نوشتانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م عه‌بادیدا!

یه‌كه‌م:

نوشتانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م عه‌بادیدا!

جه‌مال موحسین

٢٨ ی ئاپریل، ٢٠١٨

”مه‌سینه‌هه‌ڵگر” وشه‌ و سیفه‌تێكه‌ كه‌ كه‌س پێی خۆش نییه‌ بدرێته‌ پاڵی چونكه‌ ئه‌م ده‌ربڕینه‌ له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ كه‌سێك ده‌ستوپێوه‌ندی كه‌سێكی تر بێ و هه‌موو خزمه‌تێكی بكات و به‌ واتایه‌كی گشتی كۆیله‌ی ئه‌و كه‌سه‌ بێ.

گه‌ر كه‌سێكی ئاسایی ئه‌م سیفه‌ته‌ی پێ خۆش نه‌بێ، ئه‌وا سه‌رانی بۆرژوایی كورد، خواوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات و ملهوڕان به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری بێبه‌شه‌وه‌، هه‌ر پێیان خۆش نابێ!!

به‌ڵام من پێم وایه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ ئاستی ڕسوایی سه‌رانی كوردایه‌تی و چینه‌ دارا و ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا لاوازه‌ و حه‌قی خۆیان پێ نادا.

كاتی داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و دوزخورماتوو و ناوچه‌كانی تر له‌ ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ردا، سه‌رانی پارتی كه‌ ٣١ ی ئابێك به‌رامبه‌ر به‌ خۆیان كرابوو كه‌وتنه‌ هێرش (به‌س میدیایی و جنێو) به‌رامبه‌ر به‌ عه‌بادی و حكومه‌تی ناوه‌ندی. هه‌رچی ئه‌وانه‌شی له‌ سه‌روبه‌ندی ڕیفراندۆم و ئه‌و ڕووداوانه‌ی دواییدا دژایه‌تی مافی خه‌ڵكیان كرد وه‌ك به‌شێك له‌ سیاسه‌ته‌كه‌یان كه‌وتنه‌ پاڕانه‌وه‌ی به‌رده‌م قاپی ئیسلامی فاشیستی عه‌بادی و هاوشێوه‌كانی. ئه‌وان بوون به‌ خزمه‌تكاری یه‌كپارچه‌یی عێراق. له‌م نێوه‌شدا هه‌رچی ڕێزی بۆ دانه‌نرا و بچوكترین حسابی بۆ نه‌كرا جه‌ماوه‌ری به‌رینی بێبه‌شی كوردستان بوو.

هاتنی عه‌بادیه‌كی فاشیست كه‌ ئازادانه‌ له‌ شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر بانگه‌شه‌ بۆ لیسته‌كه‌ی بكات له‌ گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردندا پێش هه‌ر شتێك نیشانه‌ی زه‌بوونی سه‌رانی حزبه‌كانی كوردایه‌تی و ئیسلامیه‌ (به‌ هه‌موو باڵ و ڕه‌نگێكیانه‌وه‌). نیشانه‌ی نوشتانه‌وه‌ و كه‌وتنه‌ سه‌رچۆكی ئه‌وانه‌ بۆ دوژمنی سه‌رسه‌ختی خه‌ڵكی كوردستان. نیشانه‌ی برا بچوكی كردنه‌ بۆ بۆرژوازی عه‌ره‌ب، كه‌ داپڵۆسینی جه‌ماوه‌ری برسی كوردستانیش ئه‌كات به‌ واجبی وه‌ته‌نی بۆیان.

گه‌ر عه‌بادی ئازابووایه‌‌ با بێ حیمایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد بچوویاته‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانه‌وه‌ كه‌ كوڕه‌كانیان بوونه‌ قوربانی هاتنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌كه‌ی، یان شه‌ڕیان له‌ دژی داعشی هاوشێوه‌ی حه‌شد ئه‌كرد بێ ئه‌وه‌ی دینارێك له‌ گیرفانیاندا بێ، ئه‌وسا ئه‌یزانی كه‌ چۆن غه‌بغه‌به‌یان به‌ گاز ئه‌بچڕی!

هه‌میشه‌ ماچی لا مل و نوشتانه‌وه‌ و سه‌رشۆڕی تاجی سه‌ر سه‌ر و نه‌جمه‌ی لاملی بۆرژوازی كورد بووه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌نها به‌ سه‌ركوت و زیندانیكردن و درۆ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن توانیویانه‌ ئه‌و ڕسواییه‌ی خۆیان بشارنه‌وه‌.

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *