جه‌مال موحسین
به‌رایی:
هه‌ژاریی فه‌لسه‌فه، وه‌ڵام به فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاری پرۆدۆ‌ن، ناوی ته‌واوی كتێبێكه له لایه‌ن كارڵ ماركسه‌وه نووسراوه [لێره به دوا ته‌نها به هه‌ژاری فه‌لسه‌فه ناوی ئه‌به‌م]. ئه‌م كتێبه وه‌ڵامێكه به كتێبی سیستمی ناكۆكیه ئابوریه‌كان، یان فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاری كه له لایه‌ن پیه‌ر جۆزیف پرۆدۆنه‌وه نووسراوه و ناوبراو یه‌كێكه له بیرمه‌نده بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ئاناركیزم (فه‌وزه‌ویه‌ت) [لێره به دوا ناوی كتێبه‌كه‌ی پرۆدۆ‌ن ته‌نها به فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاری ئه‌بێت، كه پێویستی كرد]. له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م ئه‌و مێژوو و سه‌رده‌مه‌ی تێیدا نووسراوه و گرنگترین باس و مه‌سه‌له‌كانی نێو كتێبه‌كه به خوێنه‌ران بناسێنم. هه‌ڵبه‌ته پێویسته ئه‌وه بڵێم كه ئامانج له‌م وتاره خستنه به‌رده‌ستی ته‌واوی ورده‌كاریه‌كانی كتێبه‌كه نیه، واته دانه دانه‌ی به‌شه‌كانی به دورودرێژی وه‌ك خۆی دابنێینه‌وه یاخود شیبكه‌ینه‌وه. به‌ڵام له‌و شوێنه‌ی كه پێویسته تێكست له باسه‌كان ڕاسته‌وخۆ وه‌رئه‌گرم. كارێكی له‌و بابه‌ته بۆیه له چوارچێوه‌ی ئه‌م وتاره‌دا جێی نابێته‌وه چونكه ئه‌وه ته‌نها خودی ماركس خۆیه‌تی كه ئه‌توانێ ئه‌و باسانه و ئه‌و شیكردنه‌وه وردانه به‌و شێوه‌یه‌ی كه خۆی ویستویه‌تی بیخاته به‌رده‌م. ئه‌مه‌ش به كرده‌وه به واتای وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه دێت بۆ سه‌ر زمانی كوردی. به‌ڵام ئه‌م وتاره زۆرتر هه‌وڵ ئه‌دات بیرۆكه گشتی و سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌ژاریی فه‌لسه‌فه بخاته به‌رده‌ست و هانی كرێكارانی سۆشیالیست و هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاری بدات كه به هه‌ر زمانێك بۆیان ئه‌كرێ بیخوێننه‌وه و بۆ تێگه‌یشتن له بنه‌ماكانی دونیایه‌ك كه تێیدا ده‌ژین، سه‌رچاوه‌كانی چه‌وسانه‌وه و هه‌ژاری بتوانین به ده‌ستیه‌وه بگرین. به ده‌ستهێنانی تێگه‌یشتنی دروست له دنیایه‌ك كه پێچه‌وانه‌یه و به پێویست ئه‌بێ بگۆڕدرێ، هه‌نگاوه‌كانی كه بۆ ئه‌و گۆڕانكاریه پێویستن ڕۆشنتر ئه‌خاته به‌رده‌می هه‌موومان. به‌و هیوایه‌ش به‌م زووانه كتێبه‌كه به كوردی بكه‌وێته به‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵگا. ئه‌و تێكستانه‌ی وه‌رئه‌گیرێ و لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ئه‌كرێ، له ڤێرژنی زمانی ئینگلیزی كتێبهكهوهیه و به‌پێی پێویست به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌قه عهرهبیهكهشدا كراوه.
مێژووی نوسینی هه‌ژاریی فه‌لسه‌فه:
كارڵ ماركس له كاتێكدا كه له مه‌نفا بوو له پاریس و بروكسل چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی گرنگ كه‌وتبوونه به‌ر باس و ئارگیومێنتیان (جه‌ده‌ل) له‌سه‌ر بوو، له‌وانه مه‌سه‌له فه‌لسه‌فی و ئابوریه‌كان. ئه‌و سه‌رده‌مه كه چینی كرێكاری پیشه‌سازی و مۆدێرن هاتبووه بوون و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و رووبه‌ڕوبوونه‌وه له‌گه‌ڵ بۆرژوازیدا كرێكاران (وه له ڕاستیدا جوتیاران و ته‌واوی توێژه مه‌حروم و ناڕازیه‌كان و ورده‌بۆرژوازی) له مه‌یدانی خه‌باتدا ڕاگرتبوو. چه‌ندین تیۆریسیۆن و بیرمه‌ندان به ناوی جیاجیاوه به‌شدار بوون له‌و تێكۆشان و ته‌نانه‌ت باسانه‌دا كه له ده‌وری گۆڕانكاری له كۆمه‌ڵگادا ته‌وه‌ریان به‌ستبوو. له نێویاندا كه‌سانێك ناویان به ’’سۆشالیست‘‘ ده‌ركردبوو وه یاخود هه‌ڵسوڕاوی ناو كرێكاران بوون و مه‌یلێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیان نوێنه‌رایه‌تی ئه‌كرد. كه‌سێكی به‌رچاو له نێو ئه‌وانه‌دا پیه‌ر جۆزیف پرۆدۆنی فه‌ڕه‌نسی بوو. ماركس كاتێك له پاریس بوو توانی ئه‌م بناسێت و په‌یوه‌ندی پێوه بكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی شه‌خسیان زۆر نه‌بوو، ماركس توانی به نووسینه‌كانی ئاشنا بێت و زۆر كاتیش له‌گه‌ڵ ئه‌م و میخایل ئهلێكساندرۆڤیچ باكۆنینی ڕوسیدا جه‌ده‌ل و مشتومڕی جدی سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگای بۆرژوازی، كۆمه‌ڵگا چی لێدێت و به‌ره‌و كوێ ئه‌ڕوات و ئه‌بێ چی بكرێ… هتد له نێوانیاندا ئه‌هات و ئه‌چوو.
پرۆدۆ‌ن به یه‌كێك له بیرمه‌ندان و تیۆریسیۆنانی ئاناركیزم دائه‌نرێت. ئه‌و به گشتی پێی وابوو كه كۆمه‌ڵگا نابێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌بێ و پێویستی به ده‌وڵه‌ت نییه چونكه ده‌وڵه‌ت ده‌زگایه‌كی ناشه‌رعیه و ڕه‌سمیه‌ت به توندوتیژی ئه‌دات و له بنه‌ڕه‌تدا ڕێگره له‌به‌رده‌م هه‌وڵی تاكه‌كاندا بۆ گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگایه‌كی عادلانه. لێره‌وه په‌یوه‌ندی تاكه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌ك و هه‌ره‌وه‌زی كردن پێناسه ئه‌كرد، كه پێویستی به هیچ ده‌وڵه‌تێك نییه و بگره ئه‌بێ ده‌وڵه‌ت هه‌ڵوه‌شێته‌وه. وه هه‌رجۆره جوڵانه‌وه و بزاوتێكی سیاسی چینی كرێكاری وه‌ك چینێكی ڕێكخراوی سیاسی ڕه‌ت ئه‌كرده‌وه. بۆ پرۆدۆ‌ن مه‌سه‌له‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه بوو كه ’’ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌گیرێت، بگره ڕه‌تبكرێته‌وه… چونكه له چاوی ئه‌وه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌وانه‌ی كه به‌كاری دێنن پیس و گه‌نده‌ڵ ئه‌كات..‘‘ (پۆڵ تۆماس، ل ١٧٨). له‌به‌رامبه‌ردا و به جه‌خت كردنه سه‌ر هه‌ره‌وه‌زی له بنه‌وه و هه‌وڵی ئابوری ته‌واوی تێكۆشانی چینی كرێكاری بۆ ڕزگاربوون له چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی و سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌به‌سته‌وه به ’’كرده‌ی ئابوری‘‘ه‌وه. ئه‌وه‌ش دواتر نیشانی ئه‌ده‌ین كه مه‌به‌ستی له چ جۆره كرده‌یه‌كی ئابوری بووه.
له دیدگای پرۆدۆنه‌وه، چینی كرێكار له سروشتی خۆیدا مۆراڵی متمانه به‌یه‌كبوون و شه‌رافه‌ت و ئابڕو و ڕێزله‌خۆگرتن و هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی تیایدا به‌هێزه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه مۆراڵیانه له نێو سه‌رمایه‌داران و خاوه‌نانی پیشه‌سازی و بازرگان و هاوشێوه‌كانیاندا بوونی نییه. كرده‌ی سیاسی و ئابوریش كه له‌م به‌شه‌ی دواییان ئه‌وه‌شێته‌وه جگه له گه‌نده‌ڵی و ناشهرعیبوون هیچی تر نیه. هه‌ربۆیه‌شه ئه‌مان ناتوانن و نایانه‌وێ ئه‌م ڕێز و متمانه‌یه به خه‌ڵكی هه‌ژار بكه‌ن و وه‌ڵام به داوای ئه‌وان بۆ عه‌داله‌ت بده‌نه‌وه. وه به‌م مانایه‌ش زۆر به توندی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تی ڕهتئهكردهوه. ناوه‌ڕۆكی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی له‌وه‌دا كورتئهكردهوه كه ’’هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به ئامانجی حوكمكردن ده‌ست بخاته سه‌ر سه‌رم، زاڵم و چه‌وسێنه‌ره و به دوژمنی خۆمی دائه‌نێم‘‘ ( له نوسراوی دانپیانانه‌كانی شۆڕشگێڕێكی پرۆدۆنه‌وه).
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئه‌م باسه‌یه هه‌موو لایه‌نه‌كانی بیركردنه‌وه و مه‌نهه‌جی پرۆدۆ‌ن و وه‌ڵامه‌كانی ماركس كه له نامه جیاجیاكانی و له باسه‌كانی سه‌باره‌ت به مه‌سكه‌ن یان مه‌سه‌له‌كانی تردا هاتووه نییه، كه له كتێبه‌كانی خێزانی پیرۆز و ده‌ستنوسه ئابوری و سیاسیه‌كان.. هتدا هه‌ن. ته‌واوی ئه‌و مه‌سه‌لانه له ململانێی نێوان ماركس و ئه‌نگڵس له لایه‌ك و ئه‌ناركیسته‌كان له‌لایه‌كی تره‌وه ڕه‌نگی دایه‌وه.
پرۆدۆ‌ن، به تایبه‌تی له كتێبی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاریدا، له نێوان به‌های به‌كاربردن و به‌های گۆڕینه‌وه‌دا نێوهنجیگهرێتی ئه‌كات و چمكێكی تر به‌كاردێنێ كه ’’به‌های پێكهێنراو یان دروستكراو‘‘ه. ئه‌و پێی وایه كه به‌های گۆڕینه‌وه كه په‌یوه‌ست ئه‌بێته‌وه به بازاڕه‌وه زه‌ره‌ر له كرێكاران وهه‌ژاران ئه‌دات، وه ئه‌و خه‌ڵكه ته‌نها پێویستیان به به‌های به‌كاربردن هه‌یه. به واتایه‌كی تر ئه‌و ئه‌یه‌وێ شتومه‌ك و كاڵا ئه‌بێ به‌قه‌ده‌ر هه‌مان ئه‌و ڕاده‌یه له كار كه تیایاندا سه‌رفكراوه بگۆڕدرێنه‌وه و به‌مجۆره نه‌خرێته به‌رده‌م هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی بازاڕه‌وه. وه به‌مجۆره‌ش پێی وایه كه ئه‌توانرێ پێداویسیه‌كانی عه‌داله‌ت دهستهبربكرێن. هه‌ژاری فه‌لسه‌فه ته‌واوی بۆچوونه كرچوكاڵهكانی پرۆدۆ‌ن له‌په‌یوه‌ند به بنه‌ما ئابوریه‌كانی نایه‌كسانی و چه‌وسانه‌وه‌وه له جێی خۆیدا دائه‌نێته‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا ماركس بۆچونی زانستی و لێكدانه‌وه‌ی دروست ئه‌داته ده‌ستمان و ئه‌و خه‌یاڵه ڕه‌ت ئه‌كاته‌وه كه پرۆدۆ‌ن و به‌شێك له به‌ناو سۆشیالیسته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه پێیان وابوو هه‌ر كۆمه‌ڵه كرێكارێك (یان ته‌واوی ئه‌و چینه) به‌و متمانه و باوه‌ڕ و ڕێزه‌ی له نێوانیاندا هه‌یه ئه‌توانن ’’به‌هه‌شتی عادلانه و یه‌كسان‘‘ بۆ خۆیان دابمه‌زرێنن و نه‌هێڵن ده‌وڵه‌ت حوكمیان بكات یاخود ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و كاڵاكانیاندا كه له‌ناو خۆیاندا به‌شی ئه‌كه‌ن. وه گوایه ئه‌مه‌ش كارێكه له ڕێگه‌ی ڕێكخستنی كار و دابینكردنی كار و هه‌ره‌وه‌زی له نێوان كرێكاراندا مه‌یسه‌ر ئه‌بێ و چیتر ئه‌م جۆره له ڕێكخستن پێویستی به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌م چینه نییه و نابێ.
دوای خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاری پرۆدۆ‌ن كه له ساڵی ١٨٤٦ دا ده‌رچوو، ماركس له نامه‌یه‌كیدا بۆ هاوڕێیه‌كی به ناوی پی. ڤی. ئانینكۆڤ له ٢٨ ی دیسێمبه‌ری ١٨٤٦ دا باسی هه‌ندێك له خاڵه سه‌ره‌كیه‌كانی ڕه‌خنه‌ی خۆی بۆ كتێبه‌كه‌ی پرۆدۆ‌ن ئه‌كات، له‌وێدا ماركس ئه‌ڵێ: ’’هه‌رچه‌ند كتێبه‌كه‌م زۆر به په‌له خوێندۆته‌وه و ناتوانم زۆر بچمه ورده‌كاریه‌وه به‌ڵام ئه‌مه‌وێ ئه‌و ئینتباعهی پێی داوم به گشتی بۆت بنووسم…‘‘ (نامه‌ی ماركس بۆ ئانینكۆڤ) . سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه كه سه‌رباری ئه‌م قسه‌یه‌ی كه‌چی زۆر مه‌سه‌له له نامه‌كه‌دا ئه‌وروژێنێت. ماركس باس له‌وه ئه‌كات كه كۆمه‌ڵگا به جیاواز له‌وه‌ی چ شێوه‌یه‌كی هه‌یه بریتیه له كارلێكی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و ئازاد نین له‌وه‌ی شێوه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌ڵبژێرن. هه‌ر گه‌شه‌یه‌كی تایبه‌تی هێزی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤه‌كان سه‌رئه‌نجام شێوازێكی تایبه‌ت له بازرگانی و به‌كاربردن، ته‌نانه‌ت خێزان و چینه‌كان و هه‌لومه‌رجی سیاسی و هتد به ده‌ستدێنێت. یانی بۆنمونه ئه‌و په‌یوه‌ندیه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه له سه‌رده‌می چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستدا بوو جۆرێك له په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كانی پێویست بووه و به دوادا هاتووه كه بێگومان جیاوازه له‌وه‌ی كه له دوای گه‌شه‌ی سه‌رمایداریدا و یان كۆمه‌ڵگای مۆدێرنی سه‌رده‌مدا هه‌بوو و هه‌یه (نامه‌ی ماركس بۆ ئانینكۆڤ). پرۆدۆ‌ن، به پێی قسه‌ی ماركس، هزر و شت تێكه‌ڵ ئه‌كات و له پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی مێژوویی كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری تێناگات یاخود نایه‌وێ بیسه‌لمێنێ. لای ماركس ڕاسته كه مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری ده‌سكه‌وته‌كانی نابێ، به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز به‌و مانایه نییه كه ده‌سته‌به‌رداری شێوازێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نابێ كه لێیه‌وه هێزێكی به‌رهه‌مهێنه‌ری دیاریكراوی به‌ده‌ستهێناوه. به واتایه‌كی تر ناچارن ئه‌و په‌یوه‌ندیه كۆمهڵایهتیانهیان كه ناگونجێ له‌گه‌ڵ هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره بهدهستهاتووهكانیاندا، بگۆڕن. وه به‌مجۆره‌ش له‌گه‌ڵ هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره تازهكانیاندا شێوازی به‌رهه‌مهێنانیش ئه‌گۆڕن. ئه‌مه‌ش جوڵه‌ی واقعی مێژووه كه لای ماركس پرۆدۆ‌ن ناتوانێ ئه‌مه وه‌ك خۆی ببینێ و هه‌ربۆیه‌شه جیهان و كۆمه‌ڵگا له دیدی ئه‌ودا له ’’مه‌مله‌كه‌تێكی خه‌یاڵی ته‌مومژاوی‘‘ زیاتر هیچی تر نییه. وه ماركس لای وایه ئه‌مجۆره ڕوانینه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به دیاله‌كتیكه‌وه نییه. هه‌روه‌ك ماركس خۆی له‌و نامه‌یه‌دا ئه‌ڵێ: ’’ئه‌وه مێژوو نییه، ئه‌وه هه‌مان زباڵهكهی هیگڵی كۆنه. ئه‌وه مێژووی دونیه‌وی نییه، واته مێژووی مرۆڤ، بگره ئه‌وه مێژووی پیرۆزه، مێژووی هزره‌كانه. له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه مرۆڤ هیچ نییه جگه له ئامێرێك كه هزر یان مێشك بهكاریئههێنێ تاكو بتوانێ خۆی بدۆزێته‌وه. وه ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی پرۆدۆ‌ن باسی ئه‌كات وا ده‌رك ئه‌كرێت كه گهشهیهكن له ڕه‌حمی ڕۆحانی هزری موتڵه‌قه‌وه‘‘. ئه‌مه‌ش ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته خه‌یاڵیه‌یه كه ماركس باسی ئه‌كات.
هه‌ر له‌م نامه‌یه‌دا ماركس باس له‌وه ئه‌كات كه پرۆدۆ‌ن هه‌رچه‌نده باسی دابه‌شكردنی كاری كردووه به‌ڵام لێی تێنه‌گه‌یشتووه چونكه په‌یوه‌ستی ناكاته‌وه به بازاڕه‌وه. بۆ نمونه دابه‌شكردنی كار له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا مۆركی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پێوه بوو. له سه‌ده‌ی چوارده و پانزه‌دا كه هێشتا كۆڵۆنیهكان نه‌بوون یان ئه‌مریكا هێشتا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه (كه هه‌موو ئه‌مانه بازاڕی نوێی به ڕوی سه‌رمایه‌دا كردۆته‌وه)، دابه‌شكردنی كار زۆر جیاوازتر بووه له دوای ئه‌و كاته‌وه كه كۆڵۆنیهكان په‌یدا بوون و گه‌شه‌یان كردووه. هه‌ر بۆیه ماركس ئه‌ڵێ كه پرۆدۆ‌ن له بنه‌ڕه‌تدا له كێشه‌ی دابه‌شبوونی كار تێنه‌گه‌یشتووه و ناتوانێ جیابوونه‌وه‌ی نێوان لادێ و شار ببینێ و پێی وایه ئه‌وه شتێكی ئه‌به‌دیه و ئه‌و شێوازه له به‌رهه‌مهێنان هه‌تا كۆتایی زه‌مه‌ن هه‌ر به‌رده‌وام ئه‌بێ. ئه‌مه‌ش ماركس ناوی ئه‌بات به وتنه‌وه‌ی ڕووكهشیانهی ئه‌وه‌ی كه پێشتر ئاده‌م سمیث وتوویه‌تی. ئه‌مه و جگه له‌وه‌ی كه پرۆدۆ‌ن نه‌یتوانیوه په‌یوه‌ندی گه‌شه‌ی ئمێریش به دابه‌شبوونی كاره‌وه ببینێ. له سه‌رده‌مێكدا مرۆڤ شتی به ده‌ست دروست كردوه و به‌مجۆره شێوازێكی تری له دابه‌شكردنی كار پێویست بووه، به‌ڵام كاتێك كه مه‌كینه و ئامێره‌كان دروست بوون و گه‌شه‌شیان كردوه به پێی ئه‌و گه‌شه‌یه شێوازی به‌رهه‌مهێنان گۆڕاوه و هه‌ربه‌وجۆره‌ش دابه‌شكردنی كار گۆڕاوه.
زیاتر له‌وه‌ش ماركس باس له‌وه ئه‌كات كه ئه‌گه‌رچی پرۆدۆ‌ن به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ناڵێت كه ژیانی بۆرژوازی حه‌قیقه‌تێكی ئه‌به‌دیه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی هزره‌وه ته‌ماشای په‌یوه‌ندیه بۆرژوازیه‌كان ئه‌كات، ئه‌مه‌ش ناڕاسته‌وخۆ ئه‌كاته ئه‌و ئه‌به‌دیه‌ته. له‌به‌رئه‌وه‌ی پرۆدۆ‌ن لای وایه كه به‌رهه‌مه‌كانی كۆمه‌ڵگای بۆرژوازی بوونه‌وه‌ری ئه‌به‌دین كه له شێوه‌ی هزردا له مێشكی ئه‌ودا ده‌رئه‌كه‌ون، ئیتر پێی وایه ئه‌بێ له نێوان ئه‌م بوونه‌وه‌رانه‌دا هاوسه‌نگی پێكبهێنرێ یان دروستبكرێ، لێكئاشتكردنهوهیهكی ئاشكرای هێزه دژ به‌یه‌ك و ناكۆكه‌كانی كۆمه‌ڵگا (دوو چینی دژ و به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك). به واتایه‌كی تر ئه‌و دوو به‌شه كه ئه‌توانن دوو پێكهاته‌ی ئه‌به‌دی كۆمه‌ڵگا بن پێكه‌وه و له پاڵ یه‌كدا درێژه به بوونی خۆیان بده‌ن. به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره له خۆی بكات ئه‌و هه‌لومه‌رج و ژنیگهیهی كه ئه‌و ناكۆكیانه‌ی تیا سه‌وز بوون چۆن له‌ناوببرێت وههڵبوهشێنرێتهوه. ئه‌مه‌ش به پێی ماركس خه‌یاڵه و بگره خه‌یاڵێكی عهقیدهییانه. هاوكاتیش هه‌ر ئه‌وه‌یه كه بیرمه‌ندانی بۆرژوازی باسیان لێ كردووه و شێوازی به‌رهه‌مهێنانی بۆرژوازیان وه‌ك شتێكی مێژوویی و ڕاگوزه‌ر نه‌بینیوه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه فیوداڵیه‌ت هه‌بووه سه‌رئه‌نجام وه‌ك سه‌رده‌مێكی مێژووی خاوه‌نی شێوازێكی به‌رهه‌مهێنان و به‌مجۆره‌ش جۆرێك له په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی گوزه‌راوه و تێپه‌ڕیوه و زه‌روره‌تی نه‌ماوه. ئه‌توانین بڵێین ئه‌و شته‌ی كه پرۆدۆ‌ن وه‌ك وردهبۆوژوایهك له دژی چه‌وسانه‌وه و شه‌ڕانگێزی سه‌رمایه‌داری بووه، له خه‌یاڵی خۆیدا گه‌یاندوویه‌تی به‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌بێ لایه‌نه خراپه‌كانی سه‌رمایه‌داری فڕێ بدرێت و لایه‌نه باشه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌و سیستمه بهێڵرێته‌وه یاخود بپارێزرێت (مایكڵ جۆزیف رۆبه‌رتۆ، ل ٢٤).
دواتر ماركس له مانگی جانیوه‌ری ١٨٤٧ ه‌وه له شێوه‌ی كتێبدا كار له‌سه‌ر ئه‌م وه‌ڵامانه‌ی ئه‌كات و به‌رهه‌می هه‌ژاری فه‌لسه‌فه‌ی لێ ده‌ردێت، كه له به‌هاری هه‌مان ساڵدا چاپ و بڵاوئه‌كرێته‌وه. شایانی وتنه كه ماركس كتێبه‌كه‌ی به زمانی فه‌ڕه‌نسی نووسیوه به ئامانجی ئه‌وه‌ی كه بتوانێ زۆرترین كاریگه‌ری له فه‌زای كۆمه‌ڵگای فه‌ڕه‌نسیدا دابنێ كه له‌وكاته‌دا بۆچونه‌كانی پرۆدۆ‌ن تا ڕاده‌یه‌ك بره‌وی هه‌بووه. هاوكاتیش له یه‌كێتی كۆمۆنیسته‌كاندا كۆمه‌كێكی گه‌وره‌ی كرد به هاوخه‌تی دان به پرۆگرامی خه‌تی ماركس. ماركس هه‌ر له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا شێوازێكی ڕه‌خنه‌ی بێبه‌زه‌ییانه له پرۆدۆ‌ن ئه‌خاته به‌رده‌م: ’’له بێبه‌ختی پرۆدۆ‌ن له ئه‌وروپادا له‌گه‌ڵ بهدتێگهیشتنێكی فراواندا رووبهڕووبۆوه. له فه‌ڕه‌نسا مافی ئه‌وه‌ی پێ ئه‌ده‌ن ئابوریناسێكی خراپ بێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوبانگی به‌وه ده‌ركردوه كه فه‌یله‌سوفێكی ئه‌ڵمانی باش بێ. له ئه‌ڵمانیاش مافی ئه‌وه‌ی پێ ئه‌ده‌ن كه فهیلهسوفێیكی خراپ بێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی به به‌تواناترین ئابوریناسی فه‌ڕه‌نسی ناوبانگی ده‌ركردووه. وه‌ك ئه‌ڵمانیه‌ك و هاوكات ئابوریناسێك، ئه‌مه‌وێ ناڕه‌زایه‌تی له دژی ئه‌م هه‌ڵه دوولایه‌نه‌یه ده‌رببڕم. ئیتر خوێنه‌ر ئه‌توانێ له‌وه تێبگات كه ئێمه له‌م ئه‌ركه قورسهماندا ناچار بووین له ڕه‌خنه‌مان له پرۆدۆ‌ن خۆبه‌دوور بگرین تاكو ڕه‌خنه له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانی بگرین و هاوكاتیش هه‌ندێ سه‌رنج له‌سه‌ر ئابوری سیاسی به ده‌سته‌وه بده‌ین.‘‘ (پێشه‌كی ماركس بۆ هه‌ژاری فه‌لسه‌فه، ١٥ ی جونی ١٨٤٧).
ئێستا با پێكه‌وه چاو به‌سه‌ر به‌شه‌كانی هه‌ژاری فه‌لسه‌دا بخشێنین و بیرۆكه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ببینین.
ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه دوو به‌ندی (چاپته‌ری) سه‌ره‌كیه، به‌مجۆره:
به‌ندی یه‌كه‌م: دۆزینه‌وه‌یه‌كی زانستی
به‌شی یه‌ك: ناكۆكی (دژ به یه‌كیی یاخود ئه‌نتی تێزی) نێوان به‌های به‌كاربردن و به‌های ئاڵ‌وگۆڕكردن
به‌شی دوو: به‌های پێكهێنراو یان به‌های دروستكراو
به‌شی سێ: به‌كارهێنانی (كارپێكردنی) یاسای ڕێژه‌ییبوونی به‌ها
لقی ئهلف: دراو
لقی با: كاری زیاده
به‌ندی دووه‌م: میتافیزیكای ئابوری سیاسی
به‌شی یه‌ك: میتۆد، ئه‌م لقانه ئه‌گرێته‌وه:
سه‌رنجی یه‌ك
سه‌رنجی دوو
سه‌رنجی سێ
سه‌رنجی چوار
سه‌رنجی پێنج
سه‌رنجی شه‌ش
سه‌رنجی حه‌وت
به‌شی دوو: دابه‌شبوونی كار و ئامێر (الات)
به‌شی سێ: پێشبڕكێ و قۆرخكاری (احتكار یان مۆنۆپۆلی)
به‌شی چوار: موڵك یان بهكرێدان
به‌شی پێنج: مانگرتن و یه‌كگرتنی كرێكاران
ئه‌گه‌رچی نانونیشانی كتێبه‌كه‌ی ماركس هه‌ژاری فه‌لسه‌فه‌یه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به ئابوریش و فه‌لسه‌فه‌شه. هه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئابوریانهیهی زانستیه بۆ كۆمه‌ڵگا و ڕه‌خنه‌شه له ئابوری سیاسی و هه‌م وه‌ڵامه فه‌لسه‌فیه‌كانی ماركسه به هه‌ندێ مه‌سه‌له. ناونیشانه‌كه به جۆرێكه كه له خودی ئه‌و دوو وشه‌یه‌دا هه‌ڵگری مشت‌ومڕێك و دنیابینیهكه. مشت‌ومڕێك هه‌ر سه‌ره‌تا ئه‌و مۆره ئه‌دات له پرۆدۆ‌ن كه له لێكدانه‌وه و هه‌وڵه‌كانیدا بۆ نیشاندانی هۆكاره‌كانی نه‌بوونی وهه‌ژاری (تا ئه‌و ئاسته‌ی خۆی ئه‌و ئیدعایه ئه‌كات) ئه‌سڵه‌ن فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بوونی نییه یاخود فه‌لسه‌فه‌یه‌كی لاواز و هه‌ژاره.
له به‌ندی یه‌كه‌مدا كه له سێ به‌ش پێكهاتووه، ماركس به دورودرێژی ڕه‌خنه‌ی خۆی له دیده ئابوریه‌كانی پرۆدۆ‌ن خستۆته‌ڕوو. له‌م به‌نده‌دا ماركس دێته سه‌ر باسی په‌یوه‌ندی نێوان كار، كاری زیاده، درا و به‌ها (به‌های به‌كاربردن و گۆڕینه‌وه). ئه‌بێ بووترێ كه له‌م به‌نده‌دا ماركس ڕوانگه‌یه‌كی زانستی و ڕه‌خنه‌ی سۆشیالیستیانه له سیستمی سه‌رمایه‌داری به ده‌سته‌وه ئه‌دات و هاوكاتیش به ڕوونی تێگه‌یشتنێكی ماتریالیستیانه له مێژوو ئه‌خاته‌ڕوو.
له په‌یوه‌ند به به‌های به‌كاربردن و گۆڕینه‌وه‌وه پرۆدۆ‌ن وا باس ئه‌كات كه پێداویستیه‌كان و به‌رهه‌م له سروشتدا فه‌راهه‌م بووه و هه‌رئه‌وه‌نده‌ی كه بتوانرێ تاكه‌كان له ناو خۆیاندا ڕێك بكه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی بیگۆڕنه‌وه پێكه‌وه كافیه. هه‌روه‌ها به پێ ئه‌و به‌شێكی زۆری به‌رهه‌م له سروشتدا به‌ده‌ست نایه‌ت و بگره به‌رهه‌می پیشه‌سازیه و ئه‌مه‌ش به پێویست دابه‌شكردنی كار ئه‌هێنێته ئاراوه. كاتێكیش پێویستی دێته‌پێشه‌وه ئاڵوگۆڕیش به‌دوایدا دێت و به‌مپێیه‌ش به‌های گۆڕینه‌وه دێت. له كاتێكدا ماركس وا باس ئه‌كات بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی به‌های گۆڕینه‌وه ئه‌بێ ئاڵوگۆڕمان هه‌بێ، بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕ ئه‌بێ دابه‌شبوونی كارمان هه‌بێ و بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی دابه‌شبوونی كار ئه‌بێ پێویستیمان هه‌بێ كه دابه‌شبوونی كار ئه‌كاته زه‌روره‌تێك. وه بۆ ئه‌وه‌ش كه پێویستی ڕوونبكه‌ینه‌وه ئه‌بێ به پێشمه‌رجیان دابنێین. واته تهسهلسولێك كه پێچه‌وانه‌ی لێكدانه‌وه‌كانی پرۆدۆنه. به‌پێی ماركس پرۆدۆنێك كه دابه‌شبوونی كار لای زانراو نییه، ناشتوانێ به‌های گۆڕینه‌وه لێكبداته‌وه. ‘’ئاڵوگۆر هه‌ر خۆی خاوه‌نی مێژووی خۆیه‌تی و به قۆناغی جیاوادا تێپه‌ڕیوه. كاتێك هه‌بووه له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا كه ته‌نها شت زیاده له پێویست، واته زیاده‌ی به‌رهه‌م له‌چاو به‌كاربردندا ئاڵوگۆڕی پێكراوه. به‌ڵام كاتیش هه‌بوو كه نه‌ك ته‌نها شتی زیاده بگره ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كان و و ته‌وازی پیشه‌سازی مه‌وجود خراوه‌ته بازرگانیه‌وه…… ئایا ئه‌و قۆناغه‌ی دووه‌می ئاڵوگۆڕ، واته به‌های بازاڕ كه وه‌ك هێزێكی دووه‌میه‌تی، چۆن لێكئهدرێتهوه؟’’ (چاپی ئینگلیزی، ل ١١٣). وه‌ك ماركس ئه‌ڵێ به‌پێی وه‌ڵامه ئاماده‌كانی پرۆدۆ‌ن بۆ هه‌موو شتێك كه مادام مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك ڕێكئهكهون و داوا له‌یه‌ك ئه‌كه‌ن، هه‌موو پێداویستیه‌كانیان بۆ یه‌كتر ده‌بر ئه‌كه‌ن، له ئه‌خلاق و چاكه و خۆشه‌ویستی و هه‌موو شتێكه‌وه بگره تا شتی ماددی. كه‌وایه ئه‌بێ ئاڵوگۆڕ وه‌ك ئاكتێكی ئهنجامدراوقبوڵ بكه‌ین (به پێی پرۆدۆ‌ن). ماركس هه‌ر لێره‌دا باس له‌وه ئه‌كات له‌به‌رده‌ستا بوونی شت (واته وفره) كه په‌یوه‌سته به به‌های به‌كارهێنانه‌وه، وه به مانایه‌ك داوا له‌سه‌ر ئه‌و شته زیاد ئه‌كات ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به به‌های گۆڕینه‌وه‌وه هه‌یه. به‌رهه‌مێك كه بۆ ئه‌وه‌ی زۆر نه‌بێ تاكو نرخه‌كه‌ی (یاخود به‌هاكه‌ی) نه‌شكێ، بۆرژوازی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی ڕائه‌گرێ یان كه‌می ئه‌كاته‌وه (واته ندره) تاكو پێویستی و داوا له‌سه‌ری زۆر بێ و دوباره به‌های گۆڕینه‌وه‌كه‌ی بچێته سه‌ر. ئه‌مه‌ش شتێكه كه پرۆدۆ‌ن بۆی لێكنادرێته‌وه چونكه پێی وایه ئه‌و شته‌ی كه زۆر به‌سووده ئه‌بێ نرخی زۆر نزم بێ یاخود به خۆڕایی بێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه نابینێ كه مرۆڤ به‌رهه‌می ئه‌هێنێ. وه ئه‌سڵه‌ن به‌های به‌كارهێنان به دابینكردن (عرض) و به‌های گۆڕینه‌وه به داوا (طلب) ته‌شخیس ئه‌كات. پرۆدۆ‌ن هه‌موو پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و به‌كاربردن ئه‌به‌ستێته‌وه به ’’ئیراده‌ی ئازاد‘‘ ی تاكه‌وه و وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نایبینێ. هه‌ربۆیه عه‌رز و ته‌ڵه‌ب فۆرمێكی موناسهباتین (سێرمۆنیاڵ) كه ئه‌بنه مایه‌ی ناكۆكبوون و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌های به‌كارهێنان و گۆڕینه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌یگه‌یه‌نێت به داتاشینی زاراوه‌ی ’’به‌های دروستكراو یان پێكهێنراو‘‘.
لێره‌دا ماركس قسه و تێگه‌یشتنی ڕیكاردۆ ئه‌هێنێته‌وه، تاكو دواتر به‌راوردی بكات به‌وه‌ی كه پرۆدۆ‌ن شتێكی تازه‌ی نه‌وتووه و هیچی پێ زیاد نه‌كردووه. هه‌روه‌ك ماركس خۆی ئه‌ڵێ:’’ڕیكاردۆ هه‌وڵ ئه‌دات ئه‌وه بسه‌لمێنێت كه خاوه‌ندارێتی زه‌وی، واته به كرێدانهكهی (موڵكانه) به‌های نیسبی كاڵاكان ناگۆڕێ و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه ته‌نها كاریگه‌ریه‌كی گوزه‌ر و بچڕبچڕی هه‌یه به‌سه‌ر ئه‌و به‌ها نیسبیهدا كه به‌و بڕه نیسبیهی كار له به‌رهه‌مهێنانیاندا به‌كارهاتووه په‌یدا بووه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م تێزهشیهوهیه كه تیۆریه به‌ناوبانگه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به كرێی خان‌و (موڵكانه)، شرۆڤه كردنی سه‌رمایه دێنێته ده‌ره‌وه و سه‌رئه‌نجام جگه له كاری كه‌ڵه‌كه‌بوو شتێكی تر نابینێ. دواتریش گه‌شه به ته‌واوی تیۆریه‌كه‌ی ئه‌دات سه‌باره‌ت به كرێ و قازانج، و ئه‌یسه‌لمێنێ كه كرێ و قازانج به پێچه‌وانه‌ی نیسبه‌تی یه‌كه‌وه به‌رز و نزم ئه‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌های نیسبی به‌رهه‌مه‌كه دابنێن. ئه‌و كاریگه‌ری كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه و بواره جیاجیاكانی (سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕ و سه‌رمایه‌ی وهگهڕكهوتوو)، به هه‌مان شێوه‌ش ڕاده‌ی كرێ، له‌سه‌ر به‌های ته‌ناسوبی به‌رهه‌مه‌كان پشتگوێ ناخات. له ڕاستیشدا، ئه‌مه كێشه سه‌ره‌كیه‌كانی ڕیكاردۆیه‘‘ (ماركس، چاپی ئینگلیزی، ل ١٢٢).
‘’ڕیكاردۆ حه‌ره‌كه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بۆرژوازیمان نیشان ئه‌دات كه به‌ها پێكئههێنێ، به‌ڵام پرۆدۆ‌ن، به حساب نه‌كردن بۆ ئه‌م حه‌ره‌كه ڕاسته‌قینه‌یه خۆی به‌وه قه‌له‌ق كردووه كه پرۆسه‌یه‌كی نوێ دابهێنێ و جیهانێكی دی به‌ده‌ستبهێنێ گوایه له‌سه‌ر شێوازێكی نوێ. به‌ڵام ئه‌م شێوازه جگه له ده‌ربڕینێكی تیۆری بۆ جووڵه ڕاسته‌قینه‌كه كه خۆی بوونی هه‌یه و زۆر باش له‌لایه‌ن ڕیكاردۆوه وه‌سف كراوه هیچی تر نییه‘‘. واته پرۆدۆ‌ن ئه‌سڵه‌ن شتێكی تازه‌ی نه‌ووتووه. بگره ماركس وته‌نی تیۆری به‌هاكه‌ی پرۆدۆ‌ن تێگه‌یشتنێكی یۆتۆپیانهیه له تیۆریه‌كه‌ی ڕیكاردۆ (ل. ١٢٨) كه ماركس باسی په‌یوه‌ندی كات و به‌های كار ئه‌كات و ئه‌ڵێ شتێكه كه پرۆدۆ‌ن ناتوانێ بیبینێ. لێره‌دا ماركس جه‌خت له‌سه‌ر كاڵابوونی كار ئه‌كاته‌وه كه ئهكڕدرێ و ئه‌فرۆشرێ. وه بۆیه‌شه ئه‌فرۆشرێ به هۆی ئه‌و به‌كارهێنانه‌ی یان ئه‌و سووده‌ی كه هه‌یه‌تی. هه‌ر لێره‌وه ماركس باس له‌وه ئه‌كات كه ئارگیومێنته‌كانی پرۆدۆ‌ن به‌وه‌وه به‌رته‌سك ئه‌بێته‌وه كه كار وه‌ك شتێك كه به فه‌وری سه‌رف ئه‌كرێ نافرۆشرێ، بگره وه‌ك ئامێرێكی به‌رهه‌مهێنان یان ئامێرێك، واته كاڵایه‌كه كه به‌های هه‌یه به‌ڵام به‌رهه‌مناهێنێ. به‌مجۆره‌ش كار وه‌ك كاڵایه‌ك نایبینێ چونكه لای ئه‌و كاڵا ته‌نها له‌به‌ر هه‌ندێ مه‌به‌ستی به‌كارهێنان پێویسته نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر خودی خۆی كاڵایه‌كه. كه‌وایه به پێی پرۆدۆ‌ن كار كاڵا نییه و ناتوانێ به‌های هه‌بێ (ل. ١٣٠).
وه‌ك ماركس ئه‌ڵێ به پێی پرۆدۆ‌ن، ’’به‌رهه‌م له داهاتوودا به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی كاتێك كه چۆته كار ئه‌گۆڕدرێته‌وه… وه ئه‌و كاته‌ی كه بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاڵایه‌ك پێویسته ڕێك هه‌مان ڕاده‌ی بهكاربردنهكهی دیاری ئه‌كات و په‌یوه‌ندیه ڕێژهییهكهی به ته‌ڵه‌به‌وه ئه‌نوێنێ. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر كاڵایه‌ك به نرخێك بفرۆشرێ یه‌كسان بێ به تێچووی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی ئیتر به‌مپێیه عه‌رز و ته‌ڵه‌ب به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان باڵانس ئه‌بنه‌وه چونكه تێچووی به‌رهه‌مهێنان وا دێته به‌رچاو كه په‌یوه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ی نێوان عه‌رز و ته‌ڵه‌ب ده‌رببڕن. وه گوایه ئه‌و شتانه‌ی كه زۆر به‌كارئه‌هێنرێن كه‌مترین كاتیان پێویسته بۆ به‌رهه‌مهێنانیان و به‌مجۆره‌ش كۆمه‌ڵگا كاتێكی باش پاشه‌كه‌وت ئه‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی خۆشبژێوی. هه‌روه‌ك ماركسیش پێداگری له‌سه‌ر ئه‌كات ئه‌مه تێنه‌گه‌یشتنه له دیاله‌كتیكی مێژوویی. ئه‌وه ئه‌و نرخه‌ی كاڵایه‌ك نییه كه به پێی تێچووی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی پێی ئه‌فرۆشرێ كه په‌یوه‌ندی ڕێژه‌ییانه‌ی نێوان عه‌رز و ته‌ڵه‌ب دیاری ئه‌كات بگره ئه‌وه ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی عه‌رز و ته‌ڵه‌به كه به‌رهه‌مهێنه‌ر وادار ئه‌كات چ ڕاده‌یه‌ك له كاڵا به‌رهه‌مبهێنێ. وه ڕوودانی به‌رده‌وامی ئه‌مه‌ی دواییشیانه كه جوڵه‌ی سه‌رمایه له پیشه‌سازیه جیاوازه‌كاندا دیاریئه‌كات.
هه‌ر له‌م به‌نده‌دا و له به‌شی پاره‌دا، ماركس باس له‌وه ئه‌كات كه به پێی تیۆریه‌كه‌ی پرۆدۆ‌ن كه به‌های هه‌ر به‌رهه‌مێك وابه‌سته ئه‌كاته‌وه به‌و كاتی كاره‌ی له بهرههمهێنانهكهیدا بهرجهستهبۆتهوه، به‌ڵام زێڕ و زیو وه‌ك كاڵا نابینێ، بگره وه‌ك پاره ئه‌یانبینێ. پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه بۆچی له پرۆسه‌ی گۆڕینه‌وه‌دا ئه‌م دوو كاڵایه جیاوازترن و ئه‌م فه‌نكشنه تایبه‌ت و جیاكه‌ره‌وه‌یه چییه دراوه به زێڕ و زیو؟ كه ئه‌مه‌ش شتێكه ئابوری سیاسی نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی بداته‌وه. پرۆدۆ‌ن پێی وایه كه ئه‌م دوو كانزایه كه نایابیهكی زۆریان هه‌ر له مێژووه‌وه هه‌بووه و بهرههمێهنانیان قورسایی زۆری هه‌بووه و ده‌وڵه‌ت سه‌روه‌ری به‌سه‌ریدا په‌یدا كردووه و به‌م پێیه‌ش ئه‌م به‌ها تایبه‌ته‌ی بۆ پێكهێنراوه.
ماركس لێره‌دا باس له‌وه ئه‌كات كه پرۆدۆ‌ن بۆیه باسی زێڕ و زیوی له مه‌سه‌له‌ی ئاڵوگۆڕپێكردندا هێناوه‌ته گۆڕێ تاكو ئه‌وه بسه‌لمێنێ كه هه‌ر كاڵایه‌ك به پێی تێچووی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی ههڵبهسنگێندرێ ئه‌وا تایبهتمێندێتی پاره وهئهگرێ. له كاتێكدا كه له نێو هه‌موو كاڵاكاندا زێڕ و زیو، وه‌ك پاره، تاكه كاڵایه‌كن كه به تێچووی به‌رهه‌مهێنان دیاری ناكرێن و هه‌ربۆیه‌شه له پرۆسه‌ی چهرخاندا ئه‌توانرێ كاغه‌ز جێیان بگیرێته‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌م تایبه‌تمه‌ندێتیه‌ی به پاره داوه له پرۆسه‌ی ئاڵ‌وگۆڕكردن له ئاستی جیهانیدا. لای ماركس: ’’ كاتێك كه ڕێژه‌یه‌كی دیرایكراو ئه‌بینرێ له نێوان پێداویستیه‌كانی سووڕ و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی ده‌ركراوه، جا له فۆڕمی پاره‌ی كاغه‌زدا بێ یا زێڕ یا پلاتین یا مسدا، ناتوانرێ بڕێك ببینرێ له نێوان به‌ها ئه‌سڵیه‌كه (واته تێچووی به‌رهه‌مهێنان) و ئه‌و به‌هایه‌ی پاره كه هه‌ر به ناو هه‌یه‌تی. گومانی تێدا نییه كه له بازرگانی نێوده‌وڵه‌تیدا، پاره وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كی تر به كاتی كاركردن دیاری ئه‌كرێ. به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ش ڕاسته كه زێڕو زیو له بازرگانی نێوده‌وڵه‌تیدا ئامڕازی ئاڵوگۆڕن وه‌ك به‌رهه‌م نه‌ك وه‌ك پاره. به واتایه‌كی دی، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندێتیه ’نه‌گۆڕی و ڕه‌سه‌نێتی‘هی ’پیرۆزكردنی سهروهركراو‘، كه لای پرۆدۆ‌ن، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندێتیه‌ی [زێڕ و زیو] پێكدێنێ‘‘ (ل ١٥٠). ئیتر ڕۆشن ئه‌بێته‌وه كه ئه‌م دوو كانزایه له بنه‌ره‌تدا تایبهتمهندێتیهكی نه‌گۆڕ و ڕه‌سه‌نیان نییه وه‌ك پرۆدۆ‌ن تێیگه‌یشتووه بگره له ئاڵوگۆڕی جیهانیه‌وه ئه‌م جێگهوڕێگایه په‌یدا ئه‌كات.
به‌شی سه‌باره‌ت به زێدهیهك كه له كار ئه‌مێنێته‌وه:
پرۆدۆ‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ كه هه‌موو كارێك زێده‌ی هه‌یه، كۆمه‌ڵگا به شه‌خسی ئه‌كاته‌وه، به واتایه‌كی دی ئه‌یكات به كۆمه‌ڵگایه‌ك كه به هیچ جۆرێك كۆمه‌ڵگایه‌ك نییه بۆ كه‌سه‌كان و سه‌ربه‌خۆ یاسای خۆی هه‌یه و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نییه به خودی كه‌سه‌كانه‌وه كه كۆمه‌ڵگاكه‌یان پێكهێناوه. ئه‌م كۆمه‌ڵگایه ’’زیره‌كی خۆی‘‘ هه‌یه كه ئه‌مه‌ش زیره‌كی هاوبه‌شی مرۆڤه‌كان نییه، بگره زیرهكیهكه كه خاڵیه كه مانای هاوبه‌ش (ل. ١٥٣). یانی زێدهیهك كه له كاره‌وه ئه‌مێنێته‌وه ته‌نها ئه‌توانرێ له كۆمه‌ڵگای كه‌سه‌كانه‌وه لێكبدرێته‌وه و ژیانی ئه‌م كه‌سه‌ش به‌و یاسایانه به‌ره‌وپێش ئه‌چێ كه پێچه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كۆنترۆڵی چالاكی مرۆڤ ئه‌كه‌ن وه‌ك تاكێك (ل. ١٥٣). له كاتێكدا وه‌ك ماركس ئه‌ڵێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ته‌نانه‌ت له لایه‌ن ئابوریناسه بۆرژوازیهكانیشهوه پێشتر وه‌ڵامی وه‌رگرتۆته‌وه.
لێره‌دا ماركس تێگه‌یشتنی پرۆدۆ‌ن له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌هێنێته‌وه كه نووسیویه‌تی: ’’پێش هه‌ر شتێك پرۆمیسۆث [خواوه‌ندێكی ئه‌فسانه‌ی یۆنانی كۆنه كه ئه‌ووترێ به‌رپرس بووه له خوڵقاندنی مرۆڤ و دواتر دزینی ئاگر كه وه‌ك سه‌رچاوه‌ی گه‌شه و شارستانیه‌ت دانراوه_جه‌مال] كه له ئامێزی سروشته‌وه ده‌رئه‌كه‌وێت ژیانی له سستی و تهمهڵیهكی خۆشه‌وه وه دهستپێئهكا و… هتد. پرۆمیسۆث ده‌ست ئه‌كات به كار و له‌م یه‌كه‌م ڕۆژی كاره‌وه، كه یه‌كه‌م ڕۆژی خوڵقاندنی دووه‌مه، به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و واته سه‌روه‌ته‌كه‌ی و باشبژێویهكهی یه‌كسانه به ١٠. له ڕۆژی دووه‌مدا، پرۆمیسۆث كاره‌كه‌ی دابه‌ش ئه‌كات و به‌رهه‌مه‌كه‌ی یه‌كسان ئه‌بێ به ١٠٠. له سێیه‌م ڕۆژ و هه‌موو ڕۆژه‌كانی دواتردا ، پرۆمیسۆث ئامێر دائه‌هێنێ و، به‌كارهێنانی تازه‌ی جه‌سته‌كان و هێزی تازه له سروشتدا ئه‌دۆزێته‌وه. له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكی چالاكیه پیشهسازیهكانیدا، ژماره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی زیاد ئه‌كات و ئه‌مه‌ش ئه‌بێته مایه‌ی ئاسوده‌یی بۆی. وه سه‌رئه‌نجام له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و به‌كاربردن به واتای به‌رهه‌مهێنان دێت، ئیتر ڕۆشنه كه به‌كاربردنی هه‌ر ڕۆژێك ته‌نها به‌رهه‌می ڕۆژی پێشووتره و به‌رهه‌مێكی زیاده ئه‌مێنێته‌وه بۆ ڕۆژی دواتر‘‘ [وه‌رگێڕدراو له هه‌ژاری فه‌لسه‌فه‌ی ماركس به زمانی ئینگلیزی، ل ١٥٧]. لێره‌دا وه‌ڵامی ماركس به‌م بۆچوونه خه‌یاڵی و دوور له زانستیه پرۆدۆ‌ن زۆر سه‌رنجڕاكێشه. هه‌ر بۆیه پێم باش ده‌قی قسه‌كانی ماركس هه‌ر لێره‌دا بهێنمه‌وه: ’’بۆ ئه‌و [پرۆمیسۆث] به‌كاربردن واته به‌رهه‌مهێنان و ئه‌وه‌ی كه ڕۆژی پێشتر به‌رهه‌می هێناوه ڕۆژی دواتر بهكارئهبات و به‌مجۆره‌ش ئه‌و هه‌میشه ڕۆژێك له پێشه‌وه‌یه ئه‌و ڕۆژه‌ش ’’زێدهیهكه كه له كاره‌كه‌ی ماوه‌ته‌وه‘‘. به‌ڵام ئه‌و ئه‌گه‌ر شتێك كه ڕۆژی پێشتر به‌رهه‌می هێناوه بهكاریبهرێت، كه‌واته ئه‌بێ له یه‌ك ڕۆژدا كه هیچ ڕۆژێكی له پێشه‌وه نه‌بووه، ئیشی دوو ڕۆژی كردبێ تاكو بتوانێ دواترڕۆژێك له‌پێشه‌وه بێ. ئایا پرۆمیسۆث ئه‌م زێده‌یه‌ی له یه‌كه‌م ڕۆژدا چۆن به ده‌ستهێناوه له كاتێكدا كه نه هیچ دابه‌شكردنێكی كار، نه ئامێر و نه ته‌نانه‌ت هه‌ر زانیاریه‌ك ده‌رباره‌ی هێزی جه‌سته‌یی بوونی نه‌بووه جگه له ئاگر؟ به‌مجۆره مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی كه شته‌كان بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ ’’ یه‌كه‌م ڕۆژی خوڵقاندنی دووه‌م‘‘ یه‌ك هه‌نگاوی به‌ره‌و پێش نه‌خستۆته به‌رده‌م. ئه‌م شێوازی ڕۆشنكردنه‌وه‌یه تامی یۆنانی كۆن و عیبری ئه‌دات و ئه‌مه‌ش هه‌م نهێنی و هه‌م هێماییه (مه‌جازیه) ‘‘، (ل.١٥٨) ئه‌مه ئیتر تیۆریه‌كه‌ی پرۆدۆنه كه هه‌موو كارێك ئه‌بێ زێدهیهكی لێ بمێنێته‌وه و لێره‌دایه كه ماركس ڕه‌خنه‌ی لێ ئه‌گرێ كه گوایه سه‌روه‌ت كۆبوونه‌وه به‌رهه‌مێكی سروشتی كۆمه‌ڵگایه به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه مێژووییه‌ی كه زێده یاخود سه‌روه‌ت تیایدا به‌رهه‌م دێ، له‌وانه دابه‌شبوونی كار و گه‌شه‌ی ئامێر وته‌كنه‌لۆجیای به‌رهه‌مهێنان و كێبڕكێ و سیستمی كرێ.. وهتد به واتایه‌كی دی: ململانێی چینایه‌تی. وه هه‌موو ئه‌مانه پێداویستی گه‌شه‌ی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و به‌مجۆره‌ش كه‌ڵه‌كه‌ی زێدهیهكن كه له كاره‌وه به‌رهه‌م دێن، ماركس وته‌نی هه‌ر له‌و هه‌لومه‌رجه مێژووییه‌ی سه‌رمایه‌داریه‌وه، ’’ئه‌بوایه چینێك هه‌بوایه قازانجی ببردایه و چینێكیش كه بپوكایهتهوه‘‘ (ل.١٥٩).
به‌ندی دووی كتێبه‌كه كه سه‌باره‌ت به میتافیزیكی ئابوری سیاسیه و له به‌شی یه‌كیدا كه ماركس ڕه‌خنه له میتۆدی فه‌لسه‌فیانه‌ی پرۆدۆ‌ن ئه‌گرێ، كه پێی وایه وابه‌سته‌یه به فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵه‌وه، و حه‌وت سه‌رنجدانی ڕیزبه‌دنی كردووه. من لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م كورته و پوخته‌ی هه‌ر سه‌رنجدانێك بخه‌مه ڕوو.
له سه‌رنجدانی یه‌كدا، ماركس باس له‌وه ئه‌كات كه چۆن له لێكدانه‌وه فه‌لسه‌فیه هیگڵیهكاندا مه‌سه‌له‌كان په‌یوه‌ست ئه‌كرێته‌وه به عه‌قڵه‌وه (لۆجیكهڵ كاتیگۆری)، ئاوهاش پرۆدۆ‌ن مه‌سه‌له‌كان په‌یوه‌ست ئه‌كاته‌وه به شتێكی ئایدیاڵیهوه به ناوی (كاتیگۆری ئابوری). به پێی ئه‌م میتۆده فه‌لسه‌فیه عه‌قڵی په‌تی له‌سه‌روو شته‌كانه‌وه‌یه و ئه‌و خۆی ئه‌سه‌پێنێ و دژه‌خۆی پێكدێنێ و دوباره‌ش خۆی پێكئههێنێتهوه و به مه‌فهومی فه‌لسه‌فی هه‌ر خۆی تێز و ئه‌نتی تێز و سه‌نتێزه و گوایه ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ی جووڵه و دیاله‌كتیكه. هه‌ر عه‌قڵ ئه‌رێ و نهرێشه، ئه‌رێ ئه‌بێ به نه‌رێ و نه‌رێ ئه‌بێ به ئه‌رێ و ئه‌رێ ئه‌شبێ به ئه‌رێش و نه‌رێش و نه‌رێش ئه‌شبێ به ئه‌رێش و نه‌رێش و ئه‌وه ئه‌م تێكهولێكهیهیه كه جوڵه و دیاله‌كتیك دروست ئه‌كات و ئه‌م دوو دژبهیهكیه بیری نوێ دروست ئه‌كات (واته سه‌نتێز) و هه‌ر ئه‌میش دوباره هه‌ڵئه‌وه‌شێته‌وه و ئه‌بێته‌وه به دوو بیری دژ به‌یه‌ك و به‌مجۆره‌ش سه‌نتێزی نوێ دروست ئه‌بێته‌وه…ئیتر كۆمه‌ڵێك بیر دێنه ئاراوه كه دیسان وابه‌سته‌ی هه‌مان جوڵه و دیالهكتیكن. به‌مجۆره‌ش له به‌شێك گروپێك دروست ئه‌بێ و له گروپێك زنجیره‌یه‌ك و له زنجیره‌یه‌كیش سیستمێك. ئه‌مه میتافیزیكی فه‌لسه‌فیه و ئه‌مه شتێكه كه له مێشكی فه‌لسه‌فیانه‌ی هیگڵ و پرۆدۆنیشدا ئه‌گوزه‌رێ كه ئه‌مه‌ی دواییان ته‌نها كاتیگۆریهكهی گۆڕیوه به ئاوری و سیستمێیكی ئابوری له زه‌هنی خۆیدا دروست كردووه.
له سه‌رنجی دوودا ماركس دیسان جه‌خت له‌وه ئه‌كاته‌وه كه پرۆدۆ‌ن په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه وابه‌سته‌ن به هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانه‌وه نابینێ. بۆ به‌ده‌ستهێنانی هێزی بهرههمهێنههی نوێ مرۆڤ شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ئه‌گۆڕێ و بۆ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئه‌گۆڕێ، ئاشی ده‌ستی كۆمه‌ڵگایه‌كت ئه‌داتێ به بوونی ئاغاكانهوه و ئاشی هه‌ڵمیش سه‌رمایه‌دارێكی پیشه‌سازی. هه‌ر ئه‌مانیش له‌م په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا بیروڕا و ئه‌ندێشه و كاتیگۆریهكانی دی به‌رهه‌مدێنن كه ملكه‌چی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن و هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌رهه‌می مێژوویی و ڕاگوزه‌رن. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له میتۆدی پرۆدۆندا ونه.
له سه‌رنجی سێ‌دا، دێته سه‌رئه‌وه‌ی كه پرۆدۆ‌ن قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا نابینێ و هه‌ربۆیه‌شه په‌یوه‌ندی نێوان دابه‌شبوونی كار و كێبركێ و.. هتد نابینێ. به پێی میتۆدی عه‌قڵی په‌تی پرۆدۆ‌ن كه باس له هاتنه ئاراوه‌ی هه‌ر قۆناغێك ئه‌كات، وه‌ك ’’كۆرپه‌ی تازه له دایكبوو‘‘ مامه‌ڵه‌ی ئه‌كات و ئه‌وه له بیر ئه‌كات كه ته‌مه‌نی ئه‌مانه وابه‌سته‌ی ته‌مه‌نی ئه‌وه‌ی پێش خۆیه‌تی. له فۆرمۆلهكهیدا بۆ داڕشتنه‌وه‌ی به‌ها، كه بۆ پرۆدۆ‌ن بناغه‌ی هه‌موو گه‌شه ئابوریه‌كانه، به‌بێ دابه‌شبوونی كار و كێبه‌ركێ و … هتد ئه‌م كاره‌ی بۆ ناكرێ. به‌ڵام له تێگه‌یشتنی پرۆدۆندا ئه‌م په‌یوه‌ندیانه پێشتر هێشتا بوونیان نه‌بووه.
ماركس له سه‌رنجدانی چواردا ئه‌وه ڕوونئهكاتهوه كه پرۆدۆ‌ن كه هه‌مان مه‌نتقی هیگڵی له بواری ئابوری‌دا جێبه‌جێ كردووه، وای ئه‌بینێ كه هه‌ر كاتیگۆریه‌كی ئابوری لایه‌نی باش و لایه‌نی خراپی هه‌یه. هه‌روه‌ك چۆن وردهبۆرژوازیهك ته‌ماشای پیاوه مێژووییه‌كانیان كردووه. ناپلیۆن پیاوێكی مه‌زن بووه، شتی زۆر باشی كردووه، به‌ڵام شتی زۆر خراپیشی هه‌بووه. ئه‌مه جێبه‌جێ بكه به‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌كانی پرۆدۆندا ئه‌گه‌ی به‌و هاوكێشه‌یه‌ی كه لایه‌نه باشه‌كانی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری بپارێزه و خراپه‌كانیشی وه‌لابنێ.
ماركس لێره‌دا نمونه‌ی كۆیله‌داری كه ئه‌ویش كاتیگۆریه‌كی ئابوریه ئه‌هێنێته‌وه. باس له كۆیله‌داری ڕاسته‌وخۆ ئه‌كات كه به هه‌مان شێوه‌ی ئامێر و قه‌رز و شته‌كانی تر ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كیه بۆ پیشه‌سازی بۆرژوازی. ’’بێ كۆیله‌داری لۆكه بوونی نه‌ئه‌بوو، بێ لۆكهش پیشه‌سازی مدێرن بوونی نه‌ئه‌بوو. ئه‌وه كۆیله‌داری بوو كه به‌های دا به موسته‌عمه‌ره‌كان، و ئه‌وه‌ش موسته‌عمه‌ره‌كان بوون كه بازرگانی جیهانیان خوڵقاند وه ئه‌وه‌ش بازرگانی جیهانیه كه پێشمه‌رجی پیسهشازی فراوان بوو. وه به‌مجۆره‌ش كۆیله‌داری كاتیگۆریه‌كی ئابوریه كه گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه ‘‘ (ل. ١٦٧). ئێستا با بێینه سه‌رئه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌و مه‌نتقه‌ی پرۆدۆ‌ن ئه‌و كێشه‌یه چۆن چارهسهرئهكرێ كه لایه‌نه خراپه‌كانی كۆیله‌داری نه‌هێڵرێ و باشه‌كانی بپارێزرێ؟ كه‌وایه به‌پێی هه‌مان مه‌نتقیش باج ئه‌توانێ له خراپیه‌كانی ئیحتكاری (مۆنۆپۆلی) كه‌م بكاته‌وه و هاوسه‌نگی بازرگانی ڕابگرێ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر قه‌رز هه‌بێ و… هتد.
سه‌رنجی پێنج باس له‌وه ئه‌كات كه پرۆدۆ‌ن دیاله‌كتیك له ڕیزبه‌ندی بیروڕاكاندا ئه‌بینێ. ئه‌مه ئه‌و دیالهكتیكهیه كه ماركس وته‌نی له‌وپه‌ڕی ئه‌خلاقگه‌رایی پهتیدایه، بینینی دنیا له ڕوانگه‌ی ئه‌خلاقی و عه‌قڵی په‌تیه‌وه. دیسان ئه‌مه نه‌بینینی مێژووه له ڕوانگه‌یه‌كی ماتریاڵیهوه.
دواتر ماركس سهرجنمان ئه‌خاته سه‌ر خاڵی شه‌شه‌م كه به پێی پرۆدۆ‌ن گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی كه هه‌رچی شتی خراپی سیستمێكه بیخهرهلاوه تاكو هچ شتێك نه‌مێنێته‌وه به غه‌یری باشه‌كان نه‌بێ و ئه‌م شته زۆر زۆر باشه‌ش كه ئامانجێكی كرده‌ییه ئه‌گات به یه‌كسانی. به خه‌یاڵی پرۆدۆ‌ن دابه‌شبوونی كار و قه‌رز و كاری هاوبه‌ش و هه‌موو په‌یوه‌ندیه ئابوریه‌كان له پێناو یه‌كسانیدا خوڵقاون به‌ڵام ههڵگهڕێنراونهتهوه و ئه‌مه‌شه كه ناكۆكیه‌كه‌ی دروستكردووه. به‌ڵام ماركس وته‌نی ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژووه و ته‌نها خه‌یاڵی پرۆدۆنه. لایه‌نه باشه‌كانی په‌یوه‌ندیه ئابوریه‌كانی سه‌رمایه‌داری جه‌خت له یه‌كسانی ئه‌كه‌نه‌وه و لایه‌نه خراپه‌كانیش نایه‌كسانی. ئه‌مه‌یه خهیاڵپڵاویهكهی پرۆرۆدن بۆ تێگه‌یشتن له ناكۆكیه‌كانی سیستمی سه‌رمایه‌داری.
سه‌رنجی حه‌وت و كۆتایی له‌م به‌نده‌دا جگه له‌وه‌ی دیسان ماركس ڕه‌خنه‌ی خۆی له ئابوری‌ناسان نیشان ئه‌دات هاوكاتیش لێره‌دا چه‌ند تێگه‌یشتنێكی خۆی له‌سه‌ر هه‌ندێ له مه‌سه‌له گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵگا ئه‌خاته‌ڕوو. له ڕه‌خنه له میتۆدی ئابوریناساندا ئه‌ڵێ كه ئه‌وان دوو جۆر پێكهاته ئه‌بینن، دروستكراو و سروشتی، فیوداڵی بۆ ئه‌وان دروستكراوه و بۆرژوازیش سروشتی. ئه‌مه‌ش ئه‌چوێنێ به ئاینناسهكان كه سه‌رچاوه‌ی ئاینه‌كه‌ی خۆیان به خودا و هی كه‌سانی تریش به دروستكراوی ده‌ستی مرۆڤ ئه‌زانن. جێبه‌جێكردنی ئه‌مه بۆ كۆمه‌ڵگای بۆرژوازی به‌وجۆره‌یه كه ئابوریناسهكان پێیان وایه كه په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی بۆرژوازی سروشتین و هه‌ربه‌وجۆره‌ش سه‌روه‌ت و هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ملكه‌چی یاسا سروشتیه‌كانن. ئه‌و په‌یوه‌ندیانه هه‌ر خۆیان یاسا سروشتیه‌كانن و سه‌ربه‌خۆن له كات، یانی مێژوو پێشتر هه‌بووه چونكه دامه‌زراوه فیوداڵیه‌كان هه‌بوون به‌ڵام ئیتر نییه چونكه خودی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه نه‌ماون كه جیاوازن له په‌یوه‌ندیه سه‌رمایه‌داریه‌كان، ئه‌مه‌ش یانی ئه‌به‌دی بوونی سه‌رمایه‌داری.
لێره‌دا به پێویستی ئه‌زانم ئه‌م به‌شه له ڕه‌خنه‌ی ماركس ڕاسته‌وخۆ له كتێبه‌كه‌وه بهێنمه‌وه: ’’فیوداڵیزمیش (ده‌ره‌به‌گایه‌تی) پرۆلیتاریای خۆی واته جوتیار (كۆیله‌ی زه‌وی) هه‌بووه و هه‌موو تۆوه‌كانی بۆرژوازی تیا بووه. به‌رهه‌مهێنانی فیوداڵیش دوو توخمی به‌رامبه‌ر یه‌كی هه‌بووه و به هه‌مان شێوه به ناوه‌كانی لایه‌نی باش و لایه‌نی خراپی فیود‌اڵیزم ناوبراون، بێ ڕه‌چاوكردنی ئه‌و ڕاستیه‌ی كه هه‌میشه ئه‌وه لایه‌نی خراپه له كۆتایدا به سه‌ر لایه‌نی باش‌دا سه‌رئه‌كه‌وێ. ئه‌وه لایه‌نی خراپه ئه‌و جوڵه‌یه به‌رهه‌مئه‌هێنێ كه مێژوو دروست ئه‌كات، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه ململانێیه‌ك دهستهبهرئهكات. ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می باڵاده‌ستی فیوداڵیزمدا، ئابوریناسهكان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حه‌ماسه‌تیان هه‌بوو بۆ چاكه‌ی كهڵهسواران، سازانی ڕێكوپێكی نێوان مافه‌كان و ئه‌ركه‌كان، ژیانی پیاوسالارانه‌ی شاره‌كان، هه‌لومه‌رجی تێروته‌سه‌لی پیشه‌سازی ناوماڵ له لادێكاندا، گه‌شه‌ی پیشه‌سازی كه له شێوه‌ی كۆمپانیادا ڕێكخران، نه‌قابه و كۆڕه‌كان، و به كورتی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه لایه‌نی باشی فیود‌اڵیزم پێكئه‌هێنن، خۆیان بخستاتهیه به‌رده‌م پرسیاری ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه كه سایه‌ی هه‌بوو به‌سه‌ر ئه‌م وێنایه‌دا_كۆیله‌داری و ئیمتیازاته‌كان و ئاناركی (فه‌وزا)، ئه‌وا چی ڕوویئه‌دا؟ هه‌موو ئه‌و توخمانه‌ی كه ئه‌بوونه مایه‌ی هاتنه‌كایه‌وه‌ی ململانێكه تێكئهشكێندران و به‌مجۆره‌ش گه‌شه‌ی بۆرژوازی هه‌ر به كۆرپه‌له‌یی لهناوئهبرا. ئه‌و كه‌سه خۆی ئه‌خسته كێشه‌ی بێمانای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی مێژوووه‌وه‘‘ (ل. ١٧٥_١٧٦). وه لێره‌وه ماركس ئه‌گات به‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگای بۆرژوازی له هه‌ناوی ئه‌م ململانێیه‌وه هاتۆته ده‌ره‌وه، ململانێیه‌كی چینایه‌تی كه مایه‌ی سه‌روه‌ت بووه بۆ چینێك و چه‌وسانه‌وه بۆ چینه‌كه‌ی تر كه به‌ربه‌ره‌كانی كردووه. ئه‌وه‌ی ئه‌بێ به سه‌روه‌ت و پاره‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوو به هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه زۆرینه له لایه‌كی تره‌وه نوقمی هه‌ژاری و نه‌داری ئه‌بنه‌وه.
ئابوریناسهكان نوێنه‌ری زانستیانه‌ی چینی بۆرژوازین، به هه‌مان شێوه‌ش كۆمۆنیست و سۆشیالیسته‌كان تیۆریسیۆنی چینی پرۆلیتاریان. به‌ڵام لێكدانه‌وه‌ی هه‌ژاری و ده‌رخستنی ململانێی چینایه‌تی ناكرێ و ناتوانێ ته‌نها له ئاستی لێكدانه‌وه‌یه‌كی زانستیدا بمێنێته‌وه و ئه‌م ڕه‌خنه‌یه ئه‌بێ سیمایه‌كی سیاسی به ململانێی پرۆلیتاریا له‌گه‌ڵ بۆرژوازیدا بدات و ئه‌و چینه‌ی یه‌كه‌میان ڕێكبخات و سازی بدات بۆ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی سیستمی كۆن. هه‌ر ئه‌مه‌شه كه تایبه‌تمه‌ندێتی شۆڕشگێڕانه ئه‌دات به لێكدانه‌وه‌ی زانستیانه‌ی كۆمۆنیستی.
به‌شی دابه‌شبوونی كار و ئامێر:
ماركس لێردا باس له‌وه ئه‌كات كه پرۆدۆ‌ن دابه‌شبوونی كار به یاسایه‌كی ئه‌بدی دائه‌نێت و ته‌نهاش وه‌ك كاتیگۆریه‌كی ساده و موجه‌ڕه‌د ئه‌یبینێ نه‌ك له مه‌فهومێكی مێژوویانه‌ی قۆناغه‌كانی كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ریدا. وه هه‌ر بۆیه پرۆدۆ‌ن پێی وایه كه دابه‌شبوونی كار له شه‌ئنی كرێكار كه‌م ئه‌كاته‌وه و ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ش په‌یوه‌سته به ڕۆحێكی به‌دڕه‌وشته‌وه و ئه‌مه‌ش هاوتایه له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی كرێدا. به‌مجۆره‌ش هه‌ژاری ئه‌نجامی دابه‌شبوونی كاره. وه ئامێریش یاخود ۆركشۆپی مۆدێرن ئه‌نتی تێزی مه‌نتیقیانه‌ی دابه‌شبوونی كاره. ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی ئه‌بێ به ڕه‌تكردنه‌وه یان نه‌هێشتنی هه‌ژاری. ناوه‌ڕۆكی تێگه‌یشتنی پرۆدۆ‌ن ئه‌وه‌یه كه وایدائهنێت كه‌سێك كه تێبینی ئه‌وه‌ی كردووه كه به هۆی دابه‌شبوونی كاره‌وه بۆ چه‌ند به‌شێكی جیاواز كه هه‌ریه‌كه‌یان كرێكارێك ئه‌نجامی ئه‌دات، هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ئه‌بن به چه‌ند ئه‌وه‌نده واته زیاد ئه‌كه‌ن. ئه‌م كه‌سه‌ش كه ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ی هه‌یه به خۆی ئه‌ڵێ كه ئه‌گه‌ر گروپێكی هه‌میشه‌یی كه خۆی دیاریئه‌كات و بۆ ئامانجێكی تایبه‌ت دایانئهنێ ئه‌توانێ به‌رهه‌مێكی زیاتر كه قابیلی پاراستنه به‌ده‌ستبهێنێ. وه هه‌ر ئه‌م كه‌سه‌ش پێشنیار ئه‌كات به كه‌سانی تر كه بیرۆكه‌كه‌ی ئه‌م قبوڵ بكه‌ن. ئیتر ئه‌م كه‌سه له سه‌ره‌تای پیشهسازیهكهیهوه له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانیدا كه دواتر ئه‌بن به كرێكاری خۆی به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان مامه‌ڵه ئه‌كات. به‌ڵام به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی پرۆدۆ‌ن ئه‌م ’یه‌كسانیه ڕه‌سه‌نه‘ هه‌ر زوو به هۆی جێگه‌وڕێگه‌ی قازانجپه‌رستی به‌رپرسه‌كه و پشت به‌ستن به كرێكاری بهكرێوه نامێنێ. ئیتر ئه‌م بۆچوون و لێكدانه‌وه‌یه جگه له زههنگهرایی پرۆدۆ‌ن خۆی و نه‌بینینی ڕه‌وتی دیالكهتیكانهی مێژوو هیچی دی نییه. ماركس ئه‌ڵێ كه گه‌شه‌ی بازاڕ و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه و گۆڕینی جێگه‌وڕێگه‌ی چینه‌كان به جۆرێك كه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا بێبه‌شكراون له سه‌رچاوه‌ی داهاتیان و هه‌موو ئه‌و شتانه پێشمه‌رجی دروستبوونی مانیفاكتۆرهكانن. بازرگانه‌كان بوونه خاوه‌نی ۆركشۆپه نوێكان و كرێكاران له‌ژێر سه‌قفی فه‌رمانی سه‌رمایه‌دا كۆكرانه‌وه (ل. ١٨٦). ئیتر ئه‌مه ئه‌و ڕێكه‌وتنه یه‌كسانه هاوڕێیانه‌یه نییه كه پرۆدۆ‌ن له مێشكی‌دا دایناوه.
پرۆدۆ‌ن پێی وایه كه چڕبوونه‌وه‌ی ئامێره‌كانی كار ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دابه‌شبوونی كاره. له‌كاتێكدا مه‌سه‌له‌كه به پێچه‌وانه‌وه‌یه: ’’هه‌ر كه چڕبوونه‌وه‌ی ئامێره‌كان گه‌شه ئه‌كات، دابه‌شبوونی كاریش گه‌شه ئه‌كات و به پێچه‌وانه‌شه‌وه. هه‌ربۆیه هه‌ر داهێنانێكی مه‌زنی میكانیكی دابه‌شبوونێكی مه‌زنی كار به دوای خۆیدا ئه‌هێنێ و هه‌ر زیادبوونێكیش له دابه‌شبوونی كاردا له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌بێته هۆی داهێنانی نوێی میكانیكی‘‘ (ماركس، ل. ١٨٧).
به‌شی پێشبڕكێ و قۆرخكاری:
له بینینی شته‌كان له‌و ڕووه‌وه كه لایه‌نی باش و لایه‌نی خراپی هه‌یه، پرۆدۆ‌ن داكۆكی له ئه‌به‌دی بوونی پێویستی پێشبڕكێ ئه‌كات و له ئاستێكی شه‌خسیدا مه‌سه‌له‌كه ئه‌بینێته‌وه. پێی وایه پێشبڕكێ پێچه‌وانه‌ی قۆرخكارییه و هه‌ربۆیه‌شه ناتوانێ پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵه بێ. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ماركس پێداگری لێ ئه‌كات ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری ئێستا له‌سه‌ر پێشبڕكێ دامه‌زراوه و بته‌وێ كۆتایی به‌مه‌ی دووه‌میان بهێنی ئه‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مت هه‌ڵوه‌شاندبێته‌وه.
لایه‌نی خراپی پێشبڕكێش ئه‌وه‌یه، لای پرۆدۆ‌ن، كه چاوچنۆكی ئه‌خوڵقێنێ، شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵئه‌گیرسێنێ، خێزان تێكئه‌دا، نه‌ته‌وه‌كان تێكه‌ڵ ئه‌كات به یه‌كدا، هوشیاری گشتی ئه‌شێوێنێ، موفهومی یه‌كسانی و عه‌داله‌ت و ئه‌خلاق ئه‌شێوێنێ و له‌وه‌ش خراپتر بازرگانی ئازاد و سه‌رڕاستانه تێكوپێك ئه‌دات. قۆرخكاریش ئه‌نجامێكی حه‌تمی پێشبڕكێیه. لای پرۆدۆ‌ن قۆرخكاری شتێكی باشه چونكه كاتیگۆریه‌كی ئابوریه كه له ’مه‌نتقی ناكهسێتی مرۆڤایه‌تی‘ه‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌دات. وه پێشبڕكێش شتێكی باشه چونكه ئه‌ویش كاتیگۆریه‌كی ئابوریه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باش نییه حه‌قیقه‌تی پێشبڕكێ و و حه‌قیقه‌تی قۆرخكاریه.
به‌ڵام ماركس ئه‌ڵێ كه ئێمه له ژیانی واقعیدا ته‌نها پێشبڕكێ و قۆرخكاری و ململانێی نێوان ئه‌م دوانه نابینین، بگره سه‌نتێزی ئه‌م دووانه‌ش ئه‌بینین، به‌ڵام ئه‌م شته داڕێژراوه شتێكی فۆمۆلهكراو نییه، بگره جوڵانه‌وه‌یه. له چوارچێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی پێشبڕكێ له قۆرخكاری و به پێچه‌وانه‌شه‌وه قورخكاری له پێشبڕكێوه، پێشبڕكێ له نێو كرێكاراندا زیادئه‌كات و هه‌رچه‌ندێكیش جه‌ماوه‌ری پرۆلیتاریا زیادبكات له دژی قۆرخكارانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، پێشبڕكێی نێوان قۆرخكارانی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان بێئومێدتر ئه‌بێ. كه‌وایه لێره‌دا سه‌نتێز ئه‌وه‌یه كه قۆرخكاری ته‌نها له كاتێكدا ئه‌توانێ خۆی بپارێزێ كه بچێته نێو ململانێی پێشبڕكێكانهوه (ل. ١٩٦).
لێره‌دا ڕۆشن ئه‌بێته‌وه كه پرۆدۆ‌ن ته‌نها له‌لایه‌نی شه‌خسی و ئه‌خلاقیه‌وه تهگیشتنی له‌م مه‌سه‌لانه داوه به ده‌سته‌وه و هه‌ربۆیه گه‌یشتووه به‌وه‌ی كه باج بخرێته سه‌ر به‌كاربردن و به‌مجۆره هه‌لی ژیانی باشتر بۆ كۆمه‌ڵگا دابین ئه‌بێ. له كاتێكدا ماركس به ڕۆشنی له‌م بهشهد اباسی له‌وه كردووه كه باج له‌سه‌ر به‌كاربردن شتێكه كه تایبه‌ته به تازهسهرههڵدانی بۆرژوازی كه لۆرده‌كان (خاوه‌ن زه‌ویه‌كان) جگه له به‌كاربردن هیچی تریان نه‌ئه‌كرد. ئه‌م بۆچوونه‌ی پرۆدۆ‌ن ئیتر هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به ڕزگاربوونی پرۆلیتاریا و یه‌كسانیه‌وه نییه.
به‌شی موڵك یان به‌كرێدانی زه‌وی:
لێره‌شدا ماركس دووباره جه‌خت له‌وه ئه‌كاته‌وه كه موڵكیش له كۆمه‌ڵگای بۆرژوازیدا وابه‌سته‌یه به په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌دارییه‌وه و ناتوانرێ وه‌ك شتێكی ته‌نیا و موجه‌ڕه‌د سه‌یری بكرێ. پرۆدۆ‌ن پێی وایه كرێی خانوو و موڵك په‌یوه‌ندی به لێووردبوونه‌وه‌ی ده‌روونی و ئه‌خلاقیه‌وه هه‌یه، نه‌ك به‌رهه‌مهێنانی سه‌روه‌ت. ماركس ئه‌وه ڕوونئهكاتهوه كه زه‌ویش وه‌ك هه‌ر موڵكێكی تر ملكه‌چی یاسا و په‌یوه‌ندیه سهرمایهداریهكانه، كاتێك زه‌ویه‌ك بۆ نمونه ئهكێڵرێت و به‌رهه‌مێكی ئه‌بێ، ئه‌وه‌ی كه چ هێزێكی كاری تێچووه و چه‌ند به‌رهه‌می هه‌یه و له بازاڕدا چۆن ساغ ئه‌بێته‌وه نرخی كرێی ئه‌و زه‌ویه دیاریئه‌كات، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه چ ڕیكاردۆ و چ پرۆدۆ‌ن لێكیئهدهنهوه كه گوایه كرێی زه‌وی فائیزێكه كه له‌به‌رامبه‌ر موڵكێكی هه‌میشه پارێزراودا (واته زه‌ویه‌كه) ئه‌بێ بدرێ. واته خاوه‌نی موڵكێكی زه‌وی وه‌ك سه‌رمایه‌دارێك زه‌ویه‌كه‌ی ئه‌دات به كرێ نه‌ك وه‌ك خاوه‌ن زه‌وی.
ماركس ئه‌ڵێ: ’’خودی زه‌وی تا كاتێك وه‌ك ئامڕازێكی به‌رهه‌مهێنان به‌كارنایه‌ت، خۆی سه‌رمایه نییه. زه‌وی وه‌ك سه‌رمایه ئه‌توانرێ وه‌ك هه‌ر ئامێرێكی تری به‌رهه‌مهێنان زیادبكرێ. به‌مجۆره‌ش زه‌وی وه‌ك سه‌رمایه له هیچ سه‌رمایه‌یه‌كی تر ئهبهدیتر نییه. زه‌وی وه‌ك سه‌رمایه سه‌رمایه‌یه‌كی نه‌گۆڕه، به‌ڵام سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕیش به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی سه‌رمایه‌ی گۆڕاو ئه‌توانرێ به‌كاربهێنرێ…‘‘ ( ل. ٢٠٥)
له‌مه‌ش زیاتر ماركس باس له‌وه ئه‌كات كه: ’’نوێنه‌ری زه‌وی وه‌ك سه‌رمایه خاوه‌نه‌كه‌ی نییه، جوتیارهكهیه. ئه‌و داهاتانه‌ی به‌ده‌ستهاتووه له زه‌ویه‌كه وه‌ك سه‌رمایه فائیز و قازانجی پیشه‌سازین، كرێ نییه. زهویگهلێك هه‌ن كه ئه‌و فائیز و قازانجه به‌دیدێنن به‌ڵام هیچ كرێیه‌ك بهدیبناهێنن. به كورتی، مادام زه‌ویه‌ك فائیز بهدهستئههێنێ سه‌رمایه‌ی زه‌ویه، وه‌ك سه‌رمایه‌ی زه‌ویش هیچ كرێیه‌ك به‌ده‌ستناهێنێ و به‌مجۆره‌ش موڵكدارێتی زه‌وی نییه. كرێ له‌و په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌وه به ده‌ستدێ كه تیایاندا به‌كارهێنانی زه‌ویه‌كه ڕووئه‌دات. ناتوانێ ئه‌نجامی سروشتی به‌پیتی یان نه‌رمی یان ڕه‌قی خاكه‌كه‌ی بێ. كرێ به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگایه، نه‌ك خاكه‌كه‘‘ (ماركس، ل. ٢٠٥). دیاره ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی لێكدانه‌وه و بۆچوونه‌كانی ڕیكاردۆ و پرۆدنه له‌باره‌ی زه‌وی و موڵكداریێتی زه‌ویه‌وه.
به‌شی مانگرتن و یه‌كگرتنی كرێكاران:
پرۆدۆ‌ن پێیوایه به‌رزبوونه‌وه‌ی كرێ ئه‌بێته مایه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی شتومه‌ك و ئه‌مه‌ش ئه‌بێته هۆی كه‌م وكرتهێنانی شتومه‌ك و بڵاوبوونه‌وه‌ی برسێتی. له كاتێكدا ماركس باس له‌وه ئه‌كات كه به‌رزبوونه‌وه یان دابه‌زینی كرێ و قازانج ته‌نها ده‌ربڕی ڕێژه‌یه‌كه كه سه‌رمایه‌دار و كرێكار له به‌رهه‌می ڕۆژێكدا به‌شیان تێیدا هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا كاربكاته سه‌ر نرخی به‌رهه‌مه‌كه به‌تایبه‌تی له‌و پیشه‌سازیانه‌دا كه ئامێری زۆر تێدا به‌كاردێ چونكه خۆی وته‌نی ئامێر كرێ وه‌رناگرێ.
له‌م به‌شه‌دا ماركس به‌راوردێكی نێوان ئابوری‌ناسان و سۆشیالیسته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌كات. هه‌ر وه‌ك له بهراییهكهدا ئاماژه‌مان پێكرد، پێویسته ئه‌وه بڵێین كه چه‌ند ترێند و ههڵسوڕاوانێك هه‌بوون له بزووتنه‌ویه كرێكاری‌دا كه خۆیان به ناوی سۆشیالیسته‌وه ناو نابوو به‌ڵام وه‌ك لێره و له بابه‌ته‌كانی سه‌باره‌ت به ئه‌نته‌رناسیۆنالی یه‌ك و مانیفێستی حزبی كۆمۆنیست و چه‌ندین وتار و بابه‌تی تردا ماركس ئه‌م مه‌یله به‌ناو سۆشیالیستیانه‌ی داوه‌ته به‌ر ره‌خنه. ماركس ئه‌ڵێ كه هاوكات ئابوریناسهكان و سۆشیالیسته‌كان به كرێكاران ئه‌ڵێن مه‌كه‌ن و كۆبوونه‌وه و یه‌كگرتن مه‌كه‌ن. ئابوری‌ناسان به بیانوی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه به قازانجی ڕه‌وتی چوونه‌پێش و گه‌شه‌ی مونه‌زه‌می پیشه‌سازی نییه و ئه‌بێته هۆی گه‌شه‌ی كتوپڕی ئامێره‌كان و به‌مجۆره‌ش به‌شێك له كاره‌كه‌تان بێ سوود ئهمێنهتهوه و كرێش له ئاستێكی نزمدا. سۆشیالیسته‌كانیش به بیانوی ئه‌وه‌ی كه هه‌تا گه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی كه‌م له كرێدا به‌ده‌ستبهێنن له درێژماوه‌دا كرێ نزم ئه‌بێته‌وه و جاخۆ كرێكار هه‌ر به كرێكاری ئه‌مێنێته‌وه و سه‌رمایه‌داریش هه‌ر به سه‌رمایه‌داری، بۆیه سیاسه‌ت مه‌كه‌ن. له كاتێكدا كه ئه‌مانه هه‌وڵێكن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی كرێكاران له سیاسه‌ت، ماركس چه‌ندین نمونه‌ی یه‌كێتی و ڕێكخراوه و كۆمه‌ڵه كرێكاریه‌كان ئه‌هێنێته‌وه و ئه‌ڵێت كه زۆربه‌یان له مه‌سه‌له سیاسیهكانیشادا به‌شدارن و ته‌نانه‌ت له ئینگلاند، بزووتنه‌وه‌ی چارتیستهكان وه‌ك حزبێكی سیاسی گه‌وره‌ی كرێكاران له‌و كاته‌دا ئاماژه پێ ئه‌كات. وه به پێچه‌وانه‌وه ماركس پێداگری له‌سه‌ر به‌ڕێخستن و سازدان و ڕێكخستنی سیاسی و یه‌كگرتووی چینی كرێكار ئه‌كات، وه‌ك چینێكی یه‌كگرتووی خاوه‌ن بهرهوهندیهكی چینایه‌تی. چینێك كه له خه‌بات و ململانێدایه له‌گه‌ڵ چینی به‌رامبه‌ردا و ئه‌م ئاسته‌ش له خه‌بات ئاستێكی سیاسیه. ئه‌م خه‌باته‌ش ئه‌بێ ڕوو له ڕزگاری چینی چه‌وساوه بێ. هه‌روه‌ك لێره‌دا ماركس ئه‌ڵێ: ’’مه‌رجی ڕزگاریی چینی كرێكار هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌موو چینه‌كانه… له كاتێكدا كه ململانێی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی ململانێی چینێكه له دژی چینێك، ململانێیه‌ك كه له دوادهربڕینیدا شۆڕشێكی سهاراپاگیره… هه‌رگیز مه‌ڵێن كه جوڵانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جوڵانه‌وه‌ی سیاسی وهدهرئهنێ. هیچ جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی نییه كه هاوكات كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێ…‘‘ (ماركس، ل. ٢١٢).
به‌مجۆره بینیمان كه ماركس له‌م كتێبه‌دا ئه‌گه‌رچی ڕه‌خنه‌ی بێبه‌زه‌ییانه‌ی له بۆچوونه خه‌یاڵاوی و ناواقعی و نادیالێكتیكیانه پرۆدۆ‌ن گرتووه هاوكایش ڕوانگه‌ی خۆی له ڕووی زانستی بۆ ناساندنی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی له لایه‌ك و مێژووی ماتریاڵانه‌ی گه‌شه‌سه‌ندی كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری به ده‌سته‌وه داوه. پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌م كه ئه‌م بیرۆكانه‌ی ماركس لێره‌دا هێناویه‌تی دواتر به شێوه‌یه‌كی چڕ‌وپڕ و ورد له كتێبی سه‌رمایه‌دا هاتۆته سه‌ری. منیش هاوڕای زۆر كه‌سم كه گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت له دنیابینی ماركس تێبگات، ئیمكانی نییه هه‌ژاری فه‌لسه‌فه نه‌خوێنێته‌وه. به‌و هیوایه‌ی ئه‌م وتاره تێگه‌یشتنێكی سه‌ره‌كی و پوختی له‌سه‌ر هه‌ژاری فه‌لسه‌فه به‌ده‌سته‌وه دابێت و هاندانێك بێت بۆ كۆمۆنیسته‌كان و هه‌ڵسوڕاوانی سۆشیالیسی ناو چینی كرێكار له كوردستان بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی كتێبه‌كه.
سه‌رچاوه‌كان:
كارڵ ماركس، هه‌ژاری فه‌لسه‌فه: وه‌ڵام به فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاری پرۆدۆ‌ن. به‌رهه‌مه كۆكراوه‌كانی كارل ماركس و فرێدریك ئه‌نگڵس، به‌رگی ٦ (به زمانی ئینگلیزی)، چاپخانه‌ی پێشكه‌وتنی مۆسكۆ ساڵی ١٩٨٤. (لاپه‌ڕه‌كانی ١٠٥ بۆ ٢١٢)
كارل ماركس، بوس الفسلفه: رد علی فلسفه البوس لبرودون. نقله الی العربیه محمد مستجیر مسته‌فا.چاپخانه‌ی الفارابی_التنویر، بیروت ٢٠١٠
ڕۆبێرتۆ، مایكڵ جۆزێف، قه‌یران، شۆڕش و مانای گه‌شه‌سه‌ندن: هه‌ژاری فه‌لسه‌فه و پهوهندیدارهكانی سه‌رده‌م. ئوتروحه، ساڵی ٢٠٠٩.