موزەفەر عەبدوڵا
ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردوو وە بە دیاریکراوی لە ٦/٢ دا جارێکی تریش شەقام و بەردەم بەرێوەبەری و فەرمانگەکانی پەروەردە لە زۆرێک لە شاروشارۆچەکانی کوردستان، بە تایبەتی شاری سلیمانی و هەڵەبجەو گەرمیان، بونەوە مەیدانی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری مامۆستایان و کارمەندەکانی. ئەم نارەزایەتییەش بووە پەنجاو یەکەمین ناڕەزایەتی لە ماوەی نزیک بە ٣ ساڵی ڕابردودا، لەوەتەی موچەیان کەم کردۆتەوە بۆ چارەکە موچەو ئەویش بە نیوە ناچڵی هەر ٣-٤ مانگێک جارێک پێیان دەدرێت.
مامۆستایان لەم ناڕەزایەتییەدا بە شێوازی جۆراجۆری ڕادیکاڵانە، سکاڵایانە، گاڵتەئامیزانە، توانج دان لە دەسەڵاتی چەتە، تا دەگات بە جۆرێک لە پاڕانەوەو کڕوزانەوە لە عەبادی دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزکردەوە. دیارە ئەم ناڕەزایەتییەش لە لایەن هەندێک ئەنجومەنی کاتی مامۆستایانەوە ڕێکخرابوو بە دوور لە دەستی یەکێتی مامۆستایانی سەر بەدەسەڵات.
بەڵام ئەمجارەش وەک هەمیشە دەسەڵاتدارانی چەتەگەرو سەرکوتگەردزو گەندەڵ گوێی بۆ نەگرتن.
ئەم ڕوداوەش بووە هەواڵی گەرمی زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و قسەوباس و پرس و ڕای خەڵک لە تۆڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان.
بە تایبەتی بۆتە جێگای پرس و ڕای گشتی زۆربەی مامۆستایان و جەماوەرو، دەپرسن کە ئاخۆ ئەم بەناو حکومەتە بۆ گوێ لە دەنگی ڕەوای ناڕەزایەتی کەس ناگرێت کە بۆ مافە ڕەواکانیان دەریدەبڕن؟!
جا لە گۆشەی پرس و رای ئەم هەفتەیەوە بە پێویستی دەزانین ئێمەش، وێرای پشتیوانیمان لە خواست و ناڕەزایەتییە ڕەواکانی مامۆستایان، وەڵامێکی کورت بەم پرسیارە بدەینەوە. بە ئومێدی ئەوەی ڕۆشنایی یەکی بچوک بکاتە سەر لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم خەبات و ناڕەزایەتی مامۆستایان و جەماوەری ناڕازی.
بە بڕوای من وەک چاودێرو هەڵسوڕاوێکی کۆمۆنیست و لایەنگرێکی سەرسەخت لە ماف وئازادییەکانی جەماوەر وەڵامی بابەتیانەو دروستی ئەم پرسیارە لە ناوەڕۆکی گرفتەکانی هەردوو لای هاوکێشەی دەسەڵاتی چەتەگەرو شێوازی ناڕەزایەتییەکان و هەلومەرجی سیاسی باڵادەست دایە، کە مامۆستایان تیایدا دەنگی ناڕەزایەتی بەرزوبەرزتر دەکەنەوە بۆ سەپاندنی داواکانیان.
تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بە بەری دەسەڵات وەک لایەکی هاوکێشەکە ئەوەیە، وەک چەندین جار ئێمە لە پێناسی ئەم دەسەڵاتەدا وتومانە لە ٢٧ ساڵی ڕابردووە تا ئیستا، کە ئەم دەسەڵاتە بە حوکمی ناوەڕۆکە بۆرژوا قەومی و خێڵەکی و بنەماڵەییەکەی کە بە زەبری چەک و چەتەگەری خۆی سەپاندوە لە هەلومەرجی دونیای سیاسی ئەم وڵاتانە هەرگیز نایانەوێ و ناشتوانن وەک دەسەڵات و حکومەتێکی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان بکەن و بەڕێوەی بەرن.
ئەوەشی کە ناوی پەرلەمان و حکومەت و شەرعیەتی دەنگدانیان لیناوە، وەک دەوارە شڕێک وایە کە کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانیان کردوە بە خێڵێکی کۆچەری و بە زەبری چەک و سەپاندنی دابونەریتی پیاوسالاری و کەڵەگایی ئاغایانەوە، بەڕێوەی دەبەن و بەری ڕەنجی خەڵکەکەی و هەمو سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی یەکەیشی بە تاڵانی دەبەن.
ئەمە تۆمەتێک نییە ئێمەو بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و ئینساندۆستی بۆ سەرانی دەسەڵاتی چەتەگەری پارتی و یەکیتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان، وتەنانەت ئەو هاوپەیمانی یە تازانەش کە وەک سەرە مێکوتە سەریان دەرهێناوە هەڵبەستن، نەخێر..! بەڵکو ئەمە لە زاری بەناو ڕۆشبیرترین و دیموکراسیترین کەسایەتییەکانیان تەعبیری لێکراوە کە مەلا بەختیارەو، بەرپرسی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکیتی یە، کە یەكێک لە تاقمە دەسەڵاتدارەکان و یەکەم دەسەڵاتداریشە لە نیوەی شارەکانی کوردستان.
ئەو بە ئاشکرا ئەم قسەیەی ئێمەی سەلماندو وتی کە شتێکی نییە بە ناوی شەرعیەتی پەرلەمان و حکومەت و دیموکراسی. ئەوەی هەیە لە دەسەڵاتدا هێزی چەکو شێوازی باڵادەستی چەتەگەری یە کۆمەڵگەی لەژێر دەستدایەو بەرێوەی دەبات.
ئەمە ئیتر ناوەڕۆک و شێوازی دەسەڵاتی ئەم جوڵانەوە قەومی و خێڵەکیانەو باڵەکانیانە نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لەسەراسەری عێراق و وڵاتانی تریش بە کۆمەڵێک جیاوازی یەوە. ئەمە ئیتر لە بارێکەوە دیاری دەوڵەتە زلهێزە ئیمپریالییەکانی وەک ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانە لە ماوەی بیست و سی ساڵی ڕابردودا بۆ ئەم وڵاتانە کە بە شەڕو داگیرکاری بۆ ئامانجە ئابوری و سیاسییەکانی خۆیان سەپاندویانە لە ژێر پەردەی پەرلەمان و دیموکراسی قەوم وخێڵ و دین و تایەفە. بۆیە لەم ڕوەوە نابێت مامۆستایان و بەشەکانی تری بێماف و ناڕازی هیچ چاوەڕوانییەکی وایان لەوە هەبێت کە ئەم دەسەڵاتە گوێ لە دەنگی ناڕەزایەتییان دەگرێت.
تا ئەو جێگایەش دەگەڕێتەوە بە خودی مامۆستایان وەک بەشێک لە هاوکێشەکەی جەماوەر ئەوەیە کە بەڵگە نەویستە مامۆستایان توێژێکی هۆشیاری کومەڵگەن و بەهرەمەندن لە زانست و زانیاری. وە تەنانەت خاوەنی پێگەیەکی گرینگن لەبەرەوپێشچونی کۆمەڵگە لە زۆر لایەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین کیشەو گرفتیان هەیە کە ئەویش ڕادەی پەرش و بڵاویانە لە رووی سیاسی و ڕێکخراوەیییەوە. وە ئەمە لە خودی ناڕەزایەتییەکانیان دیارە کە چەقی بەستوە لە یەک شێوازی ناڕەزایەتی لۆکاڵی و بێ ئاسۆ کە هیچ کاریگەرییەکی وای لەسەر دەسەڵاتی چەتەگەر نییە هەر بۆیە گوێیان لێ ناگرن.
لە باشترین حاڵەتدا ڕێکخراوبونی مامۆستایان بریتی یە لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کە دەیان ساڵە هەیە بێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بوبێتە بەشێکی کاریگەر لە خەبات و نارەزایەتی مامۆستایان. ئەم ڕێکخراوەیە نەک هەر هیچ پەیوەست نییە بە خواست و داواکانی مامۆستایان و ئاسۆ و ئامانجی خەباتکارانەی ئەم توێژەوە، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە بۆ جڵەوکردنی خەبات و ناڕەزایەتی ئەوان و بەلاڕێدابردنی ئاسۆ و ئامانجەکانی ئەوانە. ئەم ڕێکخراوە بیرۆکراسییە زەردە کاتی خۆی لە نیوەی سەدەی بیست پارتی و بارزانی بۆ ئامانجەکانی خۆیان پێکیان هێنا تا مامۆستایان بۆ هەمیشە نەوە دوای نەوە بکەنە خزمەتی ئامانجە سیاسی یەکانیانەوە. ئەم رێکخراوەیە هەروەک ڕێکخراوەو سەندیکاو یەکیتی یە پیشەیییەکانی ڕژیمی بەعس تەنها بۆ سەرکوت و، لەباشترین باردا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەبات و دەنگی نارەزایەتی مامۆستایانە دژی ئەم دەسەڵاتە چەتەیە.
سەرانی ئەم یەکێتییەی مامۆستایان کە زۆربەیان لەناو ڕیزەکانی سەرەوەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارن موچە هەبێت یان نا بۆ مامۆستایان ئەمانە موچەی حزبی و نەسری یەو دیاری حزبەکانی خۆیان هەیە. ئەوە جگە لەو کەمە بودجەیەی کە بۆ بواری پەروەردە سەرف دەکرێت ئەمانە پشکی خۆیان بە گەندەڵی لێ دەپچڕن.
بۆیە بەر لەهەر شتێک پێویستە مامۆستایانی نارازی و ئازادیخواز بە کردەوە ڕیزی خۆیان لەم ڕێکخراوەیەو هەر ڕێکخراوێکی تری سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان و بەناو ئۆپۆزیسیونەکان جیاکەنەوەو ڕێکخراوی سەربەخۆی جەماوەری خۆیان دامەزرینن بە ئاسۆ و ئامانجێکی شۆرشگێرانەوە کە نەک هەر بۆ دابینکردنی موچەو کرێ بێت، بەڵکو تا ببن بە بەشێک لە سەرجەم پرۆسەی ئاڵوگۆری شۆرشگێرانە لەگەڵ جوڵانەوەی کریکاران و زەحمەتکێشان و لاوان و قوتابیان و ژنان و ئەو حزب و لایەنانەی کە ئاسۆ و ئامانج و ستراتیژو تاکتیکی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی ئەم دەسەڵاتەیان هەیە. دیارە ئەمەش پەیوەستە بە سەرجەم ئەم هەلومەرجە پر لە ئاژاوەو پەشێوی و قەیرانی سیاسی و ئابوری کوردستان و عێراقەوە.
بێگومان ئەوە ڕۆشنە کە بەشی زۆری مامۆستایان دەمێکە بروایان بەم ڕیکخراوەو تەنانەت زۆربەی ڕێکخراوەکانی سەر بە لایەنەکانی تریش نییە، بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆی ئەوەی لەبەرامبەری ئەمانەدا دەسبەرن بۆ ڕێکخراوکردنی خۆیان لەسەر بنەمای کۆبونەوە گشتییەکانیان بۆ بڕیاردان لەسەر دیاری کردنی هەمو ئاسۆ ئامانج و دروشم و خواستەکانیان و شیوازو چۆنێتی بەڕێخستنی ناڕەزایەتییەکانیان بە کۆمەڵ و ئازادانە.
بە ڕای زۆربەی چاودێران ئەم لاوازییانە هەر لە دروشمەکانی ماموستایانی ناڕازییەوە دیارە وەک ئەوەی داوا دەکەن عەبادی و تاقمە تایەفییەکەی لە بەغداوە موچەیان بۆ بنێرێت، وەک ئەوەی عەبادی و تایەفەکەی باشتر بێت لە نێچیرو قوبادو خێڵەکانیان.
هەڵبەت دەسبردن بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوێکی وا ڕادیکالانە ئەرکی هەر ئێستای مامۆستایانی نارازییە، بە تایبەتی بەشە بە ئاگا سیاسییەکەی. ئەو بەشەی کە خواست و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان دەبەستنەوە بە کێشەو ململانێ و ناڕەزایەتی یە چینایەتییەکان و ئاسۆ و ئامانج و بەرژەوەندییە چینایەتییەکانەوە لە شوێنی کاریان. پێویستە هاوکات ئەم ڕێکخراوەیە لە ئاستی کوردستان سەراسەری بێتەوەو ببیتە هاوکارو هاوپەیمانی هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەنانەی کە هەمان ئاسۆ و ئامانجی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەیان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەم چەتانەو ئەو هەلومەرجە سیاسییەی کوردستانی تێکەوتووە. ئەمەش پێویستی دیارکردنی چارەنوسی تەواوی یەکلاکەرەوەی کوردستانە وەک وڵاتێک.
کەسێک یان لایەنێک پێی وا بێت کە مامۆستایانی کوردستان تەنها ڕێکخراوێکی پیشەیی وەک ژێر سایەی دەوڵەتو حکومەتە لیبرال و سۆسیال دیموکراسییەکانی رۆژئاوایان بەسە ئەوە زۆر ناڕۆشن و بەهەڵەدا چوە یاخود هێشتا سودێکی دەست دەکەوێت لە پەنای ئەم دەسەڵاتە چەتەیەدا.
بۆیە تا مامۆستایان و هەمو جەماوەری ستەمدیدەو ئازادیخواز ئەم لاوازی و گرفتانە پر نەکەوە بە ئاسۆ ئامانجو بەدیلی ڕۆشنەوە بۆ کۆتاییهینان بە دەسەڵاتی ئەم چەتانەو کۆتاییهینان بەم دۆخەی تا ئیستای کوردستان ئەوە مامۆستایان و سەرجەم جەماوەر هەرچەندە دەنگی ناڕەزایەتی دەرببڕن بێگومانە ئەم دەسەڵاتە چەتەگەرە گویییان لێ راناگریت. هەروەک لە زمانی مەسعود بارزانییش، بەشێوەی سوکایەتی ئامێز چەند مانگ لەمەوبەرەوە وتی خەڵکی با بۆخۆیان هەر بقیڕێنن قەد گوێیان لێناگیرن. ئەوە ئیتر بەڵگەدارترین پەیامی سەرۆکی هەرەمی ئەم دەسەڵاتەیە کە بە مامۆستایان و جەماوەری ستەمدیدەی نارازی دەڵیت چاوەڕێ مەکەن هیچ خواست و داوایەکتان جێبەجێ بێت لە سایەی دەسەڵاتەکەیاندا.