عەلی مەولود
ئەگەرچی ئاوارەبوون لە مێژووی ١٠٠رابردووی خەڵکی کوردستانی عێراقدا زۆرجار روویداوەو داخی ناوە بەدڵی خەڵکەوە، بەڵام رەوی بە کۆمەڵی کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩١، بەراستی ئازارێکی پڕسوێ بوو لە دڵی پڕ لە ئومێدی خەڵکی کوردستانی باشوور (عێراق) داو ئەو ئازارە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
سوێی ئەو ئازارە هەر لەوەدا نەبوو کە خەڵک زێدو ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ بەر رەحمەتی تاڵانی و بەرەو چارەنووسێکی نادیار جێهێشت و زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤ بە گەورەو منداڵ و پیرو لاوەوە بەبەر سەرماو باران و بە سکی برسی و بێ نان و خۆراک، وەک نیشانەی نەویستنی رژێمی بەعس و لەترسی ئەوەی کۆمەڵکوژیەکانی هەڵەبجەو ئەنفالەکان دووبارە نەبێتەوە، بە رێگایەکی دووری پڕ لە هەورازو نشێودا ئاوارەی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا بوون، بەڵکو ئازاری گەورەی ئەو کۆڕەوە لەوەدا بوو کە ناسیونالیزمی کورد کە خەڵک پشتیان پێبەستبوو، بەشێک بوو لەم تراژیدیایە، بەر لەم ئاوارە بوونە ئەوان دەستیانکردبوو بە وتووێژو دانوستان لەگەڵ رژێم و بەپێی رێککەوتنێک کە ئەمریکا ئەندازیاری بوو خۆیان و هێزەکانیان بەرەو سنوورەکان پاشەکشەیان کردو خەڵکیان کردە گۆشتی بەردەم تۆپەکانی دوژمن. تاڵەبانی لە دووەم رۆژی ئاوارەبوونەکەدا لە پێنجوێن بە ئاشکرا نیشانیدا بەزوویی بەپێی رێککەوتنێک دەگەڕێنەوە، واتە ئەوان لەگەڵ رژێمێک کە خەڵک بڕیاری ڕوخاندنی بۆ دەرکردبوو رێککەوتنیان کردو راپەڕینێک کە خەڵک ئومێدی رزگاری لەسەر هەڵچنی بوو گەیاندیان بە ئاوارەیی، ئەوان روویان کردە رژێم کە لەسەرەمەرگدا بوو، پشتیان کردە راپەڕین کە لەسەرهەڵداندابوو.
دیوێکی تری ئەو ئازارە ئەوەبوو کە ماوەی ئەو شۆڕش و راپەڕینەی کردمان زۆر کەمی خایاند و هێشتا تامی ئازادی بە تەواوی بە گەرووماندا نەچووبووە خوارەوە، هێشتا نەپەرژابووینە سەر ئەوەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوای دەسەڵاتی بەعس بەجۆرێکی تر رێکبخەینەوە کە لەگەڵ ئومێدی ئازادیخوازی و سەربەخۆخوازی ئەو خەڵکەدا بێتەوە، هێشتا تەپوتۆزی راپەڕینمان لە خۆمان نەتەکاندبوو، ئاوارەبوون هەموو حەزوخۆزگەکانی لە گەرووماندا تاساند و ئەو رژێمەی بەدەوری مەرگیدا شایی لۆغانمان بوو مەرگی هەتاهەتاییمان بە ئاوات دەخواست، جارێکی تر لە گۆڕستانەوە بەهاوکاری ئەمریکاو حیزبە ناسیونالیستەکانی کوردستان گەڕایەوە مەیدانی کوشتوبڕ.
ئەم کۆڕەوە لە هەموو لایەکەوە تابلۆیەکی تراژیدی بوو، هێرشی سەرماو باران لە هێرشی رژێمی بەعس کەمتر نەبوو، وەک بڵێی ئاسمانیش لەگەڵ دووژمنانی ئەم خەڵکە هاودەست بوو، ئەوەی هێزەکانی بەعس نەیانتوانی بیکەن سەرماو باران و رەهێڵە کردیان، حیزبەکانی کوردایەتیش هیچ بەرپرسیارییەکیان لەبەرامبەر ژیان و گوزەران و چارەنووسی ئەم خەڵکە لەئەستۆ نەگرت و خەڵکیان بۆ بەردەم کارەسات و رووداوە جەنگی و سروشتیەکان جێهێشت، بەوهۆیەشەوە خەڵک بەدەردێک چوو کە لەمێژووی گەلانی ناوچەکەدا بێ وێنەو بێ پێشینە بوو.
کۆڕەو بە ماوەیەکی کەم دوای راپەڕینەکانی خەڵکی کوردستان هاتە ئاراوە کە لە ٥ی ئازار لە رانیەوە دەستی پێکردو لە ٢١ی ئازار لە کەرکوک کۆتاییهات و کوردستانی باشوور لە ماوەی دوو هەفتەدا لە هێزو دەسەڵاتی بەعس پاککرایەوەو دەسەڵات کەوتە دەستی خەڵک، بەڵام ئەو دۆخە تەنها تاکو ٣١ی ئازاری خایاند (واتە کەمتر لە مانگێک)، خەڵک فریای هیچ نەکەوت بەدرێژایی ئەو ماوەیە خەڵکی کوردستان شار بەشار لەجەنگدا بوون لەگەڵ هێزەکانی رژێمی عێراق، ئەوە شادی هێن و ئومێدبەخش بوو کە لەهیچکام لە شارو شارۆچکەکان هێزەکانی بەعس خۆیان لەبەردەم پەلاماری خەڵکدا نەدەگرت، هەم ئەوان ماندووی شەڕە یەک لەدوای یەکەکانی رژێم بوون و هەم خەڵک تینووی ئازادی و کۆتاییهاتنی رۆژە تاریکەکان بوو.
دوو دیاردە لەم راپەڕینەی خەڵکی کوردستاندا بە روونی دەبینران ئەوانیش بریتی بوون لەوەی:
یەکەم هێزێکی نوێ هاتبووە ئاراوە کە نەدەگەڕایەوە سەر ناسیونالیزمی کوردو سەر بە بزووتنەوەی کوردایەتی نەبوو، ئەویش بزووتنەوەی شورایی و رەوتی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی بوو کە ئەم دوانە ئاوێزانی یەکتر بوون و ببوونە بەروپشتی یەک، کۆمۆنیستەکان هەم لە راپەڕینەکانداو هەم لە رێکخستنی شووراکانی خەڵک لە ناوەندە کرێکاریەکان و لە گەڕەکەکان رۆڵی بەرچاویان هەبوو، بەجۆرێک کە بزووتنەوەی شورایی و رەوتی کۆمۆنیستی وەک هێزی رکابەرو جێگرەوەی بزووتنەوەی کوردایەتی دەردەکەوت و بەو هۆیەشەوە بۆ هێزەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دوای گەڕانەوەیان ئاسان نەبوو لە بۆشایی دەسەڵاتی بەعسدا بە ئاسانی بنیشنەوە.
دووەم بزووتنەوەی کوردایەتی (بەهەموو حیزبەکانیەوە) بە تایبەتی لەدوای پرۆسەی تاوانەکانی ئەنفال و وێرانکردنی دێهاتەکان، بە زۆری چەک دوورخرابوونەوە بۆ ئەودیو سنوورەکان و بەوهۆیەوە دابڕابوون لە کوردستان، بەپێچەوانەی ئەو هەموو بانگەشەو ئیدیعایەی بۆ رزگارکردنی خەڵکی کوردستان دەیانکرد و تەنانەت بەپێچەوانەی ئەو مێژووەی لەسەر راپەڕین بۆخۆیان نوسیوەتەوە، رۆڵێکی ئەوتۆیان لە راپەڕیندا نەبوو، کە ئەوە پێگەی ئەوانی لەو راپەڕینەدا لاواز کردبوو، تا ساڵانێکی زۆریش هەمیشە ئەوە بەروویاندا دەدرایەوە کە ئەوان هاتوونەتە سەر حازری، یەکێتی نیشتمانی کە لەچاو حیزبەکانی تر زۆرترین بەشداری هەبوو، گەورەترین شانازی و دیارترین دۆکۆمێنتی ئەوە بوو کە لە ئێستگەکەیەوە وتوویەتی ٧ی مانگ زەماوەند بکەن، کە خۆیان فریای زەماوەندەکەی ٥ی مانگ و ٧ی مانگ و چەند رۆژی دوای ئەوەش نەکەوتن.
ئەو دوو دیاردەیە بزووتنەوەی کوردایەتی هەراسان کردبوو، بۆیە بەبەردەوامی بەشوێن بیانوودا دەگەڕا بۆ گێچەڵکردن بە شوراکان و رێکخراو و گرووپ و هەڵسوڕاوە کۆمۆنیستی و کرێکارییەکان، داوای داخستنی بنکەکان و راگرتنی کارەکانیان دەکردو هەمیشە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکیان دەکرد لەبەرامبەریدا، ئەوان بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیی و شوراکانیان بە دووژمنی خۆیان دەزانی و بەردەوام لە کەمیندا بوون بۆی، من بیرمە جلال تاڵەبانی لە یەکێک لە وتارەکانیدا وتی: ئەوانە جۆگەلەی بەهارین لەکۆتاییدا تەنها جۆگە ئەصڵیەکان دەمێننەوە، ئەوان بریاریان دابوو، تەسمیمیان گرتبوو کە کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و شوراکانیان بەهەر نرخێک بێت لە مەیدانی سیاسی وەدەرنێن و تا ئەو شوێنەی بۆیان دەکرێت بواری کارو چالاکییان پێ نەدەن، هەم خۆیان بە سەختی دوژمن و نەیاری ئەم بزووتنەوەیەو ئامانج و خواستەکانی بوون و هەم لە ترسی ئەمریکاش لەگەڵی توند بوون نەکا ریسەکەیان لە ئەڵقە لە گوێی بۆ ئەمریکا لێ بکاتەوە بەخوری.
بیرمە لە یەکێک لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکانی نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای نەوەدەکان بەروونی هۆکاری کۆڕەوی گێڕایەوە بۆ: یەکەم هەڵکردنی ئاڵا سوورەکان لەکوردستان (لەسەر بنکەکانی شوراکان و بنکەکانی رەوتی کۆمۆنیست)، لە کاتێکدا رۆژاواو جیهانی سەرمایەداری لەو سەردەمەدا زۆرترین بانگەشەو راگەیاندنیان لەسەر کۆتایی هاتنی سۆسیالیزم و مەرگی مارکسیزم بوو، دووەم دەرکەوتنی رەوتێکی جوداخواز کە باسی سەربەخۆیی کۆردستانی گەورەی دەکرد (مەبەست پەکەکە بوو)، کە ئەو دوو هۆکارە لە پاڵ ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیش نیگەرانی بەدەسەڵات گەیشتنی رەوتە شیعەکان بوو، ئەمریکای گەیاندە ئەو بڕوایەی کە پێویستە رژێمی بەعس نەروخێت و لەبەرامبەر راپەڕینەکانی خەڵکدا پارێزگاری لێ بکەن.
ئەو ترس و نیگەرانیەی ئەمریکا لەگەڵ دوو مەسەلەی تردا یەکانگیر بوون و یەکیانگرتەوە، ئەوانیش یەکێتی و حیزبەکانی تری کوردایەتی بەتایبەت لە دوای کۆبوونەوە جەماوەرییە فراوانەکەی شوراکانی سلێمانی لە ١٦/٣ لە یادی کۆمەڵکوژیەکەی هەڵەبجە کە لەبەر دەرکی سەرا بەڕێوەچوو (کە لەوکاتەوە بەردەرکی سەرا ناونرا ” مەیدانی ئازادی” ) ترسی گەورەیان لێ نیشت، وە ئازادکردنی کەرکوک رژێمی بەعسی ترساندو بەکردەوە هەڕەشە لەسەرمانەوەی دروست بوو.
ئەم ٣ ترسە، واتە ترس و نیگەرانیەکانی ئەمریکا لە ئاڵاسوورەکان و سەربەخۆخوازەکانی کوردستانی گەورەو ترسی بزووتنەوەی کوردایەتی لەو هێزە نوێیەی لەرێگەی شورا جەماوەری و کرێکاریەکانەوە هاتبووە مەیدان و چەکدار بوو هەم بەچەک و چۆڵ و هەم بە باوەڕێکی نوێ، وە ترسی بەعس لە پەڕینەوەی راپەڕینی شڕشگێڕانەی کوردستان لە رێگەی کەرکوکەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بوونە خاڵی هاوبەشی نێوان ئەمریکاو بەعس و ناسیونالیزمی کورد، بۆ گۆڕینی ئەو دۆخەو بەدیهێنانی دۆخێکی نوێ، کەوایە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان شکستی راپەڕین و هێز پەیداکردنەوەی رژێمی بەعس نەبوو بەڵکو بەرئەنجامی رێککەوتنی نێوان ئەمریکاو دەسەڵاتی ئەوکاتی بەغداو ناسیونالیزمی کورد بوو، رژێمی بەعس لە چوارچێوەی ئەم پیلانەدا هێزی پەیداکردەوە.
واتە ئامانجی ئەو ٣ هێزە یەکیانگرتەوە بە دژی راپەڕینی خەڵکی کوردستان بەمەبەستی گۆڕینی هاوکێشەکان، کۆتاییهێنان بە راپەڕینی خەڵکی کوردستان ئامانجی هاوبەشی هەرسێ لایەن بوو بەڵام هەریەکە بە ئەجیندای خۆی و لە روانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە. ئەو ئامانجەشیان سەری گرت و هەنگاوە شۆڕشگێڕیەکانی راپەڕینیان راگرت، سیناریۆکانی وتووێژی نێوان حیزبە کوردیەکان و بەغداو بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دانانی ناوچەی ئارام بۆ هەرێمی کوردستان تا هێڵی ٣٦ و دواتر بڕیاری ٩٨٦ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەوت بەرامبەر بەخۆراک و شەڕی ناوخۆو دوو میرنشینی و … تاد، جێگایان گرتەوە، بەوانەش هەم رژێمی بەعس فرسەتی دەستکەوت بۆ سەرکوتی راپەڕینی ناوچەکانی تری عێراق و هەم ناسیونالیزمی کوردیش بواری ئەوەی پەیداکرد لە ژێر چاودێری ئەمەریکادا دەسەڵاتی خۆی لە کوردستان جێ بخات و هەنگاو بەهەنگاو دەسکەوتەکانی راپەڕین لەخەڵکی کوردستان بسەنێتەوە.
بەوپێیە ئاوارە بوون سەرەتای نسکۆی خەڵک و دەسپێکی سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد بوو لە کوردستانى عێراق، ناسیونالیزمی کورد ئەوەندەی لە روودانی ئاوارەبووندا رۆڵی هەبوو ئەوەندە لە راپەڕیندا رۆڵی نەبوو، راپەڕین ئەوان بەسەریدا کەوتن بەبێ نەخشەیەکی پێشینە، بەڵام ئاوارەبوون بەپێی نەخشەیەک و رێککەوتنێک روویدا کە ئەوان لایەنێک بوون تیایدا. بۆیە ئەوەندەی شانازی بە ئاوارەبوونەوە دەکەن ئەوەندە بە راپەڕینەوە نایکەن، پێیدەڵێن ” کۆڕەوە مەزنەکە” کە لەراستیدا تراژیدیایەتی مەزن بوو، هەم بەمانا سیاسیەکەی تێکشکاندنی ئەکت و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بوو هەم لە رووی ئینسانیشەوە مەرگەساتی زۆری بەشوێن خۆیدا هێنا.
ئاوارەبوون: پارتی و یەکێتی و بەرەی کوردستانی وەک دەسەڵات جێگیر کردو خەڵکی لەدەسەڵات دوورخستەوە. لە درێژەی ئەو پرۆسەیەدا دوو جیهانی جیاوازو دژبەیەک شکڵی گرتووە، جیهانی سەرمایەداران و کۆمپانیاو دەسەڵاتداران و جیهانی بەشەکانی تری خەڵک، کە جیهانی یەکەم هەموو داهات و سامان و دەسەڵاتەکانی کۆمەڵگەی بۆخۆی قۆرخ کردووەو ستەم و چەوساندنەوە بەرانبەر جیهانی دووەم ئەنجام دەدات، بۆ دەرباز بوون لەم جیهانە جیاوازەش دەبێت بگەڕێیەنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، واتە بۆ شۆڕش و راپەڕین. ئەوە ئەو ئەرکەیە کە کۆمەڵگای کوردستان دەبێت خۆی بۆ سازو ئامادە بکات.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارەی ژمارە ٢٥ی بەرواری ١/٤/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…