هەتاو عەبدوڵاهی
لەسەرتاسەری جیهان و لە دنیای هەنوکەییدا وڵاتگەلێک بونیان هەیە کە هەر ڕۆژە بە کەڵک وەرگرتنی ئەبزاری لە زۆرینەی ژنان و ڕوانگەی پیاوسالارانەی یاسادانەران، پێگەی ژن لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بەرتەسک دەکەنەوە. راستی حاشاهەڵنەگرە ئایینەکان یەک لەدوای یەک دژ بە ماف و ئازادی تاکەکان بە تایبەتی ژنانن. ئەگەر باس لە ئایێنەکان بکەین و چاوخشاندنێکمان هەبێ بەسەر مێژووی پڕ لە تاوانیان بە دژی تاکەکان و هەموو کۆمەڵگەکان لەوانەیە لە دوتوێی بابەتێکی ئاوادا نەگونجێ، بۆیە دەچینە سەر پرسی سەرەکی و ئامانجی ئەسڵیمان کە ئایینی دژە ژنی ئیسلامە.
ئەوەی ڕون و ئاشکرایە ئێمە لە جیهانی سەرمایەداری دا دەژین کە لە هەموو ئەبزارێک بۆ توندوتیژی بە دژی تاکەکان کەڵک وەردەگرێ، چونکە مانەوەی لەگرەوی مەودای چینایەتی و دوبەرەکی مرۆڤەکان و دەستەبەندیان بە پێی ڕەنگ، نەژاد، ئایین و ڕەگەز دایە، سەرمایەداری ساڵهای ساڵ بە ئامانجەوە لەهەر ڕێگایەک کە بۆی لوابێ بۆ چەوساندنەوەو لە پەراوێز هێشتنەوەی نیوەی کۆمەڵگە واتە ژنان کەڵک وەردەگرێ، کە بۆ ئەم مەبەستەش ئەبزاری وەک پیاومەزنی و ئایینی بەکارهێناوە بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە سیستمی حوکمڕانی ئیسلامی و دواکەوتوویان هەیە وەکو و وڵاتانی عەڕەبی، عێراق، ئەفغانستان، ئێران و هتد…. و هەر ڕۆژە و بە دانان و پەسەندکردنی یاسای دژە ژن ڕواڵەتی دزێوی خۆی زیاتر دەردەخات و تەندروستی کۆمەڵگەکان دەخاتە مەترسیەوە. ئایینی ئیسلام لەبنەڕەتدا لەسەر ئەساسی هەڵاواردنی ڕەگەزی و وەلانان و بەرتەسک کردنەوەی پێگەی ژنان و ژێردەستەیی ئەو ڕەگەزەی کۆمەڵگە دامەزراوە. فرە هاوسەری، سیغە واتە لەشفرۆشی بە ئاشکرا بە پاساوی یاسایی، سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، سەرکوتی ژنان، ئاماژەیە بۆ ماهیەتی ئایینی ئیسلام دژ بە ژنان و مافەکانیان. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، چ پەیوەندیەک لەنێوان حکومەت و ئایینی دژە ژنی ئیسلام بوونی هەیە؟ سیاسەتی دژە ژنی وڵاتانی ئیسلامی ڕاستەوخۆ سەرچاوەگرتوو لە ئایینی دژە مرۆڤی ئیسلامە. بێگومان مێژوی پیاومەزنی لە کۆمەڵگە ئیسلامیەکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان کە پێگەی باڵادەست بوونی پیاوان و ژێردەستەیی ژن نیشان دەدات لەهەر ئامرازێک بۆ گوشار بۆسەر ژنان کەڵک وەردەگرێ. ئەم هەڵسوکەوتە پیاوسالارانەیە لە کۆمەڵگە ئیسلامیەکاندا تێکەڵ بە بیرۆکەی ئایینی و قوڕعان بووەو لەناو ڕوح و مێشکی تاکەکان پیچمی گرتووە. ئایینێک کە بۆتە سەرچاوەی ڕاستەوخۆی یاسا و سیاسەت و کلتوور و هەڵاواردن و هەڵسوکەوتی دژە ژن لەو کۆمەڵگەیانەدا.
ساڵەهایە ئیدۆلۆژی و بیرۆکەی ئیسلامی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان و هەڵاواردنی بە ئاشکرای ڕەگەزی و پەیامی توندوتیژئامێزی ئەو ئایینە دەرخواردی خەڵک دەدرێتەوە و هەر ڕۆژە بە دانان و گەڵاڵەکردن و پەسەند کردنی یاسای دژە ژن ڕواڵەتی دزێوی زیاتر دەردەخات. لە نوێترینی ئەو یاسا دژە مرۆڤایەتیانە دەتوانین ئاماژە بە پەسندکردنی گەڵاڵەی دەستدرێژی بە ئاشکرا بۆ سەر مناڵان و یاسایکردنی ئەو تاوانە لە ژێر ناوی زەواجدا بکەین. لە وڵاتی عێراق یاسای نوێی کە بە پێی ئەو یاسایە منالان لە تەمەنی نۆ ساڵی دەتوانن زەواج بکەن لە حاڵی پەسندکردن دایە. یاسایەک کە سەرچاوەگرتوو لە ئایینی ئیسلامە و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان بە ڕەوا دەزانێ.
یاسایەکی دژە مرۆڤی کە جەستەی کچانی نۆ ساڵان دەکاتە ئامرازی سیکسی لە واقیعدا دەستدرێژیەکی ئاشکرای سیکسییە. یاسایەک کە سەرچاوگرتوو لە ئایینی دژە ژنی ئیسلامیە و ڕەوایی بە توندوتیژی جنسی دەداو مەشروعیەت بە تاوان دەبەخشێ. لە وڵاتێکدا کە یاسای ئیسلامی زاڵە و بیرۆکەی دوکەوتوانە بەردەوام بەرهەم دەهێندرێ و نابێ چاوەڕوانی بارودۆخی لەوە باشتر بین. ڕوانگەی سەرەکی ئیسلام نیسبەت بە ژن لە ڕاستای حاکمیەتی پیاوسالاری لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدایە و دەبێ هەموو موناسباتی کۆمەڵگە و سیستم لەسەر ئەو ئەساسە دابمەزرێ. یاساکانی ئاینی ئیسلام لە قورعانەوە وەرگیراوە، قوڕعانێک کە پێداگری لەسەر فرە ژنی دەکات و تاوان و قەتڵ و جینایەت دەکاتە بەشی ژنان، ژنانی کۆیلەی سەردەمی پەیامبەر کە بە موڵکی محەمەد دادەنران، باشترین نموونەی رەوایەتی دان بوو بە کۆیلەتی و دەستدرێژی سیکسی.
مەترسیدارترن و بەربڵاوترین جۆری توندوتیژی بە دژی ژنان توندوتیژی دەوڵەتی سەرچاوەگرتوو لە شەریعەت”قورعان و حەدیس”ە، کە لە یاسای دژی مرۆڤیدا خۆی دەبینێتەوە و دواتر لە ڕێگەی پەروەدەی ناتەندروست و بە هەموو جۆر ئەبزارەو دەگوازرێتەوە بۆ ناو خەڵک و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ژێر هەیمەنەی خۆیەوە. توندوتیژیەک کە ساڵهایە لە لایەن سیستمە دواکەوتوو و دیکتاتۆڕەکان بە دژی ژنان ڕەوا دەکرێ. وڵاتی عێڕاق تەنیا وڵاتێک نییە کە بە دانان و پەسندکردنی گەڵاڵەی لەو جۆرە ژنان دەکاتە ئامانجی خۆی. ڕووداوەکانی ساڵانی رابردوو کە بە بەهار عەڕەبی ناسرابوون و بوونە خەزانی هیواکانی ژنان. هەروەها بارودۆخی ژنان لە وڵاتانی سوریە و جینایەت و دەستدرێژیەکانی داعش بە تایبەتی لەبارودۆخی هەنووکەیی دا بەڵگەیە بۆ پێداچونەوە بەسەر ئەو کۆمەڵگایانە بەر لە ئیسلام و دوای سەقامگیری ئەو دینە دژە مرۆڤە،
بە گشتی ئەگەر بمانهەوێ ئەنگوست بخەینە سەر ئەو یاسا دژە مرۆڤیە و بە وردبینیەوە ڕۆبچینە ناوەرۆکەکەیەوە، بەو ئاکامە دەگەین لە وڵاتێکی وەکو و عێراق کە ئایین بە بەشێک لە دەستوری کاری خۆی ئەزانێ و هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بە ئیسلام و ڕوانگەی خوڕافە دەلکێنێ، ئایینێک کە دامەزرێنەر و بنیاتنەرەکەی واتە محەمەدی کوڕی عەبدوڵا کە بە ئاشکرا و لە کاتی حوکمڕانیەکەیدا لە ژێر ناوی زەواج دەستدرێژی بە ئاشکرای کردۆتە سەر عایشەی تەمەن نۆ ساڵانی کچی ئەبوبەکر، ناتوانین چاوەڕوانی پەسندکردنی گەڵاڵەی مرۆڤپەروەر بین لێیان. سیستم و دەسەڵاتی عێراق بە ئامانجەوە و پلانی لە پێشدا داڕێژراو، کۆمەڵگە و تاکەکان لە دوکەوتووییدا دەهێڵێتەوەو بەردەوام بانگەشە بۆ بیروهزری دواکەوتوانە و پیاوسالارانە دەکات و لە هەموو ئامرازێک بۆ سەپاندنی هێژمۆنی ئایینی دژە مرۆڤی ئیسلام کەڵک وەردەگرێ، چونکە مانەوەی لە گرەوی ئەم بارودۆخەدایە.
ئیسلام لەمپەرێکی مێژوییە و بۆتە هۆی وەستانی کۆمەڵگە. ژن بە پێچەوانەی ناوەرۆکی دوگماتیکی ئیسلام بەردەوام لە حاڵی گەشەو پێشکەوتن و گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانی دایە. وەک نمونە دەتوانین باس لە ژنانی کوبانی بکەین کە لە سەنگەری پێشەوی خەبات بە دژی داعش، راوەستان و بە پێداگری و خەباتی خۆشیان یاسای یەکسانی ژن و پیاویان، کردە سەنەدێکی گرنگ و دەستکەوتێکی پڕبایەخ، وە توانیان بەدژی هەناسەی ئیسلام و گروپێکی توندڕەو و تیرۆریست کە بەڕێوەبەریی ڕاستەقینەی ئەحکامی ئیسلامە بوەستنەوە. ژن لە ڕوانگەی ئیسلامەوە تەنیا جنسیەت و ئەبزاری دامرکاندنەوەی هەستی شەهوەت و هەوەسپەرەستی پیاوە. بۆیە پێویستە ژنان و پیاوانی ئازادیخوز و یەکسانیخواز لەبەرامبەر پەسندکردنی گەڵاڵەی لەو جۆرە بێ دەنگ نەبن، چونکە بە پێجەوانەی یاساکە کە باس لەوە دەکات ئەم پرسە پرسێکی شەرعی و تاکەکەسیە و بە ئامانجەوە خۆی بێبەری دەکا لەتاوانەکە، دەبێ بڵین ئەوە نە تەنیا پرسێکی تاکەکەسی نییە بەڵکو و دەستدرێژی بە ئاشکرای دەوڵەتییە لەڕێگای بەدەستەوەگرتنی ئایینی ئیسلامەوە بۆسەر منداڵان کە لەو وڵاتەو لە \ڕێگای پەسندکردنی ئەو گەڵاڵە دژە مڕۆڤیانە هەوڵی ڕەواییدان بە جینایەت و تاوان دەدرێ و دەبێ هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و ویژدان زیندو لە بەرامبەریدا ڕابوەستێ.