نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
سەرئەنجام یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پۆستی پاریزگاری سلێمانی بەخشیە بزوتنەوەی گۆڕان و هەڤال ئەبوبەکر پۆستەکەی وەرگرت. دیارە چ دۆخی یەکێتی نیشتیمانی و چ دۆخی پاریزگای سلێمانی لەو پەری خراپی و پەراوێزخستن دایە. ئەو هەنگاوەی یەکێتیش بە رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە بزوتنەوەی گۆڕان، هێندەی بۆ ئەوەیە بزوتنەوەی گۆران بکاتە برا بەشی شکستی دەسەڵاتدارێتی بەکردەوەی زۆنی سەوز هێندە پەیوەندی بە رادەستکردنی دەسەڵات بە بزوتنەوەی گۆران و نیشانەیەک نییە لە ملدانی یەکێتی بە رادەستکردنی دەسەڵات. پارتی و یەکێتی هەرگیز کێشەی سەرەکیان لە پێدانی پۆست نییە بە هاوکارو حزبەکانی تر، چونکە ئەوان پۆست دەبەخشن و دەسەڵات نا… پۆست دەبەخشن، بەڵام دەسەڵاتی بەکردەوە لەسەروی پۆستەکانەوەیە… ئەو هەنگاوەی یەکێتیش لەوە بەدەر نییە.
هەڤاڵ ئەبوبەکریش بە پۆستێکی وێنەیی کە قورعانێکی بەدەستەوەیە دەست بەکاربوو… ئەو پۆستە وێنەیەی هەڤاڵ ئەبوبەکریش بێ واتا نییە… واتای ئەو پۆستە یەکەم ئەوەیە کە ئەو لەدۆخی خراپی فەزای کۆنەپەرستی ئیسلامی بەسەر زۆنی سەوزدا، هێشتا نارازییە و دەیەوێ بەوێنەی کاراکتەرێکی ئیخوانی و ئیسلامی پەیامی راستەقینەی خۆی بگەیەنێت، کە ئەم زونە ئیسلامی تربکات و لەمەترسی مۆدێرنەبوونی زیاتر و رۆشنبیرتربوونی زۆرتر پارێزەری ئیسلام و مەلای میشک مەیو و عەقڵی قوڵفدراوی کۆنەپەرستی بێت. دووەمیش ئەو پۆستە باڵادەستبوونی باڵی ئیخوانی لە ناو حزبی گۆڕاندا نیشان دەدات. کە خەریکن بە تەواوەتی سوکانی ئەم بزوتنەوەیە بەدەستەوە بگرن و سەوابیتی ئیسلامی بکەنە بنەمای سەرەکی کارو بەشی دەسەڵاتیان.
ئەگەر لەوانە بگوزەرێین چەند رووداو جێگای هەڵویستەن کە لەژیر سایەی کەمتر لە هەفتەیەک لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاردا، روویانداوە…و هەڵویستە لەسەرکردنیان دواخستن هەڵناگرێت.
رفاندنی” ئەسعەد شاوری” هەڵسوراو و چالاکی مەدەنی ناوچەی بیتوێن لە ناوشاری سلێمانی لە رۆژی دەست بەکاربوونی هەڤاڵ ئەبوبەکرداو هێرش بۆ سەر دەستفرۆشانی شاری سلێمانی لەژێر ناوی جوانکردنی سیمای شاردا و پلانی جەهەنەمی!! پارێزگار بۆ چارەسەری کیشەی نەبوونی نەوت… جیگای رامانن.
هەر ئەو رۆژەی ئیمام ئەبوبەکەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەردەگرێت و پۆستێکی قورعانی لە سوسیال میدیادا پەخش دەکاتەوە، ئەسعەد شاوری یەکێک لە هەڵسوراوان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کاراکتەرێکی چالاکی رانیەو ناوچەی بیتوێن، لە ناوجەرگەی شاری سلێمانیدا و لەژێر سایەی دەسەڵاتی پاریزگاری تازەدا بێ هیچ هۆکارێکی دیار و راگەیەنراو یان بێ رەچاوکردنی هیچ پابەندبوونێکی یاسایی دەرفێنرێت، کە تائیستاش لەلایەن دەزگا ئەمنیە جاڵجاڵۆچکەیەکانی یەکێتییەوە دەستبەسەر و زیندانییە. پارێزگاری سلێمانی ئەگەر پۆستە قورعانیەکەی پارانەوە بووبێت لە بەدوور بوونی لە سزای جەهەنەم و خەون بینین بەدەست راگەیشتن بە دنیای پر حوری و شەرابی بەهەشت!!، ئەوا لە ژێر سایەی ئەم پارێزگارەدا ئەسعەد شاوری سزای دنیای دەسەڵاتدارێتی هەڤاڵ ئەبوبەکرەکان دەبێ بچێژێت، بەڵام سزای ئەو لەسەر دزی و گەندەڵی نییە، لەسەر پەیرەونەکردنی سەوابیتە دینیەکان نییە، لەسەر رەفتارە داعشیەکانی مەلا و کۆنەپەرستانی میشک مەیوو نییە، بەڵکو لەسەر چالابوون و هەڵسوران و خەمخۆر بوون نیشاندانیەتی بۆ خەڵکی هەژارو نەدارو زەوی لەرزەی کرمانشان و شارەکانی تر. هێشتا دیار نییە رۆڵی ئەم هەڤاڵ و ئیمامە لە رفاندنی ئەسعەد شاوریدا چییە، بەڵام بێگومان ئەو بەرپرسی یەکەمی هەر گرتن و رفاندن و سەرکوت و بێمافیەکە… چونکە ئەو بەرپرسی یەکەمی شارە!!
هێرش بۆسەر دەستفرۆشان و شکاندنی عارەبانەی ئامرازی دابینکردنی بژێوی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە نەدارانی کوردستان و جەنگ راگەیاندن لەدژی میوەو سەوزەو پلیشاندنەوەیان… لەسەرەتای دەست بەکاربوونی هەڤاڵ ئەبوبەکردا، وەکو رەفتارێکی قێزەونی پارێزگارەکانی پێش خۆی لە شیخ جەعفەری بەعسیەوە تا ئەوانی تر… نیشانی دەدات کە پارێزگارەکانی سلێمانی پارێزگاری دەسەڵاتن و لەبەرامبەردا دەست کراوە سەخاوەتمەندن بۆ سەرکوتی هەژاران و نەداران… قورعانەکەی دەستیشی دەفەرمووێت” لان شکرتم، لازدنکم” شوکرانە بژێر بن بۆتان زیاد دەکەین… ئەمە پەیامی پارێزگاری تازەو قورعانەکەی دەستیەتی بۆ دەستفرۆشان و هەژارانی شار… کە نەئەم دنیاو نە دونیای ئەولایان پێ رەوانابینن، کەچی جەنابیان هەردوو دنیایان بێ زیادو کەم دەوێت. جەنابیان و جەنابەکانی دەسەڵات بەدەستیان… بە قورعان و بە هێزی هەزارسەری سەرکوت و فریوکاریەوە، دیسانیش خەڵکی نەدارو هەژار بە ئاگرو دوپشک و پردی سیرات و سزای زاڵمانەی خودا دەترسێنن و لەم دونیایەش لێیان خۆش نابن، سزای ئاگرو ئاسن و بێمافی سەرکوت و رفاندن دەست لێ بەرنادەن. پاساوی هێرش بۆ سەردەستفرۆشان لە شێخ جەعفەرەوە بۆ سالار عەزیز و ئیمام هەڤاڵ یەک شتە… پارێزگاری لە سیمای جوانی شار… ئای شار چەند زوڵم لێکراوی… سیمای شار بەئازادی و ماف و دابینکردنی کارو نانەوە جوانە… بە دابینکردنی ژیانی شیاوی ئینسانەوە جوانە… نەک بە بیکار کردن و سەکوت و نانبرین و هێرش بۆ سەر بژیوی هاوڵاتیان. ئەوەی سیمای شاری شێواندووە، بوونی مفەتەخۆران و تاڵانچیان و دەزگا سەکوتکەرو چەکدارەکانە… بوونی پارێزگار و بەرپرسە نا بەرپرسەکانە، بوونی نابەرابەری ئابوری و یاسایی و کۆمەڵایەتیە، بوونی سەرکوت و بیمافییە… بیمەی بیكاری یان کاری گونجاو زامن بکەن… تا خەڵک دەست بۆکاری بێکاری نەبات. شوینی شیاو و گونجاو و دوکان و بازاری تایبەت بۆ دەستفرۆشان فەراهەم بکەن، تا ناچار نەبن لەسەر چەقی شەقامەکان میوەفرۆشی و دەستفرۆشی بکەن.
لەپەیوەند بە سەرمای زستان و نەبوونی سوتەمەنیدا، کە مۆتەکەیەکی ترسناکی سەر هەژاران و نەدارانی کۆمەڵگەیە، پارێزگاری تازە، پلانێکی جەهەنەمی رادەگەیەنێت… پلانەکە ئەوەیە دەفەرموێت!! لە هاویندا نەوت بکڕن… چ داهێنەرێکە پاریزگاری ئیماممان و چ داهینانێک دەبەخشێتە هەژارانی کۆمەڵگە، بەڵام جەنابیان پێمان ناڵێت ئەی بۆ روبەرووبوونەوەی گەرمای هەڵقڵچینەری هاوین دەبێ لە فکری چیدابن تا گەرمان نەیان سوتێنێ… دیارە بۆ خۆدوورگرتن لە قرچەی گەرمای هاوین پاریزگاری ئیماممان بەپێی لۆجیکی داهێنەرانەی لەوانەیە پێشنیاری کرینی پانکەو موبەریدەو سپلیت لە چلەی زستاندا بکات، چ پارێزگارێکی داهێنەرە… لەم سەرمای زستانەدا کە تازە هاوینیش تێپەڕیووە دەڵێ هاوین نەوت بکرن… بەڵام نافەرموێت ئەم زستانە چی بکەن؟ و کێ بەرپرسە لەدابینکردنی سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیان؟
ئەمانەی سەرەوە تەنها کارنامەی کەمتر لە هەفتەیەکی پاریزگاری سلێمانییە، پاریزەری سیستەمی زاڵمانەی چاوچنۆکی دەسەڵاتی کوردایەتی… ئەم پارێزگارە تازەیەمان جیاوازیەک کە لەگەڵ پاریزگارەکانی پێش خۆی و بەتایبەت لەگەڵ شێخ جەعفەردا هەیەتی…ئەوەیە، شێخ جەعفەر کارمەندی دەسەڵاتی بەعس بوو، بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی بوو، هەڤاڵ ئەبوبەکەر هەم کارمەندی قورعان وخودایەو هەم کارمەندی دەسەڵاتی تاڵانچی و سەرکوتگەری بزوتنەوەی کوردایەتی… نابێ بیرمان بچیت شیخ جەعفەر و پیاوانی بەعس… کێشەی نەوت و نان و سوتەمەنی و ئاو وکارەبایان، رەوانەی وەرزەکان نەدەکرد و بۆ خەڵکیان دابین دەکرد، بەڵام لە ژێر ناوی جوان راگرتنی شاردا، دژی دەستفرۆشان بوون هەر وەکو سالار عەزیز و هەڤاڵ ئیمام… هاوکات لە ژێر ناوی پاریزگاری لە نەزم و ئارامی شار… هەڵسوران و چالاکوانی سیاسی و کەسانی سیاسی نەیار بەخۆیان وەکو ئەسعەد شاورییەکان زیندان و دەستبەسەر دەکرد.
ئەم هەفتەیە لە دەستبەکاربوونی هەڤاڵ ئەبوبکر… نیشاندانی رۆڵی داهاتووی ئەویشە بۆ خەڵکی سلێمانی. نیشاندانی دوبارە گەرانەوە و دریژەدانە بە کارنامەی نەفرەتلێکراو و تەواو نەکراوی شیخ جەعفەر و سالار عەزیزەکانە.
ناوەراستی نیوەی یەکەمی مانگی دیسەمبەری ٢٠١٧