هاورێ سامان لە عەفرینەوە کۆبانیت لەبیرە؟! 

    رێبوار عارف

لەم رِۆژانەدا هاورِێ سامان کریم پاش تێپەڕبوونی 52 ڕۆژ بەسەر لەشکرکێشی حکومەتی فاشیستی تورکیا سەرئەنجام بێدەنگی شکاندو ئەوەی دەمێک بوو دەیویست بیڵێت درکاندی. ئەگەرچی ئەم هەڵوێست نیشاندانە تەنیا لەڕیگەی واڵی فەیسبووکەکەی خۆیەوە بوو، بەلام لەبەر گرنگی باسەکەو قەرزێکی کۆن کە هاورێ سامان دەبوایە سێ سال لەمەوبەر لە گەرمەی ڕووداوەکانی نیو کۆبانیدا بیدایەتەوە، بەهەرحال بێدەنگ بوونی، وا ڕەوەندی ڕووداوەکان بەرەو داگيركاري شاریکی تری ملیۆنی دەبات، کەچی هاوڕێ نوسەر هێشتا لەباخی خۆیدا نایەتەدەرو سەرێک لە کۆمەلکوژی عەفرین نادات. بۆیە من ئەگەر لەقەرزی کونیش گەڕێم هیوادارم هەرنەبێت ئەمجارە سامان ئێستیک بکات و لە مەحکوم کردنێکی مەرجدار زیاتر بڕوات و چاوێک بگێرێتەوە بە باسەکەیدا، هەرچەند زۆریش ئومیدەوارنیم، چونکە خالی هاوبەشی میتۆدی سامان لە ڕووداوەکانی دوێنی کۆبانی و ئەمرۆی عەفریندا لە بێدەربەست بوون بە ژیان وچارەنووسی ئینسان و ئینسایەتە لەم ناوچەیەدا. هەربۆیە دیدی زالی هەردوو ڕووداوەکە ئەوەیە کە مادام ڕزگاربوونی ئەم دوو شارە دەسکەوتێکی بۆ حزب و چینی کریکارو کۆمۆنیزم تیدانیە، ئیتر هەر دەخالگەریەک ئاسنی سارد کوتان وچوونە ژێر چەتری ناسیونالیزم وعەوامگەری عەشامەتیکی کۆمۆنیستە، کە ئاو بە ئاشی ناسیونالیزدا دەکەن. ئەم میدالە بەر لەهەر کەس ولایەنیک لە بەرۆکی هەلسوڕاوانی حزب و بزوتنەوەی کومۆنیزمی کریکاری دەدات، بەتاوانی ئەوەی کەبێ هیچ قەیدوشەرتیک داکوکی لیبراوانە لەنەکەوتنی ئەو عەفرینە دەکەن کە رەمزی راوەستانەوەی ئازادیخوازیە دژ بە کۆپەرستی وئیسلامی سیاسی وفاشیسزمی حکومەتی ئۆردگان. کەواتە بابین بزانین ئەم حوکمانە لەکوێوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرن!

لەدەستپێکی نووسینەکەدا سامان دەلی: ’’ بەرگری لە عەفرین تا ڕادەی ناردنی هێزی چەکدار کارو ئەرکێکی کۆمۆنیستیە. بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و مانگرتن وگرتبونەوەو هەر شیوەیەک لە شیوەکانی دیکەی ناڕەزایەتی کارو شیوازێکی گونجاوی کۆمۆنیستیە، یان پێویستە شێوازێکی کۆمۆنیستی بێت.’’ بەلام هەموو ئەمانە تەنیا کاتیک بەرەوا لەقەلەم دەدات وەک دەلی’’ کۆمۆنیستەکان پیوێستە ڕیزی سەربەخۆی خۆیان بە شیوەیەکی رۆشن لە ناسیونالیزم لە پەکەکە لە پەیەدە و هەموو هێزەکانی دیکە… جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆ کارێکی عەمەلیە دەبێت دیارو ماددی و ڕۆشن بێت. واتە کۆمۆنیستەکان نابێت بچنە ژیر ئالای پەکەکەو پەیەدەو کەسەکە و ئۆجەلان و سالح موسلم و،،،، نابێت بە بانگەوازی ئەوان بەشداری بکەن یان نەیکەن… نابێت لە خۆپیشاندانی ئەواندا بەشداری بکەن، وە ئەگەر بەشداری دەکەن وەک کارێکی فەوری و ڕاستەوخۆ پیویستی بە مەرج هەیە، لەوانە بە ئالای کۆمۆنیستی وئالای حزبی خۆیانەوە، بائالای مارکسەوە، وە هەروەها پێویستە وەک قسەکەرێکی سەرەکی جیگاو ڕێگایان هەبێت. باشترین و کارسازترین شیواز ئەوەیە کۆمۆنیستەکان بە جیا بانگەوازی خۆیان بکەن و نارەزایەتی خۆیان بکەن. تەنانەت ئەگەر هێزێک دەتوانێت چەکدار ڕەوانە بکات، پێویستە بە ڕێکەوتن لەگەل ‌هێزەکانی عەفریندا، بەرەی شەڕیان جیا بیت. ’’ هاورێ سامان دریژە بە نووسینەکەی دەدات دەلێ:’’ کۆمۆنیزمێک کە نەتوانیت یان نەیەوێت لەهەر تەنگژنەو توند پێچ و ئەزمەیەکدا ڕیزی سەربەخۆی سیاسی و کارنامەی خۆی جیابکاتەوە لە هێزە بورژواییەکان لە جیهانی هاوچەرخی ئەمرۆدا، کۆمۆنیزم نیەو هیشتا ناسیونالیزمی تێنەپارندوە، یان کۆمۆنیزمێکی ناسیونالیستی یە. کەسانی ناسراوی کۆمۆنیست و کادرە ناسراوەکانی کۆمۆنیزم، لە ڕوانگەی منەوە هەڵەیەکی گەورە دەکەن ئەگەر وەک بەشێک لە لەشکری پەکەکە وپەیەدە دەربکەون و شوناسنامەی کۆمۆنیستیان ون ببێت لە کارەکانیاندا، بمانەوێت یان نا لە قۆناغێکدا، بە هوشیاری یەوە چونەتە پشت سیاسەتی ناسیونالیزم و شیوەی کاری. پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت کە کۆمۆنیستەکان وە حزبەکانی سەرسەختانە بەریگری دەکەن لە عەفرین، لەحالێکدا ئەگەر شوناسی کۆمۆنیستیمان دیار نەبێت کە دیار نیە، بە هوشیارییەوە دەبینە لەشکری ناسونالیزم. ئەمە شیوازو سیاسەتێکی کۆمۆنیستی نیە.’’

بەیارمەتی هاوڕێ سامان، بەشێک لە وتارەکەی سێ سال لەمەوبەری دێنمەوە یاد، کە ئەلهەق نەک هەرخاوەنی یەک جیهەتگیری و میتۆدة، بەڵکو لەهەندێک شوێندا پەرگرافەکانیش هاوشێوەن. بالێرەدا سەرنجی ئەم بەشە لە نووسینەکەی بدەین کەدەلی:’’ هەر هێزێکی کۆمۆنیستی وە دواتر هەرکادرێکی کۆمۆنیست دەبێت بزانێت وە هوشیاربێت بۆ هەرکارێک کە دەیباتە پێش وبزانێت کە چ بەرژەوەندییەکی تێدایە بۆ بزوتنەوەکەی، بزووتنەوەی کرێکاری وە هاوکات بۆ حزبەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری. لەپەیوەست بە مەسەلەی کۆبانیەوە کۆمۆنیزم نوێنەرایەتی ناکرێت، لەئاستی پراتیکدا. کەئەمە خۆی ئاکامی تەنگەژنە وکۆسپی گەورەترە…، مەیدانی کاری کۆمۆنیستی “کۆبانی” نیە، ئەگەر چی خەڵکی کۆبانی خەڵکیکی جەنگاوەر وخەباتکارە وپێویستە پشتیوانی لێبکرێت، مقاوەمەتی ئەوان جێگای تەقدیرو پشتیوانیە بەلام بۆ ئەوان بۆ ناسیونالیزم دەنوسرێت…دواجار پرسیارێکی سادە ئەوەیە ئەگەر کۆبانی سەرکەوت کۆمۆنیستەکان چی یان دەست دەکەویت وچی یان کۆکردۆتەوە؟! وە ئەگەر کۆبانی داگیرکرا دیسان جەسوری گیان فیدایی هەر بۆ ناسیونالیزم دەنوسرێت، جا پا یەدەپە بێت.’’

هاورێ سامان لە عەفرینیشدا بەرەو کوی دەمنبات؟

ئەوەی لێرەدا قسەیەکی لەسەر دەکەم تەنیا لە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی عەفرینە. لەمبارەوە ئەوەش بڵێم کە من ئاشنام بە شمولی بوون و مەتاتیەتی باسەکانی هاورێ سامان، هەروەها بە مەحکومکردنی کۆمۆنیستەکانی دەوربەریشی، کێشەیەک لەچۆنیەتی بەکارهێنانی مافی ئازادی بەیان و بیروڕای ئەودانیە. بەلام کاتیک کە خۆی بە تیۆریسێنی حزب و بزتنەوەیەک بزانێت، دەبێت بەر لەهەر شتیک پێ لە زەمیندابیت و جێگەیەک بۆ ’’خواردنی شیر برنج بهێڵێتەوە، کە پراتیکی ئینسانە’’. ئەوەی کە تۆ دەخالەتکردن و کارکردن بۆ راوەستانەوە دژ بە پەلامارو کوشتارگەی فاشیستانەی حکومەتی تورکیا بە کارێک و ئەرکێکی کۆمۆنیستانە دەزانیت ئەمە جێی پێشوازیە. من نەک هیچ کێشەیەکم لەگەڵ کاری جیاوازو سەربەخۆدا نیە، بەڵکو بەدوای دەرفەتێکی گونجاویشدا دەگەڕێم گەر بزانم ئێمکانی جێ بەجیێردنی دەبێت، عەمەلی کەمەوە. بەلام کێشەکە ئەوەیە کە تۆ تەواوی ئەم ئەگەرانەت لەپشت مەرجێکەوە قایمکردوە، واتە ئەگەر ئەم مەرجە پراتیک نەکرێت ئیتر تۆ هەرجۆرە دەخالەتکردنێک بە ڕەدوکەوتنی ناسیونالیزم و ئاو بە ئاشاکردنی بۆرژوازی دەزانیت. لەمەش خراپتر ئەوەیە کە تۆ هاوێیانی خۆت بە شتێک ئیتهام دەکەیت کە بوونی نیەو بەو شێوەیە نیە کە ئێوە باسی دەکەن، واتە ئەوەی هاورێ کۆمۆنیستەکانت لەژێر ئالای و وێنەی ئوجەلاندا کۆدەبنەوە خۆپیشاندان دەکەن. دنیایەکی سەیرە بەراست ئەگەر ئەم ئیتهامە زەڕەیەک لە عەمەلی هاورێیانی تەنیشت دەستەوە نزیک بوایە، نەدەکرا ئەو نزیکترین کەسانەی دەوروبەری خۆت راچلەکێنیت و ئامۆژگاریان بکەیت کە دەخالەتگەری کۆمۆنیستی لەم وێرانکاریەی عەفریندا چی وچۆنە؟! یان هەقیقەتەکەی ئەوەیە کە خۆشت دەزانیت کە ئەوە کارنامەی هاوڕێیانی پاڵ دەستت نین، دەنا چی لەوە ئاسانتربوو کەبەهەر شێوەیەک بتویستایە سەرنج و رێنمایەکانی خۆت لەگەڵیاندا باسبکردایە. تۆ بڵێیت لایەنی کەم لە رێگەی سوسیال میدیاوە ئەوەندە سەرنجی ئەو هاوێیانەت نەدابێت کە چۆن بە ئالاو پەرچەمی خۆیانەوە دەچنە خۆپیشاندانەکان، کەچی دواتر لەم فەزا مەجازیەدا ئەو ’’هاوڕێ ناسراوی کۆمۆنیست و کادرە ناسراوانە’’ ئیتهام دەکەیت بەوەی کە ’’هەڵەیەکی گەورەیان کردوەو بوونەتە بەشێک لە لەشکری پەکەکە و پەیەدە؟! خۆ ئەگەر بشڵێت ئاگاداری ئەوەنیم کە ئەو هاوێیانە لە خۆپیشاندانەکاندا بە ئاڵاو ئارمی حزبەوە بەشداریان کردوەو قسەکەری بەردەوامی خۆپیشاندانەکان بوون؛ ئەوە ئیتر کەس مقسەر نیەو رەنگە زیاتر بێ ئیشتیقاقی خۆت بێت بۆ نەبینینی هەڵسوڕانێک کە هاوڕێیان بێ مەرج تێیدا بەشداریان کردوە. ئەمە جگە لەوەی کە لە راستیدا لەم خۆپیشاندانانەدا ئاڵای هیچ حزب و لایەنێک ڕێگریی لێنەکراوەو ئاڵای سوور و ئارمی هەر حزب و لایەنێک ئازادو ئاسایی بووە. کەواتە بە پێوانەکەی خۆشت بێت بەم مانایە بەشداریکردن لەو خۆپیشاندانانەی کە تەنانەت ئەوانیش بانگەوازی دەکەن کارێکی نا کۆمۆنیستانە نیەو بەهۆی کەم دەرکی و ناسیونالیست بوونی ئەو کۆمۆنیستانەوە نیە کە تیدا بەشداری دەکەن؛ بەڵکو دروست بەپێچەوانەوە بەهۆی تەعمەق و بڕیاردانێکی سیاسیەیانەوە کەدەیانەویت بۆ جیهان بینیەک کە هەیانە دەخالەتگەری سیاسی بکەن لەبەرامبەر بە کارساتیک کە لاڵ دیێنێتە دەنگ! تەنانەت ئەو مەرجەی کە هاورێ سامان ئاماژەی پیدەکات واتە، ئەوەی کە ’’ئیَمە قسەکەریَکی سەرەکی بین’’، پەیوەند بە حزوری سیاسی خۆمانەوە هەیە تۆ ناتوانیت پیَشوەخت ئەمە بەسەر هیچ لایەنیکەوە فەرزی بکەیت. کاتیک کە لایەنیک بانگەواز دەکەن وەرقەی سپی بۆ هیچ لایەنیک واژۆ ناکەن، ئەوەی کە ئەمە دەکاتە ئەمری واقع، میزان و شیوازی دەخالەتگەری ئێمەیە کەدەتوانیت رەقەم لیبدات. هەرئەمەش جیاوازیە سەرەکیەکی نیوان هاوری سامان و ئەو هاورێ یانەیە کە بەشداری دەکەن. ناوبراو بەشداری کردن لەم جولانەوەیەدا بەمەرجی پیشوەخت دیاری دەکات، کە ئەمەش بەراستی تەنیا دەتوانیت تیۆری بەشداری نەکردن و ڕۆلی تەماشاکەر ببینێت. دەنا ئەگەر ئیمە بلین بە مەرجەوە پیشوەخت دەمانەویت تەرفیکی سەرەکی بین، زۆر ئاساییە کە بەرامبەرەکەت پیت بڵێ هیوادارم کە ئیوە تەرفیکی سەرەکیبن بەلام ئەمە لیرەدا کۆتای نایەت، بەلکو دەبیت بچن ودەخالەت بکەین و سیاسەت و روانگەو ئاراستەی فکری خۆمان بەیان بکەین بچینە جەدەل و کیشمەکیشیکەوە تا بتوانین لە پانتایەکی کاراترو فراوانتردا کاریگەریمان هەبیت. کە دیارە هەموو ئەمانە بەمانای ئەوەنیە کە ئەو حالەتە باشەی کە تۆ باسی دەکەیت هەڵە بێت، واتە ئەوەی کە ئێمە خۆشمان بەشێوەی سەربەخۆ بانگەوازی کارو هەلسوران بکەین بۆ ئەو ئامانجە. بەلام کاتێک ئەوەنیە، ئیتر ئەمە بەمانای ئەوە نیە کە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی تردا، هەڵەیەو لە دەرەوەی کاری کۆمۆنیستیدایە!

دواجار ئەوەش بلیم کە باسکردنی هاورێ سامان لە دەخالەت و پشگیری چەکدارانە لەم جولانەوەیە بەهەمان مەرجی سەربەخۆ کەباسی دەکات، بەرلەهەرشتیک ناهەقیقیەکە بەخۆی دەکات ئاساییە کەسیک شارەزای یاساو ریساکان و زمانی چەک نەبێت خۆی لە شێوەی بەکارهێنانیشی بپاریزیت. بەلام هاورێ ئەزیز جەنگ و بەشدرایکردنی چەکدارانە لەهەر مەیدان و بەرەیەکی شەردا، ئەوەنیە کە تۆ نەزەریکی باشت هەبیت و شەڕکەرێکی باشبیت، بەلکو لە راستیدا ئەوەیە کە چۆن خۆت دەپاریزیت و چۆن هیرش دەکەیت و چۆن پلان دادەنیت؟؟ تۆ کە جغرافیای سیاسی ولاتیک نەشارەزا نیت و یەکەم جارە پیت تێ ناوە، بە کام شارەزای و کام پیلان و دیاریکردنی کام تاکتیکەوە دەچیتە نیو مەیدانی شەڕ؟! ئاخەر لەجەنگدا دۆلکیشکردن و پاشەکشەش هەیە، راست وچەپ و سەروخوار هەیە، ئەمە جپاواز لەوەی پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا تۆ بە چ ئەزمون و باکگراوندیکەوە دەچیت و هیزی چەکداری خۆت رینمای و رابەری دەکەیت، بە چ تواناو بە چ شارەزایەکەوە دەتوانیت ئیداعای ئەم جۆرە لە بوونی بەرەی شەڕی جیا بکەیت لە زەمینیکدا کە نایناسیت وشارەزای نیەو هیشتا پێ تێ نەنانەوە. بۆیە دەبیت بلیم بەداخەوە بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنە. ئەمەش دەتوانیت هەر بەشیکیتر لە تیۆری هیچ نەکردن بێت، کە دیارە خەتاکەی ناکەوێتە سەرشانی ئەو کۆمۆنیستانەی کە ئاو بە ئاشی ناسیونالیزمدا دەکەن، بەڵکو لەڕاستیدا مقەسەر ئەو تیۆرییە کە بستێک زەمین بۆ جی بەجیکردن و پراتیکیکی شۆرشگیرانە شک نابات.

ماوەتەوە بلیم، شیتکی چاوەروان نەکراو تازە نیە گەر بڵێین کە چۆنە جیهانی قیزەونی ئەمرۆ تەواوی زلهیزەکانی دنیا بە تەواوی سوسیال میدیا زەبەلاحەکانیشیانەوە لەبەر بەرژوەندی چینایەتیان، ئەو قەسابخانەیەی کە جەستەی مندالان و ژنان و بەشمەینەتانی شاریک تیدا لە قیمە دەدەن، نابینن و تازە لە ( یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی “چڵەزەیتون”ەوە ئەڵمانیا بە بڕی 4.4 ملیۆن یۆرۆ چەک و تەقەمەنی بۆ تورکیا ناردووە) بۆ ویرانکردنی عەفرین. ئەی بەراست کام بەرژوەندی و کام تیۆریە کە هاوڕێ سامان بوونی مافی ژیان بۆ خەلکی عەفرین دەخاتە گرەی ریزی سەربەخۆی کۆمۆنیستەکان ؟! مەگەر کومونیستەکان خوازیاری رەهای هەموو کۆمەلگاو ریشەکیشکردنی هەرجۆرە ستەمیک نین؟ مەگەر چینی کریکار بە رزگاربوونی خۆی خوازیاری رزگاربوونی هەموو کۆمەلگا نیە؟ ئەی بەراست ئەم خەمساردیەی هاورێ سامان لەبەرامبەر بە ژیان و چارەنووسی ژنان و مندالان و خەلکی عەفریندا لەچیەوە سەرچاوە دەگریت بەدەر لە نامۆبوونی ئەو تێزانەی نەبیت بە واقعی ژیانی کۆمەلگاوە؟!!

تیبینی/ بەریزان ئەم دوو لینگە، نووسینەکەی هاوری سامان سەبارەت بە رووداوەکانی کۆبانی و وەلامیکی منە سێ!

http://www.hawpshti.com/ku/?p=2974

http://dengekan.info/کۆبانی-و-كۆمۆنیستەكان؛-وەلامیَک-بە-ها

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *