شاسوار بۆته‌ كاراكته‌ری فیلمێكی به‌سه‌رچوو!

جه‌مال موحسین

له‌ به‌دیلی یه‌كێتی و پارتی و ده‌سه‌ڵاته‌ شه‌قوشڕه‌ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاوه‌كه‌یاندا، شاسوار باسی ئه‌وه‌ ئه‌كات كه‌ گوایه‌ ئه‌وان بۆیه‌ وایان لێهاتووه‌ چونكه‌ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و عێراق و ئنجا ناوخۆییان له‌ ده‌ستداوه‌.
ئه‌وه‌نده‌ی به‌ ناوخۆیی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌، زۆر ده‌مێكه‌ جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش پشتیوانی ده‌سه‌ڵات نه‌ماون و ته‌نانه‌ت دوا بزماریان له‌ تابوته‌كه‌شی داوه‌، به‌ڵام زه‌مینه‌ی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌.
ئه‌و شته‌شی كه‌ شاسوار به‌ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و عێراق ناوی ئه‌بات هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ به‌شێك له‌ دوژمنه‌ ئه‌سڵه‌كانی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی كوردستان. ئه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی به‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌ستووه‌ كه‌ له‌ ڕیفراندۆم و ده‌نگدانی خه‌ڵكدا بۆ ڕزگاربوون له‌ شێرپه‌نجه‌یه‌كی سه‌د ساڵه‌یی دژی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ وه‌ستانه‌وه‌. هه‌روه‌ك خۆشی ئه‌و كاره‌ی كرد. كێن ئه‌و پشتیوانیانه‌ی كه‌ شاسوار خۆیان پێوه‌ بائه‌دات؟ تره‌مپی شێت و شبر؟ گه‌ر ملیارد ملیارده‌ دۆلاره‌كانی نه‌بووایه‌ ئه‌و لۆمپنی، دژه‌ ژنی، كۆنه‌په‌رستی، ڕه‌گه‌زپه‌رستی بێئه‌ده‌به‌ له‌ كوێ ئه‌یتوانێ بڵێ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و گه‌وره‌ زلهێزی دنیام؟! گه‌ر یه‌كێتی و پارتی سه‌ربازێكی ملكه‌چی ئه‌مریكا بووبن، مه‌گه‌ر شاسوار خاولی بۆ ده‌ست سڕینی تره‌مپ دابنێ. ئێستا یانی چی ئه‌یه‌وێ به‌دیلی یه‌كێتی و پارتی بێ و ببێ به‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌؟ پیسی و ناكامی یه‌كێتی و پارتی نابێ بكاته‌ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌م كه‌سه‌ به‌ فریادڕه‌سی خۆیان ببینن.
ئیتر باسكردن له‌ پشتیوانی ناوچه‌یی جگه‌ له‌ نوكته‌یه‌كی بێتام هیچی تر نییه‌. ئه‌وه‌ كێیه‌ كه‌ به‌ ناونیشانی پشتیوان له‌م ناوچه‌یه‌دا ناوی ده‌ركردووه‌؟ ئێرانی ئیسلامی كۆنه‌په‌ست؟ توركیای سه‌ڵته‌نه‌تی كۆنه‌په‌رست؟ قه‌ته‌ر، سعودیه‌…؟ ئه‌وانه‌ خۆیان پیسترین و ڕه‌شترین ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن.
با بێینه‌ سه‌ر عێراق، كه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی مه‌به‌سته‌كه‌ی شاسواره‌. ئه‌و زۆر مه‌یلی به‌لای ئه‌وه‌دایه‌ خزمه‌تكارێكی ڕژێمی ئیسلامی قه‌ومی عێراق بێ. كاتێك كه‌ جه‌ماوه‌ری برسی و كرێكاران و كارمه‌ندان و مامۆستایان و موچه‌خۆران له‌تاو بێموچه‌یی و نه‌داری هاواریان لێبه‌رزبووبۆوه‌ و توڕه‌یی و نه‌فره‌تیان هێنایه‌ سه‌ر جاده‌ و تینوی ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتین، جوڵانه‌وه‌كه‌ی ئه‌و و هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح و گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و… ده‌ستی هاوار بۆ عه‌بادی به‌رز ئه‌كه‌نه‌وه‌ تا مه‌رحه‌مه‌ت بكات و له‌ته‌ موچه‌یه‌ك بدات. به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك له‌ به‌غدا هه‌یانه‌ وایان لێئه‌كات چاو له‌وه‌ بپۆشن كه‌ عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی بوو هاته‌وه‌ سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی كوردستان و سه‌دامێكی تری نیشان دانه‌وه‌!
یه‌كێتی و پارتی به‌بۆنه‌ی سیاسه‌تی دژی مرۆڤانه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ٩١ ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات كه‌وته‌ باوه‌شیانه‌وه‌، ئیتر بوونه‌ خاوه‌نی پاره‌ و چه‌ك و میلیشیا. خۆ ئه‌وان هه‌ر له‌ ٩١ یشه‌وه‌ نه‌یانئه‌ویست خۆیان داببڕن له‌ ڕژێمی سه‌دام، بگره‌ ئه‌یانوویست شه‌ریك بن له‌گه‌ڵی، تاكو ڕووخا ئیتر به‌ ده‌ستور خۆیان كرده‌وه‌ به‌ شه‌ریكی حكومه‌تی ’’تڕه‌كه‌ڵه‌كێی‘‘ عێراق. ئێستا تازه‌ به‌ تازه‌ كاكه‌ شاسوار ئه‌یه‌وێ بڵێ ئه‌و خۆگرێدانه‌وه‌یه‌ی یه‌كێتی و پارتی هیچ نه‌بوو، كه‌م بوو، خزمه‌تی باشیان نه‌كرد، و ئه‌یه‌وێ ئه‌م بیكات! یانی ئه‌و شته‌ی ئه‌ویش به‌ جوڵانه‌وه‌ ناوی ئه‌بات خه‌ریك ئه‌بێ خۆی به‌ لوله‌ی تۆپی وڵاتێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ و پۆستاڵی لایه‌كی تر بخاته‌ سه‌ر سه‌ری تاكو جوڵانه‌وه‌كه‌ی پڕ پاره‌ و چه‌ك و میلیشیا بكات. چ مه‌خسه‌ره‌یه‌كه‌؟!
ئه‌م سیناریۆیانه‌ هه‌موویان یه‌ك ده‌رهێنه‌ری هه‌یه‌: چینێكی كه‌مینه‌ پاره‌ و ئامڕازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كردۆته‌ موڵكی خۆی و كه‌ ئه‌زانێ چ هێزی كارێك و سه‌روه‌تێك له‌ كۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌ هه‌رجارێك به‌ ناوێكه‌وه‌ ئه‌یبات. دانانی په‌رده‌ی كۆتایی بۆ ئه‌م سیناریۆیه‌ پێویسته‌! شاسوار و به‌رهه‌م و فڵان و فیساری چاكسازیخواز پاڵه‌وانی دۆڕاوی ئه‌م فیلمه‌ن.

٩ ی جانیوه‌ری ٢٠١٨

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *