بزرکردنی بێخانە و لانەکان لە بەردەم ئاهەنگی هاوسەرگیری شاهانە

نووسینی: بنار مستەفا

بڕیاڕه‌ له‌ مانگی ئایاری ئەمساڵدا ئاهه‌نگی خێزانی مه‌لیکه‌ی به‌ریتانیا له‌ شارۆچکه‌ی ویندسۆر ئه‌نجام بدرێت، که‌ تێیدا ئێلیسابێتی شاژن کۆتایی هه‌فتانه‌ی تێدا به‌سه‌ر ده‌بات. له‌و ئاهه‌نگه‌دا شازاده‌ هاڕی و مێگان مه‌راسیمی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریان ده‌به‌ستن. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و شارۆچکه‌یه‌ پێشوازی له‌ گه‌شتیارێکی یه‌کجار زۆر و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن ده‌کات. هەر وەک چۆن بە گشتی ئاهەنگی هاوسەرگیری خێزانی شاهانە و بۆنەکانی تریان لە جیهاندا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت لە لایەن دەسەڵاتداران و میدیاکانەوە.

هێشتا واده‌ی ئاهه‌نگه‌که‌ چه‌ند مانگێکی ماوه‌ و سیاسه‌تمه‌داران و پۆلیس له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و”کێشه‌یه”‌ دان، که‌ چۆن خەڵکی بێ خانه‌ و لانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان بشارنەوەو تا نه‌بنه جێگەی‌ سه‌رنجی گه‌شتیاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن. به‌واتایه‌کی تر،‌ نه‌بنه‌ مایه‌ی تێکدانی ئاهه‌نگەکە.
ئەمە نمونەیەکی ترە لە جێگەو ڕێگەی بەهای مرۆڤ لە سیستەمی سەرمایەداریدا. لەکاتێکدا، کە هەر ئاهەنگێکی خێزانی شاهانە بە ملیۆنان پۆندی بۆ تەرخان کراوەو دەکرێت، بە هەزاران کەس بەهۆی بێخانەولانەیەوە ناچارن لەسەر شەقامەکان شەو و ڕۆژ بکەنەوە و لە سەرمای زستان و گەرمای هاویندا جەنگی مان و نەمان بکەن، بەڵام لێیان ناگەڕێن و وەک تاوانبار تەماشا دەکرێن. وە لەبری گرتنە بەری ڕێگەچارەیەک بۆ ڕزگارکردنیان لەو بارودۆخەی بە بێ خواستی خۆیان تێی کەوتوون و نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری لێی بەرپرسە، شاردنەوەو بزرکردنیان دەکرێتە ئامانج، تا ڕیسکی هیچ ناڕەحەتیەک بۆ ئاهەنگی شاهانە نەیەتە پێش. هۆکارەکانی ژیانی دۆزەخی ئەم مرۆڤانە نەبۆتە جێگەی بێداربوونەوەی ویژدانی مردوویان و بایەخ پێدانیان، تا کارێک بکەن کە چیتر کەس پیویست نەکات لەسەر شەقامەکان ژیان بکات، بەڵکو ئەمەیان لا ئاساییە، بەو مەرجێک لە کاتی ئاهەنگ و بۆنە گرنگەکاندا لەبەرچاودا نەبن.

کەسانێک کە بێ خانە و لانەن و ناچارکراون لەسەر شەقامەکان ژیان بکەن، دیاردەیەکی قێزەوەنە و تا سەر ئێسقان دژە مرۆییە و لەمڕۆدا بەتەنها بەرهەمی چاوچنۆکی سەرمایەدارییە. بڕوانن لەم نمونەیەدا چەند مانگ پێش ئاهەنگەکە هەموو ئامادەکارییەک دەکەن و بیر لە چۆنێتی بزرکردنی ئەو کەسانە دەکەنەوە، کە لە شەقامەکاندا ژیان دەکەن. بێخانەو لانەیی ئەم مرۆڤانە لەو ڕووەوە دەبێتە جێی سەرنجیان، کەسەرنجی گەشتیاران و میدیاکان رادەکیشت، بۆیە بیرلەوە دەکەنەوە و نەخشە دەچنن بۆ ئەوەی چۆن ئەو شەرمەزارییەی نیزامی دیلیهێنەری سەرمایەداری پەردەپۆش بکەن و بیشارنەوە، نەک چارەسەرێک بۆ دیاردەی هەژاری و نەمانی بێخانە و لانەیی بدۆزنەوە. ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکو دەزانن کە بوونی ئەو کەسانە لەسەر شەقامەکان دەرئەنجامی وەڵامدانەوەیە بە پێداویستی نیزامی ئەمڕۆیە، بۆیە پارێزگاری لە مانەوەی دەکەن.

ئەمە تەنها نمونە نییە، بەداخەوە زۆرن کە بە کردەوە نیشانی دەدەن، کە مرۆڤ لە سیستەمی سەرمایەداریدا بێ بەهایە و بەرژەوەندی ئابووری و سەرمایەداران زۆر پێش بەها مرۆییەکان دەکەوێت. بۆیە چەسپاندنی بەها مرۆییەکان لە پێش هەر بەرژەوەندییەکی تر، بەندە بە خەبات لە بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداریدا.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ بۆپێشەوەی بەرواری ١٥/١/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *