قوباد تاڵه‌بانی و به‌ڵگه‌ی کوشتارو کاری مافیایی و تاڵانکاری سه‌رانی حزبه‌که‌ی!

نوری به‌شیر:

قوباد تاڵه‌بانی، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ده‌ستپاکیدا دانی نا به‌وه‌ی که‌که‌سانێک له‌سه‌رکرده‌کانی ناو حزبه‌که‌ی که‌ به‌ فیرعه‌ون ناوی بردن، جیا له‌وه‌ی خه‌ریکی‌ ڤیللا دروست کردن و زه‌وی داگیرکردن و تیجاره‌ت و قاچاخچێتی ئه‌كه‌ن، هه‌روه‌ها خه‌ڵك ئه‌كوژن، ڕۆژنامه‌نووس ئه‌كوژن و درێژه‌ی پێده‌دات و ده‌ڵێ؛ مه‌جموعه‌ چه‌كدارێك له‌ خۆیان كۆئه‌كه‌نه‌وه‌ و سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رئه‌گرن، پاره‌ له‌ دوكاندار وه‌رئه‌گرن، خه‌ڵك ته‌هدید ئه‌كه‌ن، خه‌ڵك ئیتهام ئه‌كه‌ن. كه‌ له‌ كوردستانیش ئه‌قه‌ومێ خۆیان به‌ چه‌كدار و پاڵه‌وان ئه‌ناسێنن… به‌ره‌ی جه‌نگ چۆڵ ئه‌كه‌ن، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌كه‌یان به‌جێ ئه‌هێڵن و ئه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ خۆیان ئه‌یهێننه‌وه‌ دواتر له‌ بازاڕی قاچاخدا ئه‌یفرۆشنه‌وه‌ و باسیش له‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌كه‌ن…. له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێ؛ داوای لێبوردن ئه‌كه‌ین كه‌ وه‌كو حكومه‌ت تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پشتیوانی ئه‌م ده‌زگایه‌ بكه‌ین بۆئه‌وەی‌ به‌ جورئه‌ته‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی فیرعه‌ونه‌كان ببینه‌وه‌…‘‘.

به‌دوای قوباد تاڵه‌بانیدا، شێخ جه‌عفه‌ریش که‌سێکی تر له‌ سه‌رکرده‌ی حزبه‌که‌ی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی، له‌چاوپێکه‌تنێکدا له‌سه‌ر به‌شوێندا چوونی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی (نه‌زاهه‌) له‌سه‌ر گه‌ندەڵ و گه‌نده‌ڵکاری، تاکید ده‌کاته‌وه‌ له‌وه‌ی که ‌سه‌ران و لێپرسراوانی حزبه‌کانن ئه‌و کارانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن و له‌کۆنه‌وه‌ هه‌ر وایان کردوه‌، به‌ڵام هه‌ژاره‌کان تاوانبارده‌که‌ن، له‌سه‌ر قسه‌که‌ی قوبادیش ‌ده‌ڵێ با له‌خۆیانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ن.

چ ئه‌م قسانه‌ی قوباد و چ شێخ جه‌عفه‌ر، تازه‌ نیه‌و یه‌که‌م که‌س نین و چه‌ندین جاری تر و له‌کاتی ته‌نگه‌ژه‌و بار لێژی ئه‌م حزبانه‌و سه‌رکرده‌کانیاندا ئه‌م په‌رده‌یه‌ی دزی و مافیاییه‌یان له‌سه‌ر یه‌کتری هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ یان له‌به‌رامبه‌ر حزبه‌که‌ی به‌رامبه‌ردا کردویانه‌و کۆمه‌ڵگەیان پێ چه‌واشه‌ کردووه‌. به‌تایبه‌تی به‌درێژایی ته‌مه‌نی بزوتنه‌وه‌ی‌ ناسیونالیستی کوردی، چ له‌شاخ و چ له‌ 27 ساڵی ته‌جروبه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شاریاندا، و چ له‌کێشه‌ی نێوان دوو حزبی یه‌ک بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و چ له‌ناو خۆیاندا، به‌رده‌وام له‌کاتی کێشه‌و ئه‌زمه‌کانیاندا ئه‌وه‌ی شاراوه‌ بووه‌ ده‌ریانخستووه‌و زۆرێک له‌وانه‌ وه‌ک به‌ڵگه‌ی ره‌سمی له‌ده‌می خۆیانه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ئه‌گه‌ر دادگایه‌کی عادلانه‌ رۆژێک بوونی هه‌بێت، بێ هیچ شاهیدێک یان به‌شاهیدی خۆیان، وه‌ک به‌ڵگه‌ی ره‌سمی زۆربه‌ی سه‌رانی ئه‌و حزبانه‌ دادگایی و زیندانی ده‌کرێن، به‌ڵام هه‌ر دوای ماوه‌یه‌ک و ئه‌و هه‌موو به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر یه‌کتری بۆ دابه‌شکردنی کورسی و تاڵانکاری ده‌ست ده‌خه‌نه‌وه‌ ناو ده‌ستی یه‌ک و ده‌ست له‌ملان و له‌ژوری داخراودا، پرۆژه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان داده‌رێژن.‌ ئه‌و قسانه‌ی که‌ قوباد و شێخ جه‌عفه‌ر ده‌یکه‌ن بۆ ئه‌ندامه‌کانی خۆیان و خه‌ڵکی کوردستانیش زۆر روونه‌ و زیاتر له‌وه‌ش له‌سه‌ریان ده‌زانرێت و ده‌وترێت، به‌ڵام با بزانین قوباد تاڵه‌بانی وه‌ک جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت و وه‌ یه‌كێک له‌بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی که‌خاوه‌نی حزبی یه‌کێتین، به‌جیا له‌ڕاستی قسه‌کانی له‌ تاڵانکاری و مافیایی و قاچاخچێتی و کوشتن و فرعه‌ونیه‌ی سه‌رانی حزبه‌که‌ی ده‌یکه‌ن، وه‌ هاوکات بێده‌نگی حکومه‌ته‌که‌ی که‌ حزبه‌که‌ی خۆی جێگایه‌کی گه‌وره‌ی تێدا هه‌یه‌، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو کاره‌ دژی خه‌ڵکیه‌دا ده‌کرێت بۆ بێده‌نگن!؟‌، بۆ له‌م کاته‌دا ئه‌م قسانه‌ ده‌کات، ئایا هه‌ر ته‌نیا ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌سه‌رانی حزبه‌که‌ی که‌ئیشاره‌ی پێداوه‌و قوبادو ئه‌ندامانی حزبه‌که‌ی و پارتی و حکومه‌ته‌که‌یان و هه‌موو خه‌ڵكی کوردستان باش ده‌زانن که‌مه‌به‌ستی له‌ کێیه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌و شتانه‌ی که‌ سه‌ر فیرعه‌ونه‌کان باسی کرد به‌هامه‌نشێوه‌ خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه‌، ئایا جێگاو رێگای پارتی که‌ قوبادو حزبه‌که‌ی شه‌ریکه‌ به‌شن له‌گه‌ڵیاندا وحکومه‌ته‌ بنکه‌ فراوانه‌که‌یان که‌ئێستا نێچیر بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، له‌کوێی ئه‌و تاڵانکاری و فیرعه‌ونی و کوشتارانه‌دا وه‌ستاوه‌!؟.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ قوباد تاڵه‌بانی له‌سه‌ر که‌سانێک له‌سه‌رانی حزبه‌که‌ی ده‌یڵێت، له‌سه‌دا ده‌ی ئه‌و تاوانانه‌ نین که‌ئه‌و باسیان ده‌کات و ئه‌نجامیانداوه‌ به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵکی کوردستان، که‌ قوباد تاڵه‌بانی و سه‌رجه‌م حزبی خێزانه‌که‌ی به‌شدارن. به‌دڵنیاییه‌وه‌، ئه‌وه‌ پارتی و سه‌رانی حزبه‌که‌ی ئه‌گه‌ر له‌یه‌کێتی زیاتری نه‌کردبێت وه‌ک ئه‌وان تاوانبارن به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان، بۆیه‌ قوباد تاڵه‌بانی له‌ په‌یامه‌که‌یدا، به‌شوێن چه‌ند خاڵێکه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رانی حزبه‌که‌ی به‌جیا له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی وتویه‌تی، 16ی ئۆکتۆبه‌ر وه‌ک کارنامه‌و عاده‌تێکی به‌رده‌وامی ئه‌و حزبانه‌ی کوردایه‌تین که‌ئه‌نجامیان داوه‌و له‌ناو حزبه‌که‌یدا خێزانه‌که‌ی خۆی ده‌ستی سه‌ره‌کی هه‌بووه‌و هه‌موو حزبه‌کانی کوردایه‌تی به‌شوێندا کێشکرد، به‌ڵام هه‌لومه‌رجێکی کاره‌ساتباریان به‌سه‌ر خه‌ڵكی کوردستاندا به‌گشتی سه‌پاندوه‌ که‌رۆژانه‌ له‌میدیاکانه‌وه‌ ده‌بیسترێن، ئه‌م کاره‌یان کرد که‌ تۆڵه‌ی 31ی ئاب بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام لوتی خۆشیان تێیدا شکا، وه‌ له‌شانسی ئه‌وان و پارتیشدا، خه‌ڵک چه‌نده‌ دژی یه‌کێتی و پارتیش بێت، به‌ڵام ریزی خۆی له‌بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی جیا نه‌کردۆته‌وه‌و هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئه‌واندا وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد ده‌سوڕێنه‌وه‌و بۆیه‌ هێشتا بازاڕی بازرگانی فیرعه‌ونه‌کان هه‌ر له‌ده‌ستی خۆیاندایه‌. که‌واته‌ قسه‌کانی قوباد تاڵه‌بانی له‌ئێستادا بۆ رازیکردنی دڵی پارتییە بۆ ده‌وره‌ی داهاتوو. ئه‌و باڵانه‌ی که‌مخاله‌فه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتیداو وه‌ک قوبادو زۆرێک له‌سه‌رانی یه‌کێتی که‌به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ پارتیدایه‌ ده‌یه‌وێت ده‌سته‌مۆیان کات بۆ پارتی و بۆ ده‌وره‌ی داهاتووی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی عه‌بادی بتوانن جارێکی ترو به‌ روپۆشێکی ساخته‌ی تره‌وه‌ و به‌ناوی خه‌ڵكی کوردستانه‌وه‌ بازرگانیه‌کانیان وه‌ک فیرعه‌ونه‌کان درێژه‌ پێبده‌ن. بۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌کانی کوردایه‌تی که‌ئه‌زمه‌یه‌ک و ریسواییه‌ک ‌تێی که‌وتوون و بۆئه‌وه‌ی له‌ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک رزگاری بکه‌ن، و ده‌یانه‌وێ به‌وه‌ی کاری مافیایی و کوشتن و تاڵانکاریه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی چه‌ند که‌س، به‌ڵام جارێکی تر وه‌ک هه‌مان پڕۆژه‌ی رێگا چاره‌ی “حکومه‌تی ئینقازی نیشتمانی”، ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌کانی کودایه‌تی رزگار بکه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی فیرعه‌ونی خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانا درێژه‌ پێبده‌ن.

خه‌ڵکی کرێکارو که‌مده‌رامه‌تی کوردستان ” له‌ ژنان، لاوان، کارمه‌ندان و مامۆستایان و بێکاران…، ده‌بێ بزانن، ئه‌م  حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و سه‌رکرده‌کانیان، زۆرجار ئه‌م سیناریۆیانه‌یان به‌رێخستوه‌ بۆ نه‌جاتدانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان له‌و ریسوایی و ئه‌و  ئه‌زمه‌یه‌ی که‌ تێی که‌وتون، زۆر جار لاپه‌ڕه‌ی خیانه‌ت و نۆکه‌ری و تاڵانکاری و زیندانی و کوشتنیان داوه‌ به‌سه‌ر به‌رامبه‌ریانداو  ته‌نیا بۆ خۆ ده‌ربازکردن بووه‌ له‌ناڕه‌زایه‌تی و توڕه‌یی و ریسواییی زیاتریان، وه‌ له‌سه‌ر به‌ژه‌وه‌ندی و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانیاندا ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ لایه‌نی مخالفی ترو دۆژمنی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌یان ساتوسه‌دا بکه‌ن، نموونه‌کانی له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی کوردستاندا زۆرن و به‌ڵام‌ قوربانیه‌کانی و باجه‌که‌ی خه‌ڵکی کرێکاری کوردستانه‌. خه‌ڵکی کرێکارو که‌مده‌رامه‌تی کوردستان هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کیان نه‌ له‌گه‌ڵ قوبادو حزبه‌که‌ی و نه‌ نێچیره‌وان بارزانی و حزبه‌که‌یدا و نه‌له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌یان و ئه‌و جۆره‌ قسانه‌یاندا نیه‌، ته‌نیا به‌زانینی راستیه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و حزبانه‌و سه‌رکرده‌کانیان و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ باڵێکیان و لایه‌نگری له‌باڵێکی تریان، ناتوانن ئاینده‌ی خۆیان باشتر بکه‌ن، رێگاچاره‌ ده‌بێ وشیارانه‌ ریزی خۆیان له‌هه‌موو حزبه‌کانی کوردایه‌تی و بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کورد به‌هه‌موو باڵه‌کانیه‌وه‌ جیاکه‌نه‌وه‌و خۆیان له‌ده‌وری ئاسۆ و ئامانجی سۆشیالیزمی کرێکاری رێکخراو بکه‌ن، که‌ ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی فیرعه‌ونی هه‌موو ئه‌و حزبانه‌‌ هه‌ڵپێچێت و ئاینده‌یه‌کی باشتر بۆ خۆیان و نه‌وه‌کانیان مسۆگه‌ر بکات.

13/12/2017

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *