باهۆزی بەخشینەوەی فریوکای پێویستی بە وەڵامی بەکردەوەیە!

به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌!

عەبدوڵا مەحمود

لە ئەمرۆە ١٥/ ٤ بریارە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق دەست پێبکات… و دەیان حزب و ڕێکخراوەی سیاسی و هاوپەیمانیەتی و قەوارەی جۆراوجۆر ناوی خۆیان لای کۆمۆسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە… دیارە بەر لە ئەمرۆ کە یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانە، بانگەشەی پێش وەختەی هەڵبژاردنەکان چەند هەفتە و بۆ هەندیک لایەن مانگێک زیاترە بە کردەوە دەستی پێکردووە…

دیارە هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا بەرێوەدەچێت، کە بەجیا لەدۆخی ئاڵۆزکاوی ناوچەکەو هەرەشەی جەنگ و وەستانی بلۆکەکان بەرامبەر بەیەکتری، سەرەکیترین تایبەتمەندیەکانی ئەم هەلومەرجە، کۆتایی هاتنی توانایی سەربازی داعش لە عێراق، دارمانی درۆی فیدرالیزم و تیکچوونی پەیوەندی هەرێم بە بەغداوەو بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، تورەیی و نەفرەتی جەماوەری سەراسەری و خرۆشان و هاتنە مەیدانی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچەو دانی موچەکان لەکاتی خۆیدا…

دیارە قەوارەو هاوپەیمانیەتی جۆراوجۆری تازەش چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەکوردستاندا، هاتونەتە ناو گۆرەپانەکەو بەشێک و بەشێکی دەم گەرمتر لە حزب و قەوارەکانی پێش خۆیان دەبن…

بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و باهۆزی درۆ بەخشینەوە، تەخشان و پەخشانی وادەو بەڵین… لە ئێستاوە نەک هەر کۆمەڵگەی داگرتووە، بەڵکو ترس و دڵەراوکێ لەبەریەک کەوتنی زبر و توندوتیژی لایەنەکانی بەشدار لە بانگەشەو هەڵبژاردنەکانیش، سایەی رەشی بەسەر کۆمەڵگەدا دێت و دەچێت…

لەئێستاو لە چەند هەفتە لەوە پێشەوە، زمانی فریشتە ئاسا، هەست بزوتن و سۆز نیشاندان، سەردان و بەسەر کردنەوە، ئامادەیی و سەخی تەبیعەت بوون بەرامبەر بە خەڵکی کارەسات لێکەوتوو و کەس و کاری قوربانیان، مەلەکردنی ئارام لە ناو روباری خوێنی شەهیدان و درکی ئەوەی دەبێ ئاوڕیان لێبدرێتەوە، وەفا باراندن و دەستی هاوکاری درێژکردن بۆ هەژاران!!، دڵ ناسک وبوون هەستیار بوون بۆ نەبوونی و گرانی و بێکاری و برسێتی و کەمی خزمەتگوزارییەکان، نیگەرانی قوڵ لە گەندەڵی و دزی و ناشەفافیەت، بەڵین و وادە بەخشینەوە،… بەجۆرێکە وەکو ئەوە وایە بڵییت خەڵکی کوردستان و بەم زوانە و دوای هەڵبژاردنەکان دەگوازێنەوە بۆ بەهەشتێکی!! کەس نەدیوو، بۆ بەهەشتێک!!، مردوان و بەهەشتییان دنیای ئەولا تامەزوری مەرگێکی ترن، بۆ هاتنیان بۆ ناو ئەو بەهەشتە!! تازەیە…

هەموو حزبە بۆرژوازییەکانی کورد، بە قەومی و ئیسلامیەوە لەبەرپرسە پلە یەک و دەستڕۆشتوەکانەوە، تا کادیرە تێر پرو گۆشکراوەکانیان، وای نیشان دەدەن کە لە ناکاو و لەپڕ بێ ئیرادەی خۆیان چەند رۆژێکە لەهەسارەیەکی پێشتر نەبیسترواوە، هاتوونەتە کوردستان و بریاریان داوە، کوردستان لەدەست دزو جەردەو مافیاکان، لە گەندەڵکارو بازرگانە چاوچنۆکەکان، لە خۆبەستنەوە و خزمەتچیتی بە وڵاتەکان، لە بێمافی و ستەم و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، لە وێران بوونی سیستەمی پەروەردەو فیرکردن، لە دارمانی سلکی تەندروستی، لەدیارنەبوونی ئایندەی سیاسی کوردستان، وە بێکاری و گران و هەژاری ولە ژینگەی پیس… رزگار بکەن و ئایندەیەکی درەوشاوەی پر بەرەکەت و خێر و خۆشی و تەسەل و ئازاد و بەرابەر و ئارام و دڵنیاکەرەوە بۆ خەڵکی کوردستان بکەنە دیاری!!!

ئەو بانگەشانەی دەستیان داوەتێ و لەرۆژانی داهاتوودا گەرمتر و هەیەجانتر دەبێت… بەسە بۆ راگەیاندنی ئەوەی کە بەخەڵکی کوردستان بڵێن، بروامان پێ مەکەن.. ئێمەین درۆزنانی زەمانە… ئێمەین بریارمان داوە، هەلومەرجی کوردستان بەشێوەی ئێستا و خراپتریش بێت… تەنانەتە ئەو هەڵمەتەی لەبەرامبەر بەیەکتریدا دەیگرنە بەر، و دۆسیەکانی یەکتری هەڵدەدەنەوە گەواهی دەری ئەو راستیەن… کە نەک شایستەی ئەوەنین کەس بروایان پێبکات، بەڵکو بەڵگەنامەی ئەوەن لەسەر ئەو تاوانکاریی و دزی و گەندەڵی و کارە نارەوایانەی ئەنجامیان داوە، بدرێنە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی جەماوەری و یاسایی… ئەمە بەدانپیانانی خۆیان…

ئەو حزبانەی کوردستان… و بەرپرسە دەم ئاگرینە فریوکارەکانیان، ٢٧ ساڵە، حزب و کارەکتەری سەرەکی کوردستانن، ٢٧ ساڵە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ… دەسەڵاتدار و یان بەشدارن لەسیستەمی سیاسی کوردستان و لە دەسەڵاتی حزبۆکراتیدان… لە ماوەی ئەو ٢٧ ساڵەداو لەسەرەتای یەکەمین هەڵبژارنەوە، فوارەی بانگەشەو و بەڵین و وادەی رەنگاو رەنگیان… کراوەتەوە، کەچی دوای ئەو ماوە درێژە، و لەگەڵ ئەوەدا پاوانی هەموو داهات و سامانی خەڵکی کوردستانیان لەبەردەست بووە، هێشتا نەیان توانییوە کارەباو روناکی بدەنە بە هاوڵاتیان، هێشتا ئاوی خواردنەوە کێشەی خەڵکییە… بەڵی دوای ٢٧ ساڵ بەسەر ئەو دەسەڵاتەو ئەو حزبانەی دیسان باهۆزی بڵاوکردنەوەی درۆیان وەگەرخستووە، برسێتی و گرانی، نەبوونی و هەژاری و بێکاریی، بێمافی لاوان و ژنان… ناعەدالەتی و  تاڵانکردن و دزی ئاشکرا… سەرکوتی ئازادییەکان و بەرین بوونەوەی قڵشتی چینایەتی…تا دەگاتە نادیاری ئایندەی سیاسی کوردستان… مۆتەکەیەکەو دەسی ناوەتە بینەقاقای بەشێ هەرەزۆری خەڵکی کریکارو زەحمەتکێش و ستەم دیدەی کوردستان…

ئەم دەسەڵاتە کەهەموو ئەو حزبانە بە قەومی و دینیەوە تیای بەشدار بوون و یان وەکو قارەمانی!! پلە یەکی نەوەی نوێ… لە ناو گەندەڵستانی ئەو دەسەڵاتەدا بۆتە ملیۆنیر و هاوکات دەم ئاگرینی دەوڵەمەندکردنی هەموون!! هەلومەرجێکیان بۆ خەڵکی کوردستان خوڵقاندووە، کە نەفرەت لەو دەسەڵاتە بەوپەری خۆی گەیشتووە. نارەزایەتی و خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی کوردستان لەدژی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و دزو  مافیا و سەرکوتکەرو سەرچاوەی بێمافی و نابەرابەرییە، بۆتە تایبەتمەندیەکی کۆمەڵگەی کوردستان.

دیسان کە هەراو هۆریای هەڵبژاردن دەستی پێکردووە، دوبارە ئەم جەنابە دز و جەردەو نۆکەر و  دژە ئازادی و مافە رەواکانی هاوڵاتیان و خۆشخزمەت بە وڵاتانی ناوچەکەو قارەمانی سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەران… کەوتونەتە هەڵرشتنی هەگبەی درۆو وەکارخستنی ماشینی راگەیاندنی فریوکارانەو درۆزنانە بۆ لەخشتەبردنی خەڵکی کوردستان و دوبارە رەوایی بەخشینەوە بە درێژەدان بە کارنامەی ٢٧ ساڵەیان…

خەڵکی کوردستان، نەک نابێ فریوی ئەم حزبانەو بەڵێنەکانیان بخۆن، بەڵکو خودی ئەو فریوکاریی و درۆ شاخدارانەیان، دەبنە بەڵگەو پاساو بۆ ریسواکردنیان… ریسواکردنی ئەو حزبانە و پەیامەکانیان بەوە دەبێت، بەڵین و وادەکانی پێشوویان بە بیربهێنەوە، کارنامە دژە ئینسانیەکانیان بەروودا بدەنەوە، دەسەڵاتدارێتی و بەشداری دەسەڵاتیان بکەنە محەک بۆ ئابروبردنیان… بەڵگەی دزی و تاڵانکاریەکانیان، نیشان بدەنەوە، نۆکەرایەتیەکانیان بخەنە روو… بێ کارەبایی و بی ئاوی و بێ مافی و سەرکوتەکانیان، وەک بەڵگەی ریسوای بدەن لەناوچەوانیان. فیدرالیزمی پوچی قەومیان، نیشان بدەن… هەلومەرجی قوربانیانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کارەساتباری وەکو کیمیاباران، ئەنفال، ئاوارەیی، قوربانیانی جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆ… قوربانیانی دەستی دزی و تاڵانی و برینی موچە… بدەن بەروویاندا. کارنامەی دژی ئازادی و بێمافیەکان و لیستی قوربانیانی ژنی دەستی پیاوسالاریان، بۆ بکەنە دیکۆمێنت. یاساو ریسا بەعسیەکانیان و دۆسیەی بێیاسییان، بکەنە بەڵگەی پوچی بانگەشەکانیان. تۆماری تیرۆری رۆژنامەنوسان و کەسانی سیاسی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوزاو هەلسوراو و کادر و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی ناوچەکەیان بە لیست نیشان بدەن.

٢٧ ساڵ… دزینی بەری رەنجی دەستی ماندوو بوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان، درۆ، سەرکوت، نۆکەرایەتی، دزی و تاڵانی، نادادپەروەری، سەرکوتی ئازادی و زەوتکردنی سەرتاییترین مافی تاک و هاوڵاتیان، پەرەدان بە کۆنەپەرستی، یاسای دژە ژن، ویرانکردنی سیستەمی خوێندن و پەروەردە، تەندروستی، نەبوونی سەرەتایی ترین خزمەتگوزارییەکان، خۆشخزمەتی و نۆکەرایەتی بۆ وڵاتانی ستەمگەر،… کارنامەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتییە… کارنامەی پارتی و یەکێتی و کاراکتەرە تۆراوەکان و حزبە ئۆپۆزیسێۆنەکانە، کارنامەی سەرانی ملیۆنیری خۆ بەسیاسەت هەڵوسراوەوەیە… بۆیە دەبێ بە ریسواکردنیان و بەردەوامی دان بە خەبات بۆ راماڵینیان، وەڵامی بانگەشەو کارگەری وەگەرخستووی درۆکانیان بدرێتەوە… ئەمانە ناتوانن تۆبە بکەن، تۆبەی گورگ مەرگە…

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *