نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
لە ٢٥ ئازارەوە، شەپۆلێکی تری نارەزایەتی و کرێکاران کارمەندانی تەندروستی، مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە، کرێکاران و کارمەندانی کارەبا و زۆرێک لە توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە، لە پێناو وەرگرتنی موچە لەکاتی خۆی و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچە دەستی پێکردەوە. نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە بەشێوەی کۆبونەوە، خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆت، چادر هەڵدان، بەڕیوەدەچێت و هاوکات بۆیەکەمین جارە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان تەواوی شارە سەرەکیەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و شارو شارۆچکەکانی تری گرتۆتەوە…
ماوەی سێ ساڵە سیستەمی پاشەکەوتی موچە و نەدانی ئەو موچەیەش لەکاتی خۆیدا، دەستی ناوەتە بینەقاقای فەرمانبەران و مامۆستایان و کارمەندان. لەماوەی ئەو سێ ساڵەشدا، چەندین جار خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆت و نارەزایەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچە و وەرگرتنی موچە لەکاتی خۆیدا، لە شارەکانی کوردستان بەتایبەتیش لە زۆنی سەوزدا وەرێخروە… بەڵام دەسەڵاتی سیاسی گوێی خۆی لە داخوازی رەوای خۆپیشاندەران خەواندووەو خۆپیشاندانەکانیش بە ئامانجی خۆیان نەگەیشتون.
درێژەکێشانی ئەو دۆخە نەخوازاوە لەگەڵ ئەوەدا، پاساوەکانی دواکەوتنی موچەو هێنانی سیستەمی پاشەکەوتی موچە، کۆتاییان پێ هاتووە کەچی دەسەڵات ئامادە نییە دەست لە بینەقاقای موچەخۆران و کرێکارن و بێ بەشانی کۆمەڵگە هەڵبگرێت… پاساوی داسەپاندنی سیستەمی پاشەوکەوتی وموچە و دواخستنی موچە ئەوە بوو، کە بەغدا پارە نانێرێت، جەنگی داعش هەیە، نرخی نەوت دابەزیووە، ژمارەیەکی زۆر ئاوارە روویان لە کوردستان کردووە، لە ئێستادا لە کاتێکدا بەغدا بەشێکی موچە دەنێرێت، نرخی نەوت دوو بەرابەر بووەو بەرزبۆتەوە، جەنگی داعش کۆتایی هاتووە، بەشێکی زۆری ئاوارەکانی دەرەوەی هەرێم گەراونەتەوە، هەرێم خۆی نەوت دەفرۆشێت، لەگەڵ داسەپاندنی جۆرەها باج و رسومات و داهاتی تری ناوخۆیی… کەچی ئەم دۆخە بەردەوامەو دەسەڵات دەست لە سیستەمی پاشەکەوتی موچە بەتەواوەتی هەڵناگرێت و موچە دوادەخات.. ئەوە لەکاتیکدایە بەهەموو پێوانەیەک پارەی بەغداو داهاتی فرۆشی نەوتی کوردستان و داهاتەکانی تر، بە زیادەوە بەشی موچەو خزمەتگوزارییەکان دەکات، کەچی دیسان ئامادەنین مل بدەن و سیستەمی پاشەکەوتی موچە بە تەواوەتی هەڵبوەشینەوەو نانی دزراوی سەر سفرەی مامۆستایان و کارمەندان، بگێرنەوە. بۆیە جارێکی تر و بە گوڕو تەوژمێکی زیاترو بە شێوەی سەراسەری تر هاتونەتە مەیدان و سنورەکانی قەڵەمرەوی زونەکانیان هەڵوەشاندووە… بەڵی فەرمانبەران لەزاخۆوە بۆ خانەقین داوای مافە رەوا و موچە زەوتکراوەکانیان دەکەن…
بێگومان هاتنە مەیدانی ئەمجارە، بە گوڕو تینێکی زیاتر و بە شێوەیەکی سەراسەری تر، ئاڵوگۆرێکی گرنگە کەبەسەر خۆپیشاندانەکاندا و نارەزایەتیەکاندا هاتووە، بەڵام هیشتا لاوازییەکی سەرەکی هەیە، کەوای کردووە، ئەم خۆپیشاندانە فراوان و جەماوەریی و رەوایە، نەبێتە گوشارێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتن و بەدیهینانی ئامانجەکانی… ئەویش نارێکخراوبوونە…
رێکخراو نەبوونی کرێکاران و کارمەندان، موچەخۆران و فەرمانبەران… لە بەشەکانی خۆیاندا، لاوازییەکە کە پێویستە بەزووی لەلایەن ڕابەران و بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆت و کۆبونەوەکان، لە شوێنی کاریان و ناوەندەکانیاندا دەستی بۆ ببرێت… کرێکارانی کێڵگە نەوتییەکان، کارخانە و کارگەکان، و کارمەندانی تەندروستی، پەروەردە، کارەبا… تاد، پێویست بەوە دەکات دەست ببەن بۆ پیکهێنانی رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، بێ گویدانە ناسنامەی حزبی و بیروباوەر و ئینتیمانی جیاوازیان…
بۆرژوازی حزبەکانی لە هەموو بەشەکانی ناوکۆمەڵگەدا رێکخراوەی خۆیان هەیە… یەکێتی و سەندیکای کرێکارانیان هەیە، رێکخراو و یەکێتی مامۆستایان و کارمەندان، ریکخراوەی ژنان و ئافرەتان و خانمان و لاوان و قوتابیان و خوێندکاران و هونەرمەندان و چی و چیان هەیە، کە ئامانجیان خزمەتکردنی بەرژەوەندی حزب و پاراستنی دەسەڵاتی حزبی و بۆ بەلارێدابردنی خواستی رەوای کرێکاران و کارمەندان و فەرمانبەران و توێژە بێبەشەکانە… لەبەرامبەردا کارگەو کارخانەکان، مامۆستایان، کرێکاران و کارمەندانی تەندروستی، فەرمانبەران، ناوەندی کارەبا، ژنان و لاوان، خوێندکاران… تاد، لە ڕیکخراوەی سەربەخۆی خۆیان بێبەشن تا بەرگری لە ماف و داخوازییەکانی خۆیان بکەن و بەشێوەی رێکخراو ئامانجدارانە رووبەرووی نەخشەو پلان و زیدەرۆیەکانی بۆرژوازی و حزبەکانی ببنەوە…
بۆیە پێویست و زۆر پێویستە هەرچی زووە، کرێکاران و کارمەندان، مامۆستایان و فەرمانبەران، خوێندکاران و لاوان و ژنان، هونەرمەندان و… لە شوێنی کارو ناوەندەکانی کارو پیشەکانیاندا، ریکخراوەی سەربەخۆ و سەراسەری و پیشەیی خۆیان دابمەزرێنن…
ئەوە کاری رابەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و رابەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە، کە هەرچی زووە دەست بۆ دروستکردنی رێکخراوەکانیان ببەن و ئەو لاوازییە لە گەردنی خۆیان بکەنەوە. کۆبونەوە گشتییەکان، لەشوێنی کارو پیشەکانیان، باشترین سەکۆ و شوێنە، بۆئەوەی بە ئازادانەی نوینەرانی خۆیان هەڵبژیرن و هاوکات رێکخراوەی جەماوەری تایبەت بەخۆیان پێک بهێنن. رێکخراوێک کە ببێتە چوارچیوەی یەککگرتووبوون و رێکخراوبوون و ئاسۆدارکردنی تیکۆشان و خەبات و بزوتنەوە نارەزایەتیەکانیان و رێگەگرتن لەوەی کادرانی حزبی و دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆیان، رێکخراوە بەناو جەماوەییەکانیان و لەراستیدا حزبیەکانیان، بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژوەندی چینەدارکانیان، لەبەرامبەر بە ویست و بەژەوەندیەکانی چینی کرێکارو کارمەندان و موچەخۆران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەدا، بەکاربهێنن…
کرێکاران و کارمەندانی رێکخراو، توانایی و هێز و کاریگەری دەیان بەرابەری نارێکخراوبوونیان و پەرش و بڵاوبوونیانە…بوونی نەخشە و پلانی دارێژراوی رێکخراو، کاریگەری چەند بەرابەری پلان و نەخشەی نارێکخراوە… رۆڵی جوڵانەوە و خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتی ئامانجدار، کاریگەری چەندین بەرابەری جوڵانەوەی کاتی و خۆرسک و خود بەخودە… بوونی ڕیکخراوەی جەماوەریی و پیشەیی و هەمیشەیی و پایەدار لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەش و خواست و داواو مافە هاوبەشەکان، زەمانەتی ئامادەیی هەمیشەییە بۆ وەڵامدانەوەی بە هێرشی بەردەوامی بۆرژوازی و خاوەن کارەکان و دەسەڵات، و ئامرازێکی کاریگەرەشە بۆ پوچەڵکردنەوەی پلان و نەخشە قازانج پەرست و بێ سنورەکانی دەسەڵات و خاوەنکارەکان…
حزبە بۆرژوازییەکان و دەسەڵاتی بۆرژوازی باش لە کاریگەری رێکخروابوونی کرێکاران و کارمەندان و فەرمانبەران و توێژە بێبەشەکان دەترسن، هەر بۆیە یەکێک لە چەکەکانی دەستیان، ریگرتن و وەستانەوەیە بەروی رێکخراوبوون و چاندنی تۆویی دوبەرەکییە. لەدڵی بزوتنەوە نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان و لەناوجەرگەی هاتنەمەیدانی ئێستای کارمەندان و مامۆستایان و فەرمانبەران و بزوتنەوەی جەماوەریدا، دەستبردن بۆ پێکهێنانی رێکخراوەکان زۆر ئاسانتر و لەبەردەستدا ترە… پێویستە کۆبونەوەکانی ناوەندەکانی کارو، ناوەندە خەدەمیەکان، کۆبونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، کارمەندان… بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی و تەواوەتی موچەو دانی موچەکان لە کاتی خۆیدا بێ ئەمماو ئەگەر… هاوکات دەبێ بکرێنە شوێنی بیرو راگۆرێنەو و چ کردن و چۆن هەنگاو نان بۆ دروستکردنی ڕیکخراوەی تایبەت بە خۆیان.
ئەوەی کەوا دەکات دەسەڵات و حزبە بۆرژوازیەکان و خاوەنکار و کۆمپانیاکان بەسەر ئیرادەی چینی کرێکار و کارمەندان و توێژە بێبەشەکاندا زاڵ بن و مافەکانیان پایماڵ بکەن… یان خۆیان بە بزوینەوەی نارەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانەکاندا هەڵبواسن و بەلارێدا بەن و لە ئامانجەکانی دوری بخەنەوە، نارێکخراو بوونە.
خۆهەڵواسینی ئۆپۆزیسیۆنی بودەڵەی بۆرژوازی کورد بە گۆران و ئیسلامیەکانەوە، لە نەوەی نوێی شاسوار عەبدولواحیدی سەرە دزو گەندەڵەوە، تا دەگات قەوارەی دادپەروەری و دیموکراسی بەرهەم ساڵح کە خۆی دوو دەورە سەرۆکی حکومەت و جێگری سکرتیری حزبی زۆنێکی کوردستان بووە و بەرپرسی ئەو دۆخەیە، تادەگات بەو ئەندام پەرلەمان و بەرپرسە تەسەلانەی موچەکانیان، و دنیای ژیانیان، تەواو جیایە لە دنیای کارمەندان و فەرمانبەران.. تا دەگاتە ریزی مەلا بەلاشخۆرەکان ئەو ئەندام پەرلەمان و بەرپرسە حزبی و حکومیانە، راستەوخۆ پەیوەندی بە پەرش و بڵاوی و بە نارێکخراوبوونەوە هەیە…
بۆرژوازی کورد و ئۆپۆزیسیۆنە بودەڵەکەی، مەلای بەلاشخۆری مێشک مۆمیاکراو و کۆنەپەرست، خێڵی گواستنەوەی نوێژی سیاسی ئیخوانی بۆ کوردستان، ئەندام پەرلەمانە خۆش بژیوە بێکارەکان، بەرپرسە حزبی و حکومییە ژیان فیرعەونییەکان، بەمەبەستی دیایکراو خۆیان خزاندۆتە ناو ریزی برسییەکان و بێبەشانەوە، لەلایەکەوە بۆ ئەوەی سواری شەپۆلی نارەزایەتیە جەماوەریەکان ببن و نەفرەت و توەریی جەماوەری وەکو سەرمایەی سیاسی لەبەرامبەر دەسەڵاتدا بەدەستەوە بگرن و لەلایەکی تریشەوە وەکو کەمپەینێکی پێش وەختەی هەڵبژاردنەکان، بەکاری دەهێنن تا تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری بکەنە پاشەکەوت بۆ دەنگ هێنانی داهاتوویان… ئەمەش پەیوەندی بە نارێکخراوبوونەوە هەیە… بۆیە بەسادەی دەتوانین بڵێین، تەنانەت ئەگەر لە ژێر گوشاری خۆپیشاندانە سەراسەریەکانی ئێستادا، دەسەڵات دەستکاری سیستەمی پاشەکەوتی موچەش بکات، دیسان پێداگری لەسەر رێکخراوبوون و یەکگرتووبوون، زامنی سەرکەوتنی هەموو بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی کرێکاریی و جەماوەری و توێژە بێبەشەکانە… هێرشی بۆرژوازی بۆسەر چینی کرێکار و کارمەندان و توێژە بێبەشەکان، هێرشێکی رێکخراو و بەردەوامە لە پێناو قازانج و مژینی شیلەی بەرهەمهینەران وچەرخێنەری واقعی کۆمەڵگەیە… با رێکخراوبین و بارێکخراوبین و رێکخراوبین… هێزی چینی کرێکارو سەرکەوتنی هەر بزوتنەوەیەکی شۆرشگیرانەو جەماوەری یەکێک لە مەرجە سەرکیەکانی لە گرەوەی یەکگرتووبوون رێکخراوبووندایە… وە کاریگەرترین شوینێش کە مانگرتن و بایکۆت و خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی تیادا ببرێتە پێش شوینی کار و کارگە و کارخانەو ناوەندەکانە… بۆرژوازی هێندەی لە مانگرتن و راگرتنی شادەمارەکانی بەرهەم هێنان دەترسێت لە شوێنی کاردا، هێندە لە کۆبونەوەو خۆپیشاندان و چادرهەڵدانی شوێنە گشتیەکان… ناترسێت. هەموو ئەمانە پێداویستی رێکخراوبوون، دەکەنە پێداویستیەکی سەرەکی، کە مەرجێکی سەرەکی سەرکەوتنی مانگرتن و بایکۆت و خۆپیشاندانەکان و نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی کوردستانە.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارەی ژمارە ٢٥ی بەرواری ١/٤/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…