عەبدوڵا مەحمود
لە ئاکامی نابەرابەرییەکی ئابوری زەبەلاح و شەپۆلی نەوەستاوی دژی ئازادی و دزی و تاڵانی و گەندەڵی بێپەردەی ڕاشکاوی فەرمی و نافەرمی، لەبەرامبەر دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشایی و بێیاسایی نزیک بە دوو دەهەدا، بەشێکی خەڵکی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەی سەوزو نیلیدا، لە ١٧ شوباتی ٢٠١١دا هاتنە مەیدان. خەڵکی نارازی کوردستان بەئیلهام وەرگرتن لە بزوتنەوەی ڕامالینی دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتی بۆماوەیی “پشتاو پشت- وراسی” و لە پێناو نان و ئازادی و گێڕانەوەی شکۆی ئینسانیاندا، کە وڵاتانی عەرەبی و باکوری ئەفریقای هەژاند، هاتنە سەر شەقامەکان و خواستە سەرەتایی و رەواکانی خۆیان ڕاگەیاند، کەپاشان بەزۆری چەک و پیلان و سازشی ئۆپۆزیسیۆنێکی! بودەڵە و ماڵی خامۆشکرا. بەش و ناوچەکانی تری کوردستانی ژێر دەسەڵاتی زەرد کە لەژێر لە قەڵەمڕەوی میلیشیایی پارتیدا بوو، ترس و تۆقاندن و ڕێگەی نەدا تورەیی و نەفرەتی لێوان لێویان، فوارەی ئاسایی خۆی بگرێتە بەر و هاواری رەوای ملیۆنییان، بەزۆر کڵۆم درا.
هاتنە مەیدانی خەڵکی ناوچەی سەوزو نیلی و سازشی ئۆپۆزیسێۆن و سەرکوتی ناوچەی زەرد، لەساڵی ٢٠١١دا، هەر هەموویان چەند ڕووداوی لە بیرنەکراوی و پڕ ئەزمونی خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستانن.
ئیستا کە ٧ ساڵێک بەسەر خرۆشانی جەماوەری پارێزگای سلێمانی و بەزۆر کڵۆمدانی دەنگی نارەزایەتی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێردا، تێدەپەڕێت. وە بەدوای چەند شەپۆلێکی تری خۆپیشاندان بەتایبەتیش خۆپیشاندانی ساڵی رابردوو، وە بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەردا کە هەلومەرجی سیاسی کوردستان گێردرایەوە بۆ دۆخی ساڵی ١٩٩١، نابەرابەری ئابوری و قوڵبونەوەی قڵشتی چینایەتی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی لەگەڵ جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستاندا، زۆر زیاتر بووە و کەمی نەکردووە. کەشتی گەلی دەسەڵات بۆ شێلانی شەپۆلەکانی ئازادی سیاسی و رێکخراوبوون و خۆپیشاندان و ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی بەیان و بڵاوکردنەوە، لەگەڕدان. هێشتا برسێتی و گرانی بازار، بێکاری… دیکتاتۆریەتێکی بێرەحمی دەست نەپارێزن لەسەر ژیانی دەیان و سەدان هەزار خێزانی دەست کورت و هەژار. هێشتا دزی و تاڵانی و گەندەڵی فەرمی و نافەرمی و بەسیستماتیک کراو، درێژەی هەیە. هێشتا بێیاسایی بێداد دەکات. هێشتا بەرپرسی حزبی و حکومی و ئەولادی حزب، لەسەروی هەموو یاساو رێسایەکەوەن و یاسا لەژێر چەکمەیاندا درۆیەکی بازاڕییە. هێشتا یاسا مۆتەکەیەکە بۆ گیانی هەژاران و خاوەن مافەکان و دەنگە ئازادەکان و ئازادیخوازی. هێشتا تاوانباران و بکوژان و بریاردەرانی کوشتن و لێدان و شکنجە بە کوشتارچیەکانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواترییەوە، ئازاد و مکەرەم و بەرپرس و هێلی سوری بەردەم یاسان!!
هێشتا لاوانی بێبەش و پڕ تاسەو هیوا، لەدۆزەخی ژێر سایەی دەسەڵاتی تاڵانچی و ماف لوشدەری پارتی و یەکێتیدا، بێهیواترو بێبەشتر و بێئاینندە راگیراون و تەمەنی جوانی و لاویان لە چاوەڕوانیدا، دەگوزەرێنن.
هێشتا هەواڵی توندوتیژی و کوشتنی ژنان و ناچارکردنیان بە خۆکوژێ، لە ژێرسایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەو رەگ ڕۆچوو بە ئیسلام و یاسا بۆگەنە سەرچاوەگرتوەکانی” شەریعەت” قورعان و حەدیس دا، هەموو ڕۆژە و دڵ کونکەرەیە.
بەڵێ… هێشتا دوای هەموو ئەم ژیانە دۆزەخی و نابەرابەر و نائازاد و نائینسانیەی یەخەگیری خەڵکی کوردستانە… دەسەڵات دەست لەسەرکوت و هەڵناگرێت و رێگا نادات خواستە کەڵەکەبووەکان، هیوا جوانەکان، تاسە رەنگینەکان و خەونە زێڕینەکانی خەڵکی کوردستان، بێنە سەر شەقام و هەموو بزوتنەوەو خۆپیشاندانێکی جەماوەری، بەچەک وەڵام دەداتەوە.
دوای ٧ بەسەر ١٧ شوباتدا، دەسەڵاتی ڕۆچوو لە تاڵانی و نابەرابەی و سەرکوت و خۆشخزمەت بە وڵاتانی ناوچەکە، لەو راستیە تێناگات، کە مەیدانەکانی ئازادی تینووی سێڵاوی جەماوەرێن، تینوی هاوارو بڵندگۆی گەروەکانی نان و ئازادی و بەرابەری و دەسەڵاتی پشتبەستوی پڕ شکۆی جەماوەرین. خواستی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، لاوان و ژنان و ئازادیخوازی… ئێستا زۆر گەورەتر لەهی ساڵی ٢٠١١ .
خرۆشان و هاتنە سەرشەقامی حەوت ساڵ لەوەپێش، و کاردانەوەی دەسەڵات و مامەڵەی ئۆپۆزیسیۆنە دەستەمۆکراوەکەی دەشی ئێستا هێندە پڕ ئەزموون بێت کە کرێکاران و زەحمەتکێشانی بەو ئاکامە گەیاندبێت، کە بۆ دوبارە هاتنەوە مەیدان، سەربەخۆیی چینایەتی، ڕێکخرابوونی شوێنی کار و ژیان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی راستەقێنەی خۆیان، هێنانە مەیدانی داخوازیەکانیان و ناچارکردنی دەسەڵات بە ملدان لەبەرامبەر ریزی رێکخراو و یەکپارچەو سەربەخۆدا، چەندە پێویست و ژیارییە.
هاتنە مەیدان لە پێناو خواستە پایماڵکراوەکان، بۆ سەرکەوتن و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر دەسەڵات و چاوچنۆکی سەرمایەدا بە سودی جەماوەری خوازیاری نان و ئازادی و گێرانەوەی شکۆی و ئیرادەی ئینسانیدا پێویستیەکە دواخستن هەڵناگرێت.. کۆبونەوەو رێکخراوبوونی کرێکاران و راگرتنی کارگەکانی بەرهەمهێنان و راگرتنی جوڵەی کۆمەڵگە، ئەو ریگایەیە کە دەتوانێت تەلیسمی سەرکوت و زۆرداری دەسەڵات برمێنێت، ماهیەتی راستەقینەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەزموونکراو، بخاتە روو.
ئەوەی کە دەتوانێت مەیدانەکانی ئازادی بکاتەوە بە نمایشی توانایی واقعی شەقام، هاتنەمەیدانی ریزی کرێکارانی رێکخراو سەربەخۆییە لە شوێنی کار و راگرتنی چەرخەکانی بەرهەمهینانە.
ئێمە کۆبونەوەی مەیدانە ئازادییەکانمان بینی، راوەستاوی چەند مانگەی ئەم گۆرەپانانەمان ئەزموون کرد، بەڵام چونکە کرێکارانی کارگەکانی بەرهەمهێنان، بیناسازی، هاتوچۆ، شارەوانی، گەیاندن…بە راگرتنی کارەکانیان و دەستدانە مانگرتن و خۆپیشاندان و بەهۆی نارێکخراویەوە، بەکردەوە بەمەیدانەکانی ئازادییەوە، پەیوەست نەبوون… دەسەڵات لە ناوچەی سەوزو نیلی توانی لە رێگای زۆرو سەرکوتەکەی مەیدانەکانی ئازادی چۆڵ بکات و لە زونی زەردو ژێر سایەی پارتیشدا مەیدانەکانی ئازادی لە چاوەروانی بانگەشەی نان و ئازادی و بەرابەری و دەسەڵاتی رەوادا، تەنها بمێننەوە.
ئێستا دوای حەوت ساڵ بەسەر ١٧ شوباتدا، هێشتا کۆمەڵگە لە کوڵاندایە، و هیچ کام لەخواستەکانی خەڵکی شەقام گرتوو نەک جێبەجێنەکراون، بەڵکو تاوانباران و بکوژانی خۆپیشاندانەکانیش دەستگیر نەکراون، ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش دوای ئەوەی سەرەتا خۆپیشاندانی ساڵی ٢٠١١ و هاتنە مەیدانی جەماوەری تورەی بە “ئاژاوەچی” ناوزدەکرد، پاشان بۆ بەهرەبەرداری و کردنی بەدەستمایەی بەدیهێنانی خواستی حزبی و پۆستی سیادی و بوجە، بوونە هاوبەشی دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی دەسەڵات و لە حکومەتی بنکەفراواندا ئیمتیحانی خۆیان دا و شکستی خۆیان چ لە ئۆپۆزیسیۆن بوون چ لە بەشداری لەدەسەڵاتدا، نیشاندا.
لەئیستادا و لە دۆخێکی تەواو تازەدا، کە خواستەکانی خەڵکی کوردستان زیادیان کردووە، سەرکوت و تاڵانی و دزی و گەندەڵی…پشوی نییە. برسێتی و گرانی و بێمافی، بێداد دەکات. دەسەڵات میلیشیایی و حزبی شکستی خۆی لەهەموو زەمینەیەکدا نیشانداوە، یاسا لەهیچ ئاستێكدا رێز لێگیراو سەربەخۆ و بێلایەن و بەرابەر نییە. شکۆو ئیرادەی خەڵکی لە بەرێوەبردن و دەسەڵاتدارێتیدا، جێگایەکی نییە. ئۆپۆزیسیۆن ماهیەتە واقعی و کارنامەو ناکۆکیەکەی لەگەڵ خواستەکانی خەڵکی کوردستان، دەرکەوتووە… پێداویستی خۆ رێکخراوکردن و کۆبونەوە لەدەوری ئاسۆی رزگاری و بەرابەری و دەسەڵاتی پشت بەستوی جەماوەریدا، لە زەمینەیەکی باشتر بەهرەمەندە، نابێ ئەم ژینگەو زەمینەیە خاڵی بمێنێتەوە، لە پیشوازی ١٧ شوباتدا، پیویستە رێکخراوترو بەئاسۆی رۆشنتر و سەراسەری ترەوە، ئامادەکاری بۆ راسان و شۆرش بکرێت. کارگەکانی کارو بەرهەمهێنان، مەیدانەکانی ئازادی و گۆرەپانەکانی گەڕەك، لە پێشوازی کۆتاییهینان بەو هەلومەرجە نابەرابەرو زاڵمانەیدا، پیویستە لە ئامادەباشی بەردەوامدا بن… تا رۆژێک دێت، خواستەکانی ١٧ شوبات بەدی دێت و تاوانکارانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتر و خۆپیشاندانەکانی پار، لەلایەن دادگای جەماوەری سەرکەوتووەو بە سزای یاسایی و عادلانە، دەدرێن…
ناوەراستی شوباتی ٢٠١٨
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٢ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…