ئەگەر مارکس و ئەنگلز ئێستا زیندوو بوونایا چیان دەنووسی؟

سالار حمە سەعید

دوبارە رۆشنفکرانی بۆرژوایی دەکەونەوە باسی کۆمۆنیزم و مارکسیزم  هەر بۆ ئەم مەبەستە دەستکاری یەکەمین دێڕی مانیفێستی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگلز دەکەن و دەڵێن، گەر مارکس و ئەنگلز ئێستا زیندوو بوونایا دەیاننوسی: ” تارماییەک جیهانی داگرتووە، تارمایی فەعالگەرایی و میلیتانتی گەرایی تەواوی دەسەڵات وهێزەکانی نەزمی کۆنی جیهانی کەوتۆتە هاوپەیمانیەکی پیرۆزەوە، بۆ دەرکردنی ئەم تارماییە “.

بۆرژوازی ترس دایگرتوە و نازانێت چۆن بەر بە شەپۆلی ناڕەزایەتی کرێکاران و بێکاران و زەحمەتکێشان بگرێت، دەڵێن مارکسیزم ڕێگە چارە نییەو “تارمایی کۆمۆنیزم” ئەوروپای دانەگرتووە، بەڵکو ئەکتیڤیزم واتە فەعال گەرایی و پراگماتیزم، ئەلتەرناتیڤە. دەمڕاستەکانی بۆرژوازی دەڵێن: کاتی ئەوە هاتووە کە مانیفێست دووبارە بنووسرێتەوە، مەبەستیان لە مانیفێستی خۆیانە، مانیفێستێک کە کاپیتاڵیزم لەم رۆژگارە ڕەشە دەربهێنێت.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تەنها چەند کەسایەتیەک هەبووە کە کار و چالاکیەکانیان کاریگەری کردووە لەسەر ژیان وچارەنووسی مرۆڤایەتی. یەکێک لەو کەسایەتیە گرنگانە کەسێک بووە کە فەیلەسوف و ئابووریناس و کۆمەڵناس و ڕەخنەگرو مێژوونووس و رۆژنامەنووس و دامەزرێنەر و بنیاتنەری تیۆری سۆسیالیزمی زانستی و ماتریالیزمی دیالەکتیک  وماتیریالیزمی مێژوویی و تەواوی بزوتنەوە کۆمۆنیستی و سۆسیالیستیەکانی ئەمڕۆ و دوێنێ و زیاتر لەسەدەیەک لەمەوبەر بووە، ئەوکەسایەتیەش کارل مارکسە  کە لەدایک بووی ٥ی ئایاری ساڵی ١٨١٨ یەو ئەم ٥ی ئایارە  دوو سەد ساڵ بەسەر لەدایکبوونیدا تێپەردەبێت و دنیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

مارکسیزم یاخود درک و تێگەیشتنی ماتیریالیستیانە بۆ مێژوو، مێژووی تا ئێستای کۆمەڵگای مەوجود بە مێژووی خەباتی چینایەتی دەزانێت.

مارکس ئەگەرچی تێکڕا ٨ خوشک و برای هەبووە، تەنها سیانیان گەیشتوونەتە تەمەنی ٢٥ ساڵی، بەڵام مارکس ژیا، مارکس تەنها بۆ ئەوە ژیا کە ” داس کاپیتاڵ ” واتە (سەرمایە) بنووسێت. ئەگەرچی لەژیانی خۆیدا تەنها بەشی یەکەمی کتێبی ” سەرمایە ” ی بڵاوکرایەوە، بەڵام فردریک ئەنگلزی هاوڕێی بەشی دووهەم و سێهەمی سەرمایەی بۆ بڵاوکردەوە، کاتێک کە مارکس لەژیاندا نەمابوو.

لەوەڵام بە مارک کارنی پارێزگاری بانکی ئینگلتەرە، یەکێک لە رۆژنامە نووسەکانی کاروباری ئابووری و دارایی دەڵێت: ” سیستەمی بەئامیرکردنمان لەداهاتوودا زۆر ڕۆشنترە لەوەی کە کارڵ مارکس، یان ئەوەی کە مارک کارنی پیشنیاری کردوو وتی: مارکسیزم دەکرێت بۆ جارێکی تر ببێتەوە بە هێزێکی گەورە لە رۆژئاوادا، بەم باسەشی جەنجاڵێکی وەهای نایەوە کە؛ تەواوی سەردێڕی رۆژنامەکانی ئەم یەک دوو هەفتەی پێشووی بەخۆیەوە خەریک کردبوو لە بەریتانیا.

ئابووریناسی بۆرژوازی ” پۆل ئۆرمێرۆد” کە پرۆفیسۆرە لەزانکۆی “یو سی ئێڵ” ی لەندەن بەپێچەوانەی وتەکانی مارک کارنی دەڵێت کە گوایا ئەوە ڕووکەشی مەسەلەکەیە کە بەئامێرکردن ملیۆنەها کارو پیشە لەناوبەرێت، ئەمە تێڕوانینێکی ڕووکەشیانەیە بۆ تێگەیشتن لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، لەوەها کەش و هەوایەکدا کۆمۆنیزم دەکرێت بژاردەیەکی سیاسی سەرنج ڕاکێش بێت.

ئەم ئابووریناسە دەڵێت کە گویا ” کارل مارکس ” وەک ئابووری ناسێک باشەی هەیە و خراپەی هەیە، بەشێوەیەکی پارچە پارچە باشە، واتە دەڵێت هەندێک لە کارەکانی مارکس ناکرێت نکووڵی لێبکرێت کە ڕاستە.

پۆل ئۆرمێرد کە ئابووری ناسە و لە رۆژنامەی ئابووری و دارایی بەناوی (سیتی ئام دۆت کۆم) کە لە لەندەن دەردەچێت دانی پیا دەنێت کە مارکس یەکەمین ئابووری ناس بووە، کە کەڵەکەبوونی سەرمایەداری دەست نیشانکردوەو بینیویەتی لەوکارگانەدا کە وەک نوێنەری بنیادنانی نوێ و بەردەوامی ئابووری کاپیتالیزم بوون.

ئەو دەڵێت مارکس بوو کە تیۆری ”خولی بەرهەمهێنانی ” گەشەپێدا و، ناجێگیری لە گەشەی ئابووری دا، کە زۆر زیاتر جێگەی باوەڕ و متمانەیە لە تیۆریەکانی مارکس کە لەسەربنەمای هاوسەنگی ( باڵانس / ئیکولبریەم) کە ئەمڕۆکە زاڵە لە مایکرۆ ئیکۆنۆمیکی (ئابووری ورد)ی  ئەکادیمی دا.

ئەم ئابووریناسە خۆشبینە بەداهاتووی کاپیتالیزم کە دەڵێت؛ ئاییندە بەو شێوەیە نییە کە مارکس یا مارک کارنی وەسفی دەکەن، بە تەڵخ و تاریکی داهاتوویان وەسف کردووە. ئەم رۆشنفکرە بۆرژواییە کە باس لەسەرمایەداری دەکات بەشێوەیەکی موتڵەق باسی دەکات و دەڵێت، داهاتوو گەشەیە، بەواتایەکی تر داهاتوو یانی سەرمایەداری و سەرمایەداری داهاتووە، بەڵام بە پێچەوانەوە لینین دەڵێت مارکس وەڵامی تەواوی داوەتەوە بەو پرسانەی کە بیر و فیکر و هزری مرۆیی خستوونیەتە ڕوو.

٢٥ی ئەپریل ی ٢٠١٨

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *