بۆ دەبێت مەرگیشمان جیاواز بێت؟!
بەها عومەر ( رێبوار عارف )
وێنەی یەکەم
ئەمڕۆ ڕیزێکی دوورو درێژ لە بە ’’ئەتکیەترین’’ پیاوانی شار، لە بەرپرسترین سەرۆک و سەرکردەو لە ناودارترین سەرۆک عەشیرەت و پیاوماقولانی وڵات، ڕیزی وەزیرو پەرلەمانتارو سیاستمەدارهەر هەموویان لەوێ بوون بۆ ڕیزی دەست لێدانەوەی سەرۆک وەستابوون! ئەمڕۆ تەواوی ڕۆژنامەو گۆڤارو ڕادیۆ و تەلفزیون و دەزگاکانی ڕاگەیاندن پەیدا پەیدا یەک هەواڵ میوانی هاوبەشی یەک بەیەکی راگەیاندنەکانیان بوو !
هەموویان هەر هەموویان لە ماتەمی مەرگی ئەودا دەست لەسەر سنگ لەحزوری مامی مەزنی دلۆڤاندا بوون! ئەمڕۆ هەموویان هەر هەموویان بڵندگۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی مەرگی ’’ لە ناکاوی’’ ئەودا بوون!
وێنەی دووهەم
گۆمان دەکەم لەوەی لەم ساڵانەی ڕابردو تەنیا ڕۆژێک هەبووبێت، کە هەواڵی مەرگ و خۆکوشتن، خۆ هەڵواسین، برا کوشتن و دایک و باوک و خۆشک و هاوسەر و هاوسۆز و هاودەم کوشتنمان نەبیستبێت. ڕۆژیک نەبوو بێ خەم بین لە خەمی هەژاری ئەو ئینسانەی کە پارەی کرێ خانووەکەی نیەو خۆی دەکوژێت، کە قەرز تەنگی پێ هەڵچنیوەو خۆی دەکوژێت،…!
من خۆشخەیاڵ نیم بەوەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان هیچ کام لەم سەرۆک حزب و پەرلەمان و کۆمپانیانە، هیچ کام لەم بازرگان و سیاسەتمەندارانە، غەمی مەرگی هاوڵاتیەک لە کوڵنێن. بەڵام شەرم هەست بە سەربەرزی خۆی دەکات لە ئاست بێ دەربەستی ئەم دەسەڵات و حزب و حکومەتەدا کە بۆ تەنیا جارێکیش بۆیان پرسیار نەبوو کە ئاخۆ ئەم هاوڵاتیانە بۆ خۆیان دەکوژن، بۆ خۆیان هەڵدەواسن و کێ بەرپەرسە لە مەرگی هێدی هێدی ڕۆژانەی دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگایە؟
وێنەی سێهەم و پرسیارێک ؟
تۆ بڵیت ئەو جیاوازیە گەورەیە چی بێت، لەکاتێکدا کە ڕۆژانە دەیان کەس لەم کۆمەڵگایەدا دەمرێت، لە خزم ودۆستان و دراوسێکانی زیاتر هەواڵێک لە شاردا نابیستین. ئەرێ بەراست چ زەمین لەرزەیەک بوو ئەمڕۆ تەواوی سیاستمەدارو وەزیرو گزیرەکان هەستانە سەرپی و راچەنین و دەستیان گرت بەسنگیانەوە، چ خەبەر، چ قەوماوە، چ ڕووداوێک ئەمڕۆ وەک بۆمب دەنگدانەوەکەی خۆی گەیاندە ماڵی یەک بەیەکمان؟!
لە ڕواڵەتدا جیاوازیەک لە گۆرێدا نیە، هەموومان هەر ’’ئینسانین’’، هەموومان هەر لەژانی دایکێک، لە دایک بووین، هەموومان هەر گۆشت و ئیسقانین، هەموومان هەر ’’هاوڵاتین’’
تۆ بڵێت جیاوازیەکە لەوەدا بێت کە یەکەمیان هاوڵاتی پلە یەکەو دووهەمیان هاوڵاتی پلە دوو…، نا ناببورن ئەمانە هیچییان نیە، جیاوازیەکە تەنیا ئەوەیە ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی چینایەتیە، بەشێوەیەک مەرگیشی خستووەتە نێو دابەشکردنێکەوە، کە مانایەکی چینایەتی بەخۆیەوە دەگرێت. دەیەوێت پێمان بڵێت مەرگی ئەو مامۆستایەی کە لەبەر بێ دەرەتانی و نەبوونی کرێ خانوەکەی خۆی کوشت زۆر زۆر جیاوازە لە مەرگی ئەو سەرکردەو سەرکردەزادەو ئەسڵزادەو نەجیبزادەیەی کە تەواوی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی لەژێر دەستابوو!
ئاخر ئەوان ڕاست دەکەن بۆیە کاتێک چەند ساڵێک لەمەوبەر جەمال ڕینگۆ شەوێک لەپەنایەکدا ڕەقی دەبێتەوە، بۆ سبەی دەیخەنە پشت پیکابێکی شارەوانی و شۆفێرێک و دوو کرێکارەوە دەیبەنە گۆڕستان و دەینیژن… دەک نەفرەت لەو هەموو جیاوازیانەی کە بەهاو حورمەتی ئینسانیمان بەو شێوەیە دابەش دەکات…! دواجار با ئەوەش بڵێم: باوەڕ بکەن ئەو شیعارەی کە دوێنی لەخۆپیشاندانەکەی هەولێر دەوترایەوە، دەیەوێت ئەم جیاوازیە چینایەتیە نەهێڵێت کە بەدەنگی بەرز هاواریان دەکرد (( نان، کار، ئازادی)) . بۆیە جێگەی خۆیەتی کە لەمەرگی دلۆڤاندا بڵێین بژی بەهاو حورمەتی ئینسانیمان و بژی نان، کار، ئازادی!