گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ ئاڵا فەرەج

هەڵسوڕاوان لەبارەی پرسی ژنەوە دەدوێن

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ ئاڵا فەرەج

بۆ پێشەوە: بەهۆی ژیانی دۆزەخی لە خێزان و کۆمەڵگەدا، زۆرێک لە ژنان لە رێگای خۆ خنکاندن یان خۆسوتاندن، کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن، هۆکاری دەستبردنی ژنان بۆ ئەم خۆسوتاندن و خۆکوژییە، بۆچی دەگێرنەوە؟ دەبێ چ بکرێت بۆ بەرگرتن و کۆتایی هێنان بەو دیاردەیە؟

ئاڵا فەرەج: ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی واقیع بینیانە بڕوانینە ئەو دۆزەخەی بۆ خەڵکییان دروستکردوە بۆ ژنان بۆ پیاوان مناڵان و گەنجانێک کە لە سەرەتاییترین مافی ئینسانی بێ بەشکراون، بەتایبەتی هەل و مەرجی ژیان و گوزەرانی ئێستای خەڵک بە جۆرێکە کە زۆر جار ئەبینین خێزانەکە بە ژن و پیاوەکەوە کۆتایی بە تەمەنی ناسکی خۆیان دێنن.

بێکاری و ژیانی ژێرهەژاری و نەبوونی هیچ چەشنە بیمەیەکی بێکاری وخزمەتگوزارییەک وای کردوە بەشێوەیەکی گشتی خیزانەکان ژیانێکی یەکجار نالەبار بەسەربەرن سەرەرای ئەوەی کە کۆمەڵگەیان بەرەو ژیانی بێهیوایی بردوە گەنجان وە بە تایبەتی ژنان هیچ چەشنە ماف و ئازادیەکییان نییە، بەڵکو حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە ژێر ناوی بزووتنەوەی کوردایەتیدا دەستی رەشی دەسەڵاتیان زاڵ وزاڵمتر ڕووبەرووی خەڵکی کردۆتەوە ئەمانە وەک ڤایرۆس کۆمەڵگەیان تووشی ئیفلیجی کردوە بە بێکارکردن و کوشتنی ئینەرجی گەنجانەوە ناوەستن، بەڵکو بە تێکەڵەی ناسیۆنالیزم و ئیسلام  سەرجەم کۆمەڵگەیان بۆ چەندین ساڵ بەرەو دواوە بردوە.

جگە لەوەی لە فەرهەنگی کوردایەتیدا جێگاو ڕێگای ژن ئەوەندە لە خوارەوەیە تا ئەو ڕادەیەی ژن وەک ئامرازی سێکس و، پاراستنی سێکسی ژن لەلایەن مێردەوەو پاراستنی نامووسی ژن لەلایەن باوک و براو مێردەوەو لەکەداربوونی ئەم نامووسە ئەنجامەکەی کوشتن و ئەتککردنی ژنانە!

ئەمەیە فەرهەنگی کوردەواری کە پرە لە خورافاتی دینی و نەریت و باوە رزیوەکان!

لە فەرهەنگی کوردەواری پیاوسالاریدا، پیاو بریاردەرە لە ژیانی خێزانداو کەمترین بەرپرسە لە گەورەکردنی مناڵدا! سەرەڕای ئەوەی ئەم فەرهەنگە وای کردوە ژنان بە وێنەی کەسایەتی بەهێز وپر ئیرادە دەرنەکەون، ئەوەش بەمەبەستی راگرتنی سیستەمی باوی ئێستای دەسەڵاتدارانی ناسیۆنالیزمە، کە سەرتاپای سیستەمی خیڵەکی و پیاوسالاری و حوکمی بنەماڵە زاڵە.

ئەگەر باسی فەرهەنگی کوردەواری بکەین، بروا ناکەم لە قاموسی زمانەوانی وڵاتانی تردا هیچ فەرهەنگێک هەبێت بە وینەی  فەرهەنگی کوردایەتی دواکەوتوو بوونی هەبێت، هەر لە مەسەلەی ژنانەوە تا پیاوان و مناڵانیش یەک پارچە تەوهین ئامێزە بە ژنان کە ئەمە کاریگەری گەورە لەسەر کەسایەتی ئینسانەکان دائەنێت و بێ بروابەخۆ بوون دێنێتە ئاستێکەوە کە بە ئاسانی پەنا بۆ لەناوبردن و ئاگر لە جەستە بەردان ئاسانتر بێت تا ئەو ژیانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆی دیاریکراوە.

ئەوەندەی پەیوەندی هەیە بەوەی کە چۆن رێگری لە روودانی خۆکوشتن و خۆسووتاندنیانەوە بکرێت بەندە بە فشار و نواندنی هێزی خەڵکانێک کە تینووی ژیانێکی شایستەی ئینسانن.

فشاری ئەم هێزە بۆ سەر دەسەڵاتی گەندەڵ، هێرش بۆ سەر یەک بەیەکی فەرهەنگی دواکەوتوی خێڵەکیانەی هەموو حیزبە دەسەلاتدارەکان و هاوکات بەسەرخستنی خەبات و چالاکی ئەو بزووتنەوە و لایەنانە مەیسەر ئەبێت کە مەسەلەی ژنان وەک کێشەیەکی کۆمەڵگە چارەسەر ئەکەن نەک وەک مەسەلەیەک کە مامەڵە وسات و سەودای پێوە بکرێت.

بۆپێشەوە: هەموو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، لەوانە بزوتنەوەی ناسیونالیستی و کوردایەتی تا دەگاتە بزوتنەوەی دواکەتووی ئیسلامی… خاوەنی رێكخراوەی ژنانی سەر بە بزوتنەوەکەی خۆیانن.، هۆکار چییە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، رێکخراوێکی بۆ بەرگری لە ماف و ویستەکانی ژنان نییە؟ سەرباری بوونی دەیان رابەرو هەڵسوراوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان؟

هۆکار چییە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان  ریكخراوەیەکیان نییە بۆ بەرگری لە ژنان و مافەکانیان؟

ئاڵا فەرەج: بەرای من ئەوە گرنگ نییە ژنان چەند رێکخراویان لە لایەن حیزبەکانەوە بۆ دروست کراوە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە چەندێک زەمینە سازکراوە بۆئەوەی ژنان خۆیان رێکخراوەی راستەقینەی بەدەستهێنانی مافە ئینسانیەکانیان دروست بکەن؛

دروستکردنی رێکخراوی ژنان لە لایەن حیزبەکانەوە بۆ ژنان ئیرادە کەمکردنەوەی توانایی ژنانە بۆ گەیشتن بە داواکارییەکان؛

ئەگەر ژنان لەهەل ومەرجێکدا ژیان بکەن ئازادی رێکخراو بوون هەبێت، ئەو کات ئەتوانن بە شێوازی جۆراوجۆر کۆر و کۆمەڵی جیا جیایان هەبێت و لە شوینی کاریش لەگەڵ پیاوانی ئازادیخوازو هاوشانیدا پێکەوە بجەنگن و دژی بەکۆیلەکردن و چەوساندنەوەی ژنان خەبات بکەن و رێکخراوی راستەقینەی خۆیان دروست بکەن.

ئەو رێکخراوانەی ژنان کە زۆر جاری وا هەبووە ئەگەر ناچارکرابن کەیسێکی ژنان وەربگرن،. نەیانتوانیوە داڵدەی ژیانی ژنان بدەن وبیانپارێزن و کەمێک لە ئازارەکانیان کەم بکەنەوە، بە پێچەوانەوە پەنایان بردۆتە بەر دواکەوتووترین رێگە وەک ئەوەی کە بە رێگە عەشایەریەکان ژنانیان تەسلیمی کەس وکاریان کردۆتەوە و بەمەش ژنەکە کوژراوە.

ئەگەر حیزبێک عەشایەر بێت وەک حیزبە دەسەڵاتدارەکان، بزووتنەوە و حیزبەکەی داوای رێکخراوی عەشایەری بۆ ژنان ئەکات ئەمەش زەرەرێکی گەورە ئەدات لە بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان!

بەداخەوە زیاتر لە ٢٥ ساڵە حیزبە دەسەڵاتدارەکان رێکخراوی جۆراوجۆریان بەناوی رێکخراوی ژنانەوە دروستکردوە، بەلام رۆژ بەرۆژ ژمارەی قوربانیانی دەستی فەرهەنگە دواکەوتواکان لە زیادبووندایە، ئیهانەکردن بە ژنان و سووکایەتی کردن بە کەراماتیان بۆتە کەیسی رۆژانەی ژنان، ناموس و شەرەفی ژنان بۆتە خودا وخۆ ئەگەر نەتبێت کافریت و ئەچیتە ریزی کوشتنی ناموسییەوە! بۆیە ئەبێت ژنان بزانن لە کام رێکخراوو رێگە لەم کۆیلایەتیە ئەگرن و رزگاریان ئەکات!

مێژووی چەپ و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراق بە تایبەتی لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەوەی تۆمار کردوە کە دەیان هەڵسوراوی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی دژی ئەم سیما و کارکردە ناشیرینانەی ئیسلام  وناسیۆنالستەکان خەباتمان کردوە،. ئەوکات ئەوە کاری شەوو رۆژانەمان بوو!

ئەو کات ترسی ئەم حیزبانە لە کۆمۆنیزم زۆر لەوە گەورەتر بوو کە من لێرەدا باسی ئەکەم!

کاری ئەوکاتەی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بزووتنەوەیەکی گەورەی کۆمۆنیستی جوڵێنەری بوو،

هەلومەرجی ئێستا بە جۆرێک گۆراوە کە ئەتوانم بڵێم پەرش وبڵاوی هەریەک لە هەڵسوراوانی ئەم بزووتنەوەیە وکارکردن و رۆڵی هۆکارە بابەتی و جیهانییەکان لە دژی مافە جیهانیەکانی ژنان و هەروەها ئاسۆ و میکانیزمی کاری ئەم بزووتنەوەیە و دیدگا جیاوازەکان وای کردوە کە ئەم هێزە رادیکاڵەی کۆمەڵگە نەیتوانیوە لە ئێستادا ژنان خاوەنی رێکخراوەی راستەقینەی خۆیان بن.،

ئەمە کارێکە کە بە مشوور خۆران و بەخەمەوە بوونی کادران و رابەرانی ئەم بزووتنەوەیە وە ئەکرێت وە ئەمە هەرگیز کارێکی نا مومکین نییە!

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *