خێرو بێری فیدرالیزم لە پەیوەند بە ناردنی موچە لە بەغداوە

      بۆپێشەوە

کاتێک کە حزبەکان و پەرلەمانی بزووتنەوەی کوردایەتی بڕیاریان لەسەر ئەوەدا کە بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە خواستی فیدرالیزم ستایش بکەن و وەکو دەسکەوتێکی گەورە و مایەی خۆشبەختی بۆ خەڵک وێنای بکەن و خەڵکی بۆ بهێننە هەلەکە سەما، هەر لە رۆژی یەکەمەوە کۆمۆنیزمی کرێکاری تاقە هێز و لایەنێک بوو کە ئەم بەدیلەی وەکو بەدیلێکی کۆنەپەرستانە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و داهات لەسەر بناغەی قەومی لەنێوان بۆرژوازی کورد و عەرەب مەحکوم کرد و بانگەوازی خەڵکی کوردستانی کرد کە فریوی ئەم بەدیلە کۆنەپەرستانەیە نەخۆن. ڕوونی کردەوە کە فیدرالیزم هاوکات بەدیلێکە بۆ ئەبەدیدان بە شەڕ و کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەی قەومی، بەدیلێکە کە لەسەر بناغەی دانی مۆری قەومی لە نێوچەوانی هاوڵاتیان و لەهەر بستە خاک و تەپڵۆکەیەک، لە هەموو هێزهاوسەنگیەکی تازەدا، بۆرژوازی کورد و عەرەب سەر لەنوێ دابەشکردنەوە و کەم و زۆرکردنی بەشەکانیان لە داهات و دەسەڵات و قەڵەمڕەوی فیدرالیزم، بەرامبەر یەک بگرنەوە و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بکەنەوە بە قوربانی و خۆراکی کێشەی کۆنەپەرستانەیان.

لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە فیدرالیزم کەوتە باری عەمەلیەوە، لەو رۆژەوە خەڵکی کوردستان شایەتی ئەو شەڕ و کێشە نەبراوەیەن کە کۆمۆنیزمی کرێکاری پێشبینی کردبوو. ڕۆژێک لەسەر بەندی ١٤٠ی دەستور و ڕۆژێکی تر لەسەر بەشی مافیاکانی هەرێم لە بودجە. ڕۆژێک لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە ناوچە جێناکۆکەکان و ڕۆژێکی تر لەسەر داهات و فرۆشتنی نەوت و گاز. ڕۆژێک لەسەر پێگەی بورژوا ناسیۆنالیستی کورد لە دەسەڵات و پۆستەکانی بەغدا و ڕۆژێکی تر لەسەر بەفەرمی پەسەند نەکردنی پێشمەرگە لە هێزی بەرگری عێراق…و….سەرئەنجام فیدرالیزم بوو بە گاڵتەجاڕ و دەیانجار سەرانی ناسیۆنالیستی کورد دانیان بەوەدا نا کە فیدرالیزمەکەیان شکستی خواردوە.

ئێستا ئیتر باسی ئەم بابەتە دەربارەی فیدرالیزم بە گشتی نییە، چونکە ئەو ئەزمونە ریسواو شکستخواردوە چیتر پێویستی بەوە نییە بە گشتی قسەی لەسەر بکرێت. لەم بابەتەدا تەنها دەمانەوێ لە پەیوەند بە مەسەلەیەکی گەرمی ڕۆژەوە کە مەسەلەی موچە و کرێی کرێکاران و فەرمانبەرانە باسی نمونەیەکی دیاریکراو لە خێروبەرەکەتی فیدرالیزم بکەین، کە چۆن جگە لە ئەلگۆیەک بۆ دەستەبەرکردنی بەشی بورژوازی کورد لە داهات و دەسەڵاتی عێراق، هیچی فڕێکی بەسەر ماف و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە نییە. با وەکو نمونەیەکی زۆر ڕوون و ڕاشکا و سەرنج بخەینە سەر ئەم نمونەیە و ڕاستی مانای فیدرالیزمی پێ لەقاوبدەین.

دوای چەند ساڵ لە بڕین و بە تاڵان بردنی قوتی خەڵک و موچە و کرێی کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان لە نێوان دوو دەسەڵاتی مافیای بەغدا و هەرێمدا، جەنابی عەبادی ملیدا بەوەی کە قەیدوبەندەکانی خۆیەوە ئەو موچە و کرێیانە بنێرێ بۆ کوردستان. لە پێشدا گومان لەوە نییە کە دەستبردنی دەسەڵاتی بەغدا بۆ بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان، پاساوەکانی هەرچی بێت، هەنگاوێکی تا سەرمۆخ ملهوڕانە و ستەمکارانە و دڕندانەیە. بەڵگەیەکە کە شۆفێنیزمی بورژوازی عەرەب بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەرجەستە دەکات کە چۆن لە کێشمەکێشی خۆی لەگەڵ بورژوازی کورد، بە برسیکردن سزای خەڵکی کوردستان دەدات. بەڵام بە هەر هۆیەک و لە ژێر هەر گوشارێکدا یان بۆ هەر مەرامێک بێت، کاتێک حکومەتەکەی عەبادی هاتەپای ملدان بە دەستهەڵگرتن لەبڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و لە هەنگاوی یەکەمدا تەلمیحی ئەوەیدا کە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی بارزانی و تاڵەبانی راستەوخۆ موچەکان بدرێن بە خەڵک، هەردوو بنەماڵەی حوکمڕان و دەوروبەرەکانیان هات و هاواریان لێ بەرزبوەوە کە ئەمە پیلانێکی ترسناکە بۆ بازدان بەسەر حوکمەتی هەرێم و پایماڵکردنی فیدرالیزمە وەکو دەسکەوتێکی گەورەی خەڵکی کوردستان. سەرئەنجام لە بەندوبەستێکی ژێربەژێردا، بەبێ ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان روون بێتەوە، هەردوو دەسەڵاتی تاڵانچی لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئەو بڕە پارەیە لە ڕێگای حکومەتە شکسخواردوەکەی نەوەکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوە بۆ خەڵکی کوردستان رەوانە بکرێت. بەڵام چی ڕوویدا؟!!!…….

حکومەتە چەتەکەی هەردوو بنەماڵە پارەکەیان لە عەبادی وەرگرت، بەڵام دیسانەوە هەمان چارەکە موچەیان بەسەر خەڵکدا دابەشکرد کە چەند ساڵە بە ناوی پاشەکەوتی زۆرەملێی موچەوە دەمی خەڵکی کوردستانی پێ تەڕدەکەن!! واتە رۆڵی فیدرالیزم و حکومەتی هەرێم لەم نێوەدا تەنها ئەوەبوو ئەو پارەیەش کە لە بەغداوە هاتبوو لوشدرا و چوو بۆلای ئەو ترلیۆن دۆلارانەی لە ٢٧ ساڵی ڕابردودا لەلایەن هەردوو بنەماڵە و دەست وپێوەندەکانیانەوە بەتاڵان براوە. ئەمە لە هەموو کاتێک ئاشکراتر ڕونی کردەوە کە فیدرالیزم و حکومەتی هەرێم هیچ نییە جگە لە تەرتیباتێک بۆ ئەوەی بەشی خەڵکی کوردستان بەوان بسپێردرێت و ئەوانیش دوای تاڵان و بڕۆی بێسنوور، ئەوەی لەبەردەستیان دەمێنێتەوە بیساون بەدەم خەڵکی کوردستاندا. لە بەرامبەریشدا سەرۆکی ئەم حکومەتە بنەماڵەییە ڕایگەیاند؛ ئەوانەی بەرامبەر ئەم تاڵان بڕۆ و ستەمکاریە دەست بۆ ناڕەزایەتی و خەبات دەبەن، جەنابیان بەڵتەجیەکانیان بەرەڵای گیانی خەڵکی ناڕازی دەکەن تا بە چەقۆ و دەمانچە سەرکوت و دەمکوتیان بکەن.

لەم هاوکێشە سادەیەدا ئەو ڕاستیە ڕوون بوەوە کە ئەگەر فیدرالیزمی قەومی کۆنەپەرستانە و حکومەتی هەرێم نەبوایە، دەستێکی تاڵانگەر لەسەر خەڵکی کوردستان کەم دەبوەوە و هەر بەو ئەندازەیەش موچەیەکی زیاتر و ژیانێکی باشتریان بۆ فەراهەم دەبوو. بۆیە ئەگەر تەنها لەم گۆشە نیگایەشەوە بڕوانین دەگەینەوە بەوڕاستیەی کە فیدرالیزمی قەومی دەبێتەوە بە کۆتێکی کۆیلایەتی لە دەست و پێی خەڵکی کوردستان. بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و عێراقیش لەوەدایە کە یان دور لە فیدرالیزم و دەستەبەندیکردنی هاوڵاتیان لەسەر بناغەی قەومی و دینی و تائیفی هەموو دانیشتوان وەکو هاوڵاتی مافی یەکسانیان هەبێت و هەموو کۆمەڵگە بە یەک دەستوری  پێشکەوتوانە و یەکسانیخوازانە بەڕێوەببرێت، یان ئەگەر بە هەر هۆیەکەوە ئەمە مەیسەر نابێت، خەڵکی کوردستان ڕێگای جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە سەرەئەنجام بگەیەنن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارەی ژمارە ٢٥ی بەرواری ١/٤/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *