عبدالرحمن رسول
تێرۆر واتە کوشتن وگیان لێسەندنەوە لە مرۆڤەکان بەبێ ئەوەى پێشتر قوربانییەکە یان مرۆڤەکە بزانێت کە لەوڕێگایە یاخود لەوشوێنە یان لەوکاتەدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەگەڵ دوژمنەکەیدا، زۆربەى جار کەسى تیرۆرکراو بەهیچ شێوەیەک کەسى تیرۆریستى نەدیوە ونەناسیوە، یان هیچ گفتوگۆیەکیش ڕووى نەداوە لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام بەبێ تاوان دەکرێنە قوربانى. ئەو مرۆڤانەى کە کارى تیرۆریستى دەکەن بۆ دەوڵەتێک یان ڕێکخراوێکى تیرۆریستى دوورن لەهەبوونى ویژدانى زیندوى مرۆڤایەتى، دوورن لەبەهاجوانەکانى مرۆڤایەتى، دوورن لەعەشق وخۆشەویستى بۆمرۆڤەکان، دوورن لەئاکارو ڕەوشتى جوانى مرۆڤایەتى واتە ئەوانەى مرۆڤەکان تیرۆردەکەن گۆشکراون بەفەرهەنگ وسونەت وبیروباوەڕى کۆنەپەرستى و وەحشیگەرى ودژەئینسانى، هەروەها ئەوانەى کە هاوکارى تیرۆریستان دەکەن بەهەرجۆرێک بێت چ ماددى وچ مەعنەوى (پێدانى زانیارى) بەکەسى تیرۆریست کەتایبەت بە چۆنێتى ژیان وشوێنى ژیان وشوێنى کارکردنى کەسى تیرۆرکراو بەمەبەستى دەست ڕاگەیشتن بۆ تیرۆرکردن، هیچ جیاوازیان نییە لەگەڵ تیرۆریستان وبکوژانى مرۆڤەکان. ئەوانەى هاوکارى تیرۆریستانن بەهەرجۆرێک بێت بەهەمان شێوەى تیرۆریستان تاونبارن. هیچ بیانویەک وپاساوێک دروست نییە بۆهاوکاریکردنى ئەنجامدانى کارى تیرۆریستى لەبەرئەوەى مرۆڤەکان لەهەموو شتێک و لەهەموو بەهایەک بەنرخترن پێویستە بەئازادى بژین نەک تیرۆرکرێن.
هەروەک کارڵ مارکس گوتویەتى (مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە) کەواتە چۆن دەکرێت کڕین وفرۆشتنى پێوەبکرێت؟! لەپێناوى پێدانى پارەو ساماندا هاوکارى تیرۆریستان بکرێت. گیانى تێکۆشەرانى ئازادیخوازو یەکسانیخواز کەشەو ڕۆژ بەبێ وەستان لەکارکردنى تێکۆشاندان بۆ دەستەبەرکردنى ژیانێکى باشترو شایەستەترو بەرابەرو ئازاد دوور لەهەرچەشنە چەوسانەوەیەک بۆ مرۆڤەکانى کۆمەڵگەکەیان بە ئاوات دەخوازن، بەڵام بەشێک لەمرۆڤەکان بەهاوکاریکردنى تیرۆریستان دەیانەوێت ئامانج وخواستە ئینسانییە جوانەکانى ئەو مرۆڤ تێکۆشەرانە بەتیرۆرکردنیان لەگۆڕبنێن. دەبێت تیرۆریستان ئەوە باش بزانن کە ئامانج وخەونەکانى تێکۆشەرانى ئازادیخواز ویەکسانیخواز هەرگیز فەرامۆش ناکرێت لەلایەن هاوڕێیانى تێکۆشەرانى گیانبەختکردووى دەستى تیرۆریستان و تەواوى خەڵکى تێکۆشەرو دڵسۆز بەهێنانەدى ماف وئازادییەکان.
لەناوبردنى تیرۆرو توندڕەوى ئەرکى هەموو مرۆڤێکى بەویژدان وئازادیخوازەو ئەرکێکى پیرۆزە ناکرێت بەهیچ شێوەیەک کەمتەرخەم بین لەئاست دژایەتیکردنى بیروباوەڕى توندڕەوى وتیرۆریستیدا ئەمەش لەپێناوى گەشەدان بەئازادى وئاسوودەیى و ژیانێکى ئارام بۆ سەرجەم مرۆڤەکان بەبێ جیاوازى.
لەماوەى دوومانگدا کۆمارى فاشیزمی ئیسلامی ئێران بەپشتیوانى هاوکارەکانى لە باشوورى کوردستان لەژێر سایەى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا چەندین کارى تیرۆریستى ئەنجامداوە، تیرۆریستان لەئەنجامدانى کارەکانیان سەرکەوتووبوون، بۆچى؟ لەبەرچى؟ لەم کات وسەردەمەدا دیسان تیرۆرى تێکۆشەرانى ئازادیخوازى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەکرێتە ئامانج؟! وەڵامى ئەم پرسیارانەى پێویستە سەرۆکى حکومەت وجێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وسەرۆکى پەرلەمان وجێگرى سەرۆکى پەرلەمان وسکرتێرى پەرلەمان و ئەندامانى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان وسەرۆک وسکرتێرى حیزبەکانى دەسەڵاتدار لەباشوورى کوردستان وەڵامى خەڵکى کوردى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وسەرجەم تێکۆشەرانى ئازادیخوازى ئۆپۆزیسیۆنى ئێران بدەنەوە. ناکرێت هەموو جارێک کە تێکۆشەرێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان تیرۆربکرێت تەنها بروسکەى هاوخەمى و سەرەخۆشى بڵاوبکرێتەوە، بەڵکو خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وئازادیخوازان وەڵامى جدى ترى دەوێت. خەمخۆرى کردارى دەوێت.
ئەگەرناتوانن ئاسایش وئەمنێتى سەرجەم تێکۆشەرانى ئۆپۆزیسیۆنى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وئێران بپارێزن پێویستە بەئاشکرا وڕاستەوخۆ پێیان بڵێن و بەخەڵک ڕابگەیەنن کە حکومەتى هەرێمى کوردستان ناتوانێت ئاسایش وئارامى بۆ هەڵسوڕاوانى حیزبەکانى ئۆپۆزیسیۆنى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وئێران دابین بکات. کاتێک بەرپرسانى دەسەڵات وحکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوە ڕابگەیەنێت زۆرجوان ولەجێی خۆی دایە هیچ کەس وحیزب لایەنێکى ئۆپۆزیسیۆنى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وئێرانى نەڕەخنەیەکى دەبێ و نەهیچ گلەییەک، بەڵام کێشە ئەوەیە کە چەندین ساڵە تیرۆرکردنى تێکۆشەرانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەباشوورى کوردستان بەردەوامەو درێژەى هەیە، کەچى بۆ تەنها جارێک تاوانباران وتیرۆریستان سزاى خۆیان وەرنەگرت لە دادگاکانى باشوورى کوردستان. بەبڕواى من درێژەدان بەکارى تیرۆریستى لەدژى هەڵسوڕاوانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەباشوورى کوردستان نەک تەنها تیرۆریستان تاوانبارن، بەڵکو شەرمەزارى میژوویی تۆماردەکات بۆ دەسەڵات وحکومەتى کوردى لەباشوورى کوردستان ڕیسوابوونى جۆرى سیستەم ودەسەڵاتیان ڕوونتر بۆمرۆڤایەتى دەردەکەوێت.
لەژێرسایەى ئەو دەسەڵات وسیستەمە چەوسێنەرو سەرکوتگەرو گەندەڵکارو نابەرابەرەدا لەماوەى مێژوویی دەسەڵاتە نەگریسەکەیدا ساڵ نییە چەندین کەس تیرۆر نەکرێن وژنان و کچان ڕەشەکوژ نەکرێن تەرمەکانیان لەقەراغ شاروگوندەکان فڕێنەدرێت. چەندەها نموونە هەیە وەک تیرۆرکردنى بەکر على و گوللەبارانکردنى پێنچ تێکۆشەرى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى لەلایەن یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەئاشکرا تەنها لەبەرئەوەى هەڵسوڕاوانى ئەو حیزبە داکۆکى وبەرگرییان لەماف و ئازادییەکانى خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێش وکارمەند و دەستفرۆشانى باشوورى کوردستان دەکرد بە پیلانگێڕى ڕژێمى کۆنەپەرستى ئیسلامی ئێران وبەجێبەجێ کردنى خودى مەکتەبى سیاسى و بەسەرپەرشتى نەوشیروان مستەفا ئەو مرۆڤە کۆمۆنیست و ئازادیخواز ویەکسانیخوازە بەئاشکرا گوللەباران کران. تیرۆرکردنى ڕابەرانى کۆمۆنیستى کرێکاریی (شاپور عبدالقادرو قابیل عادل ) کە لە شارى هەولێرو… تاد.
تیرۆرکردنى مامۆستا سەلاح هەورامى و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانى و شوکرى زەینەدین ودکتۆر شڤان وڕێناس ونەزیرعمرو ئارام ومحمد حەلاق و هاوڕێکانى وعەلى بۆسکانى وڕەئوف ئاکرێى وشێخ ستارو سۆرانى مامەحەمەو ئازاد احمد و ویداد حسێن وکمال شێخ سادە ناسراو بەکەمالە خرەو وەستا سەدیق ساڵیاوایى و……..هیتد
زۆر بەداخەوە ئەمرۆ لە (١٠ى خاکەلێوە-٢٧١٨) بەرامبەر(٣٠-٣-٢٠١٨) سەر لە بەیانی ئەحمەد ئیرانی ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری دیانا (سۆران) بەدەستی تیروریستانی کوماری فاشیزمی ئیسلامیی تیرۆرکرا. نەفرەت لەکۆماری فاشیزمی ئیسلامی ئێران. نەفرەت لەهاوکارانى تیرۆریستانی ئیسلامیی. سەرکەوتووبێت تێکۆشانی هاوبەش ویەکگرتوانە بۆڕوخانی کۆماری فاشیزمی ئیسلامی ئێران. ئەمە چەندەمین کارى تیرۆریستییە کە لەماوەى تەنها دوو مانگدا ئەنجام بدرێت. کە پێشتر سێشهمه لەسهر چوارشهمه ٦لهسهر ٧ی مارسی ٢٠١٨، (١٥ له سهر ١٦ی ڕهشهمهی ١٣٩٦)،هەڵسوڕاو تێکۆشەرێکى حیزبى دیموکراتى کوردستان بەناوى قادر قادری که به ماشێنی خۆی به سهردانێک چووبووه میحوهری بالیسان_چوارقوڕنه، به داخهوه درهنگانی شهو دهدرێته بهر دهسڕێژ و تهرمهکهی، له دهوروبهری ماشێنهکهی له نزیک گوندی “ههرتهلێ” دۆزراوهتهوه. ئهو کادره ناسراوهی حیزبی دیموکڕات کێشهی شهخسیی لهگهڵ هیچ کهس و لایهنێک نهبووه. ههروهها لە ١-٣-٢٠١٨ لەبنەسڵاوە لەشارى هەولێر بۆمبێک بەئۆتۆمبیلێکى تێکۆشەرێکى ترى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە کادیرى حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران کە ئەویش هیچ کێشەیەکى شەخسى یان کۆمەڵایەتى نەبووە دواتر بۆمبەکە دەتەقێندرێتەوە بەسەختى دووکەس برینداردەبن کە کوڕو باوکێک پێکەوەدەبن، بەداخەوە یەکیان بەناوى سەلاح ڕەحمانى گیان لەدەست دەدات.
بە درێژایی دەسەڵات وحکومەتى هەرێمى کوردستان لەساڵى ١٩٩١ هەتاوەکو ئێستا کە ٢٠١٨ بە چەندەها کەس تیرۆرکراون لەباشوورى کوردستان لەهەڵسوڕاوان و تێکۆشەرانى حیزبەکانى ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى، کۆماری ئیسلامیی له دوو ساڵی ڕابردوودا، چهندین پیلانی تیرۆریستی له ههرێمی کوردستان له دژی بنکهکان و تێکۆشهرانی کوردی ڕۆژههڵات بهڕێوهبردوون، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بهکرێگیراوهکانی به ئهنجامدهری سەرجەم کارە تیرۆریستییەکان کە لەدژى تێکۆشەرانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەنجام دەدرێت تاونبارە لەبەرئەوەى تەراتێنی دەزگای اطلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستانی عێراق بەئاشکرا دیارە لەشاروشارۆچکەکانى کوردستان دێن ودەچن، بنکەو نووسینەگەى تایبەتەمەند بەئیتڵاعاتیان هەیە. بەرپرسانى باشوورى کوردستان رێگەیان بۆ دەزگای سیخوری اطڵاعات کردۆتەوە کە بەئارەزووی خۆیان نەیارانی کۆمارى ئیسلامیی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بکەنە ئامانج. کەئەمەش نیشانەى هاوکارى ویارمەتى دانى بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حیزبەکانى دەسەڵاتدار لەباشوورى کوردستان نیشان دەدات. کردنەوەى دەرگاکانە بۆ دەزگای ئیتڵاعاتى تیرۆریستییەکانى کۆمارى ئیسلامی ئێران، بۆئەوەى درێژە بەکارە تیرۆریستییەکانى بدات لەباشوورى کوردستان، ئەم کردەوە چەپەڵەى کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکومەو شەرمەزارە، پێویستە خەڵکى باشوورى کوردستان لەئاست کارە چەپەڵ و دژە ئینسانییەکانى دەزگاکانى ئیتڵاعاتى ئێرانى کە کارى تیرۆریستى ئەنجام دەدات وە دەنگ بێن و ئەم دەزگاو سیخوڕانە بەشەق وەدەرنێن لەباشوورى کوردستان، هەبوونى ئەم فەرمانگەو دەزگا ئیتڵاعاتیانەى کۆمارى ئیسلامی ئێران نیشانەى هەبوونى شەرمایەزارى یە بۆخەڵکى باشوورى کوردستان، لەگەڵ بەردەوام بوون وئەنجامدانى هەرکارێکى تیرۆریستیدا کەلەدژى تێکۆشەرانى ئازادیخوازى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەنجامدەدرێت بەدڵنیایەوە زۆریان پێناخۆشەو ئارەقى شەرمەزارى دەسڕن لەبەرئەوەى لەماڵى خۆیان لەباشوورى کوردستان تیرۆردەکرێن، ئیتر با بەس بێت چیتر ڕێگە نەدرێت ئەم تێکۆشەرە ئازایانە، بەم جۆرەتیرۆربکرێن، ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازو یەکسانیخوازى کوردستانە لەئاست بەردەوامى تیرۆریزمی کۆمارى سێدارەى ئیسلامیی ئێران نارەزایەتی دەرببڕن. پاراستنی ژیانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتى کوردستان وئۆپۆزیسیۆنى ئێرانی لەئەستۆی حکومەتى هەرێمى کوردستان ودەسەڵاتدارانی کوردستانە.
کۆمارى فاشیزمی ئیسلامیی بەدڵنییایەوە بەهیچ جۆرێک دەست هەڵناگرێت لەئەنجامدانى کاری تیرۆریستى لەدژى نەیاران وتێکۆشەرانى سیکۆلارو ئازادیخواز، بەردەوام هاوکارى گروپ وڕێکخراوە توندڕەوە وتیرۆریستییەکانى وڵاتانى تریشى کردووە. هەربۆیە باشترین نەخشەڕێگاى چارەسەرى لەناوبردنى تیرۆر بەڕوخانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران دەست پێ دەکات.
لەبەرئەوەى ئەو ڕژێمە هارو دڕندەیە تەنها بەڕوخانى واز لەتیرۆر دەهێنێت. بۆیە ئەگەر هەر یەکێک دژى کارى تیرۆریستى وتوندڕەوییە پێویست دەکات هاوکارو پشتیوان بێت بۆ گەشەدان بە شۆڕش و ڕاپەڕین لەدژى ئەو ڕژێمە. ئەرکى سەرجەم حیزب و لایەنەکانى ئۆپۆزیسیۆنى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێرانە گەشە بەتێکۆشانى هاوبەش ویەکگرتوانەى زیاترى خۆیان بدەن، وێڕای هەبوونى فکرو بیروباوەڕى جیاواز تەنها جەخت لەڕوخانى ڕژێمى فاشیزمی ئێران بکەنەوەو دامەزراندنى سیستەمێکى سیکۆلارو ئازاد و شارستانى بکەنە بەدیهێنانى ئامانجەکانى داهاتوو.
تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…