ئاماده‌کردنی: شه‌ماڵ علی
یه‌کی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی جیهانیی چینی کرێکار، سه‌ره‌ڕای زۆر لایه‌نی سیمبولیکی بیرهێنه‌ره‌وه‌ی مێژووی خه‌باتی چینی کرێکاره له‌سه‌رتاسه‌ری دنیادا. ئه‌گه‌ر هیچ ڕاستیه‌ک نه‌مێنێت دڕنده‌یی سه‌رمایه‌داریی‌و چینی بۆرژوواو پارێزه‌رانی ئه‌م سیسته‌مه پێچه‌وانه‌یه بسه‌لمێنێت، ته‌نها مێژووی یه‌کی ئایار‌و ئه‌و ڕووداوه مێژووییانه‌ی که‌وتوونه‌ته پشتسهری دیاریکردنی ئه‌م ڕۆژه وه‌ک ڕۆژی کرێکار هه‌موو ئه‌و پروپاگه‌نده بێبنه‌مایانه له‌سه‌ر ئازادی له سایه‌ی سیسته‌می سهرمایهداریو دیموکراسیدا پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه.
ڕۆژی یه‌کی ئایار وه‌ک رۆژێک بۆ کرێکار له‌میژوودا په‌یوه‌سته به خه‌باتی کرێکارانی ئه‌مریکاوه بۆ دیاریکردنی ڕۆژکار به هه‌شت سه‌عات. ئه‌م ڕۆژه له 1880ه‌کانه‌وه له ئه‌مریکا له په‌یوه‌ند به خه‌بات بۆ هه‌شت سه‌عات-کار کراوه به ڕۆژی پشوو. تێکۆشان بۆ دیاریکردنی رۆژکار به هه‌شت سه‌عات له ساڵی 1860ه‌وه له ئه‌مریکا ده‌ستی پێکردووه. له ساڵی 1884دا فیدراسیۆنی سه‌ندیکاو یه‌کێتیه کرێکاریه ڕیکخراوه‌کان له ووڵاته یه‌گرتووه‌کان‌و که‌نه‌دا که له‌ساڵی 1881ه‌وه پێکهاتووه‌و (له 1886 به دوواوه ناوه‌که‌ی گۆڕاوه بۆ فیدراسیۆنی ئه‌مریکایی کار) بڕیارێکی ده‌رکرد که له به‌شێکیدا ده‌ڵێت:( له یه‌کی ئایاری 1886 به‌دوواوه ده‌بێ هه‌شت سه‌عات کار ڕۆژکاری یاسایی پێکبهێنێت، بانگه‌وازی هه‌موو ڕێکخراوه کرێکاریه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌که‌ین که یاساکان به جۆرێک ئاراسته بکه‌ن که له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌دا بێته‌وه). ساڵی پاش ئه‌وه‌ش هه‌مان فیدراسیۆن به‌یانێکی بڵاوکرده‌وه‌و ته‌ئکیدی کرده‌وه که سیسته‌می هه‌شت سه‌عات کار ده‌بێ له 1ی ئایاری 1886ه‌وه بخرێته کاره‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ئه‌مریکا کرێکار ناچار ده‌کران 10 و 12 و ته‌نانه‌ت 14 سه‌عات کار بکه‌ن. جووڵانه‌وه‌ی هه‌شت-سه‌عات کار زۆر به خێرایی فراوان بووه‌وه. له چه‌ند مانگ به‌ر له 1ی ئایاری 1886ه‌وه، هه‌زاران کرێکار، ڕێکخراوو ناڕێکخراو، هاتنه مه‌یدانی خه‌باته‌وه. شاری شیکاگۆ له ویلایه‌تی ئیلینۆی ناوه‌ندی خهباتو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له پێناوی ڕۆژکاری کورت‌تر بوو. یه‌کێتی ناوه‌ندیی کار له شیکاگۆ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ی ده‌کرد که پێکهاتبوو له 22 یهکێتیو ریکخراوی کریکاریی.
له کاتی مانگرتنی کریکارانی هێڵی ئاسن له ساڵی 1877، کرێکاران له لایه‌ن پۆلیس‌و سوپای ئه‌مریکاوه به شیوه‌یه‌کی توندوتیژ هێرشیان کرایه سه‌ر. هه‌مان تاکتیکی تۆقاندن له لایه‌ن ده‌سته‌ودایره‌ی حکومه‌ته‌وه ئاماده‌کرابوو بۆ ڕووبه‌روو وه‌ستانه‌وه‌ی جووڵانه‌وه‌ی هه‌شت-سه‌عات کار. پۆلیس‌و پاسه‌وانی نیشتیمانی ژماره‌یان زیادکرابوو، به پاره‌ی سه‌رکرده‌ی خاوه‌ن سه‌رمایه‌کان له ناوچه‌که‌دا چه‌کی نوێ‌و به‌هێزیان بۆ فه‌راهه‌مکرابوو. هه‌رچۆن بێت، تاکو یه‌کی ئایار جووڵانه‌وه‌که کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتی باشی بۆ زۆربه‌ی کرێکارانی شیکاگۆ به‌ده‌ستهێنابوو. به‌ڵام له 3 ئایاری 1886 که هێشتا له هه‌ندیک شوێن مانگرتن به‌رده‌وام بوو بۆ به‌دیهێنانی خواستی هه‌شت سه‌عات کار، له کۆمپانیایه‌ک به ناوی ماکۆرمیک پۆلیس ته‌قه‌ی له مانگرتنی کرێکارانیان کردبوو و لانی که‌م کریکارێک کوژرابوو و پینجی تر به خه‌ستی‌و ژماره‌یه‌کی نه‌زانراو به سووکی بریندار کرابوون. بۆ ڕۆژی دووایی، به مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌لاماره دڕندانه‌یه، بانگه‌وازی میتینگێکی کرێکاریی، له مه‌یدانی هه‌یمارکێت له شاری شیکاگۆ، ده‌کرێت.
میتینگه‌که به شێوه‌یه‌کی ئارام به‌رپا دهکرێتو نزیکه ته‌واو بوون ده‌بێت. کاتێک دووا قسه‌که‌ر له‌سه‌ر مینبه‌ر ده‌بێ کۆبوونه‌وه‌که به هۆی بارانی زۆره‌وه که‌م ده‌بێته‌وه‌و ته‌نها 200 که‌س له مه‌یدانه‌که ده‌مێنن. له‌و کاته‌دا هێزێکی پۆلیس که برێتی ده‌بێ له 180 پۆلیس ده‌ڕژێنه مه‌یدانه‌که‌و فه‌رمان ده‌ده‌ن که ده‌بێ میتینگه‌که بڵاوه‌ی لێ بکرێت‌و ده‌که‌ونه ئازاردانی کرێکاران. له کۆتایی میتینگه‌که‌دا بۆمبێک، له لایه‌ن نه‌ناسراوێکه‌وه (تا ئێستاس نه‌زانراوه کێ بووه) فڕێ ده‌درێته ناو پۆلیسه‌کانه‌وه‌و پۆلیسێک ده‌کوژرێت‌و شه‌ش پۆلیسی تر به خه‌ستی بریندار ده‌بن. له پاش ئه‌وه پۆلیس ته‌قه له کرێکاران دهکهنو ژماره‌یه‌کیان لێ دهکوژنو بریندار ده‌که‌ن (تا ئێستاش به شێوه‌یه‌کی دیاریکراو ڕانه‌گه‌ینراوه که چه‌ند سیڤیل به ده‌ستی پۆلیس کوژراون). ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز ئه‌وه ئاشکرا نابێت که کێ بۆمبی فڕێداوه‌ته نێو پۆلیسه‌کانه‌وه‌و ئایا به ڕاستی ئه‌و بۆمبه له نێو کرێکارانه‌وه فڕێ دراوه یان نا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌م ڕووداوه ده‌که‌نه بیانووی په‌لامارێکی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ ده‌ستگیرکردنی ڕابه‌رانی کرێکاریی.
پۆلیس په‌لاماری ماڵی کریکاران‌و ئۆفیسی یه‌کێتیه کرێکاریه‌کانی دهدهنو سه‌دان کرێکار به بێ هیچ تۆمه‌تێک ده‌ستگیر ده‌که‌ن. فه‌زایه‌کی پۆلیسی تۆقێنه‌ر له شاری شیکاگۆدا به‌رپا ده‌کرێت. دادوه‌ری ده‌وڵه‌تیی ئه‌و وه‌خته فه‌رمان به پۆلیس ده‌دات که: (په‌لاماره‌کانتان ته‌واو بکهنو پاشان سه‌یری یاساکان بکه‌ن!). سه‌ره‌نجام به بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌لمێنراو، له دادگایه‌کی بێسه‌ره‌وبه‌ردا، حه‌وت که‌س له ڕابه‌رانی کرێکاریی به تۆمه‌تی پیلانگێڕان بۆ کوشتنی پۆلیس به ئیعدام‌و که‌سێکیان به ناوی ئۆسکار نی‌ب به 15 ساڵ زیندان حوکم ده‌درێن. له 11ی نۆڤه‌مبه‌ری 1887 چوار له‌و ڕابه‌رانه به ناوی ئه‌لبێرت پارسۆنس، ئه‌دۆلف فیشه‌ر، ئۆگۆست سپایسو جۆرج ئینجل به هه‌ڵواسین ئیعدام دهکرێنو لویس لینگ له زینداندا خۆی ده‌کوژێت. ده‌سه‌ڵاتداران ته‌رمه‌کانیان ڕاده‌ستی هاوڕێیانیان ده‌که‌نه‌وه که له ڕیو ڕه‌سمێکی بێ وێنه‌دا (که به پێی سه‌رچاوه جۆربه‌جۆره‌کان ژماره‌ی به‌شدار بووانی له نێوان 150 هه‌زار تاکو 500 هه‌زار که‌س بووه) به خاک ده‌سپێردرێن. له 25 جون(حوزه‌یرانی) 1893 له گۆڕستانی والهایم په‌رده له‌سه‌ر مۆنومێنتی کرێکارانی گیانبه‌ختکردووی هه‌یمارکێت لاده‌درێت. باقی ده‌ستگیرکراوه‌کان که برێتین له سامۆئیل فێلدن، ئۆسکار نیبو مایکل شواب سه‌ره‌نجام پاش نۆ ساڵ زیندانی بێ پاساو له 1893 ئازاد ده‌کرێن.
له 25ی جون (حوزه‌یرانی) 1893 حاکمی ویلایه‌تی ئیلینۆی جۆن پیته‌ر ئهلتگیلد، بڕیاری لیبوردنێک له‌و زیندانیانه ده‌رده‌کات که تیایدا ده‌ڵێت که ئه‌و نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی زیندانیه‌کان به ڕاده‌ی پێویست له زینداندا ئهزیهتو ئازاریان چه‌شتووه، به‌ڵکو زۆر به ساده‌یی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ تاوانن سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تانه‌ی دراوه‌ته پاڵیان ئازاد ده‌کرێن. ئه‌و هه‌روا ڕایده‌گه‌یه‌نێت که ئه‌م زیندانیانه‌و ئه‌وانه‌ی که ئیعدامیش کراون قوربانی هیستیریا، ده‌سته‌یه‌ک ژوریستی(سوێندخواردووانی دادگا) به ئه‌نقه‌ست ههڵبژێرراوو دادوه‌رێکی ناعادیل بوون. حاکمی ویلایه‌تی ئیلینۆی ئه‌وه ئاشکرا ده‌کات که تۆمه‌تباران تۆمه‌ته‌کانیان نه‌سه‌لمێنراوه‌و ده‌وڵه‌ت ” هه‌رگیز بۆی ئاشکرا نه‌کراوه که کێ ئه‌و بۆمبه‌ی فڕیداوه که پۆلیسه‌که‌ی کوشتووه، به‌ڵگه‌کان هیچ ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه ناکه‌ن که په‌یوه‌ندیه‌ک له نێوان تۆمهتبارانو ئه‌و که‌سه‌دا هه‌یه که بۆمبه‌که‌ی فڕێداوه”
به‌م جۆره خودی سه‌رانی ده‌وڵه‌ت په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و پیلانه هه‌مه‌لایه‌نه‌یه بۆ سه‌رکوتکردنی کرێکاران‌و له خوێنهه‌ڵکێشانی ناڕه‌زایه‌تیه ڕه‌واکانیان بۆ خواسته‌کانیان هه‌ڵده‌ماڵن. شایانی باسه که پیلانی له خوێنهه‌ڵکێشانی جووڵانه‌وه‌ی چینی کرێکار له ئه‌مریکا ته‌نها له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ته‌وه دانه‌ڕێژراوه‌و جێبه‌جێ نه‌کراوه، به‌ڵکو قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی بۆرجوازی‌و میدیای نۆکه‌ر ده‌ورێکی گه‌وره‌یان له ده‌رکردنی بڕیاری ئیعدامی ڕابه‌رانی کرێکاریی‌و جێبه‌جێکردنی بینیوه.
ڕۆژنامه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه له شاری شیکاگۆ سه‌رجه‌م که‌مپینیکی بهدناوکردنو مه‌حکومکردنی کریکارانیان به‌ڕێخستووه‌و کرێکارانیان به ” باندێکی ئاژاوه‌گێڕ، جه‌رده، دز، پیاوکوژ، شه‌ڕه‌نگێز، دڕنده‌ی به خوێنتینوو، ترسنۆک، خوێڕی، جانه‌وه‌ر” وه‌سفکردووه. ئه‌م که‌مپینه به ڕادده‌یه‌ک توند‌و کاریگه‌ر بووه که ئیدوارد ئیڤیلینگ یه‌کیک له زاواکانی مارکس به‌ر له ئیعدامکردنی ڕابه‌رانی کرێکاران ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر ئه‌و کرێکارانه سه‌ره‌نجام ئیعدامبکرێن ئه‌وه ڕۆژنامه‌ی شیکاگۆ تریبیۆنه که ئه‌و کاره ده‌کات).
چیرۆکی هه‌ڵهاتنی ڕۆژی یه‌کی ئایار به‌و جۆره خوێناویه. ئیتر ئه‌وه مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه که ده‌وڵه‌ت، سهرمایهدارانو میدیای ئه‌مریکا ده‌یانه‌وێت میژووی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌کی ئایار بشارنه‌وه. ئه‌وان ده‌یانه‌ویت که یادگاریهکانو بایهخو جیگاوشوێنی یه‌کی ئایار له زه‌ینی کرێکاراندا بسڕنه‌وه. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا هه‌ر به‌م مه‌به‌سته ڕۆژی یه‌کی ئایاری ناوناوه “ڕۆژی یاسا” و رۆژیکی تری، که یه‌که‌مین دووشه‌ممه‌ی مانگی سهپتهمبهرهو هیچ بایهخو مانایه‌کی مێژوویی نییه، کردووه به ڕۆژی کرێکار له ئه‌مریکا.
به‌ڵام هاوچینه‌کانی کرێکارانی ئه‌مریکا نه‌یانهێشتووه ئه‌م ڕۆژه‌و ئه‌م یادگاره له نێو لاپه‌ڕه زه‌رده‌کانی میژووی به ده‌ستی سه‌رمایه‌داران نووسراو وون ببێت. ساڵی 1889 له یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووه‌م که له پاریس به بۆنه‌ی سه‌دساڵه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نساوه به‌سترا، به پیشنیاری رایمۆند لاڤیان، بانگه‌وازی خۆپیشاندانی سهرتاسهریو جیهانی له یه‌کی ئایاری ساڵی 1890 به بۆنه‌ی ساڵیادی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی شیکاگۆ ده‌کرێت. ئه‌م خۆپیشاندانانه به ڕادده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بوو که ساڵی 1891 یه‌کی ئایار به ڕه‌سمی له لایه‌ن کۆنگره‌ی دووه‌می ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووه‌مه‌وه وه‌ک چالاکیه‌کی ساڵانه ناسرا.
ساڵی 1904 کۆنفرانسی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سۆشیالیست له ئه‌مستردام بانگه‌وازی “هه‌موو پارته سۆشیال-دیموکراتهکانو یه‌کیتیه کرێکاریه‌کانی هه‌موو وڵاته‌کان بۆ خۆپیشاندانی چالاک له ڕۆژی یه‌کی ئایاردا، له پێناوی به یاسایی کردنی ڕۆژکاری هه‌شت سه‌عاته، بۆ خواسته چینایه‌تیه‌کانی پرۆلیتاریا‌و له پیناوی ئاشتی جیهانی” کرد. به‌و پێیه که باشترین شێوازی خۆپیشاندان مانگرتنه کۆنگره ئه‌وه‌ی کرد به “ئه‌رکی هه‌موو ڕێکخراوه پرۆلیتاریه‌کانی هه‌موو ووڵاته‌کان که له ڕۆژی یه‌کی ئایاردا کار ڕابگرن، له هه‌ر جێگایه‌ک ئه‌م کاره، به بێ مه‌ترسی گیانیی بۆ کرێکاران، کرده‌نیه”.
ڕاستیه‌که‌ی ڕاگرتنی کار بۆ کۆیله‌کانی سه‌رمایه زۆر جار پڕ مه‌ترسی بووه. ئایار به نێو زۆر ڕووداوی خویناویدا میژوویه‌کی سووری بۆ کرێکاران‌و ڕه‌شی بۆ سه‌رمایه‌داریی‌و چینی بۆرژوازی تۆمارکردووه. رۆژی یه‌کی ئایاری ساڵی 1891 له ئه‌وروپا هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕۆژی جهژنو هاتنه مه‌یدانی سه‌راسه‌ری چینی کرێکار بووه، به‌ڵام ڕۆژیکی خوێناویش بووه. له ئیتالیا‌و فهرنساو هه‌نگاریا پۆلیس هێرشی کردووه‌ته سه‌ر کریکاران‌و له رۆما کرێکارێک، له پاریس 3 کرێکار، له ناوچه‌ی فراونیر 7 کرێکاری کانه‌کانی خهڵوزو کوژراون‌و له هه‌نگاریا دهرگیریو شه‌ڕی ڕۆژی یه‌کی ئایار چه‌ند رۆژو هه‌فته‌ی خایاندووه‌و کیشاویهته ڕاگه‌یاندنی مارشاڵ لۆ (ئه‌حکامی عورفی)و سه‌ره‌نجام به سه‌رکوتی پۆلیسیی خۆپیشاندانه‌کان کۆتای‌یان پێ هینراوه.
له په‌لاماری پۆلیس بۆ سه‌ر کرێکاران له یه‌کی ئایاری 1919 له کلیڤلاند له ویلایه‌تی ئۆهایۆ له ئه‌مریکا که تیایدا 42 له کرێکاران کوژراون‌و بریندار بوون ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاماده نه‌بوون ئاڵا سوره‌کانی ده‌ستیان داگرن (شایانی باسه پاش ئه‌و ڕووداوه ئاڵای سوور له ئۆهایۆ به یاسا قه‌ده‌غه کراوه)، تاکو هێرشی پۆلیس بۆ سه‌ر خۆپیشانده‌ران له ئه‌لمانیا له یه‌کی ئایاری 1929 که تیایدا له لایه‌ن پۆلیسه‌وه 32 کریکار کوژراون‌و زیاتر له 11 هه‌زار فیشه‌ک به ڕووی کرێکاراندا ته‌قێنراوه، تاکو په‌لاماری فاشسته‌کانی تورکیا به یارمه‌تی پۆلیس بۆ سه‌ر خۆپیشاندانی یه‌کی ئایار له مه‌یدانی ته‌قسیمی ئه‌سته‌مبوڵ له 1977 که 42 کوژراو‌و 220 برینداری لێ که‌وته‌وه، ئایار به نێو زنجیره‌یه‌ک قوربانیدان‌و خه‌باتی دلێرانه‌ی کرێکاراندا بووه‌ته رۆژێکی میژوویی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌و سته‌می سه‌رمایه‌داری.
ئایا بانگه‌شه‌کاران بۆ دیموکراسی بۆرژوایی‌و ئه‌وانه‌ی ئیدیعا ده‌که‌ن که سه‌رمایه‌داریی چوارچێوه‌یه‌کی بۆ مافه‌کانی کریکاران داناوه ده‌توانن حاشا له‌و ڕاستیه بکه‌ن که هه‌ر دهستکهوتو پێشکه‌وتنێک که کرێکاران به‌ده‌ستیان هێناوه به‌رهه‌می خه‌باتی یه‌کگرتوو ڕێکخراوی خۆیان‌و قوربانی گه‌وره بووه‌و میژووی مافه سه‌ندراوه‌کانی کریکاران له سایه‌ی سه‌رمایه‌داریدا به خوێنی خۆیان نووسراوه؟ ڕاستیه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌وه‌یه که هیچ کات سهرمایهدارانو ده‌وڵه‌ته‌کانیان به خوایشتی خۆیان ساده‌ترین ماف‌و ئازادییان بۆ کرێکاران به ڕه‌سمی نه‌ناسیوه‌و هه‌رچی به ده‌ستهاتووه به‌رهه‌می خه‌باتی یه‌کگرتووو ڕیکخراوی کرێکارانه، خه‌باتێک که نه‌ک ته‌نها چینی کرێکار له به‌رهه‌مه‌کانی به‌هره‌مه‌ند بووه، به‌ڵکو ئازادی‌و یهکسانیو خۆشگوزه‌رانی زیاتری بۆ جه‌ماوه‌رو هه‌موو کۆمه‌ڵگا لێ که‌وتۆته‌وه. ئه‌مه ده‌رسێکی مێژویی گرنگی یه‌کی ئایاره.
به‌رزو بهڕیزبێت یادی گیانبه‌ختکردووانی جووڵانه‌وه‌ی کرێکاری
پیرۆز بێت یه‌کی ئایار
بۆ ئه‌م بابه‌ته سوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
1- سایتی ویکی پیدیا سه‌باره‌ت به رۆژی جیهانیی کرێکاران،
2- سایتی کریکارانی پیشه‌سازی جیهان Industrial Workers of the World، http://www.iww.org/sv
3- کتێبی May day: a short history of the international workers’ holiday, 1886-1986