ڕاستیەکانی هەڵبژاردن

ئاسۆکمال      

هیچ کام لە دەورەکانی هەڵبژاردنی عێراق بە هێندەی ئەم دەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان نەبوەتە جێگای سەرنجدان و سەرلێشێوان. ئەم ڕاستیە بەرئەنجامی دوو هۆکارە؛ یەکەمیان شکستی بەرنامەی سەربەخۆبونی ئابوری و سیاسی لە حکومەتی عێراقی و شکستی فیدرالیە یەکلایەنەکەی پارتی و یەکێتیە و هەمو حزبەکانی نێو پەرلەمان و دەسەڵاتە بەوەی ئامادەی پڕکردنەوەی قەواڵەیەکی تری تەسلیم بونن بە مەرجەکانی ژیردەستەیی بۆ حکومەتی عێراقی، وە دوەمیان ڕاکردنی زۆربەی حزبەکانی کوردستانە بۆ پەیداکردنی کورسی لە بەغداد و کەوتنەدوای هاوپەیمانێتیە شیعەکانە تاکو هاوسەنگی هێزی لە ناوخۆی کوردستاندا پێ بگۆڕن.

لە دوای ڕوخانی بەعسەوە پارتی و یەکێتی هەوڵیان دەدا بۆ سەربەخۆبونی ئابوری و سیاسی لە بەغداد تاکو دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی دەوڵەتی ئەمری واقیع لەناو دەوڵەتی عێراقدا بسەپێنن. ئەم حزبانە رفراندۆمی ٢٥ سێپتەمبەریشیان وەک وەسیلە نەک بۆ سەربەخۆیی بەڵکو بۆ سەپاندنی دەوڵەتی دیفاکتۆی خۆیان دەویست. بەڵام لە بەرگری لە ئەنجامی رفراندۆمدا شکستیان هێنا و تەسلیم بون بە مەرجەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ مانەوە وەک دەسەڵاتێکی لۆکاڵی ئەمری واقیعی ژێردەستی عێراق. هەربۆیە بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی تری عێراقەوە پارتی و یەکێتی بەرنامەیان لەم هەڵبژاردنەدا وەک دەورانی پێشوو پێداگری لەسەر پاکێجی بەشە فیدرالی و چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکانی بەغداد نیە لە چوارچێوەی  ڕیکەوتنی ستراتیژی و سیستەمی باڵادەستی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمدا چونکە ئەمەیان نەماوە، بەڵکو هەموو حزبەکانی دەسەڵات بە ئیسلامیەکان و ئۆپۆزسیۆنە نوێیەکانیشەوە، بەرنامەیان ئەوەیە کە چۆن لە ژێرسایەی حکومەتی شیعەگەرای عێراقدا چەند پۆستێکی وەزاری و چەند کورسیەکی پەرلەمانیان هەبێ تاکو هەرکامەیان بەشی خۆی لەو دەسەڵاتە مەرکەزیەی عێراق وەربگرێ و لەم ڕێگەیەوە جێگاپێی خۆیان لە دەسەڵاتی کوردستاندا بکەنەوە.

چینی بورژوازی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا، کە حزبە ناسیونالیست و ئیسلامی و پۆپۆلیستەکان نوێنەرایەتیان دەکەن، بەهۆی نەمانی ڤیرژنێک و بەرنامەیەک بۆ سەربەخۆکردنی دەسەڵاتە هەرێمیەکەیان توشی دابەشبون و پارچەپارچەبونێکی بەرفراوان بوون. ئێستا ئەم لیستانە وەک پاپۆڕێکی شەق و شڕ لەناو گێژاوی دەسەڵاتی شیعەگەرا و عروبەدا هەر کامەیان بەجیا هەوڵی دەستگرتنێتی بە دامێنی ئەو هاوپەیمانێتی شیعەوەن کە دەوڵەتی عێراقی بەدەستەوەیە. هەرچەند زۆر ئاشکرایە کە ئەمە هاوپەیمانێتیەکی دوژمنکارانەیە، کە بەرامبەر بە مافی سەربەخۆیی و هەر مافێکی خەڵکی کوردستان ئامادەی ناردنی حەشدی شەعبی و هێزی سەربازین و درێژەدەری هەمان سیاسەتی بەعس و شۆڤینیزمی عەرەبین سەبارەت بە کێشەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان.  بەڵام ئێستا بەرژەوەندی ئەم حزبانە لە چونە ژێرباڵی ئەم هاوپەیمانیەتیە شیعیەدایە و چ باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی و چ گۆڕان و هاوپەیمانی دیموکراسی و “نەوەی نوێ” ئەم داوایە عێراقچێتیە بە ڕاستکردنەوەی هەڵەی “رفراندۆمچیەکان” دەزانن. لیستێک لەو بانگەواز و هەوڵانە هەیە کە نیشانەی ئەم ڕەوتە نوێیە عێراقچێتیەی ئەم حزبە ناسیونالیست و ئیسلامی و ریفۆرمخوازانەیە. لەوانەش بانگەوازی یوسف محمدی گۆڕان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگایی کەرادەی بەغداد بۆ “دادگایی کردنی خەڵکی ریفراندۆمچی کوردستان، دەرکەوتنی کەس و لایەنی تر لەم هەڵبژاردنەدا کە دەیەوێ لە ڕێگای کاندیدبون وڕاستەوخۆ خزمەتکردن بە دەسەڵاتدارانی شیعەوە دەنگ بهێنن، وەک سروە عبدالواحد کە ڕایگەیاند بە ئاگاداری گۆڕان دەیەوێ خۆی لە لیستی عەبادی کاندید بکا، یان ئاڵا تاڵەبانی لەسەر لیستی هاوپه‌یمانی به‌غدا دەڵێت “بە راوێژ لەگەڵ ماڵی مام جەلال” خۆی لەسەر ئەو لیستە کاندید کردووە،وە یاخود سەید عیسا بەرزنجی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی به ڕابەرایەتی عەمار حەکیم، کە وەک بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید خۆی دەناسێنێ و چەندین ئەندامی تری ئەم حزبانە چونەتە لیستی هاوپەیمانە شیعیەکانەوە.  

 

 ئەمە هەمان ئەزمەی دەورانی پێش ڕوخانی بەعسدان کە یەکێتی و پارتی ئایندەی دەسەڵاتەکەیان دیارنەبوو. لەوکاتەدا هەمان ئەم عێراقچێتیەمان لە پارتیدا دەبینی و لە ئێستادا یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی و گۆڕان پەیڕەو لەم عێراقچێتیە دەکەن. هەردوولاشیان بەناوی سیاسەتی ئەمری واقیعی ملدان بە ژێردەستەیی حکومەتی عێراق پاساوی ئەم کارەیان داوە و باکیان نەبوە لە ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر.

مێژووی نەبونی دەوڵەت لە کوردستاندا و شەڕی دەولەتانی ناوچەکە هەمیشە چینی دەسەڵاتدار وحزبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانی کوردستانی کردۆتە جۆرێک لەو حزبانەی کە جێبەجێ کردنی بەرژەوەندی و سیاسەتی دەوڵەتەکانی عێراق وئێران و تورکیایان کردۆتە بەشێک لە تاکتیک و سیاسەتی خۆیان. شەڕی ناوخۆ و پشت بەستن بەم دەوڵەتانە بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزی ناوخۆ بوەتە مێژوو و واقعیەتی ئەم حزبانە.

ئەم ڕاستیانە هەموویان لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا بە ئەکتەرە نوێیەکانەوە لەسەر هەمان ڕێباز و سونەتی پێشوو خۆیان نمایش دەکەنەوە. کورسیەکانی پەرلەمانی ئەم حزبە کوردستانیانە ئەگەر لای حکومەتی شیعەی عێراق هیچ بەها و سەنگێکیشی نەبێ بەڵام خۆشخزمەتی ئەم حزبانە لای عەبادی و مالکی سودێکی زۆری هەیە تاکو سیاسەتی کۆنترۆڵکردنەوەی سیاسی و سەربازی و ئابوری کوردستان بەرنە پێشەوە. ئەم ڕاستیە دەرگا بۆ هەموو ئەگەرەکانی گەڕانەوەی قاڵبی دوئیدارەیی و دروستبونی دەسەڵاتی لامەرکەزی هەرێمی سلێمانی و هەرێمی زەرد لە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەکاتەوە و دەبێتە دەورانی پێشبڕکێ لەسەر پەیداکردنی پشتیوانی زلهێزی عێراقی و ناوچەیی بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوخۆی کوردستاندا. بەشێوازێک ئەم پاڵەوانانەی هەڵبژاردنی عێراق دەوری هەمان پەڵەوانەکانی ٦٦ و ٣١ ئاب دەگێڕن بەڵام لە قیافەی کاندیدی پلە نزمترەوە”خەفیفە”دا. بێگومان ئەمەش ڕێگا بۆ هەڵوەشانەوە و ناجێگیری و شێواوی زیاتری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستان دێنێ.

بێگومان وەڵام بەم وەزعی شکستە سیاسیەی خواستی سەربەخۆیی و ناچاری مانەوە لەعێراقدا و بە شداریکردن لە پەرلەمانی عێراقدا بایکۆت نیە. بایکۆت لە کاتێکدا دەبێتە بزوتنەوەی ئاکیتڤی جەماوەری کە ڕێگای گۆڕینی وەزعی کوردستان لەڕێگای دەرەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنەوە لە ئارادا بێ و بڕیاری رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکاتە بزوتنەوەیەکی جەماوەری دژ سیاسەت و هەڕەشەکانی دەوڵەتی عێراق. بەڵام لە کاتێکدا ئەم سەربەخۆییە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و سیاسی ئامادە نیە، ئەوا خەڵکی کوردستان دەبێ لە هەموو ڕێگا سیاسی و جەماوەریەکانەوە دیفاع لەم خواستەی خۆی بکا و دژ بە سیاسەتی شۆڤینیستی و سەرکوتگەرانەی دەوڵەتی عیراق بوەستێتەوە و پەرلەمانی عێراقیش وەک یەکێک لەو مینبەرانە بەکاربێنێ. ئەگەر لە واقیعیشدا پەرلەمان و دامەزراوە ڕەسمیەکانی عێراق و کوردستان بەهاو سەنگێکی نیە لە سایەی سیستەمی مەزهەبی و میلیشیایدا. بەڵام ئەمانە بەشێک لەو مەیدانانەن کە ململانێ سیاسیەکانی کۆمەڵگەی تێدا دەڕواتە پێشەوە.

 بەداخەوە لەم هەڵبژاردنەدا نوێنەرایەتی سیاسی خواستەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستان دەنگی دیارنیە و پاڵەوانانی چینی سەرمایەداری کوردستان بە ڕەنگ و دەنگی جیاجیاوە باڵادەستن کە دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانن و لە پێناو پۆست و دەسەڵات و بودجە و بەرژەوەندیەئابوریەکانی خۆیاندا دەچنە پەرلەمانی عێراق.هەربۆیە خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی پاسیڤ هەڵوێست دەگرن و لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا لەنیوان ئەم پاڵەوانە ئاشبەتاڵچیانەدا دەنگ دەدەن.

ڕاستیەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەم ئەزمەیەی چینی دەسەڵاتدار لە کوردستان هەموو نیشانەکانی نەخۆشی پەکەوتنی ئایدیۆلۆژی ناسیونالیستی و داڕمانی هەژمونی سیاسی دەسەڵاتی میلیشیایی لێ دەرکەوتوە ،و پێویستە بەدیلێکی نوێی چینی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانە کە ڤیژن و مۆدێل و ستراتیژێکی تری هەبێ بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و ئابوری سەرمایەدارانی کوردستان و بەدیهێنانی دنیا و ژیانێکی باشتر.

   

١ئایاری ٢٠١٨

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *