پشتیوانی لە خرۆشانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران دەکەین!

جەماوەری کرێکارو خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێشی ئێران لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا بە دژی برسێتی و هەژاری و بێکاری و بێمافی، کەلایەن رژێمی بۆرژوا- ئیسلامی ئێرانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، رژاونەتە سەر شەقامەکان. ناوەندی خرۆشان و راپەڕینی جەماوەری لە شارە گەورەکانی وەکو تاران و مەشهەدو ئەسفەهان و تەورێزو سنەو …. ناوەندە هەستیارەکانی وەکو زانکۆی تارانەوە دەستی پێکردو بەخێرایی دەیان شاری گەورەو بچووکی گرتۆتەوە.

دروشمی جەماوەر لەماوەیەکی کەمدا رووی لەسەرتاپای دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامی کردو ئێستا ئیتر جەماوەری راپەڕیو دەیەوێ تەسفیە حسابی خۆی لەگەڵ ئەو رژێمەدا بکات، کە بەناڕەوا لە ساڵی ١٩٧٩دا بەهاوکاری دەوڵەتانی رۆژاوا سواری شۆڕشی خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئێران بوو. رژێمێك کە بۆماوەی نزیك بە چوار دەیە دەسەڵاتی رەشی ئیسلامی سیاسی بەسەر کۆمەڵگای هاوچەرخ و مەدەنی و مۆدێرنی ئێراندا سەپاندو سەرەتایی ترین مافە ئابوری و سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگیەکانی خەڵکی لەژێرپێ ناوە. ئێستا ئیتر خەڵکی شۆرشگێڕو ئازادیخوازی ئێران جارێکی دیکە خەریکن مێژوویەكی پرشنگدار دەنوسنەوە کە نەك هەر گورزێك بە قازانجی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازی و یەکسانیخواز، لەپەیکەری دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە ئێران دەدات، بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەکە ئیسلامی سیاسی پەڕوباڵ دەکات و هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی دەگۆڕێت.

لەپەیوەند بە کۆمەڵگای عێراق وکوردستانەوە، کاریگەری سەرکەوتنی ئەم خرۆشان و راپەڕینە جەماوەریە بۆ لەناو بردنی کۆماری ئیسلامی، بەشێوەیەکی تایبەتی و راستەوخۆ رەنگ دەداتەوەو بە ئاقاری گەشانەوەی بزوتنەوەی جەماوەری و شۆرشگێڕانە هەنگاو دەنێت. دەوڵەتی ئیسلامی- شیعەی عێراق راستەوخۆ لەژێر فەرمانڕەوایی رژێمی ئێراندایە. دەورونەخشی رژێمی ئیسلامی لە کوردستانیشدا لەوەی عێراق کەمتر نیە. دەسەڵاتدارانی کوردستان هەمیشە قاچێکیان لەناو داوی ئەو رژێمەدا گیری خواردوە، بۆیە لەقبوون و روخانی ئەو رژێمە راستەوخۆ پشتی ئەو هێزە کۆنەپەرستانە چۆڵ دەکات. میزاجی شۆرشگێڕانەی خەڵك بەرەوسەر دەبات. باوەڕبوونی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی بەهێزی خۆی بۆ ئاڵوگۆڕ و کۆتاییهێنان بەم هەلومەرجە سیاسی و ئابوریەی ئێستا پتەوتر و بەهێزتر دەکات .

بەڵام ئەم خرۆشانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی ئێران، کۆمۆنیستەکانی ئێرانی ڕووبەڕووی ئەرکێکی یەجگار گرنگ و هەستیار کردۆتەوە. جەماوەری راپەڕیو دژی برسێتی و هەژاری و بێکاری و دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامی سەرمایە، پێویستی بە ڕابەری سیاسی هەیە. دابین نەبونی ڕابەری سیاسی کۆمۆنیستی بۆ خرۆشان و راپەڕینی جەماوەر، خەباتی خەڵک لەبەردەم مەترسی سیاسیدا جێدەهێڵێ. نابێ رێگا بدرێ جارێکی دیکە ئەزمونی شۆرشی ساڵی ١٩٧٩ دوبارە بێتەوە. نابێ رێگا بدرێ کۆمەڵێك دەستەو تاقمی بۆرژوازی سواری شەپۆلی خەبات و شۆڕشی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئێران ببنەوەو رەنج و قوربانیان بەهەدەر بدەنەوە، وەکو چۆن ٤٠ ساڵ لەمەوبەر ئەو کارەساتەیان بەسەر خەڵکدا هێناو کۆمەڵگای ئێرانیان بۆماوەی چوار دەیە لەناو تەلبەندی رژێمی ئیسلامیدا ئەسیر کرد. دەبێ لەگەڵ راماڵینی رژێمی ئیسلامی ئێراندا، جەماوەری رێکخراوو چەکدار لە شوراکانی خۆیاندا، دەسەڵاتی کۆمەڵگا لەخوارەوە سازبدەنەوەو رێگا بەهیچ رەوت و باڵ و تاقمێکی بۆرژوایی نەدەن بەری رەنج و قوربانی و شۆڕشەکەیان بۆخۆیان بەرن و لێیان زەوت بکەن.

ئێمە کۆمۆنیستەکان و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، کە ساڵانێکە لەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی”خۆماڵی” و لەپێناو ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانیدا تێدەکۆشین، لەلایەکی دیکەشەوە لەلایەن دەسەڵاتی مەزهەبی و شۆڤێنیستی عێراقی خزمەتکاری رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە مافی هاوڵاتیبوونمان پێ ڕەوانابینرێ و دەمانەوێ ئەم دەسەڵاتە لەکۆڵمان بێتەوە، چاوی ئومێدمان لەخرۆشان و راپەڕینی جەماوەری شۆرشگێری ئێرانە. چاومان لە دەوری پێشڕەوانەو رابەری کۆمۆنیستەکانی ئێرانە. سەرکەوتنی ئێوە ئومیدی سەرکەوتن لای ئێمە پتەوتر و بەهێزتر دەکات. سەرکەوتنی ئێوە سەرکەوتنی ئێمەو خەڵکی کوردستان و عێراق نزیکتر دەکاتەوەو بەتەواوی توانامانەوە هاوسۆزو پشتیوانتانین.

سەرکەوتن بۆ جەماوەری راپەڕیوی ئێران

بڕوخێ رژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١ی کانونی دوەمی ٢٠١٨

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *