دوای ٢٧ ساڵ بەسەر ئاوارەییدا ژینگەی خەڵکی کوردستان ئاوارەییە!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

٣١ نیسانی ئەمساڵ ٢٧ ساڵ بەسەر ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا دەگوزەرێت… ئاوارەییەک کە زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر بە گەرانەوەی سوپای شکستخواردوو  داهێزراوو لاوازی عێراقدا ناچار بە جێهیشتنی شوێنی ژیانیان بوون و رێگای سنورەکانی ئێران و تورکیایان گرتەبەر…

لەم ئاوارەیە بەکۆمەڵەدا بەر لە خەڵکی بێ چەک و هاوڵاتیانی ترساو لە درندەیی بەعس، هێزە چەکدارەکان و حزبەکانیان و سەرکردە دەم گەرم و فەرماندە وەکو شێر ئازاکانیان بەر لەخەڵکی کەوتنە راکردن و بارەگاو شوێنەکانیان چۆڵکرد.

ئەوەی کە بەرگری کرد بەو توانایە سنوردارەی کەهەی بوو بەشێک لە پێشمەرگەی دابراوو کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی بوون کە بەداخەوە لەو روبەروو بوونەوە نابەرابەرەدا ژمارەکیان لە هەولێر و سلێمانی گیانیان لەدەستدا.

ئەوەی کە وای کرد خەڵکی کوردستان لەگەڵ بیستنی هەواڵی گەرانەوەی سوپای بەعسدا پێشبركێی خۆدەربازکردن بکەن و رابکەن بە جیا لە مێژووی درندەیی بەعس و بە جیا لە بودەڵەیی و هیچ لەباردا نەبوونی حزبە سیاسیەکان و ‌هێزەچەکدارەکانیان راستەوخۆ پەیوەندی بە راپەرینی خەڵکی کوردستانەوە هەبوو.

راپەرینی خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩١دا بەرهەمی خەباتی لە پێشتری خەڵک، بەرهەمی گۆرانی هاوسەنگی هێزی حکومەت و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لەدژی بەعس بە سودی خەڵکی کوردستان نەبوو.

راپەرین حاسڵی نارەزایەتی و کۆبونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندانی لە پێشتری خەڵکی و بەرهەمی ئازایەتی و قارەمانیەتی و چوونە پێشی بزوتنەوەی سیاسی وچەکداری حزبەکانی کوردستان لەبەرامبەر بەعسدا نەبوو،

بەڵکو راپەرینی خەڵکی کوردستان بەرهەمی هەلومەرجی جەنگ و ملهوری ئەمریکا و خۆبەستنەوەی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و کورستانی بە جەنگی کۆنەپەرستانەی ئەمریکاو غەربەوە بوو…

خەڵکی عێراق و کوردستان بەهۆی نەبوونی حزبی سیاسی چەپ و کۆمۆنیست و تەنانەت حزبی پیشکەوتنخواز و شۆڕشگێرەوە بە ناچار خەون و خولیاکانی خۆیان بۆ ئازادی لەدەست بەعس گرێدا بە ئاسۆی کۆنەپەرستانەی حزبە بۆرژوازییە کۆنەپەرستە قەومی و دینی و تایفیەکانی هەڵکورماو لەبەردەم کۆشکی سپیداو، لەو فرسەتەدا کە هێزی سوپای عێراق لە جەنگ شکا سەرەتا لەخوارو ناوەراستی عێراق و پاشان لە کوردستاندا جەماوەری تورە و برسیکراو ژێر ستەمی دەیان ساڵەی درندەیی بەعسدا راپەرین و بەشێکی زۆری کوردستانیش لە دەسەڵاتی بەعس پاککرانەوە.

بەڵێ بەو هۆیە زۆر سادەیەوە کە راپەرین ئاکامی نەخشەو پلانی شۆرشگێرانە و بزوتنەوەی جەماوەری شاری لە پێشتری خەڵک نەبوو، وە لە ئاکامی ململانێی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەعس و تێکچوونی پارسەنگی هێز بە قازانجی خەڵکی نەبوو،

هەر بۆیە هیچ ئامادەیەکی سیاسی و چەکداری و جەماوەری بۆئەگەری هەر روو بەروو بوونەوەیەکی دواتر لە ئارادا نەبوو…

حزبەکان خۆیان بە ئەمریکاو غەربەوە گرێدابوو، ئاسۆی سیاسی و سترایژی خۆیان بەسەر تورەیی خەڵکی کوردستاندا زاڵ کردبوو… خەڵکی کوردستان لەناو ئەو هەل و مەرجە کۆنەپەرستانە و بەخۆشباوەرییان بە سیاسەت و نەخشەی لێک گرێدراو بە ئەمریکاو غەرب و بەفریوی و بانگەشەی رزگاری عێراقەوە راپەرین…

هەر بۆیە کە دێوەکە واتە ” بەعس” گڵۆپی سەوزی ئەمریکی بۆ هەڵکرا و سوپای قەسابی کراو جوڵا،ئیتر  خەڵک و حزبەکان پەلوپۆیان شکاو ئیرادەیەک بۆ وەستانەوەو بەرگری لەخۆکردن نەبوو…

خۆ ئەگەر راپەرین بەرهەمی ئیرادەی وەگەرکەوتووی خەڵک و حاسلی ڕوو بەروو بوونەوەی لە پێشتری جەماوەری رێکخراو بوایە، یان لاواز بوونی بەعس بەرهەمی گۆرانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەڵک بوایە، ئەوا بەرگریکردن و وەستانەوە بەرووی بەعسدا دەبوو پێداویستیەک و حکومەتی بەعسیش نەیدەتوانی وا بەسانایی بگەرێتەوە و خەڵکی کوردستانیش توشی ئەو مەرگەساتە نەدەبوو…

کاتێک خەڵکی کوردستان ئاوارەبوون و مەرگەساتی ئەو تراژیدیایە دنیای تەکاندا، ئەمریکاو غەرب لە جێگای ئەوەی پرسی خەڵکی کوردستان وەکو کێشەیەکی سیاسی تەماشابکەن، هاتن و پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیان هێنایە خوارەوە بۆ پرسی ئینسانی و ئاوارەیی و، بۆ ئەو مەبەستەش ناوچەی دژە فرینی ٣٦ یان دانا کە بەو کارەیان خەڵکی کوردستانیان کردە ئۆردوگا نشین و چاولەدەست و ئیرادە سڕکراو…

بەو پلانە چەپەڵەشیان تراژیدیای ئاوارەییان کردە تراژیدیای جێگیر و فەرمی، بەڵام ئەمجارە لەناو قەفەزێکی بێ ناونیشانی وڵاتیدا… کوردستان لەو کاتەوە لە کۆمەڵگەیەکی نۆرماڵی پیناسەکراو بەشێک لە عێراقەوە بووە سەرزەمینێکی هەڵواسراو کە نە بەشێک بوو لە عێراق و، نەبوو بە وڵات و سەزەمینێکی سەربەخۆیی وڵاتی و خاوەن ناسنامەیەکی نوێ…
ئێستا دوای ٢٧ ساڵ بەسەر کارەساتی ئاوارەیی و لێکەوتە دڵهەژێنەکانی ئەو کارەساتە.. خەڵکی کوردستان هێشتا ناسنامەی وڵاتیان نییە. ٢٧ ساڵە دەسەڵاتی داسەپاوی بزوتنەوەی کوردایەتی کە لە رێگای خۆبەستنەوە بە جەنگەوە بوونە میراتگری دەسەڵاتی پێشووی بەعس سەرباری هەر هەوڵ و تەقەلایەکیان بۆ لکاندنەوەی کوردستان بەعێراقەوە لەژێر ناوی فیدرالیزمدا، بەڵام هێشتا کوردستان

نەبووەتەوە بە بەشێك لەعێراق و نە بووەتە دەوڵەتێکی سەربەخۆش… پەیوەندی کوردستان  بە بەغداوە کێبەرکێی داهاتی نەوت و سامانە سروشتیەکانە،

پەیوەندی و مامەڵەیەکی سیاسی و ئابوری و ئاڵۆزکاو ناجێگیر و ئاوساو بە دەیان کارەساتی داهاتووە.

هێشتا ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسییەکەی لە مامەڵەیەکی بێ نەخشەدا دەخولێتەوە… ئەوەی کە ئایندەی سیاسی چی بەسەر دێت، بەکوێ دەگات؟ هێشتا پرسێکی کراوەی سیاسی و حقوقی سەرەکی، دنیای ئەمرۆیە…
دوای ٢٧ ساڵ بەسەر کارەساتی ئاوارەییدا دەتوانین بڵێین هێشتا خەڵکی کوردستان بەو هۆیەوە بەکردەوە نەبووەتەوە بەبەشێک لە عێراق و نەبووەتە دەوڵەتێکی سەربەخۆش، هەر ئاوارە و چارەنووسی ناجگیر و لە گێژاوا پەل و پۆ دەکوتێت… پرسی سەرەکیش کۆتاییهێنانە بەو هەلومەرجە… کوردستان یان دەبێت ببێتەوە بە بەشێک لەعێراق بەمافی هاوڵاتی یەکسانەوە، یان دەبێت چارەنووسی سیاسی و حقوقی بکەوێتە دەستی خۆی…

دیارە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئیسلامی و قەومی و تایفیدا، مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان وەهمەو هەڵاواردن و جیاکاری تایبەتمەندی جێگری ئەو جۆرە دەسەڵاتە قەومی یان مەزهەبیانەیە بۆیە لە ئێستادا تەنها یەک رێگاچارەی کردەنی و کارساز لەبەردەم ئایندەی سیاسی کوردستان و خەڵکەکەیدایە،

ئەویش جیابوونەوەی فەرمی کوردستان لە عێراق و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆیە… دیارە بۆ ئەوەی ئەمەش بێتە دی لەگرەوی ئەوەدایە،

یەکەم: دەسەڵاتی میلیشیایی ناسیونالیستی بۆرژوازی کورد لەڕێگای بزوتنەوەی جەماوەری و شۆرشگێرانەی خەڵکەوە کۆتایی پێ بهینرێت کە کۆسپێکی سەرەکی بەردەم سەربەخۆیی کوردستان و ئیرادەی شۆشگێرانەی جەماوەرە.

دوهەم: هەرئەم بزوتنەوەی شۆرشگێرانەیەی کۆتایی بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەهێنێت بە وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری ملیۆنیی و بەبەدەستهینانی پشتیوانیەکی ناوچەیی جیهانی دنیای پێشکەوتنخوازو ماف پەروەرەوە بۆ سەربەخۆیی بێتە مەیدان و دەوڵەتی مەرکەزی و هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچاربکات مل بە ئیرادەی زیندو وەگەرکەوتووی خەڵکی کوردستان بدات…

کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ… ئەمە زامنی چارەسەری کێشەی نەتەوەیی و هاوکات دەرهاویشتەکانی ئەو کیشەیەیە کە جەنگ و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و بەشیکن لە لێکەوتەکانی.

کۆتایی ئازاری ٢٠١٨

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *