لە گۆشەیەکی ترەوە… پرس وڕای هەفتانە
موزەفەر عەبدوڵا
پێویستە چ ئاسۆیەک بخەینە بەردەم خۆمان؟!
ڕۆژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و ناڕەزایەتی چینایەتی نێونەتەوەیی کرێکارانی جیهان بەڕێوەیە. ئەم ڕۆژە پێویستە هەر لە ئێستاوە ببێتە جێگای سەرنج و پرس و ڕای ڕۆژانەی هەموو کرێکاران و رابەرانی سۆسیالیست و کۆمۆنیست و حزب و ڕێکخراوەکانیان. پێویستە هەموومان بپرسین پێویستە بە چ ئاسۆیەکەوە پێشوازی لەم ڕۆژەمان بکەین؟!
سەرەتا بەرلەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە وا پێویست دەکات زۆر بە خێرایی چاوێک بخشێنین بەسەر کورتە مێژووی سەرهەڵدان و گەشەی بیرۆکەی ئەم ڕۆژەو قۆناغەکانی کە ئەمساڵ ١٣٦ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بڕیاری کردنی لەلایەن ئەنتەرناسیونالی دووەمەوە لە ساڵی ١٨٨٦ وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی چینی کرێکار لە ئاستی جیهاندا.
وەک زانراوە بیرۆکەی مێژویی سەرەتایی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ کرێکارانی کەشتیڕانی لە ئوسترالیا، و پاشان پشگیریکردنی لە لایەن کرێکارانی شاری شیکاگۆی ئەمریکا کە لەو سەروبەندەدا بوو نارەزایەتییەکانیان کەوتە بەر هێرشی درندانەی هێزی چەکداری سەرمایەداران کە چەند کرێکارێک گیانیان بەختکردو هەندێکیشیان لە سێدارەدران.
هەروەها بیرۆکەی ئەم رۆژە هاوکاتە لەگەڵ زۆر خواستی تری وەک کەم کردنەوەی کاتی کارکردن بۆ هەشت سەعات کار. دابینکردنی سەلامەتی شوێنی کار، کرێی یەکسان بۆ کاری یەکسان. دابینکردنی پشوی ساڵانەو نەخۆشی و دایەنگەو..هتد. ئەمانە جگە لە بەرزکردنەوەی چەندین مافی تری وەک: ئازادی ڕێکخراوبونی پیشەیی و سیاسی و جەماوەری لە شوێنی کارو ژیان، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو ئەم داخوازییە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیانە ئاویتە بوونە لەگەڵ ئاسۆ و ئامانجە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستییەکانی ڕەوتی کۆمۆنیستی کە تیورەکانی مارکس بۆتە تیۆرو پراتیکی شۆرشگێرانەی ئەم چینە. ئەمەش بە تایبەتی لە دوای پێکهێنانی یەکەمین ڕێکخراوی کۆمۆنیستی کۆمەڵەی تێکۆشەرانی ڕەنجدەران لە ئەڵمانیاو، پاشان کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان و، تا ئەنتەرناسیونالی یەکەم و دووەم کە هەموویان بە دەست پێشکەری ڕاستەوخۆی مارکس و ئەنگلزو سەدان ڕابەری کۆمۆنیستی تر لە ئەوروپاو ئەمریکاو ئوسترالیا پێکهاتن.
وە لەچواچیوەی مێژووی ئەم خەبات و ناڕەزایەتی و ململانێیانەشدا بوو مانیفیستی حزبی کۆمۆنیست، کە بەرنامەی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان بوو، لە لایەن مارکس و ئەنگڵزەوە نووسران، بوو بە بەرنامەی فکری و سیاسی و ستراتیژی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاریی بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی بورژوازی و دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی وکۆمۆنیستی.
جا لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ چینی کرێکار لەگەڵ چونەسەری ناڕەزایەتی و خەباتیان، بە پێی ڕادەی یەکگرتویی و ڕێکخراوبونیان، لە ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەری و حزبیاندا هەمیشە ڕۆژی یەکی ئایاریان کردۆتە ڕۆژێک بۆ نیشاندانی ئیرادەی شۆرشگێڕانەیان لەسەراسەری جیهان. وە لە ڕێڕەوەی خەباتیشیاندا توانیتیان دوو جار دەسەڵاتی چینی بۆرژواو دەوڵەت و حکومەتەکەیان بە ڕاپەرین و شۆڕشی خۆیان بڕوخێنن. یەکەم جار لە کۆمۆنی پاریس ساڵی ١٨٧١، دووەم جاریش لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ لە روسیا بە ڕابەری لینین و حزبی بەلشەفیک توانیان دەوڵەت و دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی لە ڕوسیا بڕوخێنن. کرێکاران و جوتیاران و سەربازان کە ڕێکخراوبون لە شوراکاندا(سۆڤیەتەکان)دەسەڵاتی جەماوەری خۆیان دامەزرێنن.
ئیتر لەو ساڵانە بەدواوە ڕۆژی یەکی ئایار لە سایەی دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە زۆربەی وڵانی جیهان ئەم رۆژە بووە بە پشوی ڕەسمی. لەم ڕۆژەدا بە ڕەسمی دەوڵەت هەڵدەستا بە ڕێکخستنی خۆپیشاندان و کۆڕوکۆبونەوەو مەراسیم و دەیان چالاکی تر کەسەرتاپا کۆمەڵگەی ئەو وڵاتانەو تەواوی جیهان ڕەنگ و بۆی ئەم ڕۆژەی دەگرت، بەڵام ئەوە چەند دەیەیەکە لە دوای هەرەسی ئەم تاقیکردنەوەیەو باڵادەستی تەواوی چینی بۆژوازی و حزبە ڕاستەکانەوە، کە بەردەوام لە هەوڵی لێدان و ڕێگاگرتن و پیلانگێڕین لە دژی جولانەوەی کرێکاریی و کۆمۆنسیتی و حزب و ڕیکخراوەکانیان ئەم ڕۆژە وەک ئەو دەورانەی پێشو ئاپۆڕەدارو شکۆدار نییە. چونکە چینی بۆرژوازی و حزب و دەسەڵاتەکانیان هەوڵ دەدەن لە ڕۆڵ و گرینگی ئەم ڕۆژە کەم کەنەوە تا ئاستی ئەوەی کە ڕۆژێکی کریکارییە، تەنها بۆ کۆمەڵێک داواکاری و چاکسازی، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی بۆرژوازی و حزب و دەوڵەتەکانیان ڕابەرانی جولانەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی بەردەوامن لە کاروچالاکی جۆراوجۆر لەم ڕۆژەدا. هەر لە خۆپیشاندان و ڕێپێوان و مەراسیم و کۆڕوکۆبونەوەو مانگرتن بۆ ماف و ئازادییەکانیان تا دەگاتە بەرزکردنەوەی دروشمی شۆرشگێرانەی سۆشیالسیتی و کۆمۆنیستی بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەداری.
جا ئەگەر بەراوردێکی ئەم چەند دەیە بکەین لەگەڵ دەورانە سەرەتایییەکانی دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتە کریکاری و سۆسیالیستییەکان لە ڕوسیاو زۆر وڵاتی تر، تەنانەت دەورانی پێش ئەوانیش، ئەوە ڕادەی پەرشوبڵاوی و لاوازی هەمەلایەنەی کرێکاران، وەک چینێک بۆ خۆی، لەمرۆدا زیاتر بەدەردەکەوێت. هەموو ئەمانەش لەبەرنەبوونی حزبە کۆمۆنسیت و رێکخراوە جەماوەرییە شۆرشگیرە کۆمەڵایەتییەکان. هەر بۆیە ئەم ڕۆژەش زیاتر ڕەوتە ڕیفورمخوازو سەندیکایی و ئەنارکی و زۆر ڕەوتی تری ناو بزوتنەوەی کرێکاری بە ئاسۆ و ئامانجی خۆیانەوە پێشوازی دەکەن و ڕێکی دەخەن. ئەمە جگە لەوەی کە دەوڵەت و ڕژێم وحزبە ڕاستە لیبرالی و قەومی یەکانیش بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی جدی دەدەن چ بە سیناریۆ سازکردن لەلایەن سەندیکاو رێکخراوە زەردەکانیانەوە لەم ڕۆژەدا بۆ خاڵیکردنەوەی ناوەڕۆکە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەکەی چ قەدەغەکردنی ئەم ڕۆژەو ڕێگانەدان بەهیچ چالاکی یەک.
بۆیە لە پێشوازی ئەمڕۆژەدا پێویستە لەسەر ئێمەی کرێکاران و کۆمۆنسیتەکان، و هەموو ئینسانە ستەمدیدەکان بە گشتی، ڕێکخراوەو حزبە کۆمۆنستەکان بە تایبەتی، لەچەند هەفتەو مانگ بەر لەم ڕۆژەوە بۆ پێشوازی ئەم ڕۆژە ئامادە بین. لێژنەو ئەنجومەنە تایبەتەکان پێکبێنین بۆ جۆرەها کاروچالاکی. هەر لە بەستنی کۆنفرانس وکۆڕوکۆبونەوەو ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندان وڕێپێوان و مەراسیم و پێشەنگای هونەری و ئەدەبی هەتا دەگاتە ئاهەنگ و گۆرانی و سەماو مۆسیقای خۆشی و شادی. هاوکات پێویستە حزب و ڕێکخراوە کۆمۆنستییە شۆرشگێرەکان پێشەنگ بن لە بەرزکردنەوەی دروشمە شۆرشگێری و سۆسیالیستی و کۆمۆنیستییەکان کە ئامانج و ئاسۆی شۆڕشگیرانەی ڕوخانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و دامەزراندنی دەسەڵاتی چینی کرێکارو دەوڵەت و کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دەخەنە دەستور کارەوە بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئاگایی سیاسی و ڕێکخراوەیی چینایەتی کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە.
هەر لە دروشمی کرێکارانی جیهان یەکگرن، چینی کرێکار بەهێزی یەکگرتوانەی خۆی ڕزگار دەبێت، هێزی چینی کرێکار لە ڕادەی ڕێکخراوبوونیدایە، ڕێگاچارە بۆکۆتاییهێنان بە هەموو کێشەو گرفتەکان تەنها سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمە، بژی سۆسیالیزم، ئازادی یەکسانی حکومەتی کرێکاری …هتد پێویستە ئەم دروشمانە ببێتە پێشەنگ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و کۆڕوکۆبونەوەو مەراسیمەکان.
هەر وەک دەبینین کە چینی بۆرژوازی و حزب و دەسەڵات و دەوڵەت و حکومەتەکانیان دەیان ڕۆژی موزەیەفی ئەفسانە داتاشراویان بۆخۆیان دروست کردوەو کردویانە بە هێمای پیرۆزو سەپاندویانە بەسەر هەموو خەڵکدا. چەندین ڕۆژیان داناوە بە ناوی ڕۆژی نیشتیمانی و نەتەوەیی و گەلی و ئایینی و سەربازی، بەڵام ئەم ڕۆژانە هیچ قازانج و سودێکیان بۆ کرێکاران و خەڵکی چەوساوە نییە، جگە لە گێژکردن و خۆشخەیاڵ کردنیان نەبێت.
بۆیە کرێکاران و خەڵکی چەوساوەش، لە پێشیانەوە ڕابەرانیان وهەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، پێویستە ڕۆژی یەکی ئایار بکەنە ڕۆژی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و هێز نیشاندانی کۆمەڵایەتی خۆیان لە هەمو شوێنک. لە کارگەو فەرمانگەوە تا شەقام و پارک و هەر جێگایەکی تر. لەم ڕۆژەدا وێرای بەرزکردنەوەی خواست و داوا ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێویستە وەک وتمان زۆر دروشمی تری شۆرشگێری سۆشیالسیتی و کۆمۆنسیتی بەرزبکڕێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و ئیرادەی یەکگرتوانەی سیاسی و چینایەتی کرێکاران لە ڕیڕەوی خەباتی ڕۆژانە تا ئاستی ڕاپەین.
پێویستە بەم ئاسۆیەوە لە پێشوازی یەکی ئایار، ڕۆژی نێونەتەوەیی چینایەتی کرێکاراندا، بین.
تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…