خوێنەری ئازیزی بڵاوکراوەی (بۆپێشەوە)، یەکی نیسانی ٢٠١٨ ساڵێک بەسەر دەرچوونی بڵاوکراوەی(بۆپێشەوە)دا تێپەردەبێت… بەبۆنەیەوە پێمان خۆشە بۆچوونی ئێوە لەسەر ساڵی ڕابردووی بڵاوکراوەکە بزانین چییە؟ ئێوە دەتوانن بەوپەڕی ئازادییەوە بۆچوونی خۆتان لەسەر ساڵی ڕابردووی بۆپێشەوە دەرببڕن، هەر ڕەخنە، سەرنج، تێبینی، پێشنیارێک کە هەتانە، بیخەنە ڕوو.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): سەرەتا پێویستە لەو دۆخە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە بنواڕین کە بڵاوکراوەی ئەلەکترۆنی (بۆ پێشەوە) تیایدا چاوی هەڵهێنا، چونکە لێرەوە ئێمە بایەخی بڵاوکراوەکە باشتر و ڕوونتر دەبینین. بڵاوکراوەی (بۆ پێشەوە) لەناو دۆخێکی ناجێگیری قەیراناوی سیاسیی و ئابووری و تاریک بە هێرش و پەلاماری ئیسلامی سیاسیی لەسەر تەواوی گۆشە و کەنارەکانی ژیان کەوتە کار. لەلایەکی تریشەوە ماوەیەکی زۆر بوو، بڵاوکراوە و ڕۆژنامە و گۆڤارە ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکان لە مەیداندا نەمابوون. بینینی ئەم بۆشاییە و هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی، جێگای ستایشە. چونکە بوونی بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی لەو تاریکستانەی کۆمەڵگە مایەی دڵخۆشییە. بەلای منەوە گرنگ نییە چ لایەن و حیزبێک لە پشت ئەو پڕۆژەیەوەیە و گرنگ نییە کێ سەرنووسەر و ستافی بڵاوکراوەکەیە. ئەوەی گرنگە چۆن وەک مۆمێک، نەخێر وەکو چرایەک لەو تاریکستانە دادەگیرسێ. چۆن بەگژ نادادپەریدا دەچێتەوە. چۆن دێر بە دێری نووسینەکانی دەبنە مایەی وزە و تینی خەباتکارانە بۆ کرێکاران. چۆن پەنجە دەخاتە سەر دەردەکان و مەرهەمەکان دەستنیشان دەکات. بڵاوکراوەی (بۆ پێشەوە) بە بۆچوونی من هەوڵیداوە دەنگی جیا و ڕەنگی جیا لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، هەوڵی داوە هەر تەنها کادرە حیزبییەکان قسەی تیا نەکەن، ئەمەش بۆ خۆی خاڵیکی پۆزەتیڤی ترە. لەلایەکی ترەوە بەردەوام لە کاتی خۆیدا بڵاو دەکرێتەوە. ئەم ئیلتزامە بە کات وای کردووە سەرنجی گەلێ نووسەری بەلای جیدییەتی ستافی بڵاوکراوەکە ڕابکێشێ. ئەمە جگە لەوەی کە لە بۆنە و یادە سیاسیی و چینایەتییەکاندا ئامادەیی هەبووە. لە یادی شووراکان، هەشتی مارس، یەکی ئایار و لا کردنەوە لە هاوڕێیانی گیان بەختکردووان و تەنانەت هەوڵی داوە لا لە ئەدەبی چینایەتیش بکاتەوە. هەموو ئەمانە دەتوانن کرێدتی بڵاوکراوەکە بەرنە سەر. بەڵام نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە بڵاوکراوەکە (ئەلەکترۆنییە) و زۆر بە دەگمەن دەگاتە کرێکاران، گەرچی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگە مۆبایلیان هەیە و زۆربەشیان دەستیان بە هێڵی ئەنتەرنێت ڕا دەگات، بەڵام هێشتا بڵاوکراوەی ئەلەکترۆنی نەیتوانیوە جێگای کاغەز بگرێتەوە. من ئەمە بەخاڵی نێگەتیڤ نازانم بەڵام بە ڕێگرییەکی دەبینم لەبەردەم چوونە سەری سەلیقەی خوێندنەوەی بڵاوکراوەکە. ئەمە ئەگەر وەک هۆکارێکی هونەریی تان تەکنیکیی تەماشا بکەین، ئەوا خاڵیکی تر ئەوەیە کە بڵاوکراوەکە نەیتوانیوە قسەی دڵی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بکات. هەروەها وەک خوێنەرێکی بڵاوکراوەی(بۆ پێشەوە) پێشنیار دەکەم کە :
یەکەم: ئاوڕ لە مێژووی خەباتی چینی کرێکاران بداتەوە (چ لەسەر ئاستی عێراق یان جیهان) و باسی دەرس و تەجرەبەکانیان بکات.
دوو: زۆر خۆی بە کێشە سیاسییەکانی ڕۆژانەوە سەرقاڵ نەکات. لە بری ئەوە هەوڵ بدات مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بڵاو بکاتەوە.
سێ: مەسەلەی تیئوری مارکسیزم تەرخانکردنی گۆشەیەک سەبارەت بە تیئوری مارکسیزم بە گرنگ دەزانم.
چوار: بایەخدان بە مەسەلە قانوونییەکانی کرێکاران وەک قانوونی کاری کرێکاریی.
بەو ئومێدەی بڵاوکراوەی (بۆ پێشەوە) بتوانی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و خوێنەرانی خۆی وا لێبکات قەزاوەت لەسەر ستایشکردنی بکەن.
٢٣ ی ئازاری ٢٠١٨
بۆچوونتان چیە لەسەر بۆپێشەوە؟
ئازاد عەلی: لە کاتێکدا سەرمایەداری سەرجەم کەناڵەکانی میدیا و ڕاگەیاندنەکانی کۆنتڕۆڵ کردووە، و بەکاری ئەهێنێ بۆ چەواشەکردن و بە لاڕێدابردنی کۆمەڵگەی بەشەریەت؛ بوونی هەر دەنگێكی ناڕازی و هەر هەوڵ و هەنگاوێک، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو تەوژم و سیاسەتەی سەرمایەداری و پیشاندانی ڕووی ڕاستی کێشەکان و ماهیەتی دەسەڵاتی جینایەتکاری سەرمایەداری. جێگای شانازی و دەستخۆشی و سەپۆرتکردنە. پێموایە بۆپێشەوە بەشێکە لەو دەنگە، کە بەڕوونی ئەو هەقیقەتە ڕائەگەیەنێ کە تاکە ڕێگای ڕزگاری بەشەرییەت هەر سۆسیالیزمە.
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ بۆپێشەوە دەخوازم پیرۆزبایی بەسەرچوونی یەکەم ساڵی بۆپێشەوەتان لێدەکەم.
ئازاد علی/ کەنەدا
مستەفا باهیر: سەرەتا پیرۆز بای لەخۆم و تەواوی ھاوڕێیان و خەمخۆرانی بزوتنەوەیی کرێکاری دەکەم بەم بۆنایەوە. من پێم وایە ھاوڕێیانی کۆمۆنیست و ئازادی خوازان و ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری.دەمێکە بێبەشن لە مینبەرێکی لەم چەشنە..پێم وایە بۆپێشەوە توانیویتی ئەو منبەرەبێت کە دەمێکە بزوتنەوەکە لێی بێبەشە .بۆ پێشەوە دەورو نەخشی بەرچاوی ھەیە لە ناو کۆمەڵگای کوردوستانا بەتایبەتی لە ناو ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریدا. ھیوادرم بەردەوام بێت.
کەریم کەریم: بڵاوکراوەی ( بۆپێشەوە ) سەدا و بڵنگۆی دەنگی ئازادیخوازان و شۆڕشگێران و چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و تەواوی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی یە. بڵاوکراوەی ( بۆپێشەوە ) لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لەبەهاری ساڵی ۱۹۹۱ دا سەرکوت کرا و داخرا بەدوای هێرش و پەڵامارەکانی دەسەڵاتی ناسیونالیستی میلیشیایی و ڕەگەزپەرستی مەزهەبی چونکە تاکە بڵاوکراوەی سیاسی بوو لەگۆڕەپانی کوردستاندا بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی ڕاستی و هەواڵ و ڕووداوەکان بەشێوەیەکی زۆر زیندوو و داهێنەرانە کە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی زۆر گەرم و گوڕی لێدەکرا. بەڵام خۆشبەختانە بڵاوکراوەی ( بۆپێشەوە ) لەسەر دەستی هاوڕێیان و ڕابەران و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی جارێکی تر سەری دەرهێنا و بەناحەزان و سەرکوتگەرەکانی وت تا چینی کرێکار و هەژار و کاسبکاران تەواجودیان هەبێت ئەوا ئێمەش بەوپەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە تەواجودمان هەیە بۆ گۆڕینی سیستمەمی زاڵمانەی سەرمایەداری بەسیستەمێکی عەداڵەتخواز و ئازادیخواز و بەدیهێنانی دونیایەکی باشتر بۆ سەرجەم مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. با خوێنەری بەردەوامی بڵاوکراوەی ( بۆپێشەوە ) بین بۆ ناسین و گەیشتن بەڕاستی هەواڵ و ڕوودا و بابەتە سیاسی یە هەنووکەییەکانی تری ئەم بڵاوکراوەیە ئازیز و خۆشەویستە…!
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارەی ژمارە ٢٥ی بەرواری ١/٤/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…