لە یادی سی ساڵەی تاوانوکارەساتی هەڵەبجەدا….زەمانەت چی یە تا ڕونەداتەوە…؟!

موزەفەر عەبدوڵا:
ئەمڕۆ سی ساڵی تەواو تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕوودانی کارەساتی هەڵەبجەدا کە بە چەکی کیمیایی لەماوەی چەند کاتژمێریکدا زیاتر لە ٥ هەزار مرۆڤ کورژان لە لایەن ڕژێمێکی قەومی نیمچە ئیسلامی بە سەر کردایەتی سەدامو حزبی بەعس.
گومان لەوەدا نی یە کە ئەمە تاوانێکی گەورەیی مێژوویی بو کە بوە مۆری نەنگیو ڕیسوایی نەک هەر بۆ ڕژێمی فاشی بەعس بەڵکو بۆ هەمو ڕژێمەکانی ناوچەکە. هەر لە رژیمی تورکیاو ئیرانو ڕژێمە قەومیو ئیسلامی یەکانەوە بگرە تا دەگاتە دەوڵەتانی وەک ئەمریکاو ئەوروپاو تەواوی ئەوەی پێی دەڵێن کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی.
هەمویان لە پاڵ یادکردنەوەی هەمو ئەوقوربانی یەی هەڵەبجەو ئەنفاڵو دەیان کارەساتی تر، کەبەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتون لە دەیان ساڵی چەوسانەوەی قەومیدا، پێویستە ئیدانە بکریت.چونکە زۆربەی هەرە زۆریان بیدەنگەیان لیکردو ئیدنەیان نەکرد بەهۆی پەیوەندی و هاوکاری یان لەگەڵ ئەو رژیمە.تەنانەت بیدەنگە لیکردنەش خۆی لە خۆیدا جۆریک هاوکاری کردن بوو لەو دەورانەدا.
جا بەو پلەیەی کە ئەم ڕوداوە کارەساتێکی ئاوا گەورە بوو ،وە تا ئێستاش ئاسەوارەکانی ماون ، وەک خەڵکی هەڵەبجە خۆیان دەڵین ،وهاوکاری ێیویست نەکراون و، نەخۆشەکانیان چارسەنەکراون ،بە تایبەتی بەهۆی بونی دەسەڵاتێکی حزبیو بنەماڵەییو خێڵەکی بارزانیو تاڵەبانیو هاوپەیمانەکانیانەوە . ئیتر بۆیە ئەم یادەش هەمیشە کە دەکرێتەوە زیاتر دەگۆڕێت بۆ ڕۆژی ناڕەزایەتی و نیگەرانی .نارەزایەتی لە دژی دەسەڵاتی ئەم حزبانەو دزی و گەندەڵی و بارزگانی کردنیان بەم کارەساتەوە لە کاتی قەومانیەوە تا ئێستا. لە ڕویی نیگەرانیشەوە مەترسی ڕودانەوەی جارێکی تر چ بەسەر ئەم خەڵکەدا یاخود خەڵکی کوردستان بە گستی.هەمو ساتێک بە تایبەتی لەسەروبەندی ئەم یادەدا دەپرسن ئاخۆ زەمانەت چی یە تا ئەم کارەساتە ڕوونەداتەوە؟!
بە ڕای من وەڵامی دروستی ئەم پرسیارە لەوەدایە کە دەبێت ئەو هەلومەرجە خۆیی و بابەتیانە ڕونبکریتەوەو دەسنیشان بکرێت کە ئەو تاوانەی تیا رویدا تا ئەو نیگەرانیانە بە هەند وەرگیرێن . ئەو هەلومەرجەی کە بوە هۆی ئەوەی ئەو کارەساتە گەورەیە ڕوویداو رژیمی بەعس کوشندەترین چەکی قەدەغەکراوی تیا بەکار هێنا زۆر بە کورتی ئەمانەن:
یەکەم : بوونی دەوڵەتو ڕژێمێکی قەومی فاشی دەیان ساڵەی وەک بەعس کە ببوە هۆی سەرهەڵدانو بەردەوامی ستەمو کێشەی قەومی لەسەر خەڵکی کوردستان.
ئەمەش هۆکاڕیکی سەرەکی لەناوی هۆکارەکان بوو بۆ سەرهەڵدانی خەباتو نارەزایەتی دژی ئەم ستەمەو هەروەها جوڵانەوەی قەومیو پێکهاتنی چەندین حزبی قەومی لەناوی کۆمەڵگای کوردستان. وە زۆێک لەم حزبانە لە پاڵ پروپاگەندەیان بۆلابردنی ستەمی قەومی بەڵام هەمیشە رەچاوکردنی بەرژەوەندی یە ئابوریو سیاسییە چینایەتی یە بۆرژواکانیان جیمەبەستی یەکەمیان بووە لەهەمو روویەکەوە.باشترین بەڵگەش ڕێکەوتنیانە لەگەڵ ڕژێمەکانی بەغدا تەنانەت لە دژی یەکتریش.ئەمە جگە لە ریکەوتن و بەکرێگیراویان بو رژێمەکانی تر. بۆیە ریکەوتنی یەکیتی و پارتی لەگەل رژیمی ئیسلامی ئیران لەو ساتە وەختەی شەر هۆکارێک بوو بۆ رودانی کارەساتەکە.
دووەم: خاڵێکی تر لە هەلومەرجەکان بونی جەنگی کاولکارانەو کۆنەپەرستی و دژی ئینسانی نێوان ڕژێمی بەعسو ڕژێمی ئیسلامی لە ئیران بو.کە زۆربەی ڕژێمە قەومی یە عەرەبی یەکانو دەوڵەتە زلهێزەکانی دونیا لەم شەرەدا هاوپەیمانو هاوکاری بەعس بون. بۆ نمونە یەکێتی سۆڤیەتی پێشو و هاوپەیمانەکانی لە پەیمانی وارشۆ و ،هەروەها ئەمریکاو ئەندامانی پەیمانی ناتوش هاوکاری بەعس بوون بۆ سەرکەوتن . بە تایبەتی لەو دەورانە ململانێی و هاوکێشە سیاسی یە نێو دەوڵەتی یەکان بە قوناغێکی چانوسسازی کۆتایی هاتنی جەنگی سارد تیپەر دەبوو.
سێهەم : تا ئەوجیگایەش دەگەڕیەوە بە لایەنێکی تری دۆخی ناوخۆ بریتی بوو لە بونی دەسەڵاتێکی لەرادەبەدەر سەرکوتگەری قەومی فاشی وەک ئاماژەمان پیدا .وە ناوەڕۆکی ئەم دکتاتۆریە رەهایە لەهەمو رویەکەوە پیویستییەکی سەرەکی بوو بۆ پاراستنی ئابوری و سیاسی دەسەڵاتەکەی .وە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر ئەوەی بە ناچاری خەباتو نارەزایەتی شاری سەخت بکاتەوە چ لە کوردستان چ لە ئاستی سەراسەری وولات . ئەم دۆخەش فاکتەرێکی کاریگەر بوو تا ئەم حزبانە جگە لە شیوازی خەباتو نارەزایەتی چەکداری شاخی زیاتر گرینگی بە هیچ شیوازیکی تری جەماوەری نەدەنو بۆشیان مەبەست نەبو.چونکە ئەوان ئەوەیان دەزانی کە خەباتو نارەزایەتی جەماوەری شاری دژی ڕژێم ژێر پێی خەباتی چەکداری شاخی ئەوان زۆر لاواز دەکاتو، دەبیتە مایەی گەشەو هۆشیاری سیاسی و چینایەتی جەماوەری کریکارو زەحمەتکیش.
هەڵبەت من نالیم بە یەکجاری شێوازی ، ئەوەی پێی دەڵێن ،خەباتی چەکداری و پاتیزانی رەتبکریتەوە لەهەمو حاڵەتێکدا نەخێر. بەڵام کردنی بە تاکە ڕێگا بۆ دژایەتی کردنی ڕژێمی سەرکوتگەری فاشی بەعس ئەوە زۆر نادرستەو ، دژی شێوازەکانی خەباتو ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و مەدەنیانەو شاری یە. ئەوان هەمیشە بانگشەی ئەوەیان دەکرد کە رژێم بە نارزایەتی ورەپەرینی جەماوەری خەڵک نارۆخیت ، یان لە باشترین باردا ئەیاون ووت خەڵک راناپەرێت وەزعی ئابوری یان باشە تەسلیم بە وەزعەکە بونە . بەلام نارەزایەتی و راپەرینەکانی میسرو تونس سەلماندی کە باشترین شیوازی خەبات بو روخانی سەرکوتگەرین رژیمەکان خەباتو نارەزایەتی و راپەرینی جەماوەریە لە شارەکاندا . هاوکات نارەزایەتی و هەستانی جەماوەر لە ١٩٩١ بەلگەبون بۆ هیزی جەماوەر لە راماڵێنی رژیم بەلام ئەو کاتیش ئەوان هەر بە خەڵکیان دەوت دەبێت پشت بە هێزی پیشمەرگە ببەستن لە ژێر چاودێری ئاسۆۆ ئامانجەکانی ئەواندا بن.
ڕاستی یەکەی هەر ئەو شێوازی خەباتی چەکداری چەتەگەری یەش بو کە بوە مایەی گرتنی دەسەڵاتیان بۆ ماوەی نزیک بە سی ساڵ. وە لەم ماوەیەشدا کارەساتی گەورەیان بەسەر خەلکدا هیناوە.
جا کاتێک بەراوردی هەمو ئەو هەلومەرجە خۆییو بابەتی یە سیاسی یانە دەکەین لەگەڵ ئەمڕودا ئەوە ڕاستە زۆر وەزع گۆراوە لە ئاستی ناوخۆیی ناوچەیی و نێو دەوڵەتیدا بەڵام هێشتا بایی ئەوەندە ماوە بە تایبەتی لە بونی ڕژێمی فاشی وەک ئوردوگانو ڕژێمی ئیسلامی ئێرانو رەوتە ئیسلامی یە تیرۆریستەکانو ململانێی ناوخۆیی و ناچەییو نێو دەولەتی کە مایەی نیگەرانی خەڵک بن.
هەر ئەوەی کە لەم چەند سالەی شەڕ لە سوریا چەکی کیمیایی و زۆری تر لە لایەن ڕژێمی ئەسەدو ئوردوگان لەهەندیك ناوچەی سوریا بەکار هاتوە بەڵگەی ئەوەن کە هێچ زەمانەتێك نی یە بۆ رونەدانەوەی کارەساتی هەڵەبجە.
ئەمە جگە لە بونی یەک پایەی سەرەکی مانەوەی دۆخەکە ،کە هۆکاریکی سەرەکی بو لە ڕودانی کارەساتی هەڵەبجە ، ئەویش کێشەو ستەمی قەومی یە لەسەر خەڵکی کوردستان لە سوریاو تورکیاو ئیران. تەنانەت لە عیراقیش ئەم کیشەی قەومی یەی کورد بە تەواوی چارەسەر نەبووە و پێوستی بە چارەسەری یەکجاری یە.
بە رای من یەكیک لە ڕێگا چارەکانیش بۆ ئەم کێشەو ستەمە لەمڕۆژگارەدا راپرسی – ریفراندومێکی – ئازادی یەکدەستانەی خەڵکو کوردستان و هاوهەڵویستی بەرەی ئازادیخوازی و لایەنگری زۆرێک لە دەزگا نێو دەوڵەتی یەکانە. جا خۆ ئەگەر خەڵک لەم دەنگدانە لە هەمو بەشەکانی کوردستان دەنگیاندا بە جیا بونەوەو پێکهینانی دەوڵەتی سەربەخۆ ئەوە دەبێت ڕێزی لێبگریتو پشتیوانی لێ بکرێت. هەڵبەت نوکولی لەوە ناکرێت ئەگەر لەم ووڵاتانە ناوەڕۆکی ئەم دەوڵەتو رژێمە قەومی و ئیسلامی یە فاشیانە گۆڕان بە دەوڵەتو ڕژێمی تەواو سکولارو دیموکراتی وهەمو هاووڵاتیان مافی یەکسانیو هەمو ئازادی یە سیاسی یەکانیان هەبو ئەوەش مایەی زەمانەتە بۆ دوبارە نەبونەوەی کارەساتی هەڵەبجە.
خۆ لە حاڵەتی سەرهەڵدانی ڕاپەرینو شۆڕشە کرێکاری یەکانی وەک شورشی ئوکتوبەری ڕوسیای ١٩١٧و دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە شوراکانداو بەرقەرارکردنی کۆمەڵگایەکی شوسیالیستی ئەوە ئیتر چارەسەری کیشەو پرسی قەومی بە یەکجاری تەواو دەبێت.هەروەک چۆن هەر لەسەرەتایی شوڕشی ئۆکتۆبەر دەوڵەتی یەکیتی سۆڤیەت بە ڕابەری بەلشفی یەکانو لینین جاڕی مافی چارەی خۆنوسینی میللەتانیان دا نەک هەر لەو ووڵاتە بەڵکو لە زۆبەری ووڵاتانی تر چارەسەر بو ئەوە بێگومانە چارەسەری ڕیشەیی نەک بۆ کێشەو پرسوستەمی نەتەوەیی بەڵکو هەمو جۆرە کێشەو ستەمێکی تر بەرەو کۆتایی دەچێت.
بۆیە زەمانەتی تەواوی ڕونەدانەوەی تاوانوکارەساتی هەڵەبجە لە گۆڕینی ئەو هەلومەرجە بابەتی و خۆیی یە سیاسییانەدایە.

١٦-٣-٢٠١٨

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *