كارل ماركس بناسن!

 ئامادەکردنی: عەلی مەحمود

كارڵ ماركس لە 5 ی مانگی ئایاری ساڵی ١٨١٨ لە ناوچەی بروكر جاسی شاری تیری ئەڵمانیا لە خێزانێكی جولەكەی مام ناوەند لەدایك بووە.

بەهۆی ستەم و هەڵاواردنی ئاینی دەوڵەتی پروسیاوە، باوكی ماركس (( هاینریش ماركس )) بۆ ئەوەی پیشەی پارێزەرییەكەی لە دەست نەدات، پێش ئەوەی ماركس لە دایك بێت , ناچار بوو واز لە ئاینی جولەكە بهێنێت و ببێتە مەسیحییەكی پرۆتستانی.

ماركس سێیەم منداڵ بوو لە ناو 9 منداڵی خێزانەكەی.

ماركس تا ساڵی 1830 لە قوتابخانەی تایبەت خوێندی , لە ساڵی 1830 چووە قوتابخانەی باڵای تریر , كە قوتابخانەیەكی لیبراڵی بوو لە ساڵی 1832 داخرا.

ماركس لە ساڵی 1835 قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە شاری تریری ئەڵمانیا تەواوكرد و چووە زانكۆی بۆن.

ماركس لە قۆناغی ئامادەییدا توانی زمانەكانی فەرەنسی، ئیسپانی، ئیتاڵی، هۆڵەندی، ڕوسی و ئینگلیزی بە باشی فێر ببێت.

ماركس لەژێر گوشاری باوكیدا ناچار بوو بچێتە كۆڵێژی یاسا لە زانكۆی بۆن , دواتر گواستییەوە زانكۆی بەرلین,هەرچەندە ماركس بۆ خۆی ئارەزوی ئەوەی هەبوو كە لە بەشی ئەدەب و فەلسەفەدا بخوێنێت و ببێتە شاعیر و شانۆنامەنووس بەڵام باوكی ڕێگای پێنەدا.

پاش تەواوكردنی كۆلیجی یاسا، لە ساڵی ١٨٣٦دا، دووبارە گەڕایەوە بۆ زانكۆی بەرلین و لە بەشی فەلسەفەدا دەستی بە خوێندنكردەوە.

لە ئایاری 1838 باوكی كۆچی دوایی كرد, ئەمەش كاریگەری لەسەر باری ئابووری كارل ماركس دانا.

لە مانگی مارسی ساڵی ١٨٤١دا بەشی فەلسەفەی تەواوكرد و بڕوانامەی دكتۆرای پێ بەخشرا, تێزی دكتۆرانامەكەی ماركس لەسەر ناكۆكی فەلسەفەی سروشتی دیموكریتس و ئەپیكۆربوو، كە بە ووردترین و ئاڵۆزترین بابەتی فەلسەفی خەمڵێنراوە.

كارل ماركس لە زانكۆی بەرلیندا لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە بیریارانی بەرجەستەی بواری سیاسەت، فەلسەفە، ئاین و ئەخلاق ئاشنا دەبێت و پاشان لەگەڵ هیگڵییە لاوەكاندا دەست بە چالاكی سیاسیی و فیكری دەكات.

بەدوای ئەوەدا، دەبێتە ڕەخنەگر لە هیگڵییە لاوەكان و زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەری تێڕوانینی ماتریالیستی فیورباخەوەو لەساڵانی دواتردا دەبێتە ڕەخنەگر لە تێڕوانیینە فەلسەفیە میتافیزیكییەكانی فیورباخ.

لە ئۆكتۆبەری ساڵی ١٨٤٢دا ماركس بووە سەرنووسەری ڕۆژنامەی لیبراڵی “راینیشە تسایتونگ”.

بەهۆی ڕەخنەی تووندی ماركس و نووسەرانی دیكەی ئەم ڕۆژنامەیە لە دەوڵەتی پروسیا، چەندین جار خرایە ژێر سانسۆرەوە و پاشان بەفەرمانی ڕاستەخۆی سەرۆكی حكومەتی پروسیا، ئەم ڕۆژنامەیە داخراو ماركس بێكاركرا.

بێكاربوونی ماركس، هاوڕابوو لەگەڵ هەژاریدا، بەڵام ئامادەی ئەوە نەبوو كە بە هیچ شێوەیەك سات و سەودا لەسەر بیروڕاكانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی پرۆسیادا بكات.

لە 19ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٤٣دا لە شاری كریوزناخ لەگەڵ جێنی ڤۆن وێستفاڵن كە هەم هاوڕێی منداڵی ماركس و هەم دەستگیرانی قۆناغی زانكۆی بوو، چوونە ژیانی هاوسەرییەوە, جێنی لە خێزانێكی كۆنەپەرستی دەوڵەمەند بوو, برا گەورەكەی جێنی، وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی پروسیا بوو.

پاشان ماركس بەهۆی گوشارەكانی دەوڵەت و بێكارییەوە، لە ئۆكتۆبەری 1843 چووە فەڕەنسا و لەوێ لەگەڵ ئارنۆڵد ڕوگەدا گۆڤاری ” ساڵنامەی فەڕەنسی – ئەڵمانی “یان لە شاری پاریس دەركرد.

لەسەرەتادا لە گەڵ رۆگەو هاوسەرەكەی لە ماڵێكی هاوبەشدا ژیان, بەڵام كە جینی كچی لە ساڵی 1844 لە دایك بوو گواستیانەوە بۆ ماڵێكی دیكە بە سەربەخۆیی ژیان.

ئەم گۆڤارە بەهۆی ناكۆكی فیكری نێوان ماركس و ڕوگە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی گرفتی بڵاوكردنەوەی نهێنیانە لە ئەڵمانیادا تەنها یەك ژمارەی لێ چاپكرا.

ماركس لەم گۆڤارەدا ڕەخنەی تووندی ئاڕاستەی هەموو شتێك دەكات و بڕوای وایە كە ڕەخنە چەكێكی كاریگەری بەرەوپێشبردنی خەباتی پرۆلیتاریایە دژ بە چەوسانەوەو ناعەدالەتی ڕژێمی سەرمایەداری.

ماركس لە 28ی ئاب ئەنگلسی ناسی كە تا دوا چركە ساتی ژیانی بە هاوڕێیەتی مایەوەو تەواوكەری رێگاكەی و هاوكاریكەری بوو .

ماركس لەساڵی ١٨٤٤دا لەگەڵ هاینریش هاینەی شاعیر یەكتریانناسی و بوون بە هاوڕێ, لەڕێگای هاینریشەوە ئەندامانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی فەرەنسای ناسی,ماركس دەستیكرد بە ڕەخنەگرتن لە بیروبۆچوونە فەلسەفی و ئابورییەكانی سۆشیالیستە فەڕەنسییەكان.

لە ساڵی ١٨٤٥دا دەوڵەتی پروسیا هەستی بە مەترسی فیكری و جموجوڵە سیاسییەكانی ماركس كرد و بە ڕەسمی داوای لە دەوڵەتی فەڕەنسا كرد تا لەو وڵاتە دەری بكات.

پاشان ماركس ناچاربوو بەرەو برۆكسڵ بڕوات.

لە كانوونی یەكەمی 1847 بۆ كانوونی دووەمی 1848 لە شاری برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا ماركس ئەنگلس مانفێستی كۆمۆنیستیان نووسی , ئەو نامیلكەیەی تارماییەكەی تا ئێستا سەرمایەداری تۆقاندووە.

ماركس 5 بۆ 6 هەزار فرەنك میراتی بۆ مایەوە , پارەكەی بەكار هێنا بۆ چەكداركردنی كرێكارانی بەلجیكا , بەو هۆیەوە وەزارەتی دادی بەلجیكی بڕیاری دا لە وڵات دەری بكات.

لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی شوباتی ساڵی ١٨٤٨لە فەڕەنسا، ماركس لە بەلیجكا دەركراو دووبارە گەڕایەوە بۆ پاریس پشتیوانی لەو شۆڕشە كرد .

لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی ئەڵمانیاش لە مانگی مارسی ساڵی ١٨٤٨دا، ماركس گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیاو لە شاری كۆڵن نیشتەجێ بوو.

لە شاری كۆڵن ڕۆژنامەی ” ڕاینی نوێ “ی دەركرد.

پاش بە دەسەڵات گەیشتنی حكومەتی نوێ لە ساڵی ١٨٤٩دا، یەكەمین دادگاییكردنی لەدژی ماركس بوو, بە فەرمانی دادگا، دووبارە ماركس لە ئەڵمانیا دەركرا لە مانگی ئایار گەڕایەوە شاری پاریس، بەڵام پاش خۆپیشاندانەكانی مانگی تەموزی ١٨٤٩ی پاریس, بڕیاری دەركردنی درا , لە مانگی ئاب بەرەو لەندەن بەڕێكەوت، تا مردن لەو شارە مایەوە.

لە ساڵی 1867 بەشی یەكەمی پەرتوكی سەرمایەی بڵاو كردەوە , كە 2 بەشەكەی تری دوای مەرگی لە لایەن ئەنگلزی هاوڕێیەوە بڵاو كرایەوە.

لە ساڵی 1871 پشتیوانی لە كۆمۆنەی پاریس دەكات , كە یەكەم حكومەتی كرێكاری بوو لە مێژوودا , كە ماركسیەكان كەمایەتی بوون لە دەستەی بەڕێوە بەری حكومەتەكە , بە دوای كۆمۆنە پەرتووكی شەڕی ناوخۆیی فەرەنسای نووسی.

ماركس 7 منداڵی هەبوو,بەهۆی هەژاری و قەرزارییەوە تەنها 3 منداڵی لە مەرگ رزگاریان بوو , چوارەكەی دیكە هەر بە منداڵی مردن.

ماركس بەهۆی راوەدونانەوە زۆر جار نازناوی بۆ خۆی داناوە بۆ ئەوەی دەستگیر نەكرێت , لە پاریس ناوی مسیۆ رامبۆز و لە لەندەن ناوی ویلیامزی بەكار هێناوە.

لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1881 جینی هاوسەری كۆچی دوایی كرد.

ماركس لە 15 مانگی كۆتایی تەمەنی تووشی نەخۆشی بوو كە بووە هۆی مردنی لە 14ی ئازار بە بێ ئەوەی ناسنامەی هەبێت .

لە 17ی ئازار لە كاتێك هاوڕێ و كەسەكانی تەرمەكەیان لە هاید پارك بە خاك دەسپارد ژمارەیەكی كەم لە كەسوكارو هاوڕێكانی بەشداری مەراسیمەكەیان كرد.

مێژووی نووسی ماركسی ئیریك هۆبسباوم دەڵێت كەس ناتوانێت بڵێت ماركس كە مرد سەركەوتوو نەبوو , هەرچەندە ئەو لایەنگیری زۆری لە بەریتانیا نەبوو, بەڵام دوای 25 ساڵ لە مەرگی پارتە سۆسیالستەكان كە لە ژێر كاریگەری ماركسدا بوون لە هەڵبژاردنەكان 15% بۆ 47%ی دەنگەكانیان بە دەست دەهێنا لەو وڵاتانەی هەڵبژاردنی دیموكراتی تێدا ئەنجام دەدرا.

ماركس لە ژیانی دەیان پەرتووكی نووسی بە ناوبانگترینیان مانفێست و كاپیتاڵە .

ماركس بە جیا لە دروستكردنی ٣ ڕێكخراوەی سیاسیی نێونەتەوەیی (( یەكێتی كۆمۆنیستەكان، ئەنتەرناسیۆناڵی یەكەم و دووەم )) بە هەزاران لاپەڕەی لەسەر ئابوریی، فەلسەفە، سیاسەت، ئەدەب و مێژوو نووسیوە .

كات ژمێر 2:45دەقیقەی ڕۆژی ١٤ مارسی ١٨٨٣ كارڵ ماركس لە تەمەنی 64 ساڵی و لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا، لە لەندەن بۆ هەمیشە چاوەكانی لێكنا و مرد.

ماركس جگە لەوەی لایەنگرانی لە یادی ناكەن و ملیۆنان مرۆڤ درێژە بە ڕێگاكەی دەدەن , نەیارانیشی لە قەیرانەكاندا دەگەڕێنەوە سەر پەرتوكەكەی .

راپرسیەكانی دەزگا بۆرژوازییەكان دەریدەخەن كاریگەرترین فەیلەسوف بووە لە مێژوی مرۆڤایەتی و كاپیتاڵیش تاكە پەرتووكە دەرمانی دەردی قەیرانەكانی سەرمایەداری دەكات و رێبازە سیاسییەكەشی تاكە رێگای رزگاری هەژاران و نەدارانە .

 

له والى على محموده وه  وه رگيراوه

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *