دەبێ دەستبەجێ هێرش و گەمارۆی سەربازی تورکیا بۆسەر عەفرین کۆتایی پێبێت!
سوپای دەوڵەتی کۆنەپەرست و فاشیستی تورکیا، دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕێکی نابەرابەردا، بە نوێترین چەکی پێشکەوتوو و وێرانکەر و بەهاوکاری گروپ و تاقمە ئیسلامیە بەکرێگیراوەکانی بەناوی “سوپای سوریای ئازاد”، وە دوای بەرەنگاریەکی سەختی خەڵکی عەفرین و هێزە سیاسیەکان، سەرەنجام لە شاری عەفرین نزیك بونەتەوەو لە چەند لاوە گەمارۆی سەربازی شارەکەیان داوە. لەولاشەوە رژێمی دژی مرۆڤکوژی سوریا، کە هاوسنوری عەفرینە، لەجیاتی ئاسانکاری بۆ دەربازبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی، گومرکی سەریان دەکات! ئێستا سەدان هەزار هاوڵاتی خەڵکی شارەکەو ئاوارەی ناوچەکانی دیکە کە لەعەفرین دەژین، لەبەردەم کارەستێکی مرۆیی گەورەدا راگیراون.
دەوڵەتی روسیا کە دەورێکی سەرەکی هەیە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا، چرای سەوزی بۆ دەوڵەتی تورکیا هەڵکردوە. ئەمریکاش کە هەموو هەوڵێك دەدات بۆئەوەی تورکیا بەتەواوی نەچێتە ناو هاوپەیمانیەتیەکی ستراتیژیەوە لەگەڵ روسیادا، بێدەنگەی لێکردوەو ناوچەی عەفرینی بۆ تورکیا رەها کردوە. دەوڵەتانی ئەوروپاش نایانەوێ دڵی هاوپەیمانەکەی ناتۆیان بڕەنجێنن. بەم شێوەیە لەناو رەزامەندی و بێدەنگی رای رەسمی جیهاندا، خەڵکی عەفرین لەناو ئاگری تیرۆریزمی دەوڵەتی تورکیاو تیرۆریزمی ئیسلامی بەکرێگیراوی تورکیا گەمارۆدراون.
عەفرین بەدەست تیرۆریستانی داعش و بەرەی نوسرەو ئەحرار الشام و گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیە مرۆڤکوژو مرۆڤ سەربڕەکانەوە نیە، تا ئەو دەوڵەتانەی کە بانگەشەی درۆزنانەی جەنگی دژی تیرۆر دەکەن، چاوی خۆیان لەئاست ئەو کارەساتەدا دابخەن کە خەریکە لە عەفرین روودەدات!
پێویستە خەڵکی ئینساندۆست وئازادیخوازی جیهان بەرامبەر بەم ملهوڕی و تیرۆریزمەی دەوڵەتی تورکیا و دەستوپێوەندە ئیسلامیەکانی لە سوپای بەناو “سوریای ئازاد” بێدەنگ و تەماشاچی نەبن. دەوڵەتانی ئیمپریالیستی روسیاو ئەمریکا و دەوڵەتانی هاوپەیمانیان لەناوچەکە، خەریکن لەسەر کوشتاری خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەراست و وێرانکردنی چەندین شاری وەکو موسڵ و حەڵەب و رەققەو ئێستاش عەفرین بەسەر دانیشتوانەکانیاندا، جەنگی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەڕێوەدەبەن. ئەم بەربەریەتە ناکرێ قبوڵ و تەحەمول بکرێ. ئەگەر بەرامبەر بەم جەنگخوازی و ملهوڕی و بەربەریەتەی ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی هاوپەیمان و نۆکەریان بێدەنگ بین، دەستی ئەم جڕوجانەوەرانە درێژ دەبێ بۆ سەرکوتکردن و لەخوێن هەڵکێشانی هەر بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی و کرێکاری و پێشکەتنخواز لەناوخۆی ئەو ووڵاتانەو لە هەر جێگایەکی تری دنیادا کە سەر بەرزبکاتەوە.
سەرکەوێ بەرەنگاری خەڵکی عەفرین
بژی بەرەی مرۆڤایەتی ئازادیخواز و ئینساندۆست دژی بەربەریەتی بۆرژوازی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١١ی مارسی ٢٠١٨