانى چەوسانەوە وسیستەمى سەرکوت وچەوسانەوە. باچیتر وا نەزانن خەڵکى چەوساوەو ماف خوراو گێل ونەفامە، ئیتر بەسە بەرژەوەندى هەمووان هەریەکە ئەویش ماف و ئازادییە. پێویستە لەوەش دڵنییابین ماف وئازادییەکانیش هەرگیز لەخۆیەوە بەدی نایەت، پێویستى بەتێکۆشانى یەکگرتوو خەباتى هاوبەشى ئەم چینە بەشمەینەت وچەوساوە هەیە.
مامۆستایان و کرێکاران و فەرمانبەران ودەستفرۆشان و بێکاران وهەژاران و جوتیارانى کۆمەڵگە، شایستهی ژیانێكی دادپهروارانه و ئازادن، شایستەى ژیانێکى خۆشگوزەران و ئاسوودەن نهك بەهۆى یاسا وسیستەمی زاڵمانەى چەوسێنەرانى مافیا و دزو گەندەڵکارانەوە کە سەرجەم سەرەوەت و سامانى زۆرى کۆمەڵگە بۆ خۆیان دەدزن و دەبەن. مامۆستایان وفەرمانبەران وکرێکاران ودەستفرۆشان و بێکاران وهەژارانیش هەروەک کۆیلەکانى سەدەکانى ڕابردوو بگوزەرێن و ژیانێکى مەمرەومەژى بژین، بەردەوام لەئاست چەوسانەوەو نابەرابەرى و سەرکوتگەرى دەسەڵاتداران بێ دەنگى هەڵبژێرن.
بڕیار بەدەستى خەڵکى مافخوراو وچەوساوەیە بۆ گۆڕانکارى لەژیان و بەدیهێنانى کۆمەڵگەیەکى ئازاد وبەرابەر. ئەگەر خەڵکى ناڕازى لەچەوسانەوە ونابەرابەرى خۆی ڕێکخراو بکات، ئەتوانێت هەرخۆشی دەسەڵاتى شورایی خۆیی بەڕێوەبەرێت نەک وەک ئێستا پشتببەستێت بەدەنگدان بۆ گۆڕانکارى کە زۆر باش زۆرینەى خەڵکى کۆمەڵگە دەزانێ کە درێژەپێدان بە چەوسانەوە وسەرکوت و زیندان و لەسێدارەدان لەئەنجامى تەمبەڵ وتەوەزەلى ئەندامانى پەرلەمانێک لەناو سیستەمێکى دینى و قەومى وسەرمایەدارى کە بەهیچ شێوەیەک نەک بەرگرى ناکەن لەماف و ئازادییەکانى خەڵکى چەوساوەو هەژار وبێکارو کرێکار، بەڵکو خۆشیان بەشێکى کاریگەرن لە هێشتنەوە بارودۆخى کۆمەڵگە بەم جۆرە کە زۆرینەى تاکەکانى کۆمەڵگە بە گەنجان و لاوان وژنانەوە هاتە دەگاتە کرێکاران وزەحمەتکێشان وبێکاران و چەوساوەکان ناڕازییە، بەردەوام نەفرەت لەوجۆرە سیستەم و دەسەڵاتە دەکات. لەچەند ساڵى داهاتوودا ئەندامانى پەرلەمانى هەڵبژێردراو وەزیرە تازەکانیش دەبنە قورسایی بەسەرشانى کۆمەڵگەوە لەبەرئەوەى هەموویان خانەنشین دەکرێن بە پارەیەکى خەیاڵى و خانووى تایبەت و ئۆتۆمبیلى تایبەت و سەفەرى وڵاتانى دەرەوە دەکەن هەموو خەرجییەکەشیان لە داهاتى گشتى دەوڵەت وحکومەت دەڕوات بەبێ ئەوەى کەمترین کێشەو قەیرانى خەڵکى کرێکارو هەژارو زەحمەتکێش چارەسەربکەن. بەبێ ئەوەى کێشەکانى ئاو و کارەبا و ڕێگاکان و تەندروست و خوێندن وپەروەردە چارەسەربکەن. کەواتە پێویستە سەرجەم گەنجان و لاوان و ژنان و فەرمانبەران ومامۆستایان و کرێکاران و هەموو چینە چەوساوەکان بیر لەجێبەجێکردنى نەخشە ڕێگاک بکەنەوە کە ڕزگاریان بکات لەدەست کۆیلایەتى و هەژارى وشەڕو ئاوارەیی .
ئەو سیستەمەى لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەگشتى و ئێران و عێراق بەڕێوەدەچێت خۆى لە زاڵبوونى سیاسەتى سەرمایەدارى دینى وقەومی دایە، کە بووەتە هۆى بارگرژى و پەشێوى زیاترو بەرهەمهێنانى شەڕى تایفەگەرى و لەدەستدانى تواناى مادى و مرۆیی کۆمەڵگە.
دەوڵەتى فاشیزمی ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتى فاشیزمیی ئیسلامیی تورکیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرى نەرینی لەسەر جۆرى بەڕیوەبردنى باشوورى کوردستان بەتایبەتى وعێراق بەگشتى یان هەیە. بارودۆخى قەیراناوى و پڕ کێشەى باشوورى کوردستان و عێراقى ئاڵۆزترکردووە بۆتە گرێ کوێرەیەک کە هەرگیز کێشە و قەیرانەکان بەم جۆرە سیستەمە چەوسێنەرو سەرکوتگەرو بەرپرسە گەندەڵ ودزانەى باشوورى کوردستان ودەوڵەتى عێراق چارەسەر ناکرێت.
کەواتە هەرجۆرە ئومێد و هیوایەک بە هەڵبژاردنەکانى عێراق و باشوورى کوردستان بە واتاى خۆ فرێودان وفێڵ کردنە لەناخى خودى مرۆڤەکان کاتێک بەشدار دەبێت لەپرۆسەى هەڵبژاردنێک کە خودى سیستەمەکە لەسەربنەماى جیاکارى وبێ مافى و هەڵاواردن و چەوسانەوە ونابەرابەرى دامەزراوە لە عێراق وباشوورى کوردستان هیچیان نەیان توانیوە سەربەخۆیی ئیداری و دەوڵەتدارى وحکومەتدارى خۆیان بپارێزن، زۆر بە ڕوونى و ئاشکرا دیارە کە دەوڵەتانى کۆنەپەرستى و ناوچەکە وەک ئێران و تورکیا و سعودیە و دەوڵەتانى زلهێزى وەک ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا کە چۆن تەداخول لە کاروبارى ئیدارى ناوخۆی باشوورى کوردستان وعێراقدا دەکەن. یارى بە چارەنووسى خەڵکى عێراق و باشوورى کوردستان دەکەن. ئەم بارودۆخەش لەگەڵ پەیڕەوکردنى سیاسەتى ئابورى بەرخۆر یەکدەگرێتەوە، کە پشتى لە پەرەپێدانى مرۆیی بەردەوام و بنیاتنانى ژێرخانى ئابورى لە عێراق و باشوورى کوردستان کردووەو، لە هەمان کاتدا، بووەتە هۆى بڵاوبوونەوەى گەندەڵى دارایی و کارگێڕى و دەست بەسەراگرتنى بازاڕى وڵات، لەلایەن بازرگانانى مشەخۆر وبەشێکى زۆر لەسیاسییە گەندەڵ و دزەکان کە کۆمەڵگەی عێراق و باشووری کوردستانیان گێڕاوەتەوە بۆ قۆناغە دواکەوتووەکان. کە ئەمەش بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەژارى و بێکارى و بڵاوبوونەوەى نەخوێندەوارى و خراپتربوونى خزمەتگوزاریی تەندروستیی و ئاوى خواردنەوەو کارەبا و نزم بوونەوەى ئاستى زانستى زانکۆ و قوتابخانەکان ودابەزینى ئاستى دەرچوونى قوتابیان .
پێویستە یەکى ئایار بکرێتە کەرنەڤاڵى بەهێزکردنى تێکۆشانى یەکگرتوانەى هێزى چینى کرێکار وزەحمەتکێشان وفەرمانبەران و هەژاران، ئەم رۆژە پیرۆزە هەنگاوێکى کردارى بێت بۆ ڕێکخراوبوونى سەرجەم بەشمەینەتان، لەبەرئەوەى خودى هاتنەکایەوەى ڕۆژى یەکى ئایار ڕەمزى خەباتى یەکگرتوانەى چینى کرێکارە بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاسا و سیستەمى چەوسانەوەیە، بە هەربیانویەکەوە بێت کەمکردنەوەى کرێ وموچەى کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان دەبێت ڕێگا نەدرێت و قەدەغەبکرێت. دەرکردن وفەسڵکردنى کرێکار و فەرمانبەر ومامۆستا بە هەربیانوێکەوە بێت قەدەغە بکرێت. ئەمەش بەندە بە ڕێکخراوبون و هاتنەمەیدانى یەکگرتوانەى مامۆستایان وفەرمانبەران و کرێکاران و زەحمەتکێشان ودەستفرۆشان بۆ بەگژداچوونەوەى ئەم سیستەمە نابەرابەرو چەوسێنەرە.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە