حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە لە مووچەی مامۆستایان و کارمەندان و لە خوێندنی مناڵان و سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیان!

 

بەدوای داسەپاندنی سیستەمی زۆرەملێی مووچە لەلایەن دەسەڵاتدرانی کوردستانەوە، فەرمانبەران وکارمەندان و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لەبەرامبەر ئەم بڕیارەدا، بە شێوازی جۆراجۆر ناڕەزایەتیان دەربڕیوە؛ هەر لەمانگرتن و بایکۆت وخۆپیشاندان تا دەگاتە کۆکردنەوەی دەیان هەزار واژۆ و پێشکەشکردنی دەیان یاداشتی ناڕەزایەتی، بەڵام حکومەتی هەرێم  زۆر بێ باکەو هیچ وەڵامێکی بەم خواستەی فەرمانبەران وکارمەندان نەداوەتەوەو بایەخی بۆ ناڕەزایەتی خەڵك دانەناوە!

بەداوی ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و لەشکرکێشی حکومەتی عێراقی بۆسەر بەشێک لەناوچەکانی کوردستان و پاشان دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەنێوان حکومەتی عەبادی وحکومەتی هەرێم لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان، لەوانە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان، حکومەتی عەبادی بەڵێنی دانی موچەی تەواوی فەرمانبەرانی دا بەومەرجەی سەرچاوەکانی داهات رادەستی حکومەتی ناوەندی بکرێ و وردبینی لە لیستی فەرمانبەران و کارمەدانی هەرێمدا بکرێ! بەڵام بەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٤ مانگ بەسەر ئەو بەڵێنانەداو دوای بەناو وردبینی لە لیستی مووچەدا، بڕە پارەیەکی دیاریکراویان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردوە کەبەشی مووچەی تەنها بەشێکی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات. دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەبەوە کە ئەو پارەیە تەنها بۆ کەرتی پەروەردەو تەندروستی و بەپێی سیستەمی عێراق واتە بەبێ پاشەکەوت خەرج دەکرێ!

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەژێر فشاری نەدانی مووچەدایەو هیچ وەڵامێکی پێ نیە بێجگە لە چاوەڕوانی ئەو پارەیەی حکومەتی ناوەندی دەینێرێ، بۆیە بۆ خۆدەربازکردن لەژێر ئەو فشارەدا ئەو بڕە پارەیەی هاتبوو بەپێی هەمان سیستەمی پاشەکەوتی زۆرە ملێ بەسەر فەرمانبەرانی تەندروستی و مامۆستایاندا دابەشی کرد. ئەمەش ناڕەزایەتی بەرینی کارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی و مامۆستایان و کەرتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و پاڕیزگای هەڵەبجەی لێکەوتەوە. بڕیاری بایکۆتکردنی خوێندن و داخستنی سەرجەم فەرمانگەو نەخۆشخانە حکومیەکان دراو تەنانەت کارمەندانی شوێنە هەستیارەکانی وەکو (فریاکەوتنی خێرا و مناڵبوون و ژیانەوەی دڵ و… تاد.) مانگرتنیان راگەیاندوە!

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کاتێکدا کە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خواستی مامۆستایان و فەرمانبەران و کەرتی پەروەردەو تەندروستی دەردەبڕین، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیار دەکەین بەرامبەر بە خوێندن و بە ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان. بەرپرسیارێتی تێكچوونی شیرازەی خوێندن و ئایندەی سەدان هەزار مناڵ و لاوی خوێندکار لەلایەکەوەو لەلایەکی دیکەوە ژیانی سەدان نەخۆش و مناڵ و ژن کە بەهۆی داخستنی خەستەخانەکانەوە ژیانیان دەکەوێتە بەردەم مەترسی و تیاچوونەوە راستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەدندی عێراقەوە. حکومەتی هەرێم بە پلەی سەرەکی ئەرکیەتی کە مووچەی تەواو و بێ لێگرتنەوە  و پاشەکەوت  بۆ سەرجەم کارمەندانی تەندروستی و مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران دەستەبەر بکات و هاوکات رێوشوێنی دەستبەجی بگرێتەبەر بۆ دابینکردنی سەلامەتی نەخۆش و خزمەتگوزاریە تەندروستیە دەستبەجێکان. هەرجۆرە خۆدزینەوەیەک لەم ئەرکەی خۆی تاوانێکە بەرامبەر بە منداڵان و هاوڵاتیانی کەمدەرامەتی کوردستانی دەکات. لەلایەکی دیکەوە سیاسەتی کاتکوشتن و یاریکردن بە قووتی خەڵکی کوردستان و بەستنەوەی بە یاری نێوان خۆی و حکومەتی هەرێم بە توندی سەرکۆنە دەکەین و تاوانێکی نەبەخشراوە دژی خەڵکی کوردستان!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٠-٣-٢٠١٨

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *