ئەنفال…

عەبدوڵا مەحمود

ئەم ڕۆژانە سی ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفالدا تێدەپەرێت. سی ساڵ بەسەر گەورەترین کۆمەڵکۆژی ئاشکرا و بێدەنگەی دنیای بەناو دیموکراسیدا دەگوزەرێت، کە بەدەیان هەزار ئینسان، لەگەورەو بچوک، ژن و مناڵ، لاو پەکەوتە، بەکۆمەڵ بەرەو دۆزەخ بران و بەکۆمەڵیش ژێر خاکی لمینی و دەشتاییەکانی ناوەراست و خواروی عێراق کران… بێگومان سەدام حسێن و ڕژێمی درندەی بەعس، تاوانکاری سەرەکی ئەم کارەساتە جەرگبرە کەم وێنەیەی دنیای هاوچەرخن، بەڵام ئەمە هەرگیز نابێ ئەو ئاکامەی لێ وەربگیرێت کە لایەنەکانی تری بەشدار لەو کارەساتەدا، نادیدە بگیرێن…

کارەساتی ئەنفال، وەکو کارەساتی هەڵەبجە و بۆمبابارانی قەڵادزێ … نەک هەر رۆڵی حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستانی تیایە، بەڵکو لە بنەرەتەوە کارەساتی هەڵەبجەو شالاوەکانی ئەنفال و سوتماککردنی دەیان و هەزاران دێهات و تەنانەت راگوستن و لەگەڵ زەوی تەختکردنی چەندین شارو شارۆچکە لەچوارچێوەی جەنگ و ململانێێ رژێمی بەعس و بزوتنەوەی ناسیونالیستی شاخی کوردیدا رووی داوە…

کارەساتی دڵهەژێن و مەرگەساتی بەکۆمەڵی دەیان هەزار ئینسان لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا، وەیشومەی مەرگێکی بەکۆمەڵە، و هەڵگری خەرمانەیەک لێکەوتەی نەخوازراوە، کە هەرگیز لەبیر کەس و کارو ئازیزانیان، و بیری خەڵکی کوردستان و دنیای ویژدان زیندو ناچێتەوە…

ئەوەی ئەو کارەساتە جەگبڕە، و کاریگەرییەکانی لە کەس و کارو ئازیزانی ئەو قوربانیانەو خەڵکی کوردستان جیانابێتەوە… هەر ئەوە نییە کە سەدام حسێنی سەرە تاوانکار، بەر لە داننان بەو تاوانەو چۆنیەتی ئەنجامدان و کاراکتەرە بەشداربووەکانی، وە وەرگرتنی سزای تاوانکارانەیان، لە گەمەیەکی سیاسی و تۆڵەسەندنەوەی تایفیدا، نهینیەکانی لەگەڵ خۆی برد… بەڵکو هاوکات دوای سی ساڵ، کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال، لە ژیانێکی بێ ئەندازە نەخوازراودان… هاوکات دوای سی ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەموو خزمەتیان بە کەس وکاری ئەو قوربانیانە، بۆتە مەراسیم و بۆنەی سیاسی ساڵانە و ڤیستیڤاڵ سازکردن، بۆتە دۆسیەی کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆتە سەردانی پاڵیوراوە حزبیەکان بۆ سایە زاڵکردنی دەسەڵاتیان بەسەر قوربانیانی کارەساتە جەرگبرەکان و خەڵکی کوردستاندا…

سی ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا تێدەپەرێت، کەچی هێشتا، ژمارەی دروستی قوربانیانی ئەو کارەساتە، نادیارە، هێشتا روون نییە لەو قوربانیانە چەندیان و ژن و چەندیان پیاو و مناڵن، لەهەر ناوچەو گوندو دیهاتیکدا چەند کەس راپێچێ مەرگ کراون… لەوانەش کارەساتر ئەوەیە هەر ئەو حزبانەی کە فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی خەڵکی کوردستان و ئەنفال هەڵدەرێژن، وە کەیسی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانیان، کردۆتە دۆسیەی کۆکردنەوەی سەرمایەی سیاسی و سواڵی داهات و بەشی دەسەڵات… لەگەڵ گەرانەوەیان بۆ شارەکان و بەر لەراپەرین، بێ گوێدانە هیج هەست و سۆزێکی قوربانیان و بێ رەچاوکردنی هیچ بەهایەک بۆ یاساو لێپرسینەوە، لێبوردنی گشتیان بۆ دەیان و سەدان لە گرێگرتەکانی بەعس کە لە فەوجی خەفیفەو مەفرە تایبەتیەکاندا بوون، و بەبەڵگەوە بەشداری ئەو شاڵاوانەو چاوساغی ئەو جینۆسایدە بوون، گەردن ئازاد!! کرد. لەگەڵ کەوتنی رژیمی بەعسیشدا، دەیان لە کاراکتەرە سەرەکی و ئاگادار و بەشدار لە کارەساتی ئەنفال و کیمیاباراندا، لە چەشنی نزار خەزرەجی، هاشم و سڵتان و وەفیق سامەرایی و … لەلایەن هەر ئەو حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە پارێزران و فەرشی سوریان بۆ راخرا، رەوانەی ئەوروپا کران و وەفیق سامەرایش کرایە، راوێژکاری ئاغای جەلال تاڵەبانی…

هەموو ئەو راستیانە، پێمان دەڵێت، ئەو حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەشێکن لەو کارەساتە، نەک هەر لەکاتی روویدانیدا، بەڵکە دوای روداوەکەو دوای کەوتنی رژێمی بەعسیش…درێژە پێدەری ئەو کەیسەو خەریکی خوێ رێژکردنی زامی کەسوکاریانن..  ئێستاش خەریکن بێ شەرمانە سەردانی کەس و کاری ئەو قوربانیانە دەکەن، نەک بۆ پرسینەوە لە ژیان و گوزەرانیان هاوکاری کردنیان، نەک بۆ راگەیاندنی و ئاشکراکردنی ناوی تاوانکارانی بەشدار لە جینۆسایدەدا، وە نە بۆئەوەی تەنانەت شوێنی دروستی گۆرەکانیان پێ بڵین… بەڵکو بۆ ئەوەی باهۆزی فریوکارییان بەسەردا ببەخشنەوە و داوای دەنگیان لێبکەن… تا بەسەر لاشەی دەیان هەزار کەسی جینۆسایدکراو کەس وکاری دل زامداریاندا، هەڵزنێن و درێژە بەدەسەڵاتی زاڵمانەو فیرعەونانەیان بدەن… یان دەستیان لەدەسەڵات گیر بکەن… چ تاوانکارییەکە، ژیانی سیاسی کردن لەسەر لاشەی قوربانیان و فرمێسکی وشک نەبووی دەیان هەزار ئینسانی زیندوودا… چ ریسواییەکە بەشداربیت لە کوشتار و جینۆسایداو فرمێسکی درۆزنانەش بۆ کەسو کاریان برێژیت و کارگەی درۆ بەخشینەوەش، بخەیتە گەر…

ئەو دۆخەی کە کەس و کاری ئەنفالەکان و کیمیاباران و کارەساتبارەکانی کوردستان، دەیگوزەرێنن، راستی بەردەوامی کارەساتەکان، بە جۆری تر نیشان دەدات… بەردەوامی خوێ ڕیژکردنی زامی قوربانیان بەیان دەکات… ئەو دەسەڵات و حزبانەی کایەی سیاسی بە گیانی قوربانیان و کەس وکاریانەوە دەکەن، ئەو حزب و لایەنانەی دەیانەوێ کوردستان بە دەسەڵاتی قەومی و ئیسلامی عروبی شەتەک بدەنەوە، دریژە پێدەری کارەساتی جینۆساید و کارەساتە دڵ هەژێنەکانن و نەخشە رێگایی زیندووبوونی کارەساتەکان دەگێرن… ئەو دەسەڵات حزبانەی هاوکار و هاوبەشیان، تاوانبارن، تاوانباری رابردوون، تۆمەتباری داهاتووشن… دەبێ لە پای ئەو تاوانەشیان، بکەونە بەردەم تورەیی و نەفرەتی جەماوەری قوربانی لیکەوتوو وە شۆشگێر و ئازادیخوازی کوردستانەوە…

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *